دوای دەرگیری و پێکدادانی خوێناوی له نەغەدە، جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاحی لقی ئازەربایجانی ڕۆژااوا بە دەرکردنی بەیاننامەیەک، داوای له هەموو خەڵک کرد کە ئارامی و سەبر و یەکێتی خۆیان بپارێزنج.

دەقی بەیاننامەکە بەم شێوەیە:

بسم الله الرّحمن الرّحیم

«يا أَيُّهَا النّاسُ إِنّا خَلَقناكُم مِن ذَكَرٍ وَأُنثىٰ وَجَعَلناكُم شُعوبًا وَقَبائِلَ لِتَعارَفوا ۚ إِنَّ أَكرَمَكُم عِندَ اللَّهِ أَتقاكُم ۚ إِنَّ اللَّهَ عَليمٌ خَبيرٌ» (حوجوڕات:۱۳)

فرەچەشنی قەومی هەر وڵاتێک، دەسکەوتی کۆمایەکی مێژوویی له ئەزموونەکانی کلتووری ئەو وڵاتەیە کە بە درێژایی زەمان دروست بووە.

دیارە ئەم مەسەله له بارەی وڵاتی خۆشه‌ویستمان، ئێران، گرنگییەکی تایبەتی هەیە، چونکە پێشینەی مێژوویی و شارستانییەتی دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ بەر له ئێستا. هەروەها پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوایش دیارگەی فەرهەنگ و کلتووری دەوڵەمەند و ڕیشەداری پێکەوەژیانی ئایینەکان و قەومەکانی ئێرانییە کەوا هەمیشه وەکوو سەرمەشقێکی سەرکەوتوو له یەکانگیربوون له پێناوی بەدیهاتنی یەکێتی نیشتیمانی، قسەی سەرزاری هەموو کەس بووە.

شاری نەغەدەش وەکوو بڕێک له شارەکانی پارێزگا، نیعمەتی ئەم فرەچەشنییەی پێدراوە کە له ناویا دوو قەومی کورد و تورک (بە دوو مەزهەبی سوننە و شیعه) ساڵانێکی زۆر وەکوو برا و له‌گەڵ یەکدا ژیانی ئاشتی‌خوازانەیان هەبووە.

سەرەڕای ئەم پێشینە مێژووییه بەداخەوە ڕۆژی شەممە ١٦ی مانگی گەلاوێژ ڕووداوێکی دڵتەزین لەم شارەدا ڕووی‌ دا کە بوو بەهۆی کوژرانی یەک کەس و بریندار بوونی چەن کەسێک له شارۆمەندان. ڕوودانی ئەم ڕووداوە جێگەی داخ و ناڕەحەتییه، هەرچەن بە خۆشحاڵییەوە به‌ وشیاری ڕیش سپیان و چالاکانی مەدەنی هەردوو قەومەکە و هێزی نیزامی، ئاڵۆزییەکە تا ڕادەیەکی زۆر کونترۆڵ کرا.

جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاحی لقی ئازەربایجانی ڕۆژاوا، وێڕای مەحکوومکردنی هەرجۆرە هەنگاوێک بۆ ئاڵۆزکردن و دووبەرەکی خستنی مەزهەبیی و قەومیی، هاوخەمی خۆی له‌گەڵ بنەماڵەی قوربانییەکانی ئەم ڕووداوە دەربڕی و داوای له تەواوی خەڵکی بەڕێزی نەغەدە کرد که هێمنی و خۆڕاگری خۆیان بپارێزن.

چاوەڕوان دەکرێ دەزگای داداوەرانه و بەرپرسانی‌ پێوەندیداریش پێداگری بکەن له‌سەر ئەم پەروەندە و لێکۆڵینەوەی له‌سەر بکەن تا جگە له بەدیهاتنی عەداڵەت و یەکسانی، بواری ئاشتی و ئارامشی زیاتر له‌م ناوچە دابین بکرێت....