1-کوردبوون لە سەردەمی مۆدێرنەدا:

ھەرکام لە نوورسی و موفتی زادە و سوبحانی،دوواین عاریف و فەیلەسوف و فەقیھن،ھەرسێکیشیان کوردن بەڵام پرسیارەکە لەوەدایە بۆ چی دەبێت دواین عاریف و فقیە و فەیلەسوف کوردبن؟ئایا کوردستان تا ھەنووکەش سەرزەوی دەرکەوتنی مرۆڤە کانی پێش مۆدێرنەیە،ئایا ئەمە تەنھا رێکەوتنێکە یا خود تایبەتمەندیەک لەو کارەدا ھەیە؟ و تا ھەنووکەش کوردستان سەرزەوی پێگەیاندنی مرۆڤە کانی پێش مۆدێرنە و ھێشتا کورد لە دەرەوەی مێژووی نوێدایە و بەھۆی نەبوونی دەوڵەتی نەتەوەوە شوناسی ھاتنە نێو جیھانی نوێی پێ نیە و ئیتر لە دەرەوەی ئەو جیھانەدایە،ھەموو مرۆڤە کانی ئەو سەردەمە مرۆڤی پێش مۆدێرنەن بە گوتەی ئەو رۆژھەڵاتناسەی کە دەڵێت: کوردەکان ھەموو شاعیرن، ئیدی کوردەکان دوایین  نەتەوەن کە پێدەنێنە سەردەمی نوێوە وەک نووسەری ناوداری ئەمریکایی(فۆکۆیاما) دەڵێت؟!.

تۆ بڵێیت ھەر لەبەر ئەمەش بێت کە دووایین عاریف و فەیلەسوفی میتافیزیک و فەقیھ کورد بن، لە راستیدا ئەوە بابەتێکە تا رادەیەکی باش باوەڕم پێیەتی، ئیدی نوورسی و موفتی زادە و سوبحانی کوردن و بەشی تاکە سی ھەرکام لەوانیش لە لێھاتوویی لەوەدایە کە ھەرکام لەوان دوای چوونە نێو بابەتەکانی سەردەمی نوێوە تواناکانی پێش مۆدێرنەیان بۆ  چارەسەرکردن و پڕکردنەوەی نەتوانینە کانی سەردەمی نوێ بەکارھێناوە واتە ھەم تواناکانی پێش مۆدێرنەیان دۆزیەوە و نەقسەکانی مۆدێرنەشیان بینی و ھەوڵیاندا بەو توانایانە ئەو نەقسانە پڕبکەنەوە، واتە نوورسی لە ڕێی عیرفان و سوبحانیش بە توانا فیقھیەکان و موفتی زادەش بە ھاتوچۆی نێوان(زەین) و( دڵ) واتە چرکە فەلسەفیەکان لەگەڵ چرکە رۆحیەکان و تەوزیفکردنی فەلسەفەی کۆن!

2-خوێندنی نەریتی ئ لە حوجرە و دوور لە ئەکادیمیادا:

(نوورسی و موفتی زادە و سوبحانی) پێگەیشتووی حوجرە و خوێندنی نەریتین دوور لە پەروەردە و پرۆسەی ئەکادیمیا بوون رۆحی عاشیقانە و خوێندنی دارستانانەی پێش مۆدێرنە لە بەرامبەر پرۆسەی پێشتر ئامادە کراوی باخچە ییانەی سەردەمی مۆدێرنە، پێگەیشتوون، سەختی و گرانی ئەو جۆرە خوێندنە بۆ  کەسی جیددی بەھەند گرتنی تەواو وەرگرتن و لەبەر کردنی مەتنەکان و تێکەڵبوونی بە لۆژیک و فەلسەفە و زانستی ئەخلاق و ئەدەبیاتی کۆن وادەکات قوتابی ئەو جۆرە خوێندنە تینوو بێت بە مەعریفە،بەمەش ئاسانتر لە بابەتە نوێکان بگات ئیدی ھەرکام لەوان دوور لە خوێندنی نوێ بە تەواوەتی شارەزای زانستە پێشترەکان و کولتووری پێشتر بوون دواتر کاتێک بابەتە نوێکانیان بینیوە واتە ئەو فەرھەنگەیان بینیوە جیاواز لە رۆشنبیری ئەوان ھەر بەو قووڵیە لێی چوونەتە پێشەوە و تینوبوون پێی، ھەر بۆ یە نوورسی لە ماوەیەکی زۆر کەمدا زیاتر لە دەقی(900)کتێب لەبەردەکات و موفتی زادەش تا ئاستی مامۆستایەتی زانکۆ لە زانکۆی سنە و تاران وانە دەڵێتەوە و سوبحانیش تا رادەیەکی باش لە زانستە ئەزموونیەکان  و قوتابخانە فیکریەکان بە قووڵی دەخوێنێتەوە و رەخنە قووڵەکانی ھەرکام    لە موفتی زادە و سوبحانی لە دەستووری ئێرانی مایەی تێڕامانی مرۆڤن و ناشێت مرۆڤێک رۆشنبیریەکی قووڵی یاسایی نەبێت بتوانێت بەو شێوەیە  رەخنە بگرێت، ئەم جۆرە خوێندنەش وایکردووە ھەم ھەرکام لەوان لە تواناکانی کولتوور بە تایبەت (ئایین)(مەزنترین بەشی کەلتوور)باش بزانن ھەم بە خوێندنەوەی سەردەمی نوێش باش سەردەمی نوێ بناسن و باش لە ئەگەرەکانی گۆڕان لە سەردەمی نوێدا بگەن، تۆ سەیری سەعید نوورسی بکە وێڕای بوونی زیاتر لە پەنجا ھەزار قوتابی گوێڕایەڵ، بەڵام ھەرگیز شۆڕشی چەکدارانە دەست پێ ناکات(16)، و سوبحانیش سەرەڕای ئەوەی ھەموو چواردەوری ئەو پڕە لە چەکداری پارتە کوردیە ئێرانیەکان و سوپای رژێمی ئیرانی و گوێڕایەڵی خەڵکی دەڤەری پاوە و ھەورامان بۆ ئەو و ھاوڕێکانی کەچی بێجگە لە خۆپیشاندان و خەباتی مەدەنی شتێکی دیکە ئەنجام ندات(17)، و موفتی زادەش دوای بێ ئەنجام بوونی ھەوڵە سیاسیەکانی بێجگە لە کۆچکردن بۆ کرماشان ھیچ کارێکی دیکە دەست پێناکات(18)، ئەمەش نیشانەی تێگەیشتنی قووڵی ھەرکامیان ناسینی سەردەمی نوێ و سیاسەتی زۆری  ھەبووە لەلایەن ھەرکامیانەوە،بە بڕوای من تا ئێستەش سیاسیەکانی کورد ئەو تێگەیشتنە قووڵەیان نیە!

ئەگەر بڕیاڕ  بێت بۆ  ئەوەی ماسی لەئاو تێبگات(وەک مەولانا دەڵێت) دەبێت بڕواتە دەرەوەی ئاوەو ئەوا بۆ ئەوەی مرۆڤ لە سەردەمی مۆدێرنەش تێبگات دەبێت یان بڕواتە دەرەوەی مۆدێنەوە یا خود لە دەرەوەی مۆدێرنەوە بۆ مۆدێرنە بێت ھەر ئەمەش وایکردووە نوورسی و موفتی زادە و سوبحانیش کە لەبەر ئەوەی لە سەردەمی مۆدێرنەدا ژیاون و ھەم لە دەرەوەی مۆدێرنەوە بۆ  مۆدێرنە ھاتوون،کەواتە دەرەوەی مۆدێرنەیان دیوە و ھەم بەخۆرۆشنبیر کردنیان لە سەردەمی مۆدێرنەدا لە مۆدێرنەش چوونەتە دەرەوە، ئەمەش پێچەوانەی رەوتی ھەموو رۆشنبیرە ئایینیەکانی دیکەیە کە رۆشنبیرە ئایینیەکانی دیکە وەک(د.سروش) لە رۆشنبیری نەریتیەوە بۆ  رۆشنبیری مۆدرێن بزواون، ھەر بۆ یە قۆناغەکانی خوێندن و رۆشنبیری ھەرکام لە نوورسی و موفتی زادە و سوبحانی سێ قۆناغن:

قۆناغی یەکەم: بریتیە لە قۆناغی خوێندنی حوجرە و تا ئیجازە وەرگرتنیان و بوون بە مەلایەکی ناودار و تەنانەت(فەتوا) دانیش.

قۆناغی دووەم: خۆ رۆشنبیرکردن بە رۆشنبیری نوێ و کەیل بوون لە زانستە نوێکاندا ئیدی لەم قۆناغەدا ھەرکامیان زانستی پێشینەکان و زانستی پاشینەکانیش واتە زانستە نوێکان، ئیدی (علم الاولین و الاخرین) کۆدەکەنەوە و سەعید نوورسی دەبێتە بێ وێنەی سەردەمی خۆی(بدیع الزمان) و موفتی زادە دەبێتە مامۆستای زانکۆ و رۆشنبیری فراوانی ئەو خوێندەوارانی سەردەمی خۆی دەھێنێتە سەرسوڕمان و سوبحانیش ھێندە رۆشنبیری کۆدەکاتەوە کە جێگەی سەرسوڕمانی سەرکردە ئیسلامیەکانی وڵاتەکانی دیکە و رۆشنبیرە ئێرانیەکان و رابەر و سەرۆک کۆماری ئێران دەبێت.

قۆناغی سێیەم: ئەو قۆناغەیە کە ھەرکامیان بە تەواوەتی بۆ رۆشنبیری ئایینی دەگەڕێنەوە‌...قورئان دەبێتە سەرچاوەی یەکەمی مەعریفەی ھەرکامیان ئەم قۆناغە لای نوورسی لە ساڵی(1923)وە دەست پێدەکات و تا ساڵی(1960)بەردەوام دەبێت و موفتی زادەش بە گوتەی خۆی لە ساڵی (1343)ھەتاویەوە دەست پێدەکات و تا کۆتایی ژیانی بەردەوام دەبێت، ئەم قۆناغەش لای سوبحانی دوای نائومێد لە سەرکردایەتی شۆڕشی ئێرانی و لە کاتی نووسینی کتێبی بەناوبانگی(الولایە و الامامە)وە...ئەو کتێبەی سەرۆک کۆمار و رۆشنبیرە ناودارەکانی ئێران دەیخوێننەوە و سەنای دەکەن تا کۆتایی ژیانی و شەھید کردنی بەردەوام دەبێت.

3-زیرەکی بێ وێنەی ھەرکامیان:

ئەگەر بە شێوەیەکی گشتی مروڤە خوێنەوارەکانی پێش مۆدێرنە بە حوکمی پشت بەستن بە زیرەکی کەسی خۆیان لە خوێنەواری سەردەمی مۆدێرنە زیرەکتر بن، بەتایبەت بۆ  لەبەرکردن و ھێشتنەوەی زانیاری لای خۆیان(تۆ سەیری ژیانی کەسایەتیەکی وەک مامۆستا عەبدولکەریمی مودەڕیس) بکە ئەوا لەناو ئەو زیرەکانەدا نوورسی و موفتی زادە وسوبحانی زۆر زیرەکتر بوون، خەڵکی و ھەوڕێکانیان زۆرجار تاقیان کردوونەتەوە و شایەتیان بۆ داون.

نوورسی زۆرجان لەلایەن ھەموو زانایانی شەرع زانەوە پرسیاری لێکراوە و وەڵامی ھەموو پرسیارەکانی داوەتەوە و تەنانەت لە زانستە نوێکانیشدا لەلایەن ھەموو خوێندەوارانی ئەستەمبوڵی پایتەختی دەوڵەتی عوسمانیەوە پرسیاری لێکراوە کەچی وەڵامی ھەموو پرسیارەکانی داوەتەوە و بە (بدیع الزمان)(بێ وێنەی زەمانە)ناوبانگی دەرکردووە و ھەر ئەو زیرەکیەشی زۆرجار گرفتی بۆ  دروست کردووە و ناوبانگی جارێکێش بۆ  شێتخانەی راپێچ کردووە(19).

سوبحانیش ئارامگری لەسەر خوێندن و زیرەکی ھەر لە مناڵیەوە نیشانەی زیرەکی ئەو بوون، ھەر لە خوێندنی سەرەتاییەوە مامۆستاکانی داوا لە باوکی دەکەن کە لەسەر ئەرکی ئەوان بخرێتە بەرخوێندن و تا ئەوەی بۆ زیاد لە سێ مانگ لەسەر کتێبەکانی خەوی پێدا دەکەوێت و مامۆستاکانی شایەتی ئەوەی بۆ  دەدەن کە تەنیا شوێنێک شایستە ی خوێندنی ئەو بێت زانکۆی ئەزھەرە و قورئانی پیرۆز زۆربەی زۆری دەقی کتێبەکانی لەبەر بووە و دوای چەند ساڵ نەچوونەوە سەریان ھەروەک خۆیان لە زەینیدا وەک خۆیان مانەتەوە و تا ئەو پرسیارانەی لە شێخ عوسمانی نەقشبەندی دەکات و ئەویش دەڵێت من ناتوانم وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەمەوە و تا ئەوەی کاتی سەرباز بوونی گوێی لە زانایەک دەبێت وانەی شەرع لەسەر کتێبێک دەڵێتەوە ھەڵە دەکات و ئەم بۆ راست دەکاتەوە ئیدی زۆر تکا لەم دەکات کە وانەی پێ بڵێتەوە و تا گفتوگۆکانی لەتەک مەلا و رۆشنبیرانی لایەنە سیاسیە کوردیەکان کە ھەرھەموویان دان بە زیرەکی بێ وێنەیدا دەنێن تا ئەوەی رابەری شۆڕشی ئێران خومەینی و تەنانەت موفتی زادەش لێھاتوویی دەنرخێنن ئەم خەسڵەتانە و چەندین خەسڵەتی ھاوبەشی دیکەش وەک گفتوگۆ لەگەڵ جیھانی پێغەمبەران و رازاندنەوەی وەک شاکاری نزایی بێ وێنە لەلایەن ھەرکامیان و سادەیی لە مامەڵە و جلوبەرگی کوردی: چاکەت و شەڕواڵ لەلایەن کاک ئەحمەد و وەک ھەژارەکانی سنە و کوڵەباڵەکەی سوبحانی و مێزەرە کوردیەکەی نوورسی کە ھەرکام لەوان ئاماژەی سادەیی و بێفیزی لەگەڵ ھەژاران و کوردانە ژیانی ھەرکامیان بووە، دەکارێت بە خەسڵەتێکی دیکەی ھاوبەشی ھەرکامیان بزانرێت.                                                             

ئیدی بۆ لەمەودوا ھەوڵدەدەین بە جۆی باسی تایبەتمەندی و کایەی کارکردنی ھەرکامیان بناسێنین دەبێت روونی بکەینەوە کە ئەم نووسینە دەرەنجامی چاوپێکەوتنێکی(9)کاتژمێری و بەری(15)ساڵ خوێندنەوە و مامەڵە لەگەڵ ئەو سێ کەسایەتیەیە،کە ئەو چاوپێکەوتنە لە لایەن برای رۆشنبیر(کاک ئومێد حەسەن)ەوە لەسەر نوورسی عاریف و سوبحانی فەقیھ و موفتی زادەی فەیلەسوف ئەنجام درا کە دەبێت زۆر سوپاسی بکەم و ھەوڵە بەردەوامەکانی لەگەڵ ئەم جۆرە پرۆژانەدا دەنرخێنم...     

سه رچاوه: 

کتێب: دووایینەکان