حسەین عوسمانی ناسراو بە خاڵۆ حسەین کۆکەن خەڵکی گوندی مێگوڕەی سەر بە بەشی بایەنگان، دەسکەوتی چەن ساڵەی خۆی کە بڕی 6 ملوێن تمەن پارەی ئێرانی بوو، بۆ پشتگری لە بەشی سازکردنی خوێندنگان پێشکەشی ئەم بەشەی کرد. بە پێی ڕاپۆرتی پێگەی ھەواڵنێری ئیسلاح و بە گێڕانەوە لە ئیرانا، خاڵۆ حسێن ئەم پارەیەی لە ڕێگای ئەو موسافیر و گەشتیارانە کە سەردانی ئەویان کردووە و وەک خەڵات و پێشکەشی پێیان داوە، کۆی کردوەتەوە. خاڵۆ حسەین وتی : «لەگەڵ خوای خۆم پەیمان بەستووە کە ئەوەی لەم گەشتیار و موسافیرانە، لەکاتی سەردانی ئەشکەوتی بەردی پێمی ئەدرێ، بێجگە کەمێکی نەبێ کە بۆ نیاز پێویستم پێیەتی، زیادەکەی لەو ڕێگەدا بەکار بێنم کە جێی ڕەزامەندی خودایە. ھەروەھا وتی : تا ئێستا یارمەتی چەن مزگەوتم داوە و ئێستاش یارمەتی خوێندگاکانی بایەنگان دەدەم. حسەین عوسمانی لە ناو خەڵکدا بە «فەرھادی دووەم» ناسراوە، بە تەنیا یەک لاق و بە بەکارھێنانی پێمەڕە و تەشوێیەک توانیویەتی ئاسەواری کەم وێنە لە ناو دڵی کێوە بەرزەکانی بایەنگان بەدی بێنێ. ئاسەوارەکانی خاڵۆ حسەین بریتین لە چەن دیو و ھەیوان کە لە ساڵانی ڕابردوودا، پەزێرای موسافیران و گەشتیارانێکی زۆر لە ناوخۆ و ده‌رەوەی وڵات بووە. ئەم پیاوە پیرە 84 ساڵ تەمەنیەتی و بە تەنیایی ژیانی دەباتە سەر و تەنات بە دەستی خۆی و لە ناو جەرگەی کێوەکاندا گۆڕەکەی خۆیشی ھەڵکەندووە. خاڵۆ حسەین دەڵێ : «لەکاتی شەڕی ئێران و عێراق دا، کاتێ ماڵەکەم بەھۆی شه‌ڕەوە ڕووخا، دەستم دایە ھەڵکەندنی ئەم کێوە سەختە و بە کۆششێکی زۆر توانیم لە ناو دڵی ئەم کێوە، ماڵێک بۆ خۆم ساز بکەم.» حەبیبوڵڵا موستەوفی، بەرپرسی ئیدارەی فێرکاری و ڕاھێنانی بایەنگان وتی : «یارمەتیەکانی خاڵۆ حسەین بۆ بەھێزترکردنی فێرگەکان و پەرەپێدانی 14 خوێندنگا بەکار دەھێندرێت.»