بە بۆچوونى من بۆ ئەوەى لە بابەتى خۆشەویستى تێبگەین، پێویستمان بە هەناسەیەکى ئاسمانیانە هەیە، ئەگەر لەو هەناسەیە بڕاین ئیدى ئەوە نە عیشق نە خۆشەویستى بوونى نیە، هەروەک ئەوەى لە ئەخلاقدا فەلسەفەى ئەخلاق دواى ڕازىبوون بە وەڵامى ئەو پرسیارەى کە بۆچى من ئەخلاقیانە بژیم؟ کاتێ بەو وەڵامە ڕازى بوویت، واتە بڕیارت دا ئەخلاقیانە بژیت، ئەوجا کارى زانست و فەلسەفەى ئەخلاق دەست پێ دەکا، لە خۆشەویستیدا بەهەمان شێوە بە بوونى متمانە و باوەڕێکى میتافیزیکى ئەوجا خۆشەویستى مانایەک پەیدا دەکا، بەبڕانى لەو باوەڕە ئیدى ئەفسونەکانى خۆى لەدەست دەدا، هەربۆیە لە سەردەمى مۆدێڕنەدا لە قەیراندایە، خۆرى خۆشەویستى ڕۆژبەڕۆژ ڕووەو نیشتنە، ئەمە تەنیا قەیرانى خۆشەویستى نیە، بەڵکوو قەیرانى چەندین چەمکى بنەڕەتى دیکەشە کە پابەندبوونیان بە مانایەکى ڕۆحانى ئاسمانیەوە، ئەوجا دەردەکەون بێ ئەو جیهانه فەزا ئاسمانیە دەبنە شتى دیکە وەک چەمکى (عەداڵەت، ئەخلاق، تەنانەت ئایینیش)، لێرەوە چەندین فەیلەسوفى وەک گیدنەر، ئەریک فرۆم، باسیان لە قەیرانى خۆشەویستى لەم سەردەمى نوێدا کردووە، چونکە هەتا ئەو نەفەسە ئاسمانیە ئایینییە مابوو (ئۆگەستین)ى زاناى کەلامى مەسیحى بەناوبانگ وتەنى: (خۆشەویستى هەرگیز نامرێ)، بەڵام بێ ئەو نەفەسە ئاسمانیە ئیدى مرد لە فەزاى ئیشق و ئیرۆتیکاوە گۆڕا تەنانەت لە مامەڵەیەکى جەستەیشەوە نەوەستایەوە، بەڵکوو بوو بە وێنەیەک دەبینین بوو بە فلیمێک لەسەر شاشەیەک دەبینرێ، هەروەک (لیڤى شتراوس)، گوتەنى: ئایین بوویە خوڕافە، هەروەها عەداڵەت و ئەخلاقیش وەک (ماک ئانتیار)، گەورەترین فەیلەسوفى فەلسەفەى ئەخلاق دەڵێ: هەموو زاناکانى ئەخلاق مردوون، هەموو کتێبەکانی سووتاون. لەڕاستیدا جگە لە کۆمەڵێک بەهاى بێ قۆڵایی و وشک هیچى نەماوەتەوە وەک (بەردا بۆق)، فەیلەسوفى ناودارى ڕوس دەڵێ: لەڕاستیدا هەموو ئەوانە کە بوون پێکەوە هەبوون (ئایین، ئومێد، متمانە، هاوڕێیەتى، خۆشەویستى، ئەخلاق...) کە نەمان پێکەوە نەمان، چونکە هەموویان ڕۆڵەى فەزایەکن، میوەى چنراوى باخێکن، درەختەکانى هێندە بەریان پێوە بوو خەریکە دەنیشنە سەر زەوى، هەموو مرۆڤێکى ئەو سەردەمە هەرچەندە باڵا کورتیش بووایە خۆى میوەى لێ دەکردەوە، بەڵام هەنوکە ئەو باخە ئاوى لێ بڕاوە (ئەو ئاوەش جیهانى ڕۆحە) درەختەکانى وشکبوون یان ورد بڵێین: ئەو دارانە لە حەسرەتدا هەڵکشاون، نەک بەدەستخستنى میوەکانیان، نەک بۆ هەموو کەس نین، بەڵکوو بۆ مرۆڤى دارەوانیش، ئەو مرۆڤەى باش دەتوانێ بەدرەختەکاندا سەر بکەوێ دەگمەن بوونەتەوە، ئەگەر خۆشەویستى ڕاستەقینە خۆى نایاب و دەگمەن بێ، ئەوا ئەمڕۆ زۆر دەگمەنترە ئیدى خەڵکەکەى دیکە لەبرى ئەزموونیان بکەن (بیانچەژن) باسیان دەبیستن، وێنەیان دەبینن، لەڕِاستیدا دەمیان پێناگا دەڵێن ترشە، خۆشەویستى لە جیهانى نوێدا لە کوردستانى خۆشماندا دواى دەرکەوتنى ئامڕازەکانى مۆدێڕنە لەهەموو کاتێک زۆرتر بانگەشەکارانى زۆرترن، بەڵام لەهەموو کاتێک دەگمەنترە، لەڕاستیدا مرۆڤى ئەم سەردەمە هێندەى تاسوخ و تاسەى خۆشەویستى دەکا هێندە خۆشەویستى ناکا و نەبوەتە حاڵ لاى. وەک ئەو تینووەى تاسەى ئاو دەکا و ئاوى دەست ناکەوێ. نابێ ئەوەمان لەبیر بچێ نهێنى بەقاو مانەوەى خۆشەویستى (ڕِاز) بوونیایەتى واتە دەرنەکەوتن و کەشفنەبوونى هەموو دییوەکانى داپۆشران و پەردە بەسەردادانى دەوێ، ئەمڕۆ ئیدى ڕازێک نەماوە و هەموو پەردەکان هەڵدراونەتەوە هەردوو ڕِەگەز هەموو نهێنییەکانى یەکدى دەزانن بەهەموو گیانى یەگدى ئاشنان، ئەمەش بۆیە دەڵێم بۆئەوەى وانەزانرێ تەنها باسى عیشقە ئیلاهى و ئاسمانیەکان دەکا، بەڵکوو عیشقى مەجازى (خۆشەویستى) زەمینى زیاتر لە قەیراندایە، من لە شوێنى دیکەش وتومە مرۆڤ چاوێکى داخراوە کەبەقەد هەڵماتێکە بە عیشق دەکرێتەوە. چاوى بچوکیش کراوەیە ئیتر لە هەڵماتێکى بچوکەوە دەبێتە جیهانێکى بینراوى گەورە. عیشق حاڵەتێکى ڕۆح نیە وەک وا دەزانرێ، وەک لەبابەتى عیشق نامەدا وتومە، بەڵکوو عیشق خودى ڕۆحە، ڕۆحە لە کاتى کرانەوە و گەورە بوونیدا، بەڵام هەنووکە ڕۆح خۆى لە قەیران دایە. ئەگەر ئازادى فەزاى گەورەبوونى عەقڵ بێ، ئەوا خۆشەویستى فەزاى گەورەبوونى ڕۆحە، بەڵام خۆ ڕۆح نابینرێ، ئیدى عیشقیش نابینرێ، تەنها لە ڕێگەى جێکەوت و ئاسەوارەکانەوە دەناسرێتەوە. واتە بە ئەوسافەکانى هەستى پێ دەکرێ، خۆشەویستى بەدەست ناگیرێ و بە چاو نابینرێ، بە گوێش نابیسرێ. بەڵام بە ڕۆح هەست پێ دەکرێ ئاماژە و خەسڵەتەکانى دەردەکەون، کە ئێمە لە عیشق نامەدا باسمان لێوە کردووە، ناوى هەندێکیان لێرە دەهێنیین: -عیشق مرۆڤ بەلاوى دەهێڵێتەوە ئەگەر چى بەتەمەنیش پیر بێ: پەى چێش مەیى لەیل پیریش مەحاڵەن سەنەى باڵغیش سەد هەزار ساڵەن. -مرۆڤ دووبارە لەدایک دەبێتەوە. هەرکەس تەوەلود دووبارەش نیەن لابود سەعادەت ستارەش نیەن - ڕۆحى مرۆڤ گەورە دەبێ و گەرم دادێ و ناسک دەبیتەوە و زیندوو دەبێتەوە، غەمى نیە. - مرۆڤى عاشق مرۆڤێکى خاکى ئارامە، ئەمەش خەسڵەتى عیشقە، هەر کەس ئاوا نەبوو با بانگەشەى عاشق بوونیش بکا، ئەو هەرگیز عاشق نیە. -عیشق مەست بوون وحاڵەتى رۆحى و بکوژى ململانێیە، واتە ململانێ ناهێڵێ، ئەمانە و چەندین خەسڵەتى تر لە هەر کەسدا بوون، ئیتر عاشقە با بەدەمیش نەیڵێ، لەهەر کەسیشدا نەبوون هەرگیز عاشق نیە با دونیاش پڕ لە هاوارى عاشق بوونى خۆى بکات. ئیتر عیشق و خۆشەویستى بەو خەسڵەتانەى گەر زەمینیش بێ ئاسمانیە، چونکە ئەو خەسڵەتانە ئاسمانین. ئەگەر لە نێوان دوو ڕەگەزدا بێ، پیرۆزە و ژیانى عارف و شاعیرەکان لە مێژووى ئیسلامدا شاهیدى ئەوەن، بەڵام هەرگیز بانگەشە نیە، نابێ لەبیرمان بچێ (خۆشەویستى) یەکێک لە ناوەکانى پەروەردگارە هەروەک (بەبەزەیى) یەکێک لە ناوەکانى ئەوە، لەو بەزەییەى خۆى بەشى بەندەکانى خۆى داوە، بەزەیى نێوان مرۆڤەکان بۆ نموونە بەزەیى دایک بۆ منداڵەکەى، هەروەها لەو خۆشەویستیەى خۆى بەشى دروستکراوەکانى داوە بۆ نموونە ئەو خۆشەویستیەى لە نێوان ڕەگەزى نێر و مێدا هەیە، تەنانەت لە فەرموودەى سەحیحى پێغەمبەریشدا هەیە لە نهێنى ئەو خۆشەویستییە سەرى سوڕماوە، خۆشەویستى ناچێتە ناو بابەتەکانى زانستى فیقهەوە، چونکە ئەو زانستە تەنها ئەو کاتە کارى دەست پێ دەکا کە ئیختیار و ئیرادەى مرۆڤ حزوورى هەیە، ناشێ بەکارى شتێک بڵێین حەڵال یا خود حەرام یا خود بە کردەى خەوتویەک، خۆشەویستى ڕاستەقینەش هەروایە مرۆڤى عاشقى ڕاستەقینە نایەوێ بە ئیرادەى خۆى عاشق بێ، بەدەست خۆى نیە کاتێک دەزانێ عاشق بووە، بەو ئەندازەیەى لەسەر ڕێگەیەک دەکەوێ نەیویستووە بکەوێ، بەڵام کاتێکى زانی کەوتووە بەدەست خۆى نەبوو، لەبەر ئەوە گوناهى ناگات، ئەوەیش لە کەلتورى ئیسلامیدا لە فیقهدا باس نەکراوە، بەڵکوو لە زانستى عیرفاندا، ئەو زانستەى دەشێ بوترێ زانستى خۆشەویستى و عیشقە. ئەگەر قسە لەسەر عیشق بکەم، بەردەوام سەدجار قیامەت دێ و دەڕوا، ئەو تەواو نابێ، وەک حافز دەڵێ بۆیە ئەوندە ئیکتیفا دەکەم. نووسهر: م.تهحسین حهمه غهریب
بۆچوونهکان