«حاجی حه‌سه‌ن ئیره‌نده‌گانی» له‌ ئه‌ندامانی کۆنی جه‌ماعه‌ت له‌ باشووری ڕۆژهه‌ڵات، دوێنی چوارشه‌ممه‌ ١٦ی پووشپه‌ڕی ١٤٠٠ به‌هۆی تووشبوون به‌ په‌تای کۆڕۆنا گیانی له‌ده‌ست دا.

به‌پێی ڕاپۆڕتی ئیسلاحوێب، حاجی حه‌سه‌ن ئیره‌نده‌گانی بانگخوازێکی ئایینی بوو که ماوه‌ی ٤٠ ساڵ بانگه‌شه‌ی دینی خوای کرد و له‌و ڕێگایه‌دا تووشی ئازار و کوێره‌وه‌ری زۆر بوو. نێوبراو لە سەره‌تای شوڕش، ئه‌ندامی ئەنجوومەنی ئیسلامی قوتابیان و مامۆستایان بوو. له‌ ناوەڕاستی ده‌یه‌ی ٦٠ی هه‌تاوی، دوای تاتیلی وانه‌کانی ئه‌نجوومه‌ن، له‌ کلاسه‌کانی په‌روه‌رده‌ی جه‌ماعه‌ت به‌ شێوازێکی چالاکانه به‌شداری کرد و له‌ ساڵی ١٣٦٩ بوو به‌ ئه‌ندامی جه‌ماعه‌ت.

له‌ ساڵی ١٣٧١ له‌ بواری کارناسی ته‌ندروستی ژینگه له‌ زاهیدان درێژەی بە خوێندن دا و هاوکات به‌رپرسی قوتابیانی زانکۆی جه‌ماعه‌ت له‌ زاهیدان بوو. له‌ ساڵی ١٣٧٣ بوو به‌ به‌رپرسی کاروباری بەڕێوەبردنى جه‌ماعه‌ت له‌ شاری ئیرانشار.

ئه‌و دوای ساڵی ١٣٧٣ له‌ ئێران کۆچی کرد و یه‌کێ له‌ هاوه‌ڵانی ئه‌مه‌گناسی خوالێخۆشبوو مه‌ولانا نه‌زه‌رموحه‌ممه‌د دیدگا بوو له‌و سه‌فه‌ره‌دا. دڵۆڤانی و خۆش‌ڕه‌فتاری و به‌رگه‌گرتنی دۆخی ئه‌سته‌م و تاقه‌تپڕووکێنه‌ری کۆچ و پشوودرێژی و خۆڕاگریی، بوو به‌هۆی ئه‌وه‌یکه بانگخوازێگی دلسۆز و گیانبه‌خشی لێ دروست بێ. گرینگیدانی تایبه‌تی ئه‌و به‌ بواری په‌روه‌رده‌ له‌به‌رچاو بوو.

ئه‌و بانگخوازه‌، ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ ١٦ی پووشپه‌ڕ بەهۆی پەتای کوویدی ١٩، وه‌ڵامی ده‌عوه‌تی خوای گه‌وره‌ی دایه‌وه‌ و ئه‌وڕۆ ته‌رمی پیرۆزی له‌ چابه‌هار به‌خاک ئه‌سپارده‌ کرا.

پێوه‌ندییه‌ گشتییه‌کانی جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاحی لقی سیستان و به‌لووچێستان له‌ په‌یامێکی سه‌ره‌خۆشیدا، کۆچی ئه‌و بانگخواز و پێشه‌نگه‌ی جه‌ماعه‌ت له‌ پارێزگای سیستان و به‌لووچێستانی وه‌ک خه‌ساره‌تێکی قه‌ره‌بوونه‌کراوه‌ زانی و لە خوای گەورە بۆ ڕوحی خوالێخۆشبوو داوای پله‌ی به‌رز و لێبوورده‌یی و بۆ خزم و کەسوکاری سه‌بر و خۆڕاگری جوان و پاداشی گه‌وره‌ی داوا کرد.

إنّا لله و‌إنّا إلیه راجعون