یوونیسێف، ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ فریاگوزاریی منداڵان، لە ڕاپۆرتی ئەمساڵیدا سەبارەت بە خەتەنە کردنی ژنان، دیاردەکە بە "نەریتێکی زۆر مەترسیدار" بە ناو دەکا و دەستنیشانی دەکا کە کاریگەرییە نەرێنییەکانی خەتەنە کردن تا هەتایە درێژەیان دەبێ.
لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا سەبارەت بە خەتەنە کردنی کچان، ڕێکخراوی منداڵپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان [UNICEF] ڕای دەگەیەنێ کە لە ئاستی جیهاندا، "زیاتر لە دوو ملیۆن کچ، لە تەمەنی ٤ تا ١١ ساڵیدا خەتەنە دەکرێن" و وێڕای ئاماژە بەوە کە "ئەم نەریتە، زۆر زیاتر لە ٢٠٠٠ ساڵە پێڕەو دەکرێ"، دەستنیشانی دەکا "ئەم نەشتەرگەرییە ئەغڵەب بەبێ سڕ کردن ئەنجام دەدرێ و کەرەستەی دەکار هاتووش لەوانەیە چەقۆیەکی پیس و پۆخڵ، تیغێکی کۆنە یان پارچە شووشيیەکی شکاو بێ."
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی یوونیسێف، کە سەرەتای ئەم مانگە [جولای] ئامادە بووە، "بەشێک لەو کچانەی خەتەنە دەکرێن دەمرن، ڕێژەیەکی زیاتریان تووشی کێشەی جەستەیی زۆر مەترسیدار دەبنەوە و هەمووشیان، لە بواری دەروونییەوە، تووشی ناهەموارییەکی درێژخایەن دەبن."
ڕێکخراوەکە جەختیش لەسەر گرینگیی کارکردن بۆ خاشەبڕکردنی ئەو دیاردەیە دەکاتەوە و ڕای دەگەیەنێ کە "ئێمە کار دەکەین بۆ ڕاوەستاندنی ئەو زوڵمە گەورەیە کە لە منداڵان دەکرێ و پێمان وایە کە دیالۆگی کراوە، پەروەردە و بارهێنانی خەڵک لە گوند و ناوچە دوورە دەستەکاندا، دەتوانێ گۆڕان بەسەر هەڵسوکەوتی ئەواندا بێنێ."
زۆرێک لەو بابەتانەی کە پەیوەندییان بە رەگەز و زایەندی ژنانەوە هەیە، لە کۆنەوە وەک بابەتی پیرۆز و نەشیاوی قسە لێکردن چاویان لێکراوە، بەڵام بە گوێرەی ئەو رێکخراوە، "لە ئەنجامی هەوڵی بەردەوامی چالاکانی ئەو بوارە، ئێستا ئەو بۆچوونە گۆڕانی بەسەردا هاتووە و تا دێ بارودۆخەکە بەرەو باشتر بوون دەچێ."
دیاردەی خەتەنە کردنی کچان، تەنیا تایبەت بە ناوچەیەکی دیاریکراوی جیهان نییە و وەک یوونیسێف دەنووسێ "لە رۆژهەڵاتی گۆی زەوی، واتە لە ئیندۆنیزیاوە، تا ئەوسەری ڕۆژئاوا ـ پێرۆ لە ئەمریکای لاتین، ژنان خەتەنە دەکرێن." بەڵام دیاردەکە لە پارزەوینی ئەفریقا زیاتر بەرچاو دەکەوێ و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش، بە تایبەت لە ناوچە دوورە دەستەکاندا، بەرچاوترە لە وڵاتانی پێشکەوتوو.
بە گوێرەی سەرژمێرییەکان، حەشیمەتێکی ١٢٥ ملیۆنی لە ژنانی جیهان خەتەنە کراون و هەموو ساڵێکیش، زیاتر لە دوو ملیۆن ژن خەتەنە دەکرێن. بەڵام بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی یوونیسێف، "ژمارەی نەزانراو لەوانەیە زۆر لەوە زیاتر بێ."
خەتەنە چییە؟
دەستەواژەی "خەتەنە کردنی زایەند"، کە بە گوێرەی نەریتێکی زۆر کۆن پێڕەو دەکرێ، چەندین جۆری ئەو نەشتەرگەرییە دەگرێتەوە. لە هێندێک حاڵەتدا بەشێک لە "لێو"ەکانی زایەند لێ دەکرێتەوە و لە هێندێک حاڵەتی دیکەدا لێوەکان بە کەرەستەیەکی تیژ دەپێکرێن، بەڵام مەترسیدارترین شێوەی خەتەنە ئەوەیانە کە بە "خەتەنەی فیرعەونی" یان "ئینفیبولاسیۆن" دەناسرێ. لەم جۆرەی خەتەنە کردندا، سەر و ژێری لێوەکان دەبڕدرێن و زایەندیش وەها دەدوورێتەوە، کە تەنیا بۆشاییەکی یەک سانتیمەتری دەهێڵرێتەوە، بۆ بەجێ گەیاندنی پێداویستییە سروشتییەکانی وەک میز کردن و مەنستراسیۆن.
خەتەنە ئەغڵەب لە تەمەنی چوار تا چواردە ساڵیدا دەکرێ، بەڵام لە هێندێک حاڵەتدا مەلۆتکەش خەتەنە دەکرێن. بە گوێرەی بەدواداچوونەکانی یوونیسێف، لە بڕێک شوێن کچان لە رۆژانی بەر لە شووکردن، یان لە کاتێکدا کە بە یەکەم منداڵیان دووگیان دەبن، یانیش یەکسەر دوای یەکەم منداڵبوون خەتەنە دەکرێن. هێندێک لەو منداڵانەی خەتەنە دەکرێن، لە ئەنجامی چڵک کردنی برینەکانیاندا گیان لە دەست دەدەن.
کێشەی تەندروستی
لە زۆر گوندی ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نەشتەرگەرییەکە ئەغڵەب بە دەستی مامانێکی دەرس نەخوێندوو، سەرتاشێک، یانیش پیرەژنێکی گوندەکەوە، بەبێ سڕ کردن و بە چەقۆیەکی پیس، تێغە کۆنێکی سەر یان ڕیش تاشین، یانیش شووشە شکاوێک ئەنجام دەدرێ. بە گوێرەی پسپۆڕان، ئەو جۆرە نەشتەرگەرییە کێشەی تەندروستیی زۆر جدی بۆ ژنە خەتەنەکراوەکان بە دواوە دەبێ و زۆر مەترسیی دیکەی جەستەییش لە ئەنجامی ئەو جۆرە نەشتەرگەرییەدا سەرهەڵدەدەن.
خەتەنە کردن، وێرای کێشەی جەستەیی، گرفتی رووحیی درێژخایەنیشی لێ دەکەوێتەوە. ئازار، سترێس، چڵک کردن و لەنگەربەزینی دەروونی، لەو کێشە سەرەکییانەن کە ئاوقەی خەتەنەکراوەکان دەبنەوە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە جووتبوون و هەر چەشنە پێوەندییەکی سێکسوالیشیان نائاسایی و پڕئازار دەبێ.
بەڵام کێشەی هەرێ مەترسیدار، لە ئەنجامی "خەتەنەی فیرعەونی"دا تووشی ژنان دەبێ. ئەوەش بەو هۆیەوە کە تەنیا کونێکی زۆر بچووک لە زایەندی خەتەنەکراوەکەدا دەهێڵرێتەوە و ئیتر ئەو ئەندامەی لەش، ناتوانێ ئەرکە سروشتییەکانی خۆی ـ کە میز کردن و مەنستراسیۆن [عادەی مانگانە]یە ـ بەجێ بگەیەنێ و ئەمەش، بە گوتەی پسپۆڕان، "زایەند تووشی چڵک کردن دەکا".
هێندێک لەو ژنانە، بەهۆی سست بوونی ماسوولکەکانی لەشیان، تووشی میزەچۆڕکێ دەبن و ناشتوانن میزڵدانیان کۆنتڕۆڵ بکەن. خەتەنە کردن، هەروەها زیان بە سروشتی منداڵبوون دەگەیەنێ و ریسکی مردن بەسەر منداڵەوە زۆر زیاتر دەکا. ئەمەش بەو هۆیەوە کە برینی لەشی ژنانی خەتەنەکراو، لە کاتی منداڵبووندا سەرلەنوێ هەڵدەدڕێتەوە و دەبێ بۆ جاری دووهەم بدوورێتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕیسکی چڵك کردنی کۆئەندامی زایەند لە کاتی منداڵبووندا زیاتر دەبێ.
مێژووی خەتەنە کردن
نەریتی خەتەنەکردنی ژنان لەوانەیە مێژوویەکی سێهەزار ساڵەی هەبێ، بەڵام ئێمە لەو بوارەوە زۆر شت نازانین. سەبارەت بە چیەتی و چۆنیەتیی سەرهەڵدانی ئەو دیاردەیەش چەند تیۆریی جیاواز هەیە، بەڵام هیچکامیان نەیان توانیوە وەڵامێکی تەواو دڵنیاکەرەوە بە پرسیارگەلی وەک "کەی" و "لەکوێ" بدەنەوە.
ئەوەی دەزانرێ ئەوەیە کە بەشێک لەو نەریتانەی ڕێگە بە خەتەنە کردنی ژنان دەدەن، هۆکارگەلی دینی و مەزهەبیی بۆ دێننەوە. نەریتەکە لە نێو هەر مەزهەبەکانی کاسۆلیک و پرۆتێستان، کۆپت، موسوڵمان و هێندێک وردە دین و مەزهەبی دیکەشدا پێڕەو دەکرێ، کەچی لە هیچکام لە کتێبە پیرۆزەکاندا باسێک لەو نەشتەرگەرییە نەکراوە. بەو حاڵەش، خەتەنە کردن تا ئێستاش درێژەی هەیە، چوونکا، وەک یوونیسێف دەنووسێ، " ڕیشەکەی بۆ ئەو باوەڕە نەریتییە دەگەڕێتەوە کە دەبێ بەو جۆرە بکرێ رۆڵ و جێگە و پێگەی ژنان لە ژیانی رۆژانەدا کۆنتڕۆڵ بکرێ".
ئەمە لە کاتێک دایە کە زۆرێک لە کۆمەڵناسان وای بۆ دەچن کە، هەرچەند دینەکان لەو بوارەوە هیچیان نەگوتبێ، بەڵام هەرچۆنێک بێ درێژەدەری ئەو نەریتە بوون، نەریتێک کە لە ڕێگەی دینەوە بووەتە "سوننەت".
چالاکانی بواری ژنانیش پێیان وایە کە خەتەنە کردن میکانیزمێکە لە دەست کۆمەڵگە پیاوسالارەکاندا، بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ژنان و ڕاپۆرتەکەی یوونیسێفیش ئەو گریمانەیە پشتڕاست دەکاتەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، "خەتەنەکردن بە هەوڵێک دەزانرێ بۆ هەڵگوێستنی کچان، لە ژیانی منداڵییەوە بۆ جیهانی ژنایەتی و، بەو هۆیەوە کە وا دەزانرێ خەتەنە کردن پەردەی کچێنیی ژنان دەپارێزێ، وەک پێویستییەکی پێش ژیانی ژن و مێردایەتی چاوی لێ دەکرێ".
بە واتایەکی دیکە، لەبەر ئەوەی خەتەنە کردن دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی مەیلی جنسی لە ژناندا، دەکرێ ئەو نەشتەرگەرییە وەک میکانیزمی کۆنتڕۆڵ کردنی سێسکواڵیتیی ژنان ببینرێ.
سەرەڕای ئەو ڕیسک و مەترسییانەش کە باسیان لێوە کرا و هەوڵی بەردەوامی چەندین ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی وەک یوونیسێف، هەروەها بوونی کۆمەڵێکی زۆر ڕاپۆرت و لێکۆڵینەوەی زانستی لە بوارەکەدا، خەتەنە کردنی ژنان تا ئێستەش لە ناو کۆمەڵگە نەریتی و نەخوێندەوارەکاندا درێژەی هەیە. وەک ڕێکخراوەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەنووسێ "کۆمەڵگە نەریتییەکان، وەک کارێک بۆ 'جوانکردن و خاوێنکردنەوە'ی زایەندی ژنان چاو لە خەتەنەکردن دەکەن، کە لە پێناو ئامادە کردنی ژیان بۆ ژیانی ژن و مێردایەتی ئەنجام دەدرێ."
هەوڵدان بۆ خاشەبڕکردن لە ڕێگای قانوونییەوە
چالاکانی بواری ژنان و کارمەندانی بەشی تەندروستی، لەو وڵاتانەی خەتەنەی ژنانیان تێدا پێڕەو دەکرێ، ئەغڵەب باس لەو مەترسییانە دەکەن کە لە دوای ئەو نەشتەرگەرییە تووشی ژنان دەبێ. هەروەها بە پشتیوانیی نەتەوە یەکگرتووەکان و بە پشتبەستن بە جاڕنامەی مافی منداڵان، تا ئێستا لە چەند وڵاتێک توانراوە ـ لە ڕێگەی قانوونەوە ـ ئەو نەریتە قەدەغە بکرێ. هاوکات لە چەندین وڵاتی دیکە، بە وەڕێ خستنی چالاکیگەلی کولتووری ـ کە تێیاندا سەبارەت بە مەترسییەکانی خەتەنە کردنی ژنان دەگەڵ خەڵکی گوندەکان گوتوبێژ دەکرێ ـ هەوڵی خاشەبڕ کردنی دیاردەکە دەدرێ.
شیاوی ئاماژەیە کە کوردستانیش یەکێک لەو وڵاتانەیە کە بە شێوەیەکی بەربڵاو دیاردەی خەتەنە کردنی ژنانی تێدا پێرەو دەکرێ. بەڵام لە چەند ساڵی ڕابردوودا و بە پشتیوانیی چەند پرۆژەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەو زانیارییانە کە لە ڕێگەی مێدیاکانەوە بڵاو دەکرێنەوە، دیاردەکە روو لە کەمبوونەوەیە و لە باشووری کوردستانیش، لە ڕێگەی قانوونەوە بە تەواوی قەدەغە کراوە. لە ساڵی ٢٠١٠دا، ڕێژەی ژنانی خەتەنەکراو لە هەرێمی کوردستان، لە سەدا ٧٠ بووە.
بۆچوونهکان