مامۆستا عه‌بدوڕڕه‌حمان پیرانی، ئه‌مینداری گشتی جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح، ئێواره‌ی دووشەممە له‌گه‌ڵ دكتۆر موحه‌ممه‌دڕه‌زا عارف؛ نوێنه‌ری خه‌ڵكی تاران، ڕەی، شه‌میرانات، په‌ردیس و ئیسلامشار له‌ نووسینگه‌ی ئه‌و، له‌ بونیادی ئومێدی ئێرانیان، چاوپێكه‌وتن و وت‌ووێژی كرد. به‌ پێی ڕاپۆرتی ئیسلاح وێب، ئه‌مینداری گشتی جه‌ماعه‌ت وێڕای پیرۆزبایی له‌ دكتۆر عارف له‌ هه‌ڵبژاردنی ده‌یه‌مین خولی په‌ڕڵه‌مانی شوڕای ئیسلامی، بۆ ناساندنی زۆرتری جه‌ماعه‌ت گوتی: «جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح وه‌ك ڕێكخراوه‌یه‌كی گشت‌گیر و سه‌ربه‌خۆ له‌ ته‌واوی ناوچه‌كانی سوننی‌نشین‌دا ئاماده‌ بووه‌ و هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای پێكهاتنی‌، به‌رده‌وام جه‌ختی كردووه سه‌ر ڕۆڵگێڕی ئه‌رێنی له‌ بواری كۆمه‌ڵایه‌تی و به‌شداری له‌ بواره‌كانی چاره‌نووس سازدا». ئه‌مینداری گشتی جه‌ماعه‌ت هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی كرد كه هه‌رچه‌ند هێندێك بێ‌مێهری و لێ‌نه‌بانی بووه به‌رامبه‌رمان، به‌ڵام به‌رده‌وام جه‌ختمان كردووه سه‌ر پێویست بوونی پاراستنی ڕۆحیه‌ و هه‌ستی هیوا و شادی و گه‌شه‌ و دووری گرتن له‌ دوو بابه‌تی وه‌ك بێ‌هیوایی و نه‌بوونی هه‌ستی به‌رپرسیاره‌تی له‌ لایه‌ك و ڕقه‌به‌رایه‌تی و یا ڕوانگه‌ی تووندوتیژی له‌ لایه‌كی تره‌وه. ئه‌ندامی شوڕای ناوه‌ندی یه‌كێتی جیهانی زانایانی موسوڵمان و ئه‌ندامی دامه‌زرێنه‌ری NGOكانی دنیای ئیسلام؛ هه‌روه‌ها گوتی كه: «جه‌ماعه‌ت له‌ ئاستی جیهانیش‌دا به‌ شێوازێكی چالاك و وریا ئاماده‌ بووه‌ و به‌رده‌وام له‌ NGOكانی دنیای ئیسلام و له‌ شوڕای ناوه‌ندی یه‌كێتی جیهانی زانایانی موسوڵمانیش‌دا، حه‌ولی داوه‌ كه له‌ بواری كێشه‌لابه‌ری و هێوركردنه‌وه و وه‌لانانی ناكۆكی ناوچه‌یی، هه‌نگاوی جددی‌تر و كاریگه‌رتر هه‌ڵێنیته‌وه.» دكتۆر موحه‌ممه‌دڕه‌زا عارف، هه‌ڵبژێردراوی خه‌ڵكی تاران، ڕێی، شه‌میرانات، ئیسلامشار له‌ ده‌یه‌مین خولی پاڕڵه‌مانی شوڕای ئیسلامی، وێڕای ده‌ست‌خۆشی له‌ پشتیوانی هه‌ڵبژاردنیی جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح، ئه‌هلی سوننه‌تی وه‌ك كه‌مینه‌یه‌ك نه‌زانی و ئه‌وانی به‌ برایانی ئایینی و شارۆمه‌ندانی یه‌كسان هه‌ژمار كرد و هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی كرد كه‌ ئه‌هلی سوننه‌تی ئێران، مرۆڤانێكی شه‌ریف و به‌ڕێزن و كرده‌وه‌ی ڕێژه‌یه‌كی كه‌م له‌ هه‌ردووك ڕیزی شیعه و سوننی، نابێ ببێته‌ هۆی ناكۆكی نێو كۆمه‌ڵگا. سه‌رۆكی بونیادی ئومێدی ئێرانیان، به‌ پێی ڕۆڵی بێ‌وێنه‌ و تاكی زانایان و ڕۆشنبیرانی ئایینی له‌ پێكهاتنی یه‌كگرتوویی ئیسلامی، ئاماژه‌ی كرد: پێویسته‌ گه‌وره‌ و زانایانی ئه‌هلی سوننه‌ت و شیعه به‌ تێڕوانینێكی نه‌ته‌وه‌یی و بان‌نه‌ته‌وه‌یی، ئه‌و دۆزییانه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن و تۆوی برایه‌تی و یه‌كگرتوویی له‌ دڵكان‌دا داچێنن. ئه‌و هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌ سه‌بر و خۆڕاگری له‌ ڕێبازی پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگادا كرد و گوتی كه‌ ڕه‌وتی گه‌شه‌ی بیری مرۆڤی، پێویستی به‌ كات هه‌یه‌ و بۆ گه‌یشتن به‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی پێشكه‌وتوو، ڕێگایه‌كی دوور و درێژمان له‌به‌ره‌. سه‌رۆكی فڕاكسیۆنی ئومێد، وێڕای جه‌خت له‌ سه‌ر تێكۆشانی زۆرتر بۆ ئاوه‌دانی وڵات، گوتی كه‌ به‌ جێگای تێڕوانینێكی ئه‌منییه‌تی بۆ ناوچه‌ سنوورییه‌كان، پێویست به‌ تێڕوانینی كولتوورییه‌؛ چونكه‌ به‌م چه‌شنه‌ جگه‌ له‌ دابین كردنی هێمنایه‌تی سنووره‌كان، پابه‌ندی و په‌یمانی ئازیزانی نیشته‌جێ له‌ سنووره‌كان له‌ هه‌مبه‌ر وڵات، زۆرتر ده‌بێت. ئه‌و هه‌ره‌ها گوتی كه‌ له‌و‌ سه‌ركه‌وتنانه‌ی كه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا به‌ده‌ست هاتوون، ئاماده‌ بوونی نوێنه‌رانی ئه‌هلی سوننه‌ت له‌ لێژنه‌ی سه‌رۆكایه‌تی پاڕله‌مان و فراكسیۆنی ئه‌ومێد و هه‌روه‌ها ئه‌ندامه‌تی دوو كه‌س له‌ نوێنه‌رانی ئه‌هلی سوننه‌ت له‌ نێوئه‌نجومه‌نی ئاسیا و جیهانی‌دا بووه‌. له‌ كۆتایی ئه‌و چاوپێكه‌وتنه‌دا، ئه‌مینداری گشتی جه‌ماعه‌ت له‌وحه‌ی پیرۆزبایی به‌ بۆنه‌ی سه‌ركه‌وتنی دكتۆر موحه‌ممه‌دڕه‌زا عارف له‌ هه‌ڵبژاردنی پاڕله‌مانی ده‌یه‌می شوڕای ئیسلامی، ئاراسته‌ و پێشكه‌ش كرد. له‌و چاوپێكه‌وتنه‌دا، دكتۆر لوقمان ستوده‌، به‌رپرسی ناوه‌ندی هه‌ڵبژاردنی جه‌ماعه‌تیش ئاماده‌ بوو.