دكتۆر مه‌سعوود پزشكیان، جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆكی خولی ده‌ھه‌می پاڕله‌مانی ئێران و خاتوو په‌روانه مافی، نوێنه‌ری پاڕله‌مان، چاوپێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵ ئه‌مینداری گشتی جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح كرد.
له‌و چاوپێكه‌وتنه‌دا كه ڕۆژی سێ‌شه‌ممه، 23ی سه‌رماوه‌زی ئه‌مساڵ له بنكه‌ی ناوه‌ندی جه‌ماعه‌ت له تاران به‌ڕێوه چوو، دكتۆر عه‌بدوڕڕه‌حمان پیرانی وێڕای پیرۆزبایی یادی له دایك‌بوونی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام(د.خ) گوتی: «ئێمه هه‌ر له سه‌ره‌تای چالاكییه‌كانی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح، هه‌وڵمان داوه كه له ناكۆكی و دژایه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و ئایینزایی خۆمان بپارێزین و هه‌م له سه‌رده‌می هه‌ستیاری پێشوو و هه‌م ئێستاش، به‌رده‌وام له‌سه‌ر میانه‌ڕه‌وی له بیر و كرده‌وه‌دا پابه‌ند بووین. به ڕای ئێمه توندئاژوویی و بێ‌هیوا بوون دو خه‌ساره‌تی گه‌وره بۆ كۆمه‌ڵگای ئێران و به‌تایبه‌ت ئه‌هلی سوننه‌تن و له‌و بواره‌دا حه‌ولمان داوه كه به‌رده‌وام، كولتووری هیوا، قه‌بووڵکردنی ئەکتر و به‌ڕه‌وا زانین بڵاو بكه‌ینه‌وه.»
ئه‌و له درێژه‌ی باسه‌که‌یدا ، فره‌چه‌شنی وه‌ك سوننه‌تێكی خوایی هه‌ژمار كرد و گوتی: «فره‌چه‌شنی و جیاوازی، سوننه‌ت و یاسایه‌كی ئیلاهین له بوونه‌وه‌ر و جیهاندا.» مامۆستا پیرانی یه‌كێك له هۆكاره‌كانی ناكۆكی و دوژمنایه‌تی له جیهانی ئیسلامی‌دا، تێنه‌گه‌یشتنی دروست له سوننه‌ته‌كانی خوای گه‌وره هه‌ژمار كرد و جه‌ختی كرده‌وه: «پێویسته ئێمه به شێوازێك به‌ڕێوبه‌رایه‌تی فره‌چه‌شنی و جیاوازییه‌كانی نێوانمان بكه‌ین كه ببنه هۆی هاوكاری و یه‌كگری زۆرتر، نه‌ك ئه‌وه‌ی‌كه جیاوازی و دووبه‌ره‌كی زۆرتر بێننه ئارا.»
دكتۆر پیرانی هه‌روه‌ها گوتی: «پێویسته له‌گه‌ڵ پاراستن و به‌هێزكردنی شوناسه جۆراوجۆره‌كانی گه‌لی و ئایینزایی له ژێر سێبه‌ری ئایین و له چوارچێوه‌ی وڵاتی ئێران‌دا، له‌گه‌ڵ یه‌كتر هاوكاری بكه‌ین.» و له كۆتاییدا گوتی: «ئاواته‌خوازی سه‌ركه‌وتنم بۆ ئێوه‌ی به‌ڕێز كه له پێگه‌ی به‌رزی یاساداناندا به‌شداریتان هه‌یه، ئه‌و پێگه‌یه‌ی كه به‌ستێنكه بۆ دابین‌كردنی دادپه‌روه‌ری و دادگه‌ری له كۆمه‌ڵگادا، هه‌روه‌ك په‌یامی ته‌واوی مرۆڤه مه‌زنه‌كان له درێژایی مێژوودا، دادپه‌روه‌ری بووه و هه‌یه.»
دكتۆر پزشكیان، وێڕای ده‌ربڕینی خۆشحاڵی خۆی بۆ ئاماده‌بوون، له كۆڕی ئه‌ندامانی جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح، ئاماژه‌ی به‌وه كرد: «من ته‌نیا شتێك له ئیمان و بڕوا ده‌زانم و ئه‌وه‌ی‌تر به‌ڕای من له په‌راوێز دایه، ئه‌ویش دادپه‌روه‌رییه‌ك كه دكتۆر پیرانی ئاماژه‌ی پێ كرد، چونكه ته‌واوی پێغه‌مبه‌ران بۆ پێكهێنان و به‌جێ گه‌یاندنی دادپه‌روه‌ری هاتوون.» و گوتی: «ته‌واوی جیاوازی و دووبه‌ره‌كییه‌كان له‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن كه ئێمه له یه‌ك تێناگه‌ین. به پێی ئایه‌ته‌كانی قوڕئان، په‌یمانیان لێ وه‌رگرتووین كه: جگه له ڕاستی نه‌ڵێین و ئه‌گه‌ر شتێك نازانین، ئه‌وه به‌درۆی نه‌زانین و ڕه‌دی نه‌كه‌ینه‌وه. ئه‌گه‌ر ئه‌و دوو به‌ڵێنییه‌ی كه داومانن، به‌جێیان بێنین، ئه‌وه هیچ مانایه‌كی نییه كه پێكه‌وه ناكۆكیمان هه‌بێت.»
ئه‌و هه‌روه‌ها ئاشكرای كرد: «سه‌رچاوه‌ی ته‌واوی ناكۆكییه‌كان بۆ خۆپه‌سندی ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئێمه پێویسته ئه‌و خۆپه‌سندیانه وه‌لا نێین و خزمه‌ت بكه‌ینه بنه‌ما. هه‌ر كه‌س كه ده‌ڵێت من باشتر و دادپه‌روه‌رترم، ئه‌وه با خزمه‌تی زۆرتر بكات.»
په‌روانه مافی، نوێنه‌ری دیکه‌ی ئاماده‌بوو له‌و دانیشتنه‌دا، دوای ده‌ربڕینی شادمانی خۆی بۆ ئاماده‌بوون له نووسینگه‌ی جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح و پیرۆزبایی به بۆنه‌ی یادی له دایك‌بوونی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام(د.خ) ئاماژه‌ی كرد: «ئه‌گه‌ر چاو له مێژوو بكه‌ین: بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه، هه‌ركات ویستوویانه كه ببنه له‌مپه‌ر له هه‌مبه‌ر پێشكه‌وتنی ناوچه‌دا، ئه‌وه ڕوویان كردۆته ناكۆكی‌نانه‌وه و هه‌ڵگیرساندنی ئاگری دوژمنایه‌تی نێوان شیعه و سوننی.» ئه‌و له درێژه‌دا جه‌ختی كرده سه‌ر یه‌كگرتوویی، هاوكاری و ئاریكاری زۆرتر.
بۆچوونه‌کان