پێشەکی:

پێدەچێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوین هیچ بابەتێک هێندەی باسی نوێخوازی جەدەل و کێشە و مشتومڕی لەسەر نەبێ، واتە هەموویان لەسەری دەدوێن، لە لایەکی تر هیچ کام لە زانایانی هاوچەرخ قسەیەکی جیددی و شێلگیرانەیان لەسەر ئەو پرسە نییە، مەخابن! زۆر جار واهەست پێ ده‌کرێ کە دووربوونەوە و بێئاگاییەکی قووڵ و قوورس باڵی خستۆتە سەر ڕۆشنبیران و زانایانی ئایینی. نوێگەری هەر لە دێر زەمانەوە جێگای مشتومڕی زانایانی ئیسلام بووە، بێگومان یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی سەرکەوتن لە ئیجتهاد و فەتوادان و نوێگەری، سەرەڕای زانست و ئەزموون، بریتییە لە بوێری. ئەگەرچی ڕەوت و بزاڤەکان بە پشتبەستن بە قوڕئان و فەرموودە و بنەما فیقهییەکان دێنە مەیدانی تێکۆشان، بەڵام تێگەیشتنی دروست لە دەقەکان دەبێتە دووڕیانی جیابوونەوەی ڕەوتەکان و لێرەوە تێگەیشتنی دروست دەبێتە پێوەری ناسینەوەی ڕێبوارانی ڕاستەقینەی ڕێگای حەق و ئیتر چیدی مەلەف و شوناسیان لەگەڵ کەسانی دی تێکەڵ نابێ. ئالێرەوە ئەرک و وەزیفەی ڕۆشنبیران و نوێخوازانی بیری ئیسلامی دەردەکەوێ کە: قوڕئان و فەرموودە و فیقهـ، وەک: پەیامێکی نەمر ڕاڤەکەن بە جۆرێک کە نە قوڕئان ببێتە فەرموودە و نە فیقهـ جێگای قوڕئان و فەرموودە بگرێتەوە.

له‌و بواره‌دا دیمانه‌یێکمان سه‌باره‌ت به‌ نوێگه‌ری له‌ بیری ئیسلامیدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز " مامۆستا موحەممەد موڵڵازادە"  پێک هێناوه‌، هیواخوازین سوودی بۆ خوێنەران هەبێت. 

 پرسیار: سەرەتا حەز دەکەین کورتەیەک لەسەر ژیانی خۆتان بۆ خوێنەرانی گۆڤاری "پەیامی ڕاستی" بدوێن، قۆناغی منداڵی، گەنجی و شێوازی خوێندنی وانەی حوجرەی خۆتانمان بۆ باس بکەن؟

وڵام: ساڵی {۱۳٤۰} لەناوچەی سەردەشت لە دایک بووم. لەڕاستیدا منیش هەر وەک داب و نەریتی کۆمەڵگەی کوردەواری هەر لە تەمەنی گەنجی، ڕێگەی چوون بۆ حوجرە و خوێندنی وانەی ئایینیم گرتە پێش و لە گوند و شارەکانی ناوچەی سەردەشت، پیرانشار، شنۆ، ورمێ و زۆرێک لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵات لە خزمەت زانایانی ناوداری ئەوکات {رحمەاللە} خەریکی خوێندنی وانەی ئایینی بووم و لە کۆتاییدا لە وەرزی بەهار لە ساڵی {۱۳٦۲} لە شاری سەردەشت لە خزمەت خواڵێخۆشبوو مامۆستا عەبدوڕڕحمان ڕەحمانی ناسراو بە {سیسێری} ئیجازەی مەلایەتیم وەرگرت، هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا لە خزمەت {مامۆستا موحەممەد بارزانی، مامۆستا قازی موحەممەدی خزری شنۆ} بڕوانامەی مەلایەتی وەک ئیجازەنامە پێم بەخشراوە، هەروەها له "دانشکدەی الهیات و معارف اسلامی" زانکۆی تاران {سطحی دو، لسانس} واتە، بکالۆریۆسم ورگرتووە. سێ ساڵ پێش لە خزمەت بانگخوازی گەورەی ئێراق مامۆستا "محمد احمد الراشد"،  لە کۆنگرەی "الاتحاد العالمی لعلماء المسلمین" له "ئیستەنبوڵی تورکیه" بڕوانامەی مەلایەتیم پێ بەخشرا.

لە وڵامی بەشێکی تر لە پرسیارەکەدا دەڵێم: من لە {ئاڵوەتانی/ سەردەشت، ئاسناوێ/ شنۆ، ئیندرقاش/ مەهاباد، بانە} ئەرکی مەلایەتی و تەدریسی زانسته شەرعییەکانم ئەنجام داوه، سوپاس بۆ خوا له هەموو ئەو شوێنانە که: ئەرکی مەلایەتیم تێدا جێبەجێ کردوون، قوتابیم هەبوون و بەردەوام خەریکی وتنەوەی زانسته شەرعییەکان بووم و له هەموو ناوچەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات هەر له ماکۆ تا دەگاتە سەرپێڵی زەهاو، تەنانەت لە باشووری کوردستانیش، فەقێ هاتوون بۆ حوجرەکەی ئێمه و سوپاس بۆ خوا به شانازیییەوه له خزمەتیاندا بووم.

پڕسیار: مامۆستا موحەممەد موڵڵازادە وەک نووسەر و وەگێڕ ناسراوە؛ تکایە بفەرموون چۆن ئەم قۆناغەتان تاقی کردەوە و تا ئێستا چەند کتێبی بەرێزتان چاپ و بڵاو کراونەوە؟

وڵام: من هەر له تاڤی گەنجی و سەرەتای لاویڕا  هۆگری خوێندنەوه و نووسین بووم و دەستم بۆ کاری نووسین و وەرگێڕان بردووه. مەخابن! هێندێ له بەرهەمەکانم  لەناو چوونە، هێندێکیش چاپ کراون و چەند بەرهەمی چاپ نەکراوم لەبەردەست دان و ئامادەی چاپ و بڵاوکردنەوەن؛ کۆمەڵێک وتار و مەقالەم له گۆڤار و ڕۆژنامەکان و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بوونەتەوە کە ڕەنگە لێردا پێویست بەوە نەبێ ئاماژە بە ناویان بکرێ. یەکەم بەرهەمی من له ساڵی {١٣٧٩}ی هەتاویدا به ناوی"احزاب اسلامی و مشارکت پارلمانی" چاپ بوو که: باس لە ئەزموونی ڕەوتی ئیسلامی له پارڵه‌مانی {۱۱} وەڵات دەکا. کۆتا بەرهەمم که تازه چاپ کراوه توێژینەوەیەکە لەسەر پێغەمبەر "یووسف" {علی نبینا و علیه السلام}، نووسراوی {پڕۆفسۆر عه‌لی مه‌حییه‌ددین قه‌رەداغی}، وەرگێڕاوه‌ بۆ سەر زمانی فارسی، سەرجەمی بەرهەمەکانی من تا ئێستا که چاپ و بڵاو بوونەتەوە بریتین لە: 

بەرهەمی نووسین:

۱ـ زن در آینەی سنت نبوی

 ۲ـ جوانان و بحران سکلاریزم 

۳ـ جستاری بر حجیت سنت  

۴ـ مجموعە مقالات بندە (چاپ نشدە) 

۵ـ اسلام (چاپ نشدە)

۶ـ فکر اسلامی (چاپ نشدە)  

۷ـ این است اسلام (چاپ نشدە)  

٨ــ تزکیە و اسلوب های آن   

۹ـ حقوق فرد و دولت در اسلام 

۱۰ ـ دونیای دواڕۆژ (بڵاونەکراوە)

۱۱ـ اسلام در چالش سنت و مدرنیسم (چاپ نشدە)

بەرهەمی وەرگێڕان:

۱ــ احزاب اسلامی و مشارکت اسلامی

۲ــ حرکت اسلامی و  اولویتهای آن؛ نویسندە دکتر یوسف قرضاوی

۳ـ سیستم سیاسی اسلامی، نویسندە دکتر مومن المویدی

۴ــ تربیت و حکومت در سیرە رسول‌اللە

۵ـــ آداب جوانمردی 

۶ــ  قضا و قدر و تاثیر آن بر رفتار انسان

۷ــ ترجمە جلد ۱،۲،۳ از کتاب دانشنامە تجلی اسلام در قرآن

٨ــ حقوق و آزادیهای سیاسی در اسلام

۹ــ تحفە رمضان

۱۰ ــ روزی در خانە رسول‌اللە

۱۱ــ اجتهاد و فتوا 

۱۲ـــ رابطه خودکامگی و تباهی در تاریخ اسلامی

  بەرهەمی چاپ نەکراوە:

۱ــ قانون همبستگی فرهنگی میان مسلمانان

۲ــ آیندەی بنیاتگرای اسلامی

۳ــ پیامبری و پیامبران در قرآن کریم. 

پرسیار: ئاشكرا و به‌ڵگه‌نه‌ویسته‌ كه‌ دین یا خود شەریعەت سابیت و چەسپاو و نەگۆڕە و نوێگەری تێدا ناکرێ، بەڵام تێگەیشتن له‌ ئیسلام و بیر و هزری ئیسلامی، گۆڕاو و قابیلی ته‌جدید و نوێگەریییە، به‌ڵكوو زه‌رووره‌تیشه‌. بە تێگەیشنی جەنابتان لەمڕۆدا پێویستە نوێگەری و ته‌جدید لە چ بەشێکی تێگەیشتنی دینی و ئیسلامیدا بکرێ؟ 

وڵام: لەڕاستیدا ئێمە بەرلەوەی لەسەر نوێگەریی لە ئیسلامدا لێدوانن هەبێ و ڕوونی کەینەوە، دەبێ لەنێوان دوو چەمکی"ئیسلام" و "بیری ئیسلامیدا" جیاوازی بخەین.

واتە ئیسلام ناوه بۆ دوایین دین و بەرنامەی خوای پەروەردگار بۆ مرۆڤ، که بۆ دوایین نێردراو (موحه‌ممه‌د(د.خ)) هاتووه، قوڕئانی پیرۆز جەوهەر و کاکڵی ئەم دینه پێک دێنێ، دین نەگۆڕه، خوایییه، پاریزراو(معصوم)ه، دەستکاری ناکرێ، و...هتد.  خوای باڵادەست خۆی دینی بۆ ئێمه کامڵ و تەواو کردووه،﴿الْيَوْمَ أَكْمَلْتُ لَكُمْ دِينَكُمْ وَ أَتْمَمْتُ عَلَيْكُمْ نِعْمَتِي وَ رَضِيتُ لَكُمُ الْإِسْلَامَ دِينًا﴾ (مائیده/۳)

سووننەتی سه‌حیحیش ڕاڤە و تێبینی ناردراوی خوا (موحه‌ممه‌ده(د.خ)) بۆ قوڕئانی پیرۆز و هەرچی به بەڵگه دەرکەوت و سەڵمێنرا کە سووننەتی پێغەمبەرە، بڕوا پێبوون و شوێنکەوتنی وەک قوڕئان واجبه، بەبێ زیاد و کەم، چونکه تێبینی قوڕئانه: ﴿وَ أَنْزَلْنَا إِلَيْكَ الذِّكْرَ لِتُبَيِّنَ لِلنَّاسِ مَا نُزِّلَ إِلَيْهِمْ﴾ (نه‌حل/٤٤). جا بەو پێیه نوێگەری له دیندا ناکرێ.

بیری دینی: بەڵام بیری دینی یان گوتاری دینی (الخطاب الدینی) که بریتییه له تێگەیشتن، ڕاڤەکردن، و شیکردنەوەی مرۆڤەکان بۆ دەقە دینییەکان، له هەموو مەیدان و گۆڕه‌پانەکاندا، وەک: بڕوا، بەندەگی، ڕەوشت، کردەوه، کڕین و فرۆشتن، خێزان، دەسەڵات، و...هتد دەگۆڕێ. واته شێوازی تێگەیشتن و شیکردنەوەی هەرکام لەمانە، له قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی تر، یان کات و ساتێکەوە بۆ کات و ساتێکی تر، یان تاقم و مەزهەبێکەوە بۆ تاقم و مەزهەبێکی تر،  یان... ده گۆڕێ. بۆ وێنە: بابەتی یەکتاپەڕەستی بابەتێکە پێوەندی به بڕواوه هەیە، بگره گرنگترین بابەته له بڕوادا، لەگەڵ ئەوەش لای هەر یەک لە ئەهلی "حدیث" و "معتزلە" و "اشاعرە" و "ماتریدییە" و "صوفی" و "شیعه" و...  بە شێواز  و جۆرێکی تر ڕاڤە و شیکراوەتەوە که: جیایه لە شیکاری ئەوانی تر. هەروەها بابەتی ناوە جوان و سیفاته بەرزەکانی خوای باڵادەست و باقی بابەتەکانی تر وەک بەندەگی و ڕەوشت، و... جا به‌پێی ئەم جیاوازییە، ئەوەی دینە ناکرێ نوێگەری تێدا بکرێ، بەڵام بیری دینی به‌پێی هەل و مەرج و کات و ساتی پێویست دەکرێ نوێگەری تێدا بکرێ. جێی سه‌رنج و تێڕوانینە کە: نوێگەری و نوێخوازی لە بیر و هزری ئیسلامیدا کاری هەموو کەس نییە، بەڵکوو تەنیا کەسانی شارەزا و پسپۆڕ و لێزان(مجتهد) دەتوانن ئەم ئەرکە ڕاپەڕێنن.

سەبارەت بە گۆڕەپانەکانی نوێگەری و نوێخوازی، به بڕوای من زۆر پێویستە نوێخوازی لەم چەند خاڵەی خوارەوە بکرێ.

١- ڕاڤەی قوڕئان: سەبارەت به گۆڕانگاری لە ڕاڤەی قوڕئانی پیرۆزدا، دواتر لە درێژەی بابەتەکەدا لەسەری دەدوێم.

٢- سووننەت: ڕاڤەی سووننەتی پێغەمبەری پایەبەرز و توێژینەوەی نوێ لەسەر حەدیس و شیکردنەوەی سەحیح و بێ هێز، بەهێز و لاوازی.

سوپاس بۆ خوا زانایان هەنگاوی باشیان لەو بارەوه هەڵهێناوە.  

خوای باڵادەست پێغەمبەری بە (اسوه/سەرمەشق)ی مرۆڤ ناساندووه، بۆیە شوێنکەوتنی سووننەتی ئەو واجبه، بەڵام دەبێ بزانین زۆر شت به ناوی سووننەت خۆی خزاندۆتە ناو فەرهەنگی دینی ئێمه و ناو کتێبەکان، کە سووننەت نییە و کاری زانایانی شارەزای بواری حەدیسە کە دەبێ حەدیس لەمانە پاقژ کەنەوە.

٣- توێژینەوەی نوێ لەسەر سیرەی پێغەمبەر(د.خ) و هاوەڵانی(خوا لێیان ڕازی بێت) چونکه بەڕاستی شتی زۆر لە کتێبەکانی سیرەدا هەیە کە لەگەڵ قوڕئان و سووننەت و زانست و کەسایەتی سەرمەشقی پێغەمبەر تێک ناکاتەوە، بۆیە دەبێ سیرە لە بێژینگ بدرێ و سەر کوێزر و بن بێژنگی لێ فڕێ بدرێ. 

٤- شیکاری و گۆڕانکاری لە زانستی"اصول الفقه"دا، ئەم زانستە بە درێژایی میژوو پێشکەوتن و گۆڕانکاری زۆری بەسەردا هاتووە، ئەمەش زۆر سرووشتییه، چونکه {اصول الفقه} زانستێکی مرۆیی و کەرەسته و ئامرازه به دەست موجتەهیدەوە، جا وەک چۆن ئیجتیهاد بەپێی هەل و مەرج دەگۆڕێ، دەبێ کەڕەستەکەشی بگۆڕێ و بەرەو پێش بچێ، بۆ زانیاری زیاتر دەتوانن سەردانی وەرگێڕاوی کتێبی {اجتهاد و فتوا} بکەن.

٥- گۆڕانکاری لە فیقهدا: دواتر لە دڕێژەی بابەتەکەدا بەڕوونی تیشک دەخەمە سەر ئەو باسە.

٦- خوێندنەوەی نوێ بۆ مێژوو، بەتایبەت مێژووی ئیسلامی، لەبەر تیشکی یاسا و قاعیده قوڕئانییەکان و دەست کەوتەکانی زانستدا، لەڕاستیدا ئەوەی به‌ناوی مێژووی ئیسلامی لە پەرتوکەکاندا به‌تایبەت سەرچاوەکان دەبینرێ، لە زۆر ڕووەوە دیمەنی ئیسلامی ناشیرین و ناحەز کردووه، بۆیە پێویستی بە نوێخوازی و لێکۆڵینەوەی نوێ هەیە کە سوپاس بۆ خوا هێندێک لە زانایان بەو کارە هەستاون. 

پڕسیار: فیقهی ئیسلامی، بەشێکی گرنگ و فراوانە لە تێگەیشتنی فەقیهـ و زانایانی ئیسلامی، کە بواری جێبەجێکردنی دین و جۆری دینداری دەستنیشان دەکا. لە ئێستادا چەنێک پێویستی بە نوێگەری هەیە لە فیقهی ئیسلامیدا؟

وڵام: زانایان له پێناسەی "فیقه"دا دەڵێن: "زانستی فیقهـ له زاراوەی شەرعدا بریتییه له زانیاری به ئەحکامی شەرعی کردەوه‌یی وەرگیراو له بەڵگەگەلێکی تەفسیلی فیقهی". یان: "کۆی ئەحکامی شەرعی کردەوەیی وەرگیراو لە بەڵگە تەفسیلییەکانی فیقهـ". کەواتە ئەگەر ئاوڕێک بۆ دواوه بدەینەوە و چاوێکی خێرا به فیقهی ئیسلامیدا بگێڕین، بۆمان دەردەکەوێ کە هەرکات و سەردەمێک پێویستی به فیقهی تایبەت بەخۆی هەیە. من به ڕاشکاوی دەڵێم، ئەگەر بڕیار لەسەر ئەوە بێ دەوڵەتێکی ئیسلامی لەسەر بنەمای "فیقهـ" دابمەزرێ، فیقهی ئیسلامی ناو پەرتوکەکان(فقە الاوراق) بە هەموو مەزهەبەکانەوە، ناتوانێ لە دونیای ئەمڕۆدا وەک پێویست وڵات ئیدارە بکات، بەڵام ئەوە بە واتای ئەوە نییە کە: ئیسلام ناتوانێ ئیدارەی دەوڵەت بکات، ئیسلام و "فقە الاوراق" دوو شتی لێک جیاوازن.

که دەڵێم فیقهـ ناتوانێ ئەم ئەرکە ڕاپەرێنێ، خوای نەخواستە مەبەستم بێ ڕێزی بە فیقهـ و فەقیهـ و پایە بەرزەکانی داهێنەری "مذاهب" نییه، بەپێچەوانە پێم وایە ئێمە موسوڵمانان هەمووکات قەرزداری ئەوانین، شاعیر گوتەنی: {لەوانەوە ڕاهات گەیشتە ئێمه/ هەر بەوان پاراو دەبێ ئەو زەویە دێمە}.

چونکە من پێم وایە شەریعەتی ئیسلامی خۆی لەناو فیقهدا بە واتای گشتییەکەی دەبینێتەوە، چونکە فیقهـ فەرعی شەرعە، لە شەرع وەردەگیرێ و مەشرووعییەتی بەستراوەتەوە بە دژنەبوونی لەگەڵ دەققە شەرعییەکانی قوڕئان و سووننەت. مەبەستم ئەوەیە کە: دەبێ "اجتهاد"ی نوێ لە لایەن تاک یان گرووپی پسپۆڕ و شارەزا به دەقەکانی دینی (قوڕئان و سووننەت)ڕا بکرێ تا فیقهـ لەگەڵ "واقع" و دونیای نوێ ڕێک بێتەوە، چونکە زانایان فەرموویانە "واقیع فیقهـ دروست دەکات نەک بە بەپێچەوانە" (تتغیر الفتوی بتغیر الأزمنة و الأمکنة و الواقع). جگە لە قوڕئان و سووننەت زانایانی شارەزا دەبێ لە باقی بەڵگە و دەلیلەکانی فیقهی وەک: "اجماع" ، "قیاس" ، "مصالح مرسله" ، "استحسان" ، "استصحاب" "سدالذرایع"، و...هتد کەڵک وەربگرن. پێویستە ئاماژه بکەم کە: هەر لە کۆنەوە قوتابخانەی فیقهی جۆراوجۆر هەبوونە، وەک قوتابخانەی: حیجاز و ئێڕاق و قوتابخانەی حیجازیش مەکی و مەدەنی هەیە، قوتابخانەی فیقهی ئێڕاقیش کووفی و بەسری و بەغدایی لێکەوتۆتەوە، هەڵبەت قوتابخانەی شام، میسر و یەمەن و باکووری ئەفریقا و دیووبەندی هیندوستان و...هەن.

شێوازێکی تری دابەشکردنی قوتابخانەی فیقهیمان هەیە وەک: قوتابخانەی "اثر" و"رأی" کە ئەوانیش بەچەند ناو دابەش دەبن وەک: مەدرەسەی عەقڵی، مەقاسید، حەدیس، دەق، بەینە بەینە، و... ڕەنگە لێرە مەجاڵ و جێگەی شیکردنەوە و چوونەناو ئەو باسه‌ نەبێت. بەڵام بۆ ئەوەی فیقهـ چاڵاکی و کارایی خۆی نیشان بدات و بتوانێ وڵامی ویست و پڕسەکانی ڕۆژ بداتەوە، ئوممەتی ئیسلامی دەبێ له ڕێگەی دروستکردنی "مجامع"ی فیقهی و پەروەردەکردنی موجتەهیدانی پسپۆڕ دەست بە کاری ئیجتیهادی نوێ و بەرۆژ ببێت. ئیجتیهادی نوێ تاکی بێت یان کۆیی، دەبێ لەسەر سێ بنەما دابمەزرێ تا بتوانێ وڵامدەرەوەی پێویستییەکانی ڕۆژ بێت.

١- دەبێ بە شێوەی بە کۆمەڵ لەلایەن زانایانی لێهاتوو و پسپۆڕ و شارەزا کاری لەسەر بکرێ و پاش توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی چڕ و پڕ لەسەر بابەتەکە ئەو کات بخرێتە بەر چاو و ڕای گشتی.

٢- دەبێ پێداگری لەسەر "مقاصد الشریعة" لەلایەن زانایان و موجتەهیدان گرنگی تەواو و بایەخی زۆری پێ بدرێ. بەڵام بە وەبەرچاوگرتنی ئەمە کە نەکا بەناوی پەیڕەوکردنی "مقاصد الشریعة" بچینە سەنگەر و مەتەرێزی دژی شەریعەتەوە و ببینە ئەسیری داوی عەلمانییەت، کە عەلمانییەکان دان بە مەرجەعییەتی وەحی دانانێن، بەڵام خۆیان لەژێر چەتری دید و ڕۆچنەی مقاسیدا حەشار دەدەن. 

٣- کەڵک‌وەرگرتن له "تخصص" و زانایانی پسپۆڕ، چونکه دونیای ئەمڕۆ دونیای "تخصص"ه و کاتی پاڵەوانی هەموو گۆڕەپانەکان بوون نەماوە" واته کاتی موجتەهیدی مەوسووعی بەسەر چووه، یان پەیدابوونی دەگمەنە. هەروەها دەبێ لە دەستکەوتنەکانی زانستی نوێ لە هەموو بوارەپێوەندیدارەکاندا کەڵک وەربگیرێ.

پوختەی کەڵام: شەریعەتی ئیسلامی خۆی لەناو فیقهدا دەدۆزێتەوە، بۆیە دەبێ بگۆڕ و نەگۆڕ لە فیقهدا لێک جیا کەینەوە. دیاردەی ئیجتیهاد تا کۆتایی دونیا دەبێ هەر هەبێ و بەرەوام دەبێ گەشە بکات، لەگەڵ ئەمەشدا دەبێ ڕێز لە میراتی زانستی پێشینییانی خۆمان بگرین و کەڵکی لێوەرگرین.  

پڕسیار: گوتاری ئیسلامی و بانگخوازی دەبێ چۆن پەیامی ئیسلامی خۆی ڕابگەیێنێت؟ یان خود گرنگترین لەمپەڕەکانی بەردەم ئەم ئیشه لەچیدا دەبینن؟ 

وڵام: گوتاری ئیسلامی دەبێ پەیامی ئیسلامی خۆی به شێوازێکی سەردەمیانە ڕابگەیێنێت، واتە مەبەستم لە شێوازی سەردەمیانە ئەوەیە کە ڕابوونی ئیسلامی سەر له هەموو گروپ و مەیدانەکان و تەواوی دەزگا و ناوەندە حکوومی و مەدەنییەکان دەرهێنێ، بە جۆرێک کە: لەناو تەواوی چین و توێژەکانی ناو کۆمەڵگەدا بوون و حزووری بەرچاوی هەبێ و بۆ گەیشتن بە ئامانجە شەرعییەکانی لە تەواوی کەرەستەکانی ڕۆژ کەڵک وەرگرێ، بەتایبەت کەرەستەی ڕاگەیاندن، واتە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بە گشتی و شوشیاڵ میدیا به تایبەتی. بانگخوازی ئەمڕۆیی دەبێ نووح ئاسا بێتە گۆڕەپانی بانگەواز، که خوای باڵادەست لێی دەگێڕێتەوە و دەفەرموێ: ﴿‏قَالَ رَبِّ إِنِّي دَعَوْتُ قَوْمِي لَيْلًا وَنَهَارًا‏  ‏فَلَمْ يَزِدْهُمْ دُعَائِي إِلَّا فِرَارًا‏، وَإِنِّي كُلَّمَا دَعَوْتُهُمْ لِتَغْفِرَ لَهُمْ جَعَلُوا أَصَابِعَهُمْ فِي آذَانِهِمْ وَاسْتَغْشَوْا ثِيَابَهُمْ وَأَصَرُّوا وَاسْتَكْبَرُوا اسْتِكْبَارًا‏، ‏ثُمَّ إِنِّي دَعَوْتُهُمْ جِهَارًا‏، ‏ثُمَّ إِنِّي أَعْلَنْتُ لَهُمْ وَأَسْرَرْتُ لَهُمْ إِسْرَارًا‏﴾

هێندێک لە کۆسپ و لەمپەڕەکانی سەر ڕێگەی بانگخوازی لە چەند خاڵی خوارەوەدا ئاماژە پێ دەدەم وەک:

أ- لەمپەڕە ناوخۆییەکان:

١- زاڵ و دەسەڵاتداربوونی "استبداد" (پاوان خوازی، تاکەحیزبی/ یان تاکە کەسی): زۆر جێگەی داخە لەگەڵ ئەوەی کە ئیسلام خۆی دوژمنی سەرسەختی تاک‌ڕەوی و سەرەڕۆیییە، زۆر له‌مێژە سەرەڕۆیی باڵی ڕەشی خۆی بەسەر وڵاتانی ئیسلامیدا ڕاکێشاو و لەلایەن زلهێزانی بە ڕواڵەت لاینگری دێمۆکڕاسی و ئازادی و ماڤی مرۆڤ بە تەواوی پشتیوانیان لێ دەکرێ. تەنانەت لەهەر شوێنێ موسوڵمانانان بۆ وەدەستهێنانی ئازادی و مافی ڕەوای خۆیان دژی مڵهوڕان و خۆسەپێنەران ڕاپەڕن، زلهێزان بۆ سەرکوتکردنی گەلانی مافخوازی ڕاپەڕیو دەبنە پاڵپشت، تەنانەت داردەست و بەکرێگیراوی دەسەڵاتدارانی ملهوڕ و پاوانخواز وەک ئەوەی لەدوای بەهاری عەڕەبی لە وڵاتانی عەڕەبی، بەتایبەت لە میسر و سووریە و لیبی و یەمەن ڕووی دا. 

٢- دووبەرەکی و لێکدابڕان: ئوممەتی ئیسلامی لە ئاستی دەوڵەت، نەتەوە و مەزهەبەکاندا تووشی دووبەرەکی و لێکدابڕانێکی زۆر هاتووه، بەداخەوە ئاسەواری نالەباری ئەم دیاردە قێزەونە لە قاڵبی شەڕی ناوخۆی مەزهەبی، دژایەتی ئیسلامخوازان و ڕابوونی ئیسلامی و ڕاکێشکردنی هێزی زلهێزان بۆ ناو موسوڵمانان به مەبەستی سەرکوتی ئیسلامخوازان و... به چاوی خۆمان دەبینین. 

٣- دواکەوتوویی فەرهەنگی: زۆر جێگەی داخە، دەگەڵ ئەوەی کە موسوڵمانان خاوەنی فەرهەنگی دەوڵەمەندی بنیاتنراوی ئیسلامین، بەڵام له هەموو بوارەکانی ژیاندا لە ئاستێکی زۆر نزمی فەرهەنگیدا بەسەر دەبەن، «آنچه عیان است، چه حاجت به بیان است» (لە بەرچاو پێویستی بە توێژینه‌وەی زیاتر نییە...)

٤- دواکەوتوویی پیشەیی و ئابووری: وڵاتانی ئیسلامی زۆر دەوڵەمەندن بە داهات و سەرچاوەی وەک: ئاو، نەوت، ئاسن و کانگای زێڕ و گاز و... دەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی ئیستیعمار و داگیرکەری و دەسەڵاتی دەرەکی و سەرەڕۆیی نێوخۆیی و هەژاری، شایەتحاڵی کزی و لاوازی و دواکەوتوویی ژیانی موسوڵمانانین.

٥- دواکەوتوویی زانستی: لەڕاستیدا یەکێکی تر لە هۆکارە ناوخۆییەکان دواکەوتوویی زانستی موسوڵمانانه، هەرچەندە بەردی بناغەی ئایینی ئیسلام لەسەر بانگەشە بۆ زانست و زانیاری و شەڕ دەگەڵ نەزانی دانڕاوە: ﴿‏اقْرَأْ بِاسْمِ رَبِّكَ الَّذِي خَلَقَ‏﴾، بەڵام زۆرینەی موسوڵمانان به دەست دواکەوتوویی زانستی و نەخوێندەواری دەناڵێنن.

٦- زاڵ نەبوون و وەڵانانی بیری ئیسلامی: دیاردەی هێرشی داب و نەریت و فەرهەنگی و بە دوای ئەودا زاڵبوونی بیری دەرەکی و دوورخڕانەوەی بیر و هزری ئیسلامی، موسوڵمانانی لە شوناسی ئیسلامی و بیری ئیسلامی دوور خستۆتەوە کە بۆتە هۆکاری دوورکەوتنەوەی گەنج و لاوان لە بیر و هزری ئیسلامی، تەنانەت ئەمڕۆ هێندێ له بیرمەندان کە خۆیان بۆلای ئیسلام نیسبەت دەدەن، بانگەشەی فڕێدان و توورهەڵدانی هزر و بیری ئیسلامی دەکەن و بەداخەو ڕێگەی پێشکەوتن لەمەدا دەبینن.         

من پێم وایە بەجێی بانگەشە بۆ فڕێدان و توورهەڵدانی بیری ئیسلامی، دەبێ بۆ نوێکردنەوه‌ی بیر و هزری ئیسلامی تێکۆشێن و لەم ڕێگە گوتارێکی نوێی ئیسلامی سەردەمیانە به ئوممەت پێشکەش بکەین، نەک لە بیری وەرگرتنی گوتار و فەرهەنگ و داب و نەریتی دەرەکی دابوون، کە ئاکامەکەی دۆڕاندن و لەدەستدانی هەموو شتێکە.

ب- هۆکارە دەرەکییەکان: جگە لە هۆکارە ناوخۆییەکان هۆکاری دەرەکیش هەن کە لەمپەڕی گەورەن لەسەر ڕێی پێشکەوتنی موسوڵمانان و بەرێوەچوونی ئیسلام، وەک:

۱- ئیستیعمار و داگیرکاری: داگیرکارانی ئیستیعمارگەر هەر لەو ڕۆژەوە پێیان ناوەتەوە ناو وڵاتی ئیسلامی، بە هەموو توانای خۆیان لە هەوڵی سڕینەوەی شوێنەواری ئیسلامی و دوورخستنەوەی موسوڵمانانن لە باوەڕ، ڕەوشت و شەریعەتی ئیسلامی و...هتد. سەڕەڕای ئەمەش نانەوه‌ی ئاژاوە و دووبەرەکی و بەتاڵانبردنی سامان و دارایی ئووممەت.

٢- هێرشی فەرهەنگی: بە مەبەستی لەناوبردنی فەرهەنگی ئیسلامی و جێگیرکردنی فەرهەنگی ڕۆژاوا لە شوێنیدا.

٣- تەوژمی سکۆلاریسم (عەلمانییەت) و بە جیهانی کردن(عولمه): دونیای داگیرکەری ڕۆژاوا هەوڵ دەدا وابنوێنێ که دەیهەوێ دێموکڕاسی بۆ وڵاتانی ئیسلامی بە دیاری بێنێ، بۆ ئەم مەبەستەش جێگیر و سەقامگیرکردنی دوو دیاردەی سکۆلاریسم و بە دنیاییکردن لەناو موسوڵماناندا ڕەواجی پێ دەدات و دەیانهەوێ لە ڕێی ئەم دوو ئامرازە بیر و باوەڕ و فەرهەنگ و نەریتی ماددی ڕۆژاوا لەوڵاتانی ئیسلامیدا سەقامگیر بکەن!؟

پڕسیار: هەستان بە ئیشی نوێگەری لە بیری ئیسلامیدا ئەرکی کێیە؟ 

وڵام: لەیەک ڕەستەدا دەتوانین بڵێن کە: نوێخوازی یان نوێگەری ئەرکی موجتەهیدان و پسپۆڕانی شارەزای دین و شەریعەت بە مانای واقعیی خۆی، زانایانی پسپۆڕ و ئاکادیمی دەبێ بەو کارە هەستن. جگە لەمانە هەستان بە ئیشی نوێکردنەوەی بیری دینی ئەرکی تاک تاکی ئەندامانی ئوممەتی ئیسلامییە، بەڵام هەر تاکە بە گوێرەی لێهاتوویی و بە شێوازی خۆی... 

پڕسیار: ته‌فسیری قوڕئان، یه‌كێكه‌ له‌ باشترین ڕێگه‌كانی گه‌یاندنی ناوه‌ڕۆكی دینی ئیسلام، چ جۆره‌ ته‌فسیرێك به‌ باشتر و گونجاوتر ده‌زانن بۆ ئه‌مڕۆ؟ 

وڵام: موسوڵمانان هەر لەسەرەتای ئیسلامەوە گرینگی زۆریان بە ڕاڤەکردن و شیکردنەوەی قوڕئانی پیرۆز داوە، پێغەمبەر(د.خ) تەفسیری قوڕئانی نەنووسی، بەڵام بەگوفتار و کرداری خۆی قوڕئانی"تبیین" دەکرد، لە یاران یەکەم کەس کە تەفسیری تەواوی قوڕئانی نووسی، عەبدوڵڵای کوڕی عەبباس بوو(رضی الله عنهما). لەو کاتەوە تا ئەمڕۆ بەردەوام  زانایان بە شێوازی جۆراوجۆر ڕاڤە و تەفسیری قوڕئانیان کردووە. تەفسیری قوڕئان وەک زانستێکی سەربەخۆ لەناو مسوڵماناندا ڕەواج و برەوی هەیە، ئیمامی {سیوطی} بەوەرگرتن لە زەرکەشی تەفسیر ئاوا پێناسە دەکا: "زانستێکه که کتێبی ناردراو بۆ سەر پێغەمبەر موحەممەد(د.خ) لە ڕێگەی ئەوەوە ڕاڤە دەکرێ و واتا و ئەحکامەکانی، حیکمەت و فەلسەفەکانی دەر دەخرێن". بڕوانه کتێبی شێخ یووسف قه‌رزاوی، (کیف نتعامل مع القرآن، دارالشروق، ل/۱۹۷)

گومان لە وەحی و ڕوحی دین بوونی قوڕئاندا نییه، بەڵام تەفسیر واتە تێگەیشتنی مرۆڤەکان لە قوڕئان کە بە هۆکاری جۆراوجۆر دەگۆڕێت و هەر کات و ساتێک دەکرێ تەفسیری جیاواز لە هێندێک بابەتدا بوونی هەبێ، بۆیە لە پێناسەیەکی تری تەفسیردا گوتراو: "تەفسیر زانستێکە کە لەودا باس لە وتەکان(اقوال)ی قوڕئان دەکرێ، لە ڕووی دەڵالەتکردنیان لەسەر مەبەستی خوای باڵادەست بە گوێرەی توانای مرۆڤ" بڕوانه، سەرچاوەی پێشو/١٩٧.

لێرەدا ئەوەی جێگەی سه‌رنج و تێڕوانینە ڕەستەی (بە گوێرەی توانای مرۆڤ)ه، چونکە قوڕئان سنووردار نییە، بەڵام هێز و توانای مرۆڤ سنووردارە. بۆیە دەڵێن قوڕئان دینی خوایە بەڵام تەفسیرەکان تێگەیشتنی مرۆڤن لە دینی خوا، قوڕئان حوججەتە، بەڵام تەفسیرەکان حوججەت نیین. هەر بۆیە دەڵێن: زۆر شتی دوور لە زانست و بێ بنەما و دەمارگیرانە، تەنانەت ئیسڕائیلیات، لە ته‌فسیره‌کاندا هاتوون کە نەک حوججەت نیین، بەڵکوو دەبێ لێیان بسڕینەوە. بەڵام لە بێژینگدانی تەفسیرەکان کاری زانایانی شارەزایە کە دەبێ ڕاڤەکردنی قوڕئان و لێکۆڵینەوەی تەفسیرەکان تا دونیا دونیایە هەر بەردەوام بێت. مرۆڤەکان به‌رده‌نگانی قوڕئانن، بۆیە دەبێ تەفسیرەکان وڵامدەرەوەی ویست و داخوازییەکانی مرۆڤ بن، ئەگینا دەبنە هۆی وڵامدەرەوە نەبوونیی قوڕئان و لە ئاکامدا کامڵ و تەواو نەبوونی دین.

بە بڕوای من ئێمە هەمووکات پێویستیمان بە تەفسیر و شیکاری نوێی قوڕئان هەیه لەبەر تیشکی دەسکەوتەکانی زانستی، دەبێ هەموو کات مەعنا و واتای نوێ لە سەرچاوەی قوڕئان هەڵقوڵن، یان دەر هێنرێن، چونکە وازهێنانی موسوڵمانان لە ڕاڤەی نوێ و تەقلید لە ڕابردووان و دووری لە ئیجتیهاد، دەبێتە هۆکاری داڕمان و دواکەوتنی ئوممەتی ئیسلامی. 

زانایان بە شێوازی جۆراوجۆر هەستاون بە ڕاڤە و شیکاری قوڕئان، وەک: تەفسیری لۆغەوی و بەیانی، تەفسیر بە مه‌ءسوور، تەفسیری ئیشاری، تەفسیری  فیقهی و عەقڵی، تەفسیری زانستی و مەوزووعی، بەڵام باشترین شێواز بۆ ڕاڤەی قوڕئان لە دونیای ئەمڕۆدا ڕاڤەی قوڕئانە بە قوڕئان، لەگەڵ تەفسیری زانستی "تخصص"ی، بۆ ئەوەی مرۆڤایەتی هاوکات لە دوو کتێبی خوا(کتیبی منظور/بوونەوەر، و کتێبی مقروء/قوڕئان) وەک یەک کەڵک و بەهرە وەرگرێ.

پرسیار: مامۆستای بەڕێز دوایین وتەتان بۆ خوێنەرانی گۆڤاری "پەیامی ڕاستی" چییە بە دڵ گوێبیسی دەبین. 

وڵام: وێڕای سوپاس و پێزانین بۆ ئێوە بەڕێزان و کارگێڕانی گۆڤاری پەیامی ڕاستی بۆ ئەم دەرفەتەی کە لێرە بۆ منتان ڕەخساند و دوای دوعای خێر بۆتان، کۆتا وتەم بۆ خوێنەرانی گۆڤاری پەیامی ڕاستی ئەوەیە کە: بە ئازایەتی و بوێرییه‌کی ماندوونەناسانە بێنە گۆڕەپانی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی قوڕئان و فەرموودە و کەڵەپوور و میراتی بەجێماو لە زانایانی ئایینی بە پشتبەستن بە دوایین دەسکەوتەکانی زانستی و هەستان بە ئیجتهادی نوێ بە مەبەستی دروستکردنی گۆڕانکارییه‌کی بنەڕەتی لەبیری ئیسلامی و هزری موسوڵماندا بۆ ئەوەی کە بە یارمەتی خوا موسوڵمانان لە ئێستادا لە کاروانی زانست و شارەستانییەتی مرۆڤ بەجێ نەمێنن و تەنانەت جارێکی تر ببنەوە بە پێشەنگی کاروانی مرۆڤایەتی لەبەر تیشکی ڕێنوێنییەکانی ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا.

 

سه‌رچاوه‌: گۆڤاری په‌یامی ڕاستی