بە ئامادەبوونی بەرپرسانی بەڕێوبەرایەتی پارێزگای کوردستان و بەرپرسانی شارستانی، دانیشتنی گشتی ئەندامان و لایەنگرانی جەماعت ڕۆژی پێنج شەممە 12ی سەرماوەز لە شاری سنە بەڕێوە چوو. بەپێی ڕاپۆرتی ھەواڵنێری پێگه‌ی ھەواڵنێری ئیسلاح، لەم دانیشتنەدا، محەمەد ئەحمەدیان، بەرپرسی لێژنەی بەڕێوبەرایەتی جەماعەت لە پارێزگای کوردستان، لە وتارەکەیدا بە ئاماژە بە گرنگی و بایەخمەندی «کۆڕی ئیمانی» ڕایگەیاند : ئەگەر ئەم کۆڕ و کۆبوونەوانە وێنەی ڕاستەقینەی « إجْلِسْ بِنا نُؤْمِنْ ساعَةً » نەبێ، چ کۆڕ و دانیشتنێ دەتوانێ نوێنەری ئەم قسە بێت؟ ھەروه‌ھا لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە نه‌خۆشی و خەساری گشتگیری ناو زۆربەی حیزب و جەماعەتە ئیسلامییەکان به‌ناوی «سستی و ڕاوێستان(فتور)» کرد و وتی : سستی و ڕاوێستان، ڕووداوێکی کتوپڕ نییە و بەھۆی ھەندێ ھۆکاری دەرەکی و ناوەکی و پاش چەن قۆناخێک، ڕوو ئەدا و بە درێژایی مێژووی بانگەوازی ئیسلامی پێشینەی ھەیە. لە درێژەی قسەکانیدا وتی : یەکێ لە دروشمەکانی فتوور و سستی لە نێو ئەندامانی جەماعەتە ئیسلامیەکان، ھەڵنەگرتنی باری بەرپرسیارییەتی و دەرچوون لە ژێر باری قورسی بەرپرسیاریەتییە و لە ئاکامیشدا دانانی گوشار زیاتر لەسەر ئەوکەسانەی کەوا ھەڵگری باری بەرپرسیارییەتین. ئەحمەدیان لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە ھەڵبژاردنەکانی پارلەمان کرد و وتی : ئاڵوگۆڕ لە ناو کۆمەڵگا، دەکرێ بە دوو شێوە ئەنجام بدرێ : یەکێ لە ڕێگای توندوتیژی و یەکێ لە ڕێگای سیاسی و مەدەنی و بەبێ توندوتیژی کە بە پێی بەرنامەی مامناوەندی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح، ئێمە ڕێگەی دووھەم کە ھەمان ڕێگای مەدەنی و دێمۆکراتیکی ئیش و کارەکانە، ھەڵبژاردووە. ھەروەھا وتی : بەشداری لە ھەڵبژاردنەکاندا، مافی خەڵکییە و ئێمە بۆ بەشداریکردن لە ئاڵوگۆڕەکانی داھاتووی وڵات، دەبێ لە ھەڵبژاردنەکانی پاڕڵماندا بەشداری چالاکانەمان ببێت و لەم ڕێگاوە ڕێبازی خۆمان لە گەڵ بزاڤ و ڕێکخراوە ئیسلامی و نائیسلامییەکان کە ڕەوتی «پاوانکردن»ی ھەڵبژاردنەکان ئەکەن، جیا ئەکەینەوە. له درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە گرفتەکانی بەشی ماڵی جەماعەت کرد و ڕایگەیاند : ئەم جەماعەتە بێجگە لە ڕێی پارەی ئەندامانەوە ھیچ سەرچاوەی ماڵییێکی دیکەی نییە و جێگای خۆیەتی کە ئەو کەسانەی کە توانای ماڵییان ھەیە، بە ئینفاق، سەدەقە و زەکاتی خۆیان یارمەتی بەشی ماڵی جەماعەت وەک ڕێکخراوێکی مەدەنی و ئیسلامی بدەن. لەم دانیشتنە گشتییەدا، ھەندێ لە بەرھەمە فەرھەنگیەکانی بەشی پێوەندییە گشتییەکان کە بریتی بوون لە گۆڤار، تایبەتنامە «اصلاح» و ھەروەھا دی.ڤی.دی کۆڕ و وتاری ئەندێشە و فیکر و بیری ئایینی بیرمەندانی جەماعه‌ت، پیشانی ئامادەبووان درا. ئەم دانیشتنە لەلایەن لێژنەی بەڕێوبەرایەتی شاری سنە، ھەموو ساڵێک بە ئامادەبوونی ئەندامان و لایەنگران بەڕێوە دەچێ. مەبەست لەم دیدار و چاوپێکەوتنە ھەڵسەنگاندی ئیش و کاری جەماعەت و باسکردنی گرفتەکان لەنێوان ئەندامان و بەرپرساندایە.