پێکگرتنی سووژه‌ی سیاسی کوردی و ڕۆژئاوایی و چینی
ریالپۆلیتیک وه‌ک مه‌کته‌بێکی سیاسی که به جێی گرینگی دان به ژێرخان و توخمه ئایدیۆلۆژێکی و به‌ها مه‌عنه‌وی و ئه‌خلاقییه‌کان، جه‌خت له سه‌ر چه‌مکی هێز و هۆکاره ماددی و کردهوییهکان ده‌کا، گه‌رچی یه‌که‌م جار له ڕۆژئاوا وه‌ک ڕوانگه‌یه‌کی فکری و ئه‌ندیشه‌یی بیچمی گرت، به‌ڵام به کرده‌وه مێژوویه‌کی دوورودرێژ و کهونئارای هه‌یه. بێگومام سروشتی بوون ـــ زیاتر به مانای غه‌ریزی بوون ـــ و هه‌روه‌ها له به‌ر ده‌ستدا بوون و ناسراوی، دوو هۆکاری گرینگ بۆ په‌ره‌پێدراوی ئه‌م ڕوانگه فکرییه به درێژایی زه‌مان و مه‌کانن.
هه‌ڵبه‌ت جیاوازی ژیاره‌کان که ده‌بێته هۆکاری هه‌مه‌جۆری فه‌رهه‌نگی و ڕامیاری و ئابووری وڵات و نه‌ته‌وه‌کان وایکردووه که هه‌ر نه‌ته‌وه و وڵاتێک به کرده‌وه ریالپۆلیتیکی خۆی هه‌بێ. ئامانجی ئه‌م نووسراوه‌یه سه‌لماندنی ئه‌م گریمانه له ڕێگای پێکگرتنی سێ کایه‌ی فکری "دامه"، "شه‌تڕه‌نج" و "وی چی" و به‌رواردکردنی وێکچوون و جیاوازییهکانیانه.
ئه‌گه‌رچی ڕه‌چه‌ڵه‌کناسی دامه (کایه‌ی فکری کوردی)، شه‌تڕه‌نج (کایه‌ی فکری رۆژئاوا) و وی چی (کایه‌ی فکری چینی) له باری سه‌ره‌تاکان و شوێنی له دایک بوون و گۆڕانیان له ره‌وڕه‌وی مێژوودا ده‌توانێ ببێته سه‌رچاوه‌ی باسوخواسێکی تێروته‌سه‌ل و ته‌نانه‌ت تۆێژینه‌وه و لێکۆڵینه‌وه‌ی جۆراوجۆر، به‌ڵام به حوکمی ئه‌وه‌ی که ئه‌م هه‌ویره ئاوێ زۆر هه‌ڵده‌گرێ، لێی ده‌گه‌ڕێین و ته‌نیا به‌وه ده‌یبڕینه‌وه که ئه‌م سه‌رگه‌رمییه فکرییانه له باری داڕشت و پێکهاته‌وه، خاوه‌نی جۆرێک هاوشێوه‌یی و وێکچوونن که ڕه‌نگه گریمانه‌ی ئه‌وه‌مان له لا دروست کا که ره‌چه‌ڵه‌کێکی یه‌کسانیان هه‌بێ و پاشان هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ گۆڕانکارییه مه‌زنه‌کانی ژیانی مرۆڤایه‌تی و ژیاره تایبه‌ته‌کانی، ئه‌وانیش ئاڵوگۆڕی پێویستیان به‌سه‌ردا هاتووه.
دامه و شه‌تڕه‌نج له‌به‌ر ناسراوی له ڕاده‌به‌ده‌ر ڕه‌نگه پێویستیان به پێناسه کردن نه‌بێ به‌ڵام کورتهئاماژهیهک به چۆنیه‌تی کایه‌ی وی چی پێویسته.
"وی چی" له زمانی چینی‌دا به مانای "گه‌مارۆی داشهکانه" و هه‌روه‌ک له ناوەکەیڕا دیاره، له‌سه‌ر بناغه‌ی چه‌مکی گه‌مارۆدان دامه‌زراوه. به‌پێچه‌وانه‌ی شه‌تڕه‌نج و دامه که له‌سه‌ر سه‌فحه‌یه‌کی هه‌شت له هه‌شتی چوارگۆشه‌دا ده‌کرێن، سه‌فحه‌ی وی چی نۆزده له نۆزده دایه و له سه‌ره‌تای کایه‌دا به‌تاڵه. هه‌ر یاریزانه‌ی 180 داشی له به‌رده‌ست دایه که بایه‌خی هه‌موویان وه‌ک یه‌ک وایه. یاریزانه‌کان به نۆبه داشه‌کانیان به‌م ئامانجه که دامه‌زراوه‌ن گه‌مارۆ نه‌درێن بۆخۆیان ده‌سته‌به‌ر که‌ن، ناوئاخنی گۆشه‌ی به‌تاڵی ماڵه چوارگۆشه‌کان ده‌که‌ن. هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌م کاره هه‌وڵده‌ده‌ن شوێنه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی رکه‌به‌ریان گه‌مارۆ دهن. به‌م شێوه‌یه و به خێرایی، کایه‌که ده‌بێته کۆمه‌ڵێک شه‌ڕی ورد و درشت له شوێنه جیاجیاکانی سهفحهدا. له حاڵێکدا که هه‌ر یاریزانه‌ی سه‌رقاڵی پیاده‌کردنی پلانه ستراتژیکه‌کانی خۆی و خۆڕاگری له به‌رانبه‌ر پێشڕه‌ویی لایه‌نی به‌رانبه‌ره، به‌ره به‌ره باڵانسی هێزه‌کان له‌گه‌ڵ هه‌ر جووڵه‌یه‌ک تێک ده‌چێ. له کۆتایی کایه‌یه‌کی باش‌دا، سه‌فحه‌ی وی چی لێوالێو ده‌بێ له ناوچه تێکچندراوهکانی ده‌سه‌ڵات. جیاوازی ئیمتیازی یاریزانه‌کان ئه‌وه‌نده که‌مه که براوه‌ی کایه به هاسانی دیار نییه.
پۆلێن به‌ندی کایه فکریه‌کان له گۆشه‌نیگای کۆمه‌ڵناسی سیاسیه‌وه
پێکگرتنی ئه‌م سێ سه‌رگه‌رمییه، وه‌ک نوێنه‌ری سێ شارستانیه‌تی، رۆژئاوا وه‌ک ژیاری ده‌سه‌ڵاتداری جیهان له باری مادی و مه‌عنه‌ویه‌وه، چین وه‌ک ئه‌زموونێکی به‌رچاوی دووباره هه‌ستانه‌وه‌ی موعجیزه‌ئاسا و کورد وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌کی دواکه‌وتووی به مراد نه‌گه‌یشتوو، ده‌توانێ هه‌ڵگری هه‌ندێک هه‌قیقه‌تی تاڵ و شیرن بێ.
دامه و شه‌تڕه‌نج هه‌م له باری ژماری داشه‌کان و هه‌م ژماری خانه‌کانی ناو سه‌فحه رێک وه‌کوو یه‌کن، به‌ڵام جیاوازێکی گه‌وره‌ی چه‌ندایه‌تی له نێوان بایه‌خی داشه‌کانی ئه‌م دوو کایه هه‌یه که به جۆرێک ته‌عبیر له جیاوازی و دژوازی قووڵی نێوان پێکهاته کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و ئابوورییه‌کانی رۆژئاوا و کورد ده‌کا.
له دامه‌دا سه‌ره‌تا داشه‌کان هه‌موو یه‌ک بایه‌خیان هه‌یه و له یه‌ک ئاست دان. بابه‌تێکی نزیک له کۆمه‌ڵگای تووده‌یی (mass) که کۆمه‌ڵگا به‌تاڵه له حیزب و رێکخراوه ناده‌وڵه‌تیه‌کان و ته‌نانه‌ت چینه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، ته‌نیا ده‌سه‌ڵاتێک له سه‌رووی لوتکه‌ی کۆمەڵگا بوونی هه‌یه و پاش ویش له خواروو، کۆمه‌ڵگایه‌که به مه‌یلی ئه‌و هه‌ر جاره به له‌ونێک ده‌ردێ. به پێچه‌وانه‌ی کۆمه‌ڵگای پێچه‌ڵاوپێچی رۆژئاوا که خاوه‌نی پێکهاته‌یه‌کی مه‌ده‌نیی به‌هێز و که‌رتێکی ئابووری سه‌ربه‌خۆی کارامه و پانتایه‌کی سیاسیی زیندوو و حه‌وزه‌ی گشتیی پارێزراوه.
له شه‌تڕه‌نجدا وه‌ک هێمایه‌کی چه‌مکه‌کانی جۆ کردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌کان (تفکیک قوا) و ده‌وڵه‌تی دیمۆکراتیک و جێگوڕکێ ده‌سه‌ڵات، هه‌ر مۆره‌ی جێگا و رێگا و بایه‌خی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه، گه‌رچی گرنگترین مۆره شایه، به‌ڵام به‌هێزترین مۆره وه‌زیره. ئه‌وه وه‌زیره که به هه‌موو ئاراسته‌کاندا حه‌ره‌که‌ت ده‌کا و گرنگایهتێکی ستراتژیکی هه‌یه، رێک وه‌ک ده‌وڵه‌تێکی دیمۆکراتیک که ده‌سه‌ڵاتی ئیجرایی به ده‌ست سه‌رۆکوه‌زیرانه و شا یان سه‌رۆککۆمار ده‌ورێکی ته‌شریفاتی هه‌یه.
قه‌لعه یان رۆخ، ئاماژه‌یه‌کی زیندوویه به ئەورووپای سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست ــ رێک ئه‌م کاته‌ی که شه‌تڕه‌نج له ئەورووپا ئه‌م یاسا و ریسایهی ئێستای به خۆوه گرت ــ که فیئۆدالیسم و سپا و قه‌ڵا له گرتننههاتووهکانی، سه‌ره‌کیترین پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵگای ئه‌و سه‌رده‌میان پێک دێنا. فیئۆداڵەکان له پاڵ کلیسا و ده‌وڵه‌تدا یه‌کێک له‌م جه‌مسه‌ره گرنگانه‌ی ده‌سه‌ڵات بوون که به کرده‌وه بوونه له‌مپه‌ڕی سه‌ر رێگای پاوان‌کردنی ده‌سه‌ڵات و رێزگرتن له مڵکایه‌تی تاکه‌که‌سی و سه‌رئه‌نجام چه‌که‌ره‌کردنی بیر و ره‌وتی پلۆرالیزم و فره‌ده‌نگ خوازی.
به پێچه‌وانه له رۆژهه‌ڵات و یه‌ک له وان ئه‌م ده‌وڵه‌تانه‌ی که کوردی تێدا ژیاوه، نه قه‌ت فیئۆدالیزم به رێچکه‌ی فۆرماسیۆنه رۆژئاواییه‌که‌ی دا ڕوشتووه و نه له پاڵ پاشا خوێن‌ڕێژ و دڵڕهقهکاندا، وه‌زیری زانا و ئازا و به‌ده‌سه‌ڵات خۆی گرتووه.
مێژووی میرانی رۆژهه‌ڵاتی له خوێندنهوهیهکدا، تراژیدیای فیدابوون و قوربانیبوونی وه‌زیرانه. نه‌بوونی یاسا و رێسای حکومه‌تی و نه‌بوونی فیۆدالیزم وه‌ک فورماسیونێکی کۆمه‌ڵایه‌تی ــ ره‌نگه له‌به‌ر بێ ئاوی و خراپی بارودۆخی که‌شوهه‌وا ــ ده‌بووه هۆی ئه‌وه که ده‌سه‌ڵات به ته‌واوه‌تی له ده‌ستی پادشادا گرد بێته‌وه و ئه‌ویش له رووی سه‌ره‌ڕۆییه‌وه ده‌کاری کا. هه‌ر ئه‌و شته‌ی که له نه‌هایه‌تی خۆیدا ده‌بوو به سولتانیزمی سیاسی، وه‌ک تایبه‌تمه‌ندی سه‌ره‌کی حکومه‌ت له رۆژهه‌ڵات.
سروشتیه که به دامه‌زراوه‌یی نه‌بوونی ده‌سه‌ڵات هه‌میشه ئه‌م مه‌ترسییه‌ی له‌گه‌ڵه که یان کتووپڕ له ده‌س فه‌رمانڕه‌وای سه‌ره‌ڕۆ ده ربچێ و یان به رۆیشتنی ئه‌و وڵات تووشی شڵه‌ژان و بۆشایی بێ. له دامه‌دا، داشێکی رووت بۆی هه‌یه که له پاش شه‌ڕێکی لێبڕاوانه‌دا، ببێ به ئاغا، یانی له ده‌سه‌ڵاتێکی زۆر که‌مه‌وه ببێته ده‌سه‌ڵاتێکی ره‌ها و بێ‌سنوور. به پێچه‌وانه له شه‌تره‌نجدا و له دۆخێکی هاوشێوه‌دا سه‌رباز ده‌بێته وه‌زیر نه‌ک پادشا. کورد له دامه‌دا "ئاغای ده‌کا" و پادشای دروست ناکا. وه‌ک ره‌نگدانه‌وه‌یه‌کی بێده‌وڵه‌تی له لایه‌ک و کۆمه‌ڵگای خێڵایه‌تی له لایه‌کی تر .
لانیکه‌م له سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست به‌م لاوه له کۆمه‌ڵگای خێڵه‌کی ئێمه دوو دیارده توانیویانه به شێوه‌یه‌کی رێژه‌یی تا راده‌یه‌ک سنووری خێڵ تێپه‌ڕێنن؛ ته‌ریقه‌ت و ئیماره‌ت. هه‌م شێخه‌کان و هه‌م ئیماره‌ته‌کان له سه‌رده‌مانێک توانیان سنووری وه‌فاداری کۆمه‌ڵایه‌تی و شوناس‌خوازیی تاک له جه‌غزی خێڵ و عه‌شیره‌ت چه‌ند قات دوورتر به‌رن به‌ڵام نه‌یانتوانی به‌ته‌واوی ئه‌م قۆناغه ره‌ت که‌ن و مۆدێلێکی نوێ پێشکه‌ش که‌ن.
وی چی وه‌ک کایه‌ی فکری شارستانیه‌تی کهونئارای چینی، گه‌رچی له لایه‌ک وه‌ک دامه به‌تاڵه له پۆلینبه‌ندی و ئیمتیاز به‌خشینی مۆره‌کان و حیکایه‌ت له کۆمه‌ڵگای تووده‌یی ئه‌م ژیاره ده‌کا، به‌ڵام له باری کهمهیاتی (ئه‌ژماری زۆری مۆره‌کان) ــ وه‌ک ئاماژه‌یه‌ک به حه‌شیمه‌تی زۆری ئه‌م وڵاته ــ و جۆری کایه کردن، هه‌ڵگری هه‌ندێک هێما و مانایه که ته‌نیا له چوارچێوه‌ی ئه‌زموون و ره‌وته تایبه‌تییه‌کانی مێژووی ئه‌م وڵاته ده‌کرێ خوێندنه‌وه‌ی بۆ بکرێ. نه‌زم و هاڕمۆنی له کایه‌یه‌کی 360 مۆرهییدا، هێمای گرنگایه‌تی چه‌مکی ڕێکوپێکی و بهجێوڕێی له ژیارێکه که به‌پێچه‌وانه‌ی خولیای پێشکه‌وتنی هێڵی و شه‌ڕی خێر و شه‌ڕ ــ وه‌کی رۆژئاوا ــ هه‌میشه دڵه‌ڕاوکێی مردن و هه‌ستانه‌وه‌ی هه‌یه و پاراستنی هاڕمۆنی به ئامانج و ئه‌رکی سه‌ره‌کی ده‌زانێ.
کایه فکرییه‌کان له روانگه‌ی ریالپۆلیتیکهوه
هه‌ر نه‌ته‌وه و وڵاتێک و ته‌نانه‌ت هه‌ر گرووپ و تاکێک ریالپۆلیتیکی خۆی هه‌یه، با تا سه‌ر ئێسقانیش ئایدیۆلۆژیک بێ، به‌ڵام له‌م هونه‌ره‌دا هه‌موو به قه‌را یه‌ک سه‌رکه‌توو نین. ته‌نانه‌ت خودی چه‌مکی شکست و سه‌رکه‌وتنیش ته‌عبیر و ڕای جۆراوجۆری لێده‌کرێ. چینیه‌کان ریالپۆلیتیکیان له‌گه‌ڵ جۆرێک تیۆری ستراتژیک ئاوێته کردووه که به شێوه‌یه‌کی دیاریکراو له‌گه‌ڵ ستراتژی و دیپلۆماسی بهرسرنجی رۆژئاواییه‌کان جیاوازه.
مێژووی پڕ که‌ندوله‌ندی چین، فێری ڕێبه‌رانی ئه‌م وڵاته‌ی کردووه که هه‌موو گرفته‌کان هه‌میشه چاره‌یان نایه و جه‌ختی زۆر له‌سه‌ر زاڵبوونی ره‌ها به سه‌ر رووداوێکدا ده‌بێته هۆکاری لێکترازانی نه‌زم و هاڕمۆنی جیهان. زۆر به ده‌گمه‌ن رێبه‌رانی چین، مه‌زه‌نده‌ی ململانێکیان به ستراتژی "هه‌موو یان هیچ" ده‌خسته مه‌ترسییه‌وه. له حاڵێکدا که له سونته‌تی رۆژئاوایی، ره‌فتاری یه‌کلاکه‌ره‌وه و جهساڕهتی ئاشکرا له مه‌یدانی شه‌ڕدا، ئیمتیازێکی جێ ده‌سخۆشانه ده‌هاته ئه‌ژمار، بۆ چینیه‌کان، زیره‌کی، لابڕلێدان، دووربینی و پێشڕه‌وی هه‌نگاو به هه‌نگاو، به مه‌به‌ستی ڕهسهرکهوتنی مه‌عنه‌وی به‌سه‌ر دوژمن‌دا، جێگای فه‌خر و شانازی بوو.
له فه‌رهه‌نگی زاره‌کی کوردی‌دا، رسته‌ی "یان ده‌بمه خانی خانان یان ده‌بمه تۆزی بانان" به باشترین شێوه ستراتژی دۆڕاوی "هه‌موو یان هیچ" پێناسه ده‌کا.
له کاتێکدا که له به‌ینی خاڵ و سه‌ددا 99 ره‌قه‌می دیکه هه‌یه، به‌ڵام فه‌رهه‌نگی ده‌سته‌وه‌ستانی و دووره‌په‌رێزی نایبینیێ. ئه‌گه‌ر رۆژئاوا به پاڵپشتی هێزی له‌بڕان نه‌هاتووی سیاسی، سه‌ربازی و ئابووریی خۆی، زۆرجار هه‌موو شتی ده‌وێ، چین به ده‌رکی ئه‌م که‌مایه‌سیه، له پێناسه‌کردنی ئه‌وتۆی سیاسه‌تی واقیعگه‌رایی خۆ ده‌پارێزی. به‌پێچه‌وانه نه‌بوونی مێشکی ستراتژی له ناو سووژه‌ی کوردی‌دا، ئیزنی پێنادا که له پێشدا ئیمکانات و باردۆخی سه‌ره‌تایی خۆی شرۆڤه بکا و پاشان نه‌خشه‌ی ڕێگا بۆ گه‌یشتن به خواسته‌کانی دابڕێژی و ئه‌گه‌ر ڕێگایه‌کی لێ داخرا، کهلهنیکی دیکه بدۆزێته‌وه. ئه‌گه‌ر ده‌ره‌تانی شه‌ڕی چه‌کداری نه‌ما، بیر له خه‌باتی سیاسی بکاته‌وه. ئه‌گه‌ر خه‌باتی سیاسی بۆ نه‌لوا، خه‌ریکی رێکخستنی کۆمه ڵگای مه‌ده‌نی بی، ئه‌گه‌ر ئه‌ویشی بۆ نه‌کرا، لانیکه‌م چالاکی ئابووری ئه‌نجامدا و ... .
ململانه‌ی شه‌تڕه‌نج له‌سه‌ر بردنه‌وه‌ی ته‌واو و یه‌کلاکه‌ره‌وه‌یه، سه‌رکه‌وتن له‌م کایه‌یه یان له رێی لاواکردنی هێزی ره‌قیب مسۆگه‌ر ده‌بێ یان له ئه‌نجامی چه‌ند مانۆر و تاکتیکی فێڵبازانه‌دا. به‌ڵام جگه له سه‌رکه‌وتنی یه‌کجاری، حاڵه‌تی پاتیش هه‌یه، کاتێک دوو لایه‌نی کایه، ده‌ست له هه‌وڵدان بۆ سه‌رکه‌وتن هه‌ڵده‌گرن و به ئاکامی به‌رانبه‌ر رازی ده‌بن.
ئه‌مریکا و یه‌کیه‌تیی سۆڤیه‌ت، به درێژایی 45 ساڵی قۆناخی شه‌ڕی سارد له حاڵه‌تی پاتدا دابوون، له راستیدا له ژێر سێبه‌ری هه‌ڕه‌شه‌ی شه‌ڕی ئه‌تۆمی و مه‌ترسی له‌ناوچوونی هه‌ر دوو لادا. به‌ڵام ته‌نیا ئاکامی کایه‌ی دامه، بردنه‌وه‌ی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ی لایه‌نێک و دۆڕاندنی لایه‌نی به‌رانبه‌ره ئه‌ویش زیاتر له سۆنگه‌ی کوشتوبڕی داشه‌کانی لایه‌نی دۆڕاو. واتە دامه کایه‌یه‌کی سه‌رجه‌م سیفره.
ئاغاکردن ته‌نانه‌ت به قیمه‌تی قوربانی کردنی داشه‌کانی خۆمانه، گرنگترین ستراتژی دامه‌یه. دیوێکی دیکه‌ی کایه‌ی هه‌موو یان هیچ. له شه‌تڕه‌نجدا ئیمکانی ئه‌وه هه‌یه که مۆره‌ی ساده ببێته وه‌زیر، به‌ڵام نابێته شا. وه‌ک ئاماژه‌یه‌ک به ده‌ستاوده‌ست بوونی ده‌سه‌ڵاتی ئیجڕایی له سیاسه‌تی نههادیدا، به‌ڵام که داشه رووتهیهک یان چه‌ند داشه رووته ده‌بنه ئاغا و خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌ها، وه‌بیرهێنه‌ره‌وه‌ی کۆمه‌ڵگای ساده و ساکاری رۆژهه‌ڵاتی و ئیمکانی بوونی جووڵه‌ی چینایه‌تی له خوارترین ئاست بۆ به‌رزترین ئاست دایه، ئه‌ویش له سۆنگه‌ی نه‌بوونی دامه‌زراوه سیاسیه‌کان و لاواز بوونی کۆمه‌ڵگا و به‌ستراوه بوونی به ده‌سه‌ڵاتی ره‌های ده‌وڵه‌ت و ئه‌م موعجیزه ئابووری و سیاسیانه‌ی که له‌م به‌ستێنه‌دا په‌یدا ده‌بن.
هه‌روه‌ک له پێشدا باسکرا، بناغه‌ی کایه‌ی وی چی له‌سه‌ر چه‌مکی "گه‌مارۆ"یه، گه‌ماروی به‌ره به به‌ره و هه‌نگاو به هه‌نگاو و به ئامانجی داڕمانی ئیراده‌ی مه‌عنه‌وی دوژمن.
له جه‌نگه‌ی شۆڕشی کۆمۆنیستی چیندا، ستراتژی سه‌ره‌کی مائۆ و هه‌ڤاڵانی، گه‌مارۆدانی شاره‌کان له ئاواییهکانڕا بوو که به شێوه‌یه‌کی سرنجڕاکێش سه‌رکه‌وتوو بوو. تێوه‌گلانی چین له شه‌ڕی کۆریا (1953ــ 1950) و پێکهه‌ڵپڕژان له‌گه‌ڵ هیند (1962) و هێرش بۆ سه‌ر وێتنام (1979) و هه‌روه‌ها تێکهه‌ڵچوونی سنوورداری ئه‌م دوایانه‌ی له‌گه‌ڵ ژاپۆن و وێتنام، هه‌موویان به هه‌ندێک جیاوازییه‌وه ده‌چنه ده خانه‌ی پێشده‌ستی سه‌ربازی بۆ ده‌سته‌به‌رکردنی سه‌رکه‌وتنی رێژه‌یی له رێگای لاوازکردنی مهعنهوهیاتی ره‌قیب.
رهسهرکهوتنی رێژه‌یی له وی چیدا، به‌پێچه‌وانه‌ی ئامانجی یاریزانی شه‌تڕه‌نج یان دامه‌یه که هه‌وای سه‌رکه‌وتنی یه‌کجاری له سه‌ردایه. هه‌روه‌ها له وی چیدا، یاریزان به‌پێچه‌وانه‌ی دامه و شه‌تڕه‌نج ته‌واوی هێزی خۆی یه‌کڕا ناهێنێته مه‌یدان و نه ته‌نیا ده‌بێ به‌راوه‌ردێکی باشی له هێزه‌کانی ناو مه‌یدان هه‌بێ، به‌ڵکوو ده‌بێ ئاگای له هێزه یارمه‌تیده‌ره‌کانی ده‌ره‌وه‌ی مه‌یدان و ئه‌گه‌ری رێوشوێنی ده کارکردنیانی له داهاتوودا هه‌بێ. ئامانجی سه‌ره‌کی وی چی، گه‌مارۆدانی ستراتژیک له ڕێگه‌ی هونه‌ری توول و تهفسیلدانی مسابهقهیه. رێک وه‌ک سیاسه‌تی چین له به‌رانبه‌ر تایوان که له‌سه‌ر بناغه‌ی گه‌مارۆیه‌کی ده‌یان ساڵه به‌تایبه‌ت له باری دیپلۆماسییه‌وه دامه‌زراوه. ده‌توانین نموونه‌ی تایوان که زلهێزێکی گه‌وره‌ی وه‌ک ئه‌مریکای له پشته له‌گه‌ڵ که‌یسی که‌رکووک و سیاسه‌تی کورد له به‌رانبه‌ر ئه‌م شاره‌دا پێکبگرین. به‌م جیاوازییه که که‌رکووک نه‌ک له‌مپه‌رێکی وه‌ک ئه‌مریکا به‌ڵکوو ده‌وڵه‌تێکی لاوازی بێ سه‌ره‌وبه‌ره‌ی وه‌ک به‌غدای له‌سه‌ر رێگایه.
شه‌تڕه‌نج پارادایمێکی "کڵاوس وێز"ی وێنا ده‌کا. شه‌ڕی شه‌تڕه‌نج بۆ گرتنی ناوه‌ند و نێوه‌ڕاستی سه‌فحه‌یه. ئه‌و بابه‌ته‌ی که کڵاوس وێزی تیۆریسن شه‌ڕ، وه‌ک ناوه‌ندی گڕانیش و خاڵی یه‌کلاکه‌ره‌وه باسی لێوه ده‌کا. شه‌ڕی مان و نه‌مانی دامه، نه‌ک له ناوه‌ند و ناوه‌ڕاستی سه‌فحه به‌ڵکوو له سه‌رووترین ماڵاکانی چوارگۆشه واتا ئه‌وسه‌ری بنکه‌کانی ره‌قیبه. له وی چیدا به‌پێچه‌وانه‌ی هه‌ردووکیان، یاریزان سه‌ره‌تا تێده‌کۆشێ پانتا به‌تاڵه‌کانی سه‌فحه به‌ره‌به‌ره بگرێ و پاشان به هێواشی بایه‌خی ستراتژیکی مۆره‌کانی لایه‌نی به‌رانبه‌ر که‌م کاته‌وه و لاوازیان بکا. ئه‌م تاکتیکه هێزی ئینعیتافگری ستراتژیک له یاریزاندا دروست ده‌کا. واتا کابرا به جێی رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ دوژمن و هه‌وڵدان بۆ له ناوبردنی، له پرۆسه‌یه‌کی درێژخایه‌ندا و به لابڕلێدانی ستراتژیک هه‌ر هه‌مان ئامانج په‌یڕه‌و ده‌کا. ئه‌مه ڕێک هه‌مان ستراتژی "بیکه و مهیڵێی" چینه که له ئاستی ناوچه‌یی و نێونه‌ته‌وایه‌تیدا، کاری پێده‌کا. به‌پێچه‌وانه‌ی ستراتژی یان باشتره بڵێێن بێ ستراتژی "مه‌یکه و بێڵێی" کورد که ساڵیانێکی دوورودرێژه جگه له زیان هیچی لێنه‌که‌وتۆته‌وه.
وه‌ک نموونه‌یه‌کی زیندوو له سیاسه‌تی ریئال، پارێزگاری ورمێ به نموونه ده‌هێنمه‌وه. وا وێده‌چێ سیاسه‌تی تورک له‌م پارێزگایه "بیکه و مه‌یڵێ" بێ. ئه‌وان له ده‌رفه‌تی حزووری ئیداری خۆیان و به‌ده‌سته‌وه بوونی جڵه‌وی ده‌سه‌ڵاتی ناوچه‌یی، ئه‌وپه‌ڕی که‌ڵکیان وه‌رگرته‌وه له پێناو پته‌وترکردنی باڵانسی هێز به زیانی کورد و به قازانجی به‌رژه‌وه‌ندییه ئیتنیکهکانیان. پانایی ئه‌م سیاسه‌ته ته‌واوی بواره‌کان ده‌گرێته‌وه و بۆ نموونه جارجار ده‌گاته سنووری موهه‌ندیسی دێمۆگرافی. به‌پێچه‌وانه کوردانی تاراوگه‌نشین له نه‌بوونی ستراتژییەکی دیاریکراودا که له کۆڵه‌واری ریاڵپۆلیتیک سه‌رچاوه ده‌گری، نه ته‌نیا ئه‌م ڕاستیانه نابینن، به‌ڵکوو به کرده‌وه په‌یڕه‌وی له سیاسەتی "بیڵێ و مه‌یکه" ده‌که‌ن و جاروباره‌ش فرمێسک بۆ به‌شخوراوی تورکی شه‌ریک و برابه‌شی فارس هه‌ڵده‌ڕێژن. ئه‌گه‌ر کڵاوس وێز پێی وایه که شه‌ڕ ئیدامه‌ی سیاسه‌ته و به‌و پێیه سیاسه‌توان له کاتی شه‌ڕدا دێته ناو قۆناخێکی نوێ عه‌قڵانی له پرۆسه‌ی بڕیارداندا، "سان تزۆ" مامۆستای ئه‌فسانه‌یی نووسه‌ری نامیلکه‌ی چینی "هونه‌ری شه‌ڕ" پێیوایه که شه‌ڕ نه‌کردن و سه‌رکه‌وتن له سۆنگه‌ی باڵاده‌ستبوونی مه‌عنه‌وی هونه‌ره نه شه‌ڕکردن. وا وێده‌چێ بناغه‌ی ئه‌م تیۆرییه له قۆناخێکی هه‌ستیاری مێژووی چیندا داڕێژرابێ که شه‌ڕی ناو پاشا رکه‌به‌ره‌کان کوشتوکوشتارێکی بێوێنه‌ی لێکه‌وتبووه. وه‌ک ئاماژه‌یه‌ک به‌م ڕاستیه که تیۆره سیاسیه‌کان له کاتی ته‌نگانه‌دا له دایک ده‌بن، ره‌نگه "هونه‌ری شه‌ڕ"ی چینیش بۆ به رگری له شه‌ڕی راسته‌وخۆ و په‌سنی سه‌رکه‌وتنی مه‌عنه‌وی له‌م به‌ستێنه‌دا له دایک بێ. به‌پێچه‌وانه فه‌رهه‌نگی زاره‌کی ئێمه پڕه له‌م گوزارانه: شه‌ڕ قوونی ده ده‌رکه‌ی ناوه، شه‌ڕ و نیوه‌شه‌ڕ هه‌ر وه‌کوو یه‌کن، شه‌ڕ له بێ‌کاری باشتره و ...
ئه‌وه‌شمان له بیر نه‌چێ که زۆربه‌ی شه‌ڕه‌کانی مێژووی ئێمه‌ش شه‌ڕی ناوخۆیی بوونه، وه‌ک شه‌ڕی ده‌ره‌به‌گ و عه‌شیره‌تان، شه‌ڕی میران و له مێژووی هاوچه‌رخیشدا شه‌ڕی حیزبه‌کان. به‌م مانایه دامه‌ش زیاتر ته‌عبیر له شه‌ڕێکی ناوخۆیی ده‌کا چونکه شه‌ڕی ئاغایانه نه‌ک شه‌ڕی پاشایان. ئه‌گه‌ر وه‌ک ره‌سته به‌ناوبانگه‌که‌ی کڵاوس وێز که ده‌ڵێ شه‌ڕ ئیدامه‌ی سیاسه‌ته، ئێمه مه‌ته‌ڵۆکه‌ی شه‌ڕ له بێ‌کاری چاتره به هێند بگرین، به‌م ئاکامه ساده ده‌گه‌ین که شه‌ڕ ئیدامه‌ی بێکارییه ــ له باتی سیاسه‌ت ــ به‌م پێودانگه ره‌نگه هۆکارێک بۆ ئینشعاب و لێکدابڕانه یه‌ک له دوای یه‌که‌کانی که‌مپه‌کان بدۆزریته‌وه!
داشه‌هاره؛ ریالپۆلیتیکی به‌رئاوه‌ژوو
دابێکی ناسراوی کایه‌ی دامه، که به درێژایی مێژووی ئه‌م سه‌رگه‌رمیه له نێوان سنووری له موو باریکتری نێوان فشه و جیدیهتدا ماوه‌ته‌وه، "داشه‌هاره"یه. ئه‌گه‌ر ئێمه له باری چه‌ندایه‌تی و که‌مایه‌تییه‌وه بۆمان نه‌لوێ که جیاوازێکی گه‌وره له نێوان ئه‌م سێ کایه‌دا، ده‌ستنیشان بکه‌ین، داشه‌هاره به ته‌نێ ئه‌م دیواره گه‌وره‌یه که سنوورێکی روون و ئاشکرا له نێوان دامه و هاوشانه رۆژئاوایی و چینیه‌که‌ی ده‌کێشێته‌وه، ناکرێ به داشه‌هاره بڵێین یاسای کایه چونکه دابێکی دژه‌یاسا و ریسایه. هه‌روه‌ها پۆلێنبه‌ندیکردنی وه‌ک کرده‌یه‌کی فشه یان جیدی له کایه‌یه‌کدا که خۆی "جیدێکی فشه" یان "فشه‌یه‌کی جیدییه" به هه‌مان ئه‌ندازه ئه‌سته‌م و بگره دژوازه. دیوێکی ئه‌م دیارده‌یه ته‌عبیر له فه‌رهه‌نگی جیدی نه‌بوون و ته‌عاروف و دیزه‌به‌ده‌رخۆنه کردن ده‌کا و دیوه‌که‌ی دیکه‌ی نیشانده‌ری رێز نه‌گیران له فه‌رهه‌نگی یاسا سه‌ره‌وه‌ری و ملکه‌چ بوون له به‌رانبه‌ر یاسا دایه. مانای راسته‌قینه‌ی ئه‌م چه‌مکه ئه‌وه‌یه که ئه‌گه‌ر یاسا به قازانجی من نه‌بێ ــ ئه‌ویش قازانجی کورتماوه و رواڵه‌تی و کاتی ــ هه‌ر نه‌بێ باشتره. به واتایه‌کی دیکه هه‌میشه ئاماده‌یی ئه‌وه هه‌یه که له پێناوی قازانجی تاکه‌که‌سی و خێڵه‌کی و حیزبی‌دا، ته‌واوی یاسا و ریسای کایه تێکدرێ. نموونه‌ی تێکدانی "قاعده یبازی" له مێژووی هاوچه‌رخدا زۆرن و 31ی ئابی 1996 ته‌نیا یه‌کێک له نموونهکانییەتی. بۆ به‌رگری له درێژدادڕی زیاتر ده‌گه‌رێمه‌وه سه‌ر هه‌نووکه و نموونه‌یه‌کی زیندووی. من ئاره‌زووم ده‌کرد ئه‌م ململانێی سیاسیه‌ی که ئێستا له رۆژئاوا له نێوان پاڕتی و پ.ک.ک له ئارادایه، ئه‌گه‌ر نه له جینسی وی چی، لانیکه‌م جۆرێک شه‌تڕه‌نجی سیاسی با و دیسانیش لانیکه‌م، ئاکامه‌که‌ی "پات" بوایه. زۆر به‌داخه‌وه هه‌موو نیشانه‌کان و راستیه‌کان وامان پێشانده‌ده‌ن که ئه‌م کێبه‌رکێی حیزبیه، زیاتر له دامهیهکی کورده‌واری ده‌چێ، به هه‌موو پهتاکانیهوه ،له داشخواردنی به زۆره‌ملی را هه‌تا ئاغا له یه‌کتر کردن، به‌ڵام دیسانیش ده‌بێ ده‌سته‌ودوعا راوه‌ستین له کۆتاییدا، داشه‌هاره‌ی تێدا نه‌بێ. چونکا سه‌فحه‌ی ئه‌م دامه، به‌رژه‌وه‌ندی و داهاتووی کوردی رۆژئاوایه و ئه‌م ده‌رفه‌تانه‌ی که وادیاره هه‌ر 100 سال یه‌کجار بۆ کورد ده‌ڕه‌خسێن.
--------------------------------------------------------------------------------
بۆ شیکاری کایه‌ی چینی وی چی له کتێبی "چین" له نووسینی هێنری کهسینجێر وه‌رگێڕاوی "حسین راس" که‌ڵک وه‌رگیراوه.
بۆچوونه‌کان