وهك بڕیاربوو 21ى ئازار لهگهڵ بهڕێوهچوونی ئاههنگهكانی جهژنی نهورۆز له شاری ئامهدی باكوری كوردستان، دهقی پهیامهكهی ئۆجهلان خوێندرایهوه.
سری سورەیان ئۆندێری پهرلهمانتاری بهدهپه لهبهردهم سهدان ههزار كهس پهیامهكهی ئۆجەلانی بە زمانی تورکی خوێندەوە، رایگهیاند: " بەڕێز ئۆجەلان کۆتایی بە سەردەمی شەڕ دەهێنێت، بەمەستی نوسینی نامەیەک کە تێیدا ئاشتییەکی سەربەرزانە ڕادەگەێنێت، قەڵەمەکی خستەکار و ئێستاش لەگەڵ ئێوە ئەو نامەیە هاوبەشی پێدەکەم".
ئەمەش دەقی پەیامەکەیە:
جەژنی نەورۆز و سەربەرزی لە ستەملێکراوان پیرۆز
سڵاو لەڕۆژی بێداربوونەوە و سڵاو لەو ڕۆژەی کە تێیدا بەشێوەیەکی ئێجگار فراوان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای ناوەڕاستدا ژیان بەبەری بۆنەیەکی ئاوەهادا دەکرێت.
سڵاو لەو خەڵکەی کە بەشێوازێکی برایانە و جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە و لەژێر سایەی دیموکراتی و لەدایکبوونی سەردەمێکی نوێدا ئەم بۆنەیە پیرۆز دەکەن
سڵاو لەو کەسانەی کەبوونەتە گەشتیاری ئەم ڕێگە گەورەیەی بەدەستهێنانی مافی دیموکراتی و سەربەرزی و یەکسانی
هەر لە بنارەکانی چیای زاگرۆس و تۆرۆسەوە تا ڕۆخی ڕوباری فوڕات و دیجلەوە کە لە دێرزەمانەوە بوونەتە دایک بۆ کوردان، و سڵاو لە سەرجەم گوند و شار و شارستانیەت بێت...
ئەمڕۆ ڕۆژی بانگەشەکردنە بۆ تورکیایەکی نوێ، ئەمڕۆ دونیایەکی نوێ و داهاتوویەکی نوێ ڕادەگەێنین
ئەوگەنجانەی کە پڕ بەدڵ بەدەم داواکەمەوە هاتن، ئەو ژنانەی کە لە دڵەوە نامەکەمیان وەرگرت، ئەو دۆستانەی کە تەواوی وتەکانی منیان خستۆتە سەر سەر و سەرچاویان و قبوڵکردووە و، ئەو مرۆڤانەی کە لە گوێبیستبوونی دەنگی من گوێیان هەڵخست
ئەمڕۆ سەردەمێکی نوێ دەسپێدەکات
لە سەردەمی شەڕی چەکەوە، دەرگا بەڕووی سیاسەتی دیموکراتیدا دەکرێتەوە
سەردەمێکی سیاسی، سۆسیال و ئابوری واتا سەردەمێک کە تەواوی ئەم مافانەی تێدا بەدی بێت، لێک تێگەیشتنێک کە پایەکەی مافە دیموکراتییەکان، سەربەرزی و، یەکسانی هەموو ئەمانە لەخۆ دەگرێت
ئێمە بەدەیان ساڵ لەپێناوی ئەم خەڵکەدا فیداکاریمان کرد، چەندین باجی قورسمان دا، تەواوی ئەم هەوڵانەی ئێمە هیچیان بەهەدەر نەڕۆیشتن. ئەمە سەردەمێکە کە تێیدا کوردەکان دووبارە ئەسڵیان، ڕەچەڵەکیان و ناسنامەیان بەدەست دەهێننەوە
تێکڕا گەیشتینە ئەو خاڵەی "با چیتر چەکەکان بێدەنگ ببن و فیکرەکان بکەونە لێدوان"، ئایدیای نەزانی و حیساب بۆنەکردن و ئینکاری کردن و وەدەرنانی فیکری مۆدێرن تێکشکا و لەگەڵ خاکا بوون بەیەک.
ئەو خوێنەی کە ڕژاوە، بێئەوەی ڕەچاوی کورد و غەیرە کورد (چەرکەز و لاز) بکات تەواو ئەم ژینگەیەی لەخوێنا غەرقکردووە.
من بە گەواهی ملیۆنان کەس کە گوێیان بۆ ئەم بانگەشەیەم شل کردووە، دەڵێم ئیدی سەردەمێکی نوێ دەستپێدەکات، چەک نا بەڵکو سیاسەت دەکەوێتە کار. دووبارە دەمەوێ بڵێم کاتی ئەوە هاتووە کە هێزە چەکدارەکانمان لە سنورەکان بکشێنەوە.
ئەوانەی کە دڵیان بۆ من کردۆتەوە و، بڕوایان بەم پڕۆسەیە هەیە، لەو بڕوایەدام کە تا کۆتاییەکەی بە چاوێکی هەستیارەوە لێی دەڕوانن.
ئەمە کۆتاییەک نییە بەڵکو تەنها دەستپێکێکە. واتای دەستبەرداربوونی گفتوگۆیە نییە بەڵکو دەستپێکی گفتوگۆیەکی تەواو جیاواز دەگەێنێت.
ئاشکرایە دروسکردنی یەک ڕەگەز و یەک دەسەڵاتدار لە جوگرافیایەکدا و، ئینکاری کردنی ئەسڵی ئێمە و باپیرانمان ئامانجی مودێرنیزم بوو ئەمەش هەڵوێستێکی نا ئینسانییە
بەڵام ئێمە جیاواز و بە لەبەرچاوگرتنی مێژوی کوردستان و ئەنادۆڵ، لەپێناو پێکەوەژیانی سەرجەم هاوڵاتیان و کلتورە جیاوازەکان بە ئاشتی ، بێگومان دروستکردنی دەوڵەتێکی سەربەرز و دیموکراتیانە، بەرپرسیارێتییەکی گەورە دەخاتە سەرشانی هەموومان. هەربۆیە لەم ڕۆژە پیرۆزەی نەورۆزدا داوا دەکەم هیچ نەبێت وەک کوردەکان، با ئەرمەنی و تورکومان و ئاشوریی و عەرەبە و تەواوی هاوڵاتیانی دیکەش لە بەرزبوونەوەی بڵێسەی ئەم ئاگرە سودمەند بن و سەربەرزانە ڕوناکیی ئەم پڕۆسەیە بیاگرێتەوە و.
ئەی خەڵکی ڕێزداری تورکیا:
پێویستە بزانن کە لەگەڵ کوردەکاندا و لەژێر سایەی ئاڵای ئیسلامدا نزیکەی هەزار ساڵ پێکەوە وەک برا ژیاوین و ئەو ڕاستیەش ئاشکرایە.
بە واتا ڕاستەکەی، لەم برایەتیەدا هیچ ناڕەزاییەک، داگیرکارییەک، دژایەتییەک یان زۆردارییەک بوونی نەبووە و دەشبێت نەبێ
ئەو ڕژێمە نوێگەرە سەرمایەدارییەی کە بەهۆی زۆردارییەوە لە سەدەی ڕابردوودا هاتە ئاراوە، بووە هۆی وێرانکاری و پێشێلکردنی یاساکان و هێزێک بوو کە بە زۆر خەڵکی بەخۆیەوە دەبەستەوە و ئینکاری لە تەواوی مێژوی مرۆڤایەتی و برایەتی نێوان مرۆڤەکان دەکرد. ئەمڕۆش کە تەواوی یاساکان لەگەڵ پێکەوە ژیاندان و ڕەچاوی مێژووی نەتەوەکان دەکەن، داوا دەکەم کە هەموومان لەڕێی بوونی دوو ستراتیژی سەرەکییەو کە دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوانیش کلتور و شارستانیەتە، بەشێوازێکی گونجاو هەوڵی بیناکردنی دیموکراتیەکی نوێ بدەین.
چیتر سەردەمی پێکدادان و چاو مۆڕکردنەوە لە یەکتری بەسەرچوو، ئێستا سەردەمی باوەش بەیەکداکردن و یەکتری قوبوڵکردن هاتۆتە ئاراوە.
لە (چاناکالێ) کورد و تورک شان بەشانی یەکتر شەهیدیان دا و شەڕی ڕزگارییان پێکەوە ئەنجام دا و، پەرلەمانی ساڵی ١٩٢٠یان پێکەوە دامەزراند.
دۆخی ئێستامان بەهۆی ئەو ڕابردوووەوەیە کە پێکەوە هاوبەشبووین تێیدا، پێویستە داهاتوشمان پێکەوە بنیات بنێین. ئەو ڕۆحەی کە پەرلەمان دروستی کرد، ئەمڕۆش دەبێتە هۆی ڕوناک کردنەوەی سەردەمی نوێی پێکەوە ژیان.
سەرجەم هاوڵاتییانی ماف خوار و، نوێنەری چین و توێژەکان و سەرجەم کلتورەکان، چینی ئافرەتان کە کۆنترین چینی زوڵم لێکراو و چەوساوەن، مەزهەبە کپکراوەکان و تەریقەت و سەرجەم چینە کلتورییەکانی دیکە و نوێنەری کرێکاران و هەموو ئەوانەی کە لە سیستەمی حوکومڕانی پێشودا مافیان خوراوە، داوادەکەم کە لە سیستەمی نوێی دیموکراتی و تازەگەریدا بە زووترین کات ڕۆڵ و بوونیەتیان بۆدابین بکرێت.
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا بەدوای سیستەمێکی تازەگەری و دیموکراتیدا دەگەڕێ کە لەگەڵ مێژووەکەیدا هاوتا بێت و ئەو پێداویستییانەی تێیدا بۆ دابین بکرێن کە هاوشێوەی ئاو و نان گرنگن بۆ مرۆڤەکان. ئەو کلتورە پێویستە جارێکی دی لەسەرجەم ئەنادۆڵ و مێزۆپۆتامیادا بنیاتبنرێتەوە.
لە نزیکترین کاتتدا و لەچوارچێوەی ڕێکەوتنی نەتەوەیی (میساقی میللی)دا تورک و کورد لەژێر سایەی جەنگی ئازادی نەتەوەیدا بەشێوەیەکی زیاتر واقیعیانە ، تێکەڵییەکی زیاتر و ژیانێکی قوڵتر پێکەوە دەژین.
سەرەڕای هەموو ئەو زوڵم و هەڵە و ناتەواویانەی لە ٩٠ ساڵی ڕابردوودا بەرامبەرمان کراوە، جارێکی دی هەوڵدەدەین سەرجەم ئەو خەڵکەی کە لە تەنیشتاماندا وەستاوە و مەغدوور بووە و وێرانکاری گەورەی چەشتووە، بە ڕەچاوکردنی سەرجەم چین و توێژ و کلتورەکانیانەوە، دووبارە ژیانیان بێ پبەخشینەوە. هەربۆە داوا دەکەم تەواوی ئەو پێویستیانە بە یەکسانی و سەربەرزانە و لەژێر سایەی ئازادی و دیموکراتیدا یەکبخرێن و بۆیان بهێنرێتە ئاراوە.
داوا دەکەم، کوردەکان و تورکومان و ئاشوری و عەرەب کە ئێستا بەهۆی شکاندنی ڕێکەوتنی نەتەوەیی (میساقی میللی)یەوە و لەنێو کۆماری عەرەبی عێراق و سوریادا ژیانیان لێ قەدەغەکراوە، پێکەوە –کۆنفرانسێکی پاڵپشتی کردن و ئاشتی- ببەستن لەسەر بنەمای تاوتوێکردنی ڕاستیەکانی خۆیان و، گۆڕینەوی زانیاری و بڕیاردان.
لە مێژوی ئەم خاکەدا پەرە بە فراوانکردنی چەمکی (ئێمە) دراوە و، کۆتایی بە چەمکی بەرتەسک و بیرۆکەی تاکڕەوەی (من) هێنراوە. بۆیە ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە بە ڕۆحی پێشینانەوە چەمکی (ئێمە) زیندوبکەینەوە و دوبارە بیخەینەوە بواری پراکتیک(کارکردن)ەوە.
لەدژی ئەوانەی دەیانەوێت ئێمە پەرتەوازە ببین و شەڕ بکەین، ئێمە یەک دەگرین، هەروەها دژی ئەوانەی خوازیارن ئێمە جیا ببینەوە، ئێمە دەبینە یەک.
ئەوانەی ڕۆحی سەردەمیانە ناخوێننەوە، دەچنە نێو سەبەتەی خۆڵی مێژووەوە. ئەوانەی ڕێ لە ڕۆیشتنی ئاو دەگرن، ئاو بەرەو قوڵایی خۆی دەیانبات و دەیانخنکێنێت.
هاوڵاتیانی ناوچەکە گەواهی هەڵهاتنی شەبەقێکی نوێ دەدەن. خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە چیتر لە شەڕکردن و پێکدادان و پەرتەوازەبوون ماندووبوون، ئێستا لەڕەگەوە جارێکی تر لەدایک دەبنەوە، شان بەشانی یەکتر دەیانەوێ هەڵبستنەوە سەرپێ.
ئەم نەورۆزە موژدەیەکی نوێیە بۆ هەموومان.
ڕاستی نامەکانی حەزرەتی موسا و حەزرەتی عیسا و حەزرەتی موحەممەد، ئەمڕۆ بە مزگێنی نوێوە دەچنەوە نێو ژیان، مرۆڤایەتی دەیەوێت ئەو شتانەی لەدەستی داوە دووبارە بەدەستی بهێنێتەوە.
ناتوانین ئینکاری لە ڕۆڵی ڕۆژئاوا بکەین بۆ ئەو هەموو نوێگەرییەی لەبواری شارستانییەتدا بەدییان هێناوە.
بەرچاو ڕونییەکانی بەردەممان، یەکسانی و سەربەرزی و بەهاکانی دیموکراتی دەهێنین و تێکەڵی بەهاکانی خۆمانیان دەکەین، لەگەڵ ئەو شێوازە جیهانییەی خۆمان بۆ بەڕێوەچوونی ژیان دەیکەینە یەک و دووبارە دەیانخەینەوە کار.
ژێرخانی گفتوگۆ نوێیەکەمان پێک هاتووە لە بیرۆکە و ئایدیا و سیاسەتی دیموکراسییانە و، جوڵەیەکی دیموکراتی دەهێنێتە ئاراوە.
سڵاوتان لێبێت ئەی ئەوانەی کە هێز دەبەخشنە ئەم پڕۆسەیە، ئەی ئەوانەش کە هاوکاری پڕۆسەی چارەسەری دیموکراتی-ئاشتی دەکەن.
سڵاو لە برایەتی هاوڵاتیان، لەوانەی لەپێناو یەکسانی و سەربەرزی دیموکراتیدا بەرپرسیارێتییان گرتۆتە ئەستۆ.
بژی نەورۆز، بژی برایەتی هاوڵاتیان.
گرتوخانەی ئیمڕالی ٢١ی ئازاری ٢٠١٣
عەبدوڵا ئۆجەلان
سه رچاوه: خه ندان
بۆچوونهکان