خولی فێرکاری لێژنه‌ی منداڵ و ميرمنداڵ به‌ڕێوه چوو خولی فێرکاری لێژنه‌ی ناوه‌ندی منداڵ و هه‌رزه‌کاری جه‌ماعه‌ت تایبه‌ت به پارێزگاکانی کوردستان و کرماشان له ڕۆژانی 27 و 28ی گه‌ڵاوێژ له شارى سنه به‌ڕێوه چوو. ئه‌م خوله که به ئاماده‌بوونی به‌رپرس و ئه‌ندامانی ناوه‌ندی لێژنه‌ی منداڵ و میرمنداڵانی جه‌ماعه‌ت و به‌رپرسان و فێرکارانی پارێزگاکانی کوردستان و کرمانشا به‌ڕێوه چوو، جه‌ختی کرده سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه‌ی خواره‌وه: توێژینه‌وه له‌سه‌ر کتێبه‌کانی «غونچه«، فێر کردنه‌وه‌ی دوباره‌ی ڕاهێنه‌ران و شێوازه‌کانی وانه گوتنه‌وه‌ی شاره‌زاییه‌کانی کرده‌وه‌یی بۆ منداڵان، ده‌روون ناسی منداڵ و هه‌رزه‌کار، شێوازه‌کانی پێوه‌ندی گرتن، کۆسپ و کێشه‌و به‌ره‌کانی پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ منداڵان و هه‌رزه‌کاران ... دکتۆر موحه‌ممه‌د ئیبراهیم ساعيدی رودی به‌رپرسی ناوه‌ندی لێژنه‌ی منداڵ و ميرمنداڵان و ئه‌ندامی نوێی شوڕای ناوه‌ندی جه‌ماعه‌ت له لێدوانێک له‌و دانیشتنه‌دا، دوای ئاماژه به گرینگی «زیکر» و زاکیر بوون له ڕوانگه‌ی ئیسلامدا، ئاماژه‌ی به گرینگی په‌روه‌رده‌ی منداڵان و ميرمنداڵان له‌سه‌ر زیکر و زاکیر بوون کرد. له به‌شێکی دیکه له وته‌کانیدا وێڕای ڕه‌خنه له به‌رنامه‌کانی کۆنتڕۆڵی حه‌شیمه‌ت له ئاستی وه‌ڵاتدا گوتی: ئه‌گه‌ر سیستمێکی ڕاهێنانی دروست له نێو خێزانه‌کاندا هه‌بێ، ئه‌وه زۆر بوونی ڕێژه‌ی مناڵان کێشه و گرفت ساز ناکات و بنه‌ماڵه‌کان هه‌رچه‌ند زۆرتر له یه‌ک یا دوو منداڵیشیان هه‌بێ، ده‌توانن منداڵانێکی باش پێشکه‌شی کۆمه‌ڵگا بکه‌ن. ئه‌یوب پوزش ئه‌ندامێکیی ديكهی ناوه‌ندی لێژنه‌ی منداڵ و هه‌رزه‌کاری جه‌ماعه‌ت له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا گوتی: منداڵان بوونه‌وه‌رانی به‌هه‌شتن و مرۆڤ چێژ ده‌بات له ڕوانین له ڕوخساری پاک و بێگه‌ردیان که بۆ پاراستنی ئه‌و شادی و گهشییه پێویست به په‌روه‌رده و ڕاهێنانه. هه‌روه‌ها به ئاماژه به گرینگی په‌روه‌رده‌ی مناڵان ڕایگه‌یاند که: مناڵانی ئه‌وڕۆ به‌ڕێوبه‌ران، به‌رپرسان و گه‌وره‌کانی داهاتووی کۆمه‌ڵگان، له‌سه‌ر ئه‌و ئه‌ساسه پێویسته هه‌ر له ئێستاوه ئه‌و تۆره‌مه بۆ داهاتوو ڕاهێنانیان له‌سه‌ر بکرێ. عهلێڕهزا ڕه‌زه‌وی ئه‌ندامی دیکه‌ی لێژنه‌ی منداڵ و ميرمنداڵانی جه‌ماعه‌ت له مامۆستایانی دیکه‌ی فێرکاری ئه‌و کۆبوونه‌وه بوو. سه‌ره‌تا له ناساندنی واتای «په‌روه‌رده«دا گوتی: په‌روه‌رده واته وه‌دی هێنانی وزه و لێهاتووییه‌کانی تایبه‌ت له منداڵان و ميرمنداڵان، که ئه‌وانه‌ش بریتین له په‌روه‌رده‌ی جه‌سته‌یی، ئه‌خڵاقی، جنسی و مه‌عنه‌وی. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به شێوازه‌کانی شیاو و کاریگه‌ری په‌روه‌رده‌ی منداڵان کرد و گوتی: باشترین جۆری پێگه‌یاندنی لێهاتووییه‌کانی ژیان له منداڵاندا، ڕانانی شانۆ و هاوشێوه‌سازی ڕه‌وشته دروسته‌کانه و هه‌روه‌ها له چوارچێوه‌ی یاریدا که منداڵ فێر ده‌بێ چۆن تووڕه‌یی و سۆز و ورووژێنهکان له خۆیدا کۆنتڕۆڵ بکات. له به‌شه سه‌رنج ڕاکێشه‌کانی ئه‌م دانیشتنه، به‌ڕێوه‌بردنی یارییه‌کانی وه‌ک ئه‌ته‌ل-تونێل، دڕاندنی کاغه‌ز و تیزانگ فوودان به مه‌به‌ستی خاڵی کردنی ناخ له تووڕه‌یی و وزه و هه‌سته‌کانی نه‌رێنی له لایه‌ن عه‌لیڕه‌زا ره‌زه‌وی بوو که به‌شدار بووان به گه‌رمی پێشوازیان لێ کرد. جێى ئاماژه‌یه که ئه‌و خوله له په‌سه‌نکراوه‌کانی شوڕای ناوه‌ندی سه‌رده‌می پێش بوو که له دواساته‌کانی سه‌رده‌می ئه‌و شوڕایه له سنه به‌ڕێوه چوو.
بۆچوونه‌کان