گرینگیی پەروەردەکردنی مرۆڤ لە دوای ڕەمەزان و بوارە گرینگەکانی تر کە دەبێ گۆرانی تێدا بکەین…
گەر مرۆڤ سروشتی وابێت بە چەند قۆناغێکی جیا تێپەرێ لە ڕووی گەشەکردنی جەستەیی و دەروونی، ئەوە ئەم گەشەکردنە پێویستی بە پەروەردە و پێگەیاندنی بەردەوام هەیە تا بتوانێت هەم ژیانی دونیای ئاوەدان و گەشە پێبدات هەمیش ئەرکی بەندایەتی خۆی جێبەجێ بکات، بۆیە پەروەردە و پێگەیاندن کە بریتیە: لە چاکسازی و گۆرانکاری بەردەوام لە بیر و هزری کەسەکە و دەرکەوتنی گەشەکردنی ئەم پەروەردەیە لە ئاکار و ڕەفتاری و پێشکەوتن و داهێنانی بەردەوام و سەرنجراکێش لەژیاندا، ئەوا ئەم پەروەردەیە پێویستی بە { هاوسەنگی} هەیە، وەک خوای گەورە دەفەرموێ: {وَلَقَدْ ذَرَأْنَا لِجَهَنَّمَ کَثِیرًا مِنَ الْجِنِّ وَالْإِنْسِ ۖ لَهُمْ قُلُوبٌ لَا یَفْقَهُونَ بِهَا وَلَهُمْ أَعْیُنٌ لَا یُبْصِرُونَ بِهَا وَلَهُمْ آذَانٌ لَا یَسْمَعُونَ بِهَا ۚ أُولَٰئِکَ کَالْأَنْعَامِ بَلْ هُمْ أَضَلُّ ۚ أُولَٰئِکَ هُمُ الْغَافِلُونَ / سورەی ئەعراف ئایەی ۱۷۹} . ئەم ئایەتە ئاماژەیە بەوەی کە مرۆڤ پێویستی بە هاوسەنگی بەردەوام هەیە لە ڕووی پەروەردە و پێگەیاندن بە شێوازێک وەک چۆن گرینگی بە لاشە و جەستەی خۆی دەدات ئاوەهاش پێویستە عەقڵی گەشە پێبدات و بەزانست و خواناسی و مەعریفە تێری بکات دڵیشی بە پەروەردەی ئیمانی و ڕۆحی بگەیێنێتە بەرزی و شکۆیی و ئاوەدانی، بە جۆرێک که خۆشەویستی و پەیوەستبوون بە خوا ببێتە هەوێنی دڵ و دەروون و گیان و نەفسیش، کە ئامادەی چاکبوون و خراپبوونی تێدایە بەرەو جوانی و چاکی و پاکی پەلکێش کات و جەستەش بە هەوڵ و تێکۆشان و قوربانیدان ڕابێنێ بە جۆرێک کە هەست بە ئاسوودەیی بکات.
بێگومان زۆر جار کە رووداوێکی ناخۆش دەبیستی، یان ستەمێک دەبینی یان نادادپەروەریەک بەرامبەرت دەکرێ حەز دەکەی دەسەڵاتت هەبووایە بۆ ئەوەی ئەو ستەمە نەهێڵی و ماف و دادپەروەری بگێڕیتەوە بۆ خاوەن ماف، هەندێک جار دەتهەوێ ببیتە سوپەرمان و بتوانی بەسەر دار و دیوار و باڵەخانەکان دا بفڕی تا هاوکاری خەڵک بکەی و دەستیان بگری بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان… یان… یان… لای زۆربەمان ئەمانە تەنها بە خۆزگە و { تمنی } دەمێنێتەوە و بەو خیاڵانەوە سەردەنێنەوە، بەڵام پڕسیاری گرینگ ئەوەیە: ئایا بەڕاستی من دەتوانم ببمە ئەو کەسەی کە دەمهەوێ یان خەیاڵی دەکەم؟ یان تەنها ئەو قسانە لە نێو کتێب و ڕووپەری رۆژنامەکاندا بەرچاو دەکەون و دوورن لە ڕاستی و واقیعەوە!؟ کامانەن ئەو بوارانەی کە دەبێ گۆڕانکاریان تێدا بکەم؟
وڵامی ئەو پرسیارانە بۆ تۆ جێ دێڵم…
بێگومان هیچ فەلسەفە و بیر و باوەرێک نییە کە بایەخی بە پەروەردەی دەرون و ڕەفتار و ڕەوشت بە دیدی خۆی نەدابێ، ڕەوشت لە ناو هەموو کۆڕ و کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا ئاستی کاریگەریی ئەو قەناعەتە نیشان دەدات کە لە ناخی ئەو کەس و کۆمەڵگایانەدا ڕواوە، کە بۆتە سەرچاوەی قیەم…
پێغەمبەری خوا (دروودی خوای لەسە ربێ) دەفەرموێ: انما بعثت لاتم مکارم الاخلاق ـــــ واتە: بۆ ئەوە کراوم بە پێغەمبەر تا ڕەوشتە بەرزەکان تەواو کەم… مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی خاوەن حەزو ئارەزوو و توانایەکی بێ ئەندازە، پێویستی بەردەوامی بە پەروەردە و پێگەیاندن و گەشەپێدانە بە تایبەت لایەنی ئیمانی و ڕۆحی و بڕوابوون کە بە هۆیەوە مرۆڤ ناسنامە و بوونی خۆی لەم ژیانە جەنجاڵەدا دەدۆزێتەوە و ڕێگای بەختەوەری و سەرفرازی بۆ فەراهەم دێ و هەنگاوەکانی داهاتووی دەزانێ…
لە ڕاستیدا مانگی پڕ لە کۆشش و خەبات و زاڵبوون بەسەر نەفس و هەواو ئارەزوو، مانگی پاڵاوتن و پاکژی ناخ و شەونخوونی و قورئان خوێندن و زیکر و پارانەوە و موناجات، مانگی ڕشتنی فرمێسک و تۆبەکردن و گەڕانەوە بۆ لای خوای گەورە و میهرەبان و خۆپۆشتەکردن، مانگی وازهینان لە گوناه و تاوان و بڕیاردان بۆ بەردەوامی لە عیبادەت و دوور بوون لە هەموو ئەو تاوانە قێزەونانەی کە سیما و ناخی مرۆڤ ناشیرین دەکەن… ماڵاوایی لێکردین و بە جێی هێشتین.
ئەمانە هەمووی سەرکەوتن بوون و دەستمان کەوتن، بەدەستهێنانی پلەوپایەی بەرز و ڕێز لای پەروەردگار،بەرزبوونەوەیە بۆپلەی {ربانی و متقی}.
بەدەستهێنانی پلەوپایەی بەرز بە عیبادەت و گۆیرایەڵی فەرمان و بڕیارەکانی خوا و پێغەمبەرەکەی دەست دەکەوێت، ئاخۆ دوای دەستکەوتنی ئەم پلەوپایە مەزنە کە بە دەستمان هێناوە چی بکەین…؟؟
گومان لەوە دانیە کە گەورەترین ئامانجی موسڵمان بریتی یە لە دەستخستنی ڕەزامەندی پەروەردگار، هەر بۆیە پێویستە هەموو ئامانجەکانی ترمان لە پێناو گەیشتن بەم ئامانجە مەزنە دابێ.
بنچینەکانی پەروەردەی ئیمانی
یەکەم: قورئانی پیرۆز ـ پشت نەکردن لە قورئانی پیرۆز، بەردەوام هەوڵ بدە قورئانەکەت بەدەستەوە بێ، وەک چۆن لە مانگی ڕەمەزاندا توانیت بیخوێنیتەوە و خەتمی بکەی، بەو شێوەیەش لە دوای ڕەمەزانی پیرۆز هەوڵی خۆت بدە و بیخوێنەوە و وانەکەی کە وشەیەک یا لاپەرەیک لەم قورئانە پیرۆزە فەرامۆش کەێ. گەر بمانهەوێ لە ناخماندا هەست بە بەرزی پەروەردەی ئیمان بکەین پێویست دەکات ژیانێکی نوێ لەگەڵ قورئانی پیرۆز دەست پێبکەین، ئەمەش تاکە هۆکارە بۆ بەختەوەری و بنیاتنانی مرۆڤێکی خاوەن ئیمان و دامەزراو… بۆ بنیاتنانی پەروەردەیەکی ئیمانی پێویستیمان بە ئاشنا بوون بە ناوەڕۆکی خودی قورئانی پیرۆز و لە داێکبوونی دڵێکی زیندوو هەیە ئەو کات مرۆڤ ژیان و دونیای خۆی و بنیادەم ئاوەدان و فەتح دەکات، لە ڕاستیدا پەروەردەی دەروونیش خۆی لە خۆیدا سەر بە خۆ نییە، چونکە یەکێکە لە بەرهەمەکانی ئیمان…
دووهەم: نەشکاندنی بڕیارەکانمان لە سەر تەوبە و وازهینان لە گوناە و تاوان، بەر دەوامبوون لە سەر ئەو بڕیارانەی کە داومانە لە سەر نەگەڕانەوە بۆ هەموو ئەو تاوانەی له ڕابردوودا ئەنجاممان داوە….
سێهەم: چۆڵ نەکردنی ماڵەکانی خوای گەورە ـ مزگەوت ـ بە تایبەتی تر نوێژی بە کۆمەڵ لە کاتەکانی نوێژی بەیانیان و خەوتنان …
چوارەم: دڵەکانمان بە پەروەردەی ئیمانی ئاودێر بکەین، چونکە مرۆڤ تەنها بە عەقڵ و ژیریی خۆی ناتوانێ کاروانی چاکە و چاکەکاری و بەرەو پێش بەرێت، زۆرێک لە مرۆڤەکان دەزانن و عەقڵیان دەشکێ بەوەی تاوانەکان ژیانی مرۆڤ بەرەو هەڵدێر دەبەن بەڵام چونکە دڵیان زیندانی کراوە بە حەز و ئارەزووەکانین ناتوانن لە بەرامبەر ڕەشەبای خراپەکاریدا خۆڕاگر بن، تەنها زانستێکی ڕووت و بێ ناوەڕۆک ناتوانێ مرۆڤ بەرەو پەروەردەیەکی ئیمانی ببات….
داواکاریەکی تری پەروەردەی دەروون، وەکوو کە ئیسلام داوای دەکات، خوا پەرستی و تەزکیەی نەفسە، تا خوا ناسیی وکوو خۆی بچەسپێت. ئەمەش نەشونماو و گەشەی ڕوحە، ئەمەش لایەنێکی تری پەروەردەی دەروونی مرۆڤە، بۆ ئەوە هەست و پەیوەندی {عابیدو مەعبوود} یی ببێتە چاودێرێکی هەمیشەیی زات…
پەروەردەی موسڵمان هەرگیزا و هەرگیز بەبێ پەروەردەی دەروون تەواو نابێ، لەم سەردەمەی ئێمەشدا کە ماددییات و دونیاویستی هۆشی قیامەتی لەبەر خەڵکی بڕیوە…پەروەردەی دەرونیش خۆی لە خۆیدا سەربەخۆ نییە، چونکە ئەویش یەکێکە لە بەرهە مەکانی ئیمان.
تێبینی: بۆ نووسینی ئەم نامیڵکەیە سوودم لە کتێبی { حول التربیە و التعلیم، عبدالرحیم بکار } وەرگرتووە.
بۆچوونهکان