مامۆستای پایەبەرز، حاجی مامۆستا مهلا عهبدوڵڵا ئەمینی برا گەورهی کاک حهسهن ئەمینی، ئێوارهی ڕۆژی ھەینی 20ی سەرماوەز بههۆی دڵەکپێوە کۆچی دوایی کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی ئیسلاح وێب، بە گێڕانەوە لە سایتی ئیسلام کورد، مامۆستا عەبدوڵڵا برا گەورەی کاک حەسەن ئەمینی ئێوارهی ڕۆژی پێتح شەممە، 19ی سەرماوەز، بۆ چاوپێکەوتن و سەردانی خزم و کەسی چووه شاری سنە بەڵام دوای تێپەڕبوونی یەک ڕۆژ، ئێوارەی ڕۆژی ھەینی، تووشی دڵەکپێبوو و لە نهخوشخانهی «بعثت»ی شاری سنه کۆچی دوایی کرد.
ئەم مامۆستا تێکۆشهره، ساڵی 1319ی ھهتاوی له گوندی «تهمۆغه» سەر بە شاری سەقز لە پارێزگای کوردستان، لە بنهماڵهیەکی خواناس و بەدین، ھاتە دنیاوە. باوکی، مامۆستا عوبەیدوڵڵا ئەمینی، پێشنوێژ و ئیمامی گوندی تهمۆغه بوو. ئەم عالیمە بەڕێزە، وهک باو و باپیرانی خۆی، سێ کوڕ لە چوارکوڕهکانی به ناوی «محەممەد، عەبدوڵڵا و حهسەن» وێڕای بوونی گرفتی ماڵی و نەداری، ناردە قوتابخانە و حوجرەکانی ئەو سەردەمەی کوردستان تا فێری زانستە ئایینیەکان ببن و وەک باپیرانی خۆیان، خزمەتی نەتەوە و ئایینەکەیان کەن. حاجی مامۆستا عەبدوڵڵا ئەمینی، وانە سەرەتاییەکانی لای باوکی خوێند و پاشان چووە خزمەت مەلا محەمەد عەزیزی بەردەڕەشی. پاشان چووە خزمەت مامۆستایانێک وەک حاجی مامۆستا مەلا عەبدوڕڕەحمان تاھیری مەرخوز و حاجی مەلا عەبدوڵڵا محەممەدی وتارخوێنی ھەینی شاری سەقز و کۆتایی بە خوێندن ھێنا و پاش وەرگرتنی ئیجازەنامە لە گوندی «قەڵا کۆنی» ئەنوشیروانی ناوچەی فەیزوڵڵابەگی، بووە ئیمام و پێشنوێژ و ھەر لەو کاتەدا، حوجرەیەکی دامەزراند دەستی کردە وانە وتنەوە و پەروەردەکردنی فەقێ. خوالێخۆشبوو مامۆستا عەبدوڵڵا ئەمینی لە سەردەمی شۆڕشی نەتەوەیی ئێران دژی زوڵم و زۆری ڕژیمی شاھەنشاھی، وێڕای ئازادیخوازانی دیکە، لە زۆربەری کۆڕ و کۆبوونەوەکانی ئەو سەردەمەدا، بەشداری کرد.
ساڵی 1363ی ھەتاوی ھاتە شاری سەقز و لە مزگەوتی مێعراج بوو بە ئیمام و پێشنوێژ. حوجرەیەکیشی بۆ فەقێکان لە پەنای مزگەوتدا دامەزراند و خەریکی وتنەی وانە ئایینیەکان بوو. ئەم بەڕێزە، لە بەشی ئەخلاق و ھەڵسوکەوتی کۆمەڵایەتیدا ناوی بانگی دەر کردبوو و ھەموو کەس بە نموونەیەکی ئەخلاقییان دەزانی. لە خوای مێھرەبان داواکارین کە ڕۆحی بە بەھەشت شاد کا، و بەبۆنهی خزمەتکردنی نەتەوەکەیی و ئەخلاق و ئاکاری جوانی، بیگەیێنێتە فیردەوسی ئەعلا و بیکاتە ھاوەڵی پێغهمبەری ئیسلام (د.خ). پێگەی ھەواڵنێری ئیسلاح، پرسە و سەرەخۆشی خۆی بهبۆنهی کۆچی ئەم زانا ڕەببانییە ئاراستەی بنەماڵەی «ئەمینی» بە تایبەت کاک حەسەن ئەمینی و ئەھلی سوننەت دەکا و لە خوای گەورە داوای سەبر و خۆڕاگری بۆ بنەماڵەی ئەو کۆچکردووە داوا دەکا.
بۆچوونهکان