دوازده‌هه‌مین دانیشتنی «پێشڕه‌وانی قودس» له‌ ڕۆژانی ٢-٤ی دێسامبر له‌ ئیستانبوڵ به‌ڕێوه‌ چوو.

له‌و دانیشتنه‌دا كه به‌ به‌شداری سه‌دان كه‌سایه‌تی هه‌ڵكه‌وته‌ له‌ په‌نجا وڵاتی ئیسلامی و لێژنه‌یه‌كی فه‌له‌ستینی به‌ڕێوه‌ چوو، به‌پرسانی باڵاده‌ستی به‌رگری وه‌ك ئیسماعیل هه‌نیه‌ و خالید مه‌شعه‌ل له‌ سه‌ره‌تای كۆڕه‌كه‌دا هێندێ وتاریان پێشكه‌ش كرد.

ئیسماعیل هه‌نیه‌، سه‌رۆكی نووسینگه‌ی سیاسی بزووتنه‌وه‌ی به‌رگری ئیسلامی حیماس، له‌و دانیشتنه‌دا وتی كه هاوڕێیه‌تی و پشتیوانی جیهانی ئیسلام له‌ خه‌ڵكی فه‌له‌ستین ئه‌و ڕاستییه‌ نیشان ده‌دا كه فه‌له‌ستین ته‌نیا نییه و ئه‌و گه‌له‌ بۆ هه‌میشه له‌گه‌ڵ فه‌له‌ستین و قودس ده‌مێنیته‌وه‌.

ئه‌و هه‌روه‌ها جه‌ختی كرد كه ئێستا كاتی ئه‌وه‌یه‌ كه به‌ره‌یه‌كی یه‌كده‌ستی پێكهاته له‌ ته‌واوی لایه‌ن و بزافه‌ ئیسلامییه‌كان بۆ به‌ره‌نگاری ڕژێمی داگیركه‌ری زایونیزم پێك بێت. هه‌نیه‌، دانیشتنی «پێشڕه‌وانی قودس»ی وه‌ك ئامرازێك بۆ سه‌روه‌ری و كه‌رامه‌تی ئیسلامی زانی كه له‌ژێر سێبه‌ری ئه‌ودا ڕێگا بۆ ڕزگاری ته‌واو و یه‌كجاریی فه‌له‌ستین ته‌یارتر ده‌بێ.

ئیسماعیل هه‌نیه‌ هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه پێویسته بابه‌تی فه‌له‌ستین بخرێته ناوه‌ندی سه‌ره‌نجی گشتی و پشتیوانی جیهانی و هه‌روه‌ها به‌ره‌نگاری پڕۆژه‌ی ئاسایی‌كردنی پێوه‌ندیی وڵاته‌ ئیسلامییه‌كان له‌گه‌ڵ ڕۆژێمی داگیركه‌ر و ئاواتی خواست كه به‌ زووترین كات ئاواره‌كانی فه‌له‌ستین بۆ زێدی خۆیان بگه‌ڕێنه‌وه‌.

خالید مه‌شعه‌ل، به‌رپرسی حیماس له‌ ده‌ره‌وه‌، یه‌كێكی‌ تر له‌ وتاربێژانی ئه‌و دانیشتنه بوو. ئه‌و وێڕای سپاس له‌ كه‌سایه‌تی و بیرمه‌ندانی ئیسلامی، خۆشحاڵی خۆی بۆ پشتیوانی گه‌لی موسوڵمان له‌ قودس و فه‌له‌ستین ده‌ربڕی. مه‌شعه‌ل له‌ درێژه‌ی وته‌كانیدا ئاماژه‌ی به‌ پێگه‌ی خۆڕاگریی بۆ له‌‌گوشارخستنی ڕژێمی زایونیزم كرد و ڕه‌خنه‌ی له‌و وڵاتانه گرت كه له‌گه‌ڵ ڕژێمی زایونیزم ڕێكه‌وتنیان هه‌بووه‌ و شه‌ڕ بۆ قودسی وه‌ك شه‌ڕ بۆ سه‌ركه‌وتنی دین به‌سه‌ر پلانه ڕه‌شه‌كانی زایونیزمی هه‌ژمار كرد.

له‌و دانیشتنه‌دا كه به‌ ماوه‌ی سێ ڕۆژ (یازده‌ تا چارده‌ی سه‌رماوه‌ز) درێژه‌ی كێشا، وتاری تر سه‌باره‌ت به‌ بابه‌تی فه‌له‌ستین، قودس و گه‌مارۆ ئاراسته كرا و هه‌روه‌ها پێشانگای هونه‌ری، سه‌نعه‌ته‌ ده‌سكرده‌كان و چاپه‌مه‌نی بڵاوكراوه‌ سه‌باره‌ت به‌ بابه‌تی فه‌له‌ستین، شه‌هیدان و به‌ندییه‌كانی فه‌له‌ستین به‌ڕێوه‌ چوو.

جێی ئاماژه‌یه‌ كه لێژنه‌یه‌ك له‌ جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاحیش له‌و دانیشتنه‌دا به‌شدار بوون.