پێشەکی: بزاڤی ڕزگاری و ئازادیخوازیی کوردی، خۆی بە قەرزداری پیاوانی ئایینی و دەرچوانی حوجرە دەزانێ که زۆر شێلگیرانە هاتوونەتە گۆڕەپانی مەیدان و بۆ وەدیهاتنی مافه ڕه‌واکانی گەلەکەیان، چالاکی بێ‌وچانایان نواندووە. یەکێ لەم کەسایەتییە ونانە، حاجی بابە شێخی تورجانە.

مێرمنداڵ بووم، زۆر جار لە حاجی مامۆستا مەلا ئەحمەدی سەلیمی (دۆنەخۆر) که له لاجان بوو و خۆی قوتابی و فەقێی ئەم زانا پایەبەرزە بوو، گوێم لە ناوی ئەو کەسایەتییە دەبوو و ده‌مبیست که دەیفەرموو حاجی بابە شێخ ئاوای گوت و ئاوای فەرموو؛ به کورتیی بە ڕێزەوە باسی دەکرد.

لێدوان لەسەر کەسایەتی ئەم پیاوە گەورە بڕێک ئەستەمە؛ نازانرێ کام بەشی زۆر باس بکرێ؛ زانایی، شارەزایی لە زانستەکانی ئایینی، بەرەنگاربوونه‌وەی لەگەڵ داگیرکەرانی خاک و نیشتمان، جیهاد و موجاهەدە، بەرپرسی لقی بزاڤی "یەکگرتووی ئیسلامی، چاکسازی کۆمەڵایەتی (مصلح اجتماعی)، شارەزایی لە بارودۆخی سەردەمی کوردستان و چالاکیی سیاسی، بوونی لە بزاڤی ئیسلامی یان سەرۆک وەزیری سەردەمی کۆماری کوردستان لە مەهاباد؟ بۆیە هەوڵ دەدەین، گۆشە نیگاهێکمان هەبێ بەسەر چالاکێکانی و چەند پێشنیار، ڕەخنە و تێبینیش لەسەر کتێبێ تازە چاپکراوی «ڕۆڵ و پێگەی حاجی بابەشێخی سەیادەت»، نووسینی بەڕێز: سەیید عەبدوڕڕەحمانی سەیادەت، لەسەر ئەم کەسایەتییه.

ناساندن

حاجی باباشیخ، کوڕی حاج سەیید عەبدولکەریمی سەیادت، بە دوازدە پشت، دەگاتەوە سەر «مەلا ئەبووبەکر موسەننیف»ی چۆڕی مەریوان. بابەشێخ ساڵی 1262ی کۆچی هەتاوی لە ئاوایی جەمیانی سەر بەشاری بۆکان چاوی بە دنیا هەڵێناوە و ساڵی 1338ی هەتاوی لە ئاوایی تورجانی سەر به سەقز وەفاتی فه‌رمووه.

له سەرەتای منداڵی، لە لایان بابییه‌وە خراوەتە بەر خوێندنی فەقێیایەتی. لە کوردستانی ڕۆژهەڵات؛ لای مامۆستایانێکی وەک: مامۆستا ئەبووبەکر شیلاناوێ. ئیبنلقه‌زه‌ڵجی، مەلا عەبدوڵڵای وەڵزی دەرسی خوێندووە. لە دواییدا بۆ وەدەستهێنانی زانستی زیاتر ئاوەژووی ئەودیوی کوردستانی ڕۆژهەڵات واتە باشوور بۆتەوە. هۆی چوونەکەی بۆ ئەودیو، ئەوە دەبێ که یەکێک لە خانەقای زەنبیل دەڵێ: ئەم کوڕە شێخانە بە بەهانەی ئەوە، که بنەماڵەی شێخن و سەرووی خەڵک دەکەون، دەنا خوێندەوارییه‌کی وایان نییە. حاجی بابەشێخ بەبێ ئاگادری بنەماڵە، بۆ وەدەستهێنان و دڕێژەدان بە خوێندن؛ دەچێ بۆ تەوێڵە و لە خزمەت مامۆستا مەلا عەبدولقادر، ئیجازەی مەلایەتی و لە خزمەت شێخ حیسامەددینی نەقشبەندی کە خاڵی بووە، ئیجازەی عیرفان وەردەگڕێ.

قۆناغی یەکەم:

چالاکی ئایینی:

حاجی بابە شێخ ئەوکات که لە کوردستانی باشوور دەبێ و تەمەنی لە بیست و پێنج که‌متر دەبێ، لە ساڵانیی ۱۹۰٤ـ۱۹۰٦ی زایینی بیرۆکەی ڕۆشنبیری دینی و هەڵسوڕانی سیاسی لە مێشکیدا سەرهەڵدەدا. لەگەڵ بزاڤی ئیسلامی و پێشکەوتنخوازی ئایینی «کۆمەڵەی یەکیەتی ئیسلام» و "جەمعییەتی ئیتتحادی تەڕەققی" ئاشنا دەبێ. کە دروشمی ئەم بزاڤە؛ بریتی دەبێ لە: "برایەتی"، "ئازادی" و "بەرابەری" و لە کوردەکان دەگەڵ شێخ عەبدولقادر نەهری کوڕی شێخ عوبەیدوڵڵا و مەدحەت به‌درخان لە بنەماڵەی گەورەی بەدرخانییه‌کان ئاشنا دەبێ و دەبنە ئەندامی ئەم بزاڤە. لە دواییدا دەبێتە بەرپرسی لقی کوردستانی. ئەم بزاڤە ئیسلامییە لەژێر کاریگەری محه‌ممه‌د عه‌بدە و شێخ ڕەشید ڕه‌زادا دەبێ. ئەم حیزبە لە ئاستی مەشڕوتە‌خوازەکانی ئێراندا بوون و خوازیاری کەمکردنەوەی دەسەڵاتی سیاسی، حاکمی عوسمانی بوون. سەرچاوە (تاریخ مشاهیر اسلام، قازی خزری شنۆ)

چالاکی نیزامی:

لەشەڕی یەکەمی جیهانی که بێ‌لایەنی نەدەکرا، حاجی باباشێخ وەک موجاهیدێکی چالاک، دژی ڕووس وەستا و جەنگی کرد. چالاکی کۆمەڵایەتی: بابەشێخ تێکۆشەرێکی کۆمەڵایەتی بووە. کۆمەڵگای ئێمە پێداویستی بە کەسانێک هەیە، کە لەناو کۆمەڵگادا بڕشتیان هەبێ و بتوانن گرفتەکانی خەڵک چارەسەر کەن. کاتی خۆی مامۆستایان و ڕیشسپیان دەورگێڕی ئەم ڕۆڵە بوون. خەڵکەکەش بە عام گوێڕایەڵییان بوون. مامۆستایەکی ئایینی ناوچەی کرماشان دەیفەرموو: "مامۆستا مەلا محەممەدی ڕەبیعی" جیا لەوەی کەسایەتییه‌کی ناسراوی ئایینی بوو، چالاکێکی چاکسازیی کۆمەڵایەتیش بوو. قسەی وی قسەی هەموانی دەبڕی و بەدەردومەرگی خەڵکییه‌وە بوو.ـ جێی خۆیەتی مامۆستایانی ئایینی کوردستان ئاوڕدانەوەیەکیان هەبێ بۆ سەر مێژووی زێڕینی خۆیان- کە حاجی باباشێخ توانی لەسەر دەمی خۆی موسلیحێکی کۆمەڵایەتی بێ. ناکۆکی نێوان دوو هۆز، دو شار، دو گوند ـ دو هاوکەشەنی دەسکرد، وەک: سەردەشتییه‌کان و هۆزی پشدر که دوای دوازدە ساڵ نێوان ناخۆشی، ڕێکی خستنەوە.

چالاکی سیاسی:

بابەشێخ پێوندی نێونەتەوەیی هەم لەناو کۆمەڵگای کوردیدا هەبوو، هەم له وڵاتانی هاوسنووری وەک تورکیە. باباشێخ بەر لە دروستبوونی کۆماری کوردستان لە مەهاباد پێوەندی ڕاستەوخۆی دەگەڵ شێخ مەحموودی نەمر -دیارە هەر یەک بنەماڵە بوونەـ هەبوو، هەم دوو ساڵ بەر لە کۆماری کوردستان پێوەندی دە‌گه‌ڵ نەمر مەلا مستەفا بارزانی گرتبوو. مەلا مستەفا نزیکی دوو حەوتوو لە تورجان لە ماڵی حاجی بابا شێخ خۆی حەشار داوە. تا دوایی حاجی باباشێخ عەبای مەلایەتی دەبەر دەکا و کتێبه‌کانی لەبن هەنگڵ دەنێ و نێوی نەخوازراوی شێخ عەوڵای بۆ دادەنێ که لەم دەڤەرە نەناسرێتەوه.

چالاکی زانستی:

بابەشێخ لەزانستەکانی ئایینی دەستێکی باڵای هەبووە. حاجی بابە شێخ لەگەڵ ئەوەی مودەرریس، موفتی، نووسەر و شاعیر بووە و زۆریش پڕکار بووە، زۆری گرینگی بە فێرگە ئایینییه‌کان داوە. دارولعیلمی تورجانی جارێ تر نۆژەنی کردۆتەوە و لە فەوتان ڕزگاری کردووە. بە سرنجدان بەمە فێرگە دارولعیلمی تورجان ناوەندی هاندانی ئافرەتان بۆ خۆێندن بووە. کەسایەتییه‌کانی وەک نووروننیسای هاوسەری قۆج‌بەگ، مەلا ئایشە و مەلا زارای کچەکانی علامە قه‌زه‌ڵجی هاندەری ئافرەتان بوونە بۆ خوێندن. بۆوەی ئەم چرایە نەگوژێتەوە. حاجی باباشێخ کە ساڵی ۱۳۱۷ی هەتاوی لە جەمیان‌ڕا دەچێتە تورجان، داوا ده‌کا لەسەر خرجی وی کورسی قوڕئان ساز که‌ن و منداڵان و ئافرەتان بتوانن قوڕئان و زانستە شەرعییه‌کان بخوێنن. بابەشێخ پیاوێکی زۆر بەعیززەت بووە. کاتی خۆی حەمەڕه‌زا شا، چەند پۆستی پێ پێشنیار دەکا وەک پۆستی وەزاڕەتی مەعارفی فەرهەنگی، بەڵام قبووڵی ناکا. چەند دێهاتی ناوچەی میاندواوی دەداتێ، دیسان قبووڵی ناکا. هەرچەند مامۆستا حەمەباقی دەڵێ خۆزیایە پۆستی وەزاڕەتی مەعاریفی قبووڵ کردایە، تاکوو لە مێژوودا تۆمار کرابا کە کوردێک کاتی خۆی، وەزیری مەعاریفی ئێران بووە.

حاجی بابەشێخ ئەم کەسایەتییە بووە هەم لە لایان وڵاتی ئاڵمان، دەوڵەتی عوسمانی و ڕه‌زاشا خەڵات کراوە، بەڵام هیچ کات بۆ پاراستنی گەل و نیشتمانه‌کەی کۆتا نەهاتووە.

قۆناغی دووهەم:

لە بیرەوەرییەکانی سەید سەعید سەیادەت، ئاماژە کراوە کە: خوالێخۆشبوو " قازی محەممەد" چەند مانگ بەر لە ڕاگەیاندنی فەرمیی کۆمار، نە جارێک بەڵکە دوو جار ڕاسپاردە دەنێرێ. هەردووک جارەکان، حاجی ڕەحمان ئاغای موهتەدی و مامۆستا هەژار؛ دەنێرێ بۆ تورجان بۆ لای حاجی باباشێخ و داوای هاوکاری و بەشداری لە پێکهێنان و دامەزراندنی حکومەتی میللی کوردستان دەکا."

حاجی بابەشێخ لە گەلاوێژی ۱۳۲٤ی هەتاوی بە ماڵەوە دێتە مەهاباد و وەک سەڕۆکی "هەیئەت ڕەئیسەی میللی" هەڵدەبژێردرێ. لە ماوەی تەمەنی کۆماردا زۆر چالاکی نواندووە، یەکەم کەس بوو کە کوڕی خۆی کردە پێشمەرگەی کوردستان. دوای داڕمانی کۆمار بابەشێخ وێڕای دەیان کەس ڕه‌وانەی بەندیخانە کرا.

مامۆستا هێمن سەبارەت بە حاجی بابە شێخ ـ لەمەڕ ئەم کەسانەی خراپەی ئەم کەسایەتییان گوتووەـ دەڵێ: "دەمەوێ شتێکی مێژوویی ڕوون کەمەوە. لە نووسراوەکانی چەند پیاوی بێ خەبەردا دیومە و لە خەڵکی ساکاریشم بیستووە تاوانی خەیانەت وەپاڵ حاجی بابەشێخ دەدەن، من حاجی بابەشێخم خۆش نەدەویست. چونکە لەگەڵ ئەوەشدا کە دەیانگوت لە ڕیازیاتی کۆن و عولوومی دینیدا شارەزایە، کەله‌ڕەق و خۆبەزلزان و... بوو، بەڵام زۆر ڕاست و پاک و ئازا و بە بیر و ڕا بوو" (تاریک و ڕوون).

کاک سەعید هومایوون خوشکه‌زای پێشەوا قازی مەحەممەد، مامۆستا هێدی شاعیری سەردەمی کۆمار، بەکر عەبدولکەریم حوێزی فەرماندەی نیزامی سەردەمی کۆمار، لە بیرەوەرییه‌کان و نوسراوەکانیان؛ زۆر بەڕێزەوە باس لە کەسایەتیی حاجی بابەشێخ دەکەن. کۆتایی:

لە کۆتاییدا ئاماژە بە کتێبی "ڕۆڵ و پێگەی حاجی بابەشێخی سەیادت" لە نووسینی بەڕێز "کاک سەیید عەبدوڕڕەحمان" لە چاپ دراوە؛ دەکەین. ئەمە جێی دڵخۆشییە کە زۆر بابەتی شاراوە کە پەیوەندی بە سەردەمی بەر لە کۆماری کوردستان و دوایی هەیە، شی کردۆتەوە.

دیارە هیچ کتێبێک بێ گرفت نابێ. چەند ڕەخنە و چەند پێشنیارێکم هەیە سەبارەت بەو کتێبە.

سەرەتا ناساندنی ئەم کتێبە:

۱ـ کتێبەکە ۲۶۹ لاپەڕەیە. نێوەڕۆکی کتێبەکە لە سێ پێشەکی ـ لە لایان بەڕێزان کاک سەیید محەممەدی سەمەدی و کاک ناسری عەلیار و پێشەکی نووسەرـ و هەژدە فەسڵ پێک هاتووه‌ و لە کۆتاییدا بە بەڵگە و وێنەکان کۆتایی بە کتێبەکە دێت. ئەم کتێبە لەسەر ئەرکی زانکۆی سلێمانی ناوەندی کوردستان لە چاپ دراوە، بەڕێز د. هەردی مەهدی میکە بەڕێوەبەری ناوەندی کوردستان/زانکۆ سلێمانی. ئامانجی ئەم کتێبەی نووسیوه‌تەوە.

ئاماژە: جێی خۆیەتی بگوترێ، کەمتر لەسەر کەسایەتی حاجی بابەشێخ نووسراوە. ئەوەندەی من بزانم تەنیا سێ کەس لەسەری دواوون:

١ـ‌ عومەر فاڕووقی، حاجی بابە شێخ یەکەمین سەڕۆک وەزیرانی حکوومەتی میللی کوردستان، چاپی: سلێمانییە، وەزاڕەتی ڕۆشەنبیری، ۲۰۰٨

۲ـ مامۆستا سه‌عید نەجاڕی(ئاسۆ) بە نێوی تەمەنی خزمەت، زەمەنی ئەزیەت، لەسەر حاجی بابە شێخ (چاپ نەبووە).

۳ـ‌ سێیەمینیش ئەم کتێبەی کە ئاماژەمان پێ کردووە ئەوەی دی لە ناو کتێباندا ئاماژەی پێ کراوە.

ڕەخنە:

لەم کتێبی "ڕۆڵ و پێگەی حاجی بابەشێخی سەیادت" چەند ڕەخنەم لەسەری هەبوون:

۱ـ لە لاپەڕەی ۱٤۵ ئاماژە بەمە دەکا کە " سەیید عومەر و بلەخەزان و نزیک شەست کەسی دیکە لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان دەگەڕان و چەتەگەرییان دەکرد "ئەمە، تاوانبارییە؛ چوونکە ئەمە مێژوونووسانی دەسەڵاتدار ئەم مێژوویە تۆمار دەکەن و دەرخواردی ئێمەی دەدەن، نابێ ئێمەش بکەوینە ئەو بازنەیە. دەوڵەتی شا؛ ئەم بزاڤانەی؛ وەک: مەلا ئاوارە، موڕاد شیرێژ، حەمەتاڵیان و... بە چەتەیی و ڕێگریان، تاوانبار دەکردن.

۲ـ تاوانبارکردنی سمکۆ بە هەوڵدان بۆ کوشتنی قازی عەلی، باوکی پێشەوا کە کاک سەید ڕەحمان دەڵێ: (... یا، دەستووری کوشتنی قازی عەلی، باوکی قازی محەممەد کە بە هەڵە بەجێی قازی عەلی، قازی لەتیف دەکوژن و... .) بڕوانە لاپەڕەی ۱٤۲ بەبێ ئەوەی ئاماژە بە سەرچاوەیەک بکا.

۳ـ هەندەک جێگا تەواو ڕوون نەکراوەتەوە. لە لاپەڕەی ۱۱۲ی ئاماژە دەکا کە "ڕه‌زا شا" نەیهێشت بابەشێخ بچێتە مەجلیس شوڕای میللی ئەوکاتە. کە کاتی خۆی لە لایان دوو سەڕۆک هۆزی موکریان واتە: "حاجی ئێلخانی" سەرۆکی هۆزی دێبۆکر و "قەرەنی ئاغای مامەش" سەرۆک هۆزی مامەش. بە ناردنی نامە بۆ شێخ حیسامەددین داوای لێ دەکەن کە داوا بکا حاجی بابە شێخ خۆ کاندیدا بکا. کە لەم ڕەقابەتی هەڵبژاردنە، لە لایان ڕه‌زا شا فێڵ دەکرێ و لە مەهاباد کەسێک بە ناوی سەیید موساوات شیرازی، دەچێتە مەجلیس و نەیهێشت حاجی بابەشێخ بچێتە مەجلیس. لە لایەکی ترەوە دەڵێ: "حاجی بابەشێخ، لە لای ره‌زاشای زۆر بەڕێز بوو. تەنانەت چەند سەڕۆکایەتی و چەند دێی پێ پێشنیار کردووە؛ بەڵام نەیویست، جگە لەم وەکازە جەواهێرە نەبێ. چۆن لە لایەک دوژمنایه‌تی کردووە و لە لایەک خەڵاتی کردووە. دەبوو ئەمە ڕوون کرابایه‌وه‌.

٤ـ ڕوون نەکراوەتەوە ئەم دەست نیویشتەی حاجی بابەشێخ لە بەندیخانە -کاتی بازجوویی چۆنی وەدەست کەوتۆتەوە.

٥ ـ لە ڕوپەڕی ٦٤دا ئاماژە دەکا و دەڵێ: "بە وتەی نووسەر و مێژوونووس کاک ئەنوەری سوڵتانی (کۆمەڵەی یەکێتی ئیسلام)ی حاجی بابەشێخ، یەکەم حیزبی سیاسییە کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ۲۰ساڵ و زیاتریش پێش دامەزرانی کۆمەڵەی (ژێ کاف) دامەزراوە. تا ئێستا ژێ کاف بە یەکەمین ڕێکخراوی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەزانرا" کاک سەیید ڕەحمان هیچ سەرچاوەیەک نادا، لە چ کتێبەک دا، کام لاپەڕە وای نووسیوە.

پێشنیار:

۱ـ دیکۆمێنت و وێنەکان زۆر بەزەحمەت دەخوێنرێنەوە. دەبوو وێنەی ڕەنگی و ئێسکێن کرابان.

۲ـ کەمتر لە سەرچاوەی دەرەکی کەڵک وەرگیراوە. دەکرا لە زۆر سەرچاوەی تر کەڵک وەرگیرابا، بۆ بەهێزکردنی دۆزەکە. وەک مامۆستا حەمەباقی دەڵێ: ژیانی حاجی بابەشێخ کەمتر بەدواداچوونی بۆ کراوە.

۳ـ هەست دەکەم ئەم کتێبە کەمایەسی هەیە. دەبێ زیاتر و زۆرتر پێداچوونەوەی بەسەردا کرابا. بۆ وێنە قوتابی زۆر لەوە زیاتر هەبوونە. کە باسیان لێ نەکراوە. هەندەک قوتابی حاجی بابەشێخ هەر زیندوو بوونە و دەکرا وتوێژیان لەگەڵ کرابا، کە نەکراوە.

٤ـ دەبوو سیسیلەی ئەم بنەماڵەیە بە شێوەی نمودار دیاری کرابا.

لە کۆتاییدا ئاواتی سەرکەوتنی زیاترم هەیە بۆ کاک سەیید ڕەحمانی سەیادت.

م. سەیید محەممەد ئەمین واژی/مەهاباد ۲٦/۱۱/۱۳۹۹