دانيشتنێک بە مەبەستی ھەڵسەنگاندنی کاروباری جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح لە شاری پاوە، بە ئامادەبوونی ئەندامان و بەرپرسانی ئەو شارە، ڕۆژی پێنج شەممە 17ی خاکەلێوە، لە پاوە بەڕێوە چوو.
بەپێی ڕاپۆرتی ھەواڵنێری پێگەی ئیسلاح، مامۆستا ھاشم حەکیمی، بەرنوێژ و وتارخوێنی گوندی «دوریسان»، بە وتارێک کە لەم دانیشتنەدا ئاراستەی ئامادەبوانی کرد، جەختی کردە سەر گرنگی بانگەواز (دعوت) و خێرخوازی لایەنە ئیسلامییهکان بۆ خهڵک.
ناوبراو بە ئاماژە بە ھاتنی بەھار و ساڵی نوێ، ئاواتی ساڵێکی پڕ لە خێر و خۆشی بۆ ھەمووی موسوڵمانان خواست و ڕایگەیاند کە ساڵی نوێ ھەلێکی باشە بۆ ھەڵسەنگاندنی خۆمان و بەدیھێنانی ئاڵوگۆڕی ئەرێنی لە ژیانی ماددی و مەعنەوی خۆماندا.
ھەروەھا ڕایگەیاند کە فەلسەفەی بەدیھاتنی جەماعەت، کۆبوونەوەی دەستەیێکی باش و چاکخواز بۆ پێشکەشکردنی مۆدێلێک لە ئایینداریی و بانگەواز بەرەولای ژیانی بڕوادارانەیە. مامۆستا حەکیمی بە ئاماژە بە ھەندێک لە گرفت و خەسارە کۆمەڵایەتییەکان، ڕایگەیاند کە لەم بارودۆخهی ئێستادا، بانگەواز بەرەو ڕێباز خودا، ئەرکێکی شەرعی و پەیامێکی گەورەیە کە قەت نابێ لێی غافڵ ببین.
له كۆتایی باسەکەدا، وێڕای ئاماژە بە ھەڵسوکەوتی چاکسازیخوازانەی جەماعەت، جەختی کردە سەرە ئەوەی کە دەبێ لە توند و تیژی خۆمان بپارێزین و بەردەوام خۆمان، بنەماڵە، جەماعەت و کۆمەڵگا خەریکی چاکسازیی بین و بەرەو بارودۆخی باشتر لە ئێستا بڕۆین.
لە درێژەی ڕێوڕەسمەکە، جەھانگیر ئەمینی، بەرپرسی لێژنەیی بەڕێوبەرایەتی شاری پاوە، بە نوێنەرایەتی لە ھەشت مەعاونەتی ئیش و کاری جەماعەت، ڕاپۆرتی یەکساڵەی پێشکەشی ئامادەبووان کرد. ھەروەھا باسی لە گرفت و لەمپەرەکانی ئێستای کاری بانگخوازی کرد و گەڵاڵەی ئیش و کاری بانگەواز لە شاری پاوەی بۆ ئامادەبوان باس کرد.
داوای لە ئەندامانی جەماعەت کرد تا کوو لە چاو جاران، زیاتر یارمەتی لێژنەی بەڕێوبەرایەتی بدەن و بە ئامۆژگاریی، ڕەخنەگرتن و پێشنیارەکانیان یارمەتی زیاتری بەرپرسان بدەن.
جێگای باسە کە دانیشتنی خوشکان لە پاش نیوەڕۆ بەڕێوە چوو.
بۆچوونهکان