لەم سەردەمەدا كە موسڵمانان ڕووبەڕووی چەندین قەیران و تەحەدیاتی فیكری و سیاسی بوونەتەوە، پێویستە بەشێوەیەكی ڕاشكاوانە پێداچوونەوەو نوێكردنەوەی جیددی لەبارەی زۆرەبەی چەمكە ئیسلامیەكان و دووبارە داڕشتنەوەیان لەڕوی مەعریفی و مەنهەجی و مەقاصیدیەوە ئەنجام بدرێت. چونكە چەقبەستنی فیكری و فیقهی لەسەدەكانی ڕابوردوودا كاریگەری زۆری كردۆتە سەر شێواندن و خراپ بەكار هێنانی زۆرێك لەچەمك و بابەتە سەرەكیەكانی ئایینی ئیسلام. یەكێك لەو چەمك و بابەتە بنەڕەتی و سەرەكیانەی كەپێویستە پێداچونەوەو نوێكردنەوەی ڕیشەیی لەبارەوە بكرێت، چەمكی جیهاد و قیتالە لەڕێگای خوادا، كەلەم ڕۆژگارەدا –بەداخەوە- لەلایەن گروپە توندڕەوەكانەوە بەشێوەیەكی زۆر ناهەموارو دڕندانە مومارەسە دەكرێت. ڕاستە ئیسلام ئایینی ئاشتیە و ئاشتی و ئاشتەوایی یەكێكە لەئامانجە گەورەكانی ئاینی ئیسلام و پێویستە سەرجەم موسڵمانان لەژێر ئاڵای ئاشتیدابن و قورئانی پیرۆز ڕاشكاوانە داوایان لێدەكات [يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آَمَنُوا ادْخُلُوا فِي السِّلْمِ كَافَّةً...]البقرة/108 بەڵام بەدیهاتنی ئەم ئامانجە پیرۆزەو بەردەوام بوونی پەیوەستە بەبەدیهێنانی ئامانجێكی تری باڵاتر و گەورەتر ئەویش(دادپەروەرییە)، كە ئامانجێكی سەرەكیە لەناردنی پێغەمبەران و كتێبە ئاسمانیەكانە:[ لَقَدْ أَرْسَلْنَا رُسُلَنَا بِالْبَيِّنَاتِ وَأَنْزَلْنَا مَعَهُمُ الْكِتَابَ وَالْمِيزَانَ لِيَقُومَ النَّاسُ بِالْقِسْطِ...] الحديد/25 ئاشتی بەبێ دادپەورەی مانایەكی نابێ، داد پەروەریش بەبێ سنور دانان بۆ ستەم و خەبات لەدژی ستەمكاران خەوێكە و نایەتە دی. ستەمكاران بەدرێژایی مێژوو تەنها بەئامۆژگاری و قسەی ڕووت، ڕۆژێك لەڕۆژان ئامادە نەبوون دەست لەستەم هەڵبگرن، بەڵكو دەبێ ستەملێكراوان هوشیاربن و ئامادەبن ڕووبەڕویان بوەستنەوەو مافە زەوتكراوەكانیان لەدەست دەربهێنن و دادپەرەوەری دەستەبەربكەن. لەوسۆنگەیەوە ئیسلام جیهادی بڕیار نەداوە دژ بەبێباوەڕان و ئەوانەی ئاینی جیاوازیان هەیە، بەڵكو دژ بەزاڵمان و ئەوانەی مرۆڤەكان دەچەوسێننەوەو خاك و ماڵیان داگیر دەكەن... بەتێڕامانێكی گشتی لەقورئانی پیرۆز و ئایەتەكانی پەیوەندیدار بە جیهاد و بەكار هێنانی هێز، وێڕای جەنگەكانی پێغەمبەری ئیسلام بۆمان بەدیار دەكەوێت كەهۆكار و پاساوەكانی جیهاد و بەكار هێنانی هێز لەسێ بواردا پۆلێن دەكرێت: یەكەمیان/ مافی بەرگریكردن لەخۆو بەرەنگاربوونەوەی زاڵمان. وەك لەم ئایەتانەدا كەبۆیەكەمجار مۆڵەتی جیهاد و شەرعیەتی بەكار هێنانی هێز دراوە بەموسڵمانان: [أُذِنَ لِلَّذِينَ يُقَاتَلُونَ بِأَنَّهُمْ ظُلِمُوا وَإِنَّ اللَّهَ عَلَى نَصْرِهِمْ لَقَدِيرٌ (39) الَّذِينَ أُخْرِجُوا مِنْ دِيَارِهِمْ بِغَيْرِ حَقٍّ إِلَّا أَنْ يَقُولُوا رَبُّنَا اللَّهُ وَلَوْلَا دَفْعُ اللَّهِ النَّاسَ بَعْضَهُمْ بِبَعْضٍ لَهُدِّمَتْ صَوَامِعُ وَبِيَعٌ وَصَلَوَاتٌ وَمَسَاجِدُ يُذْكَرُ فِيهَا اسْمُ اللَّهِ كَثِيرًا وَلَيَنْصُرَنَّ اللَّهُ مَنْ يَنْصُرُهُ إِنَّ اللَّهَ لَقَوِيٌّ عَزِيزٌ]الحج/39-40 [وَمَا لَنَا أَلَّا نُقَاتِلَ فِي سَبِيلِ اللَّهِ وَقَدْ أُخْرِجْنَا مِنْ دِيَارِنَا وَأَبْنَائِنَا...]البقرة/246 دووەم/پشتیوانیكردن لەچەوساوەكان و ئەوانەی توانای بەرگریكردنیان لەخۆیان نیە:[وَمَا لَكُمْ لَا تُقَاتِلُونَ فِي سَبِيلِ اللَّهِ وَالْمُسْتَضْعَفِينَ مِنَ الرِّجَالِ وَالنِّسَاءِ وَالْوِلْدَانِ الَّذِينَ يَقُولُونَ رَبَّنَا أَخْرِجْنَا مِنْ هَذِهِ الْقَرْيَةِ الظَّالِمِ أَهْلُهَا وَاجْعَل لَنَا مِنْ لَدُنْكَ وَلِيًّا وَاجْعَل لَنَا مِنْ لَدُنْكَ نَصِيرًا] النساء/75 سێیەم/ دەستەبەركردنی ئازادی عیبادەت و دینداری بۆهەموان بەبێ هیچ جۆرە فشارو سەپاندنێك، بۆئەوەی دینداری و باوەڕ هێنان تەنها بۆخوابێت، بەبێ پەنابردن بۆ دیاردەی نیفاق و دووڕوویی، چونكە دینداری و پابەندبوون بەئەرك و ڕێنماییە ئایینیەكانەوە بەخواستی ئارەزومەندانەی مرۆڤەكان دەبێت. لەوبوارەدا ئیسلام مەبەستی بووە ئازادی عیبادەت و خواپەرستی بۆهەمو خاوەن ئاینەكان دەستەبەر بكات:[...وَلَوْلَا دَفْعُ اللَّهِ النَّاسَ بَعْضَهُمْ بِبَعْضٍ لَهُدِّمَتْ صَوَامِعُ وَبِيَعٌ وَصَلَوَاتٌ وَمَسَاجِدُ يُذْكَرُ فِيهَا اسْمُ اللَّهِ كَثِيرًا...] الحج/40 پێغەمبەری ئیسلام-درودوسەلای لەسەر-هەمو جۆرە ڕووبەڕوو بونەوەیەو جەنگێك دژ بەستەم و ستەمكاران بەجیهاد دادەنێت و خاوەنەكەی ئەگەر لەوپێناوەدا كوژرا بەشەهید لەقەڵەم دەدرێت. ((من قتل دون ماله فهو شهید، ومن قتل دون اهله أو دون دمه أو دون دینه فهو شهید))(ابو داود بسند صحیح)). لەڕیوایەتێكی تردا هاتووە: ((من قتل دون مظلمته فهو شهيد))(لەڕیوایەتی ئیمامی احمد و نەسائی)، لەڕیوایەتێكی تردا هاتووە بەم شێوەیە: (دون مظلمە)) بەشێوەیەكی ڕەها كەهەمو ستەم و ناڕەواییەك دەگرێتەوە. كەواتە جیهاد و بەكار هێنانی هێز لەڕوانگەی ئیسلامەوە هەڵوێستێكی عەقائیدی نیە دژ بەكافران و بێ باوەڕان، بەڵكو هەڵوێستێكی ئەخلاقیە دژ بەستەمكاران و زۆرداران. بەپێچەوانەی تێگەیشتن و بۆچوونی گروپە توندڕەوەكان، كەهەمو شتێكیان لەئیسلامدا پەیوەست كردووە بەلایەنی ئیمان و عەقیدەوە. ئەم جۆرە بۆچونە ناردوستە و ناگونجێ لەگەڵ ئەوڕێسا قورئانیە گشتیەدا كە ڕاشكاوانە هەمو جۆرە فشار و سەپاندنێك لەبواری ئیمان و دینداریدا ڕەتدەكاتەوە:[ لَا إِكْرَاهَ فِي الدِّينِ قَدْ تَبَيَّنَ الرُّشْدُ مِنَ الْغَيِّ...] البقرە/256 ئیسلام جیاوازی ئاینی نەكردۆتە پاساوێكی شەرعی بۆجیهادو بەكار هێنانی هێز، چونكە جیهاد شەڕنیە دژ بەكافران، بەڵكو شەڕە دژبە زاڵمان موسڵمان بن یان كافر. لەم بوارەدا پێویستە لەشەریعەتی فیقهەوە بگوازینەوە بۆفیقهی شەریعەت، ئەوفیقهەی ئەمڕۆ وەك شەریعەت سەیر دەكرێت و هەوڵی دووبارە كردنەوەی دەدرێ لەبواری جیهاد و بەكار هێنانی هێزدا، پەیوەستە بەسەردەمەكانی ڕابوردوو، واتە سەردەمی خەلافەتی ئیمپراتۆری كەسنورەكانی نێوان دەوڵەتە ئیمپراتۆریەكان سنوری ئاینی بوون، نەبۆ ئەم سەردەمە دەگونجێت و نەلەگەڵ ڕۆحی قورئان و سوننەتی ڕاست و دروستی پێغەمبەری ئیسلامدا دەگونجێ. لەم ڕوانگەیەوە دەتوانین ئەمڕۆ حیكمەت لەجیهاد و پەیامە ئەخلاقیەكەی باشتر تێبگەین و لەخزمەت بەرژەوەندیە باڵاكانی گەلانی موسڵماندا بەكاری بهێنین. بۆنمونە دەكرێ شۆڕشەكانی ڕزگاریخوازی نیشتیمانی دژ بەداگیركەران یان شۆڕشەكانی ئازادیخوازی گەلان دژ بەدیكتاتۆریەت و ستەمكاری سیاسی وەك شۆڕشەكانی بەهاری عەرەبی، یان گیانی بەرخۆدان و موقاوەمەت و بەرەنگاربونەوەی هێزێكی توندڕەوی وەك داعش دژ بەهەرێمی كوردستان بەجیهاد ئەژمار بكرێت، بەڵكو گەورەترین جیهادە، چونكە هەمو ئەوهێزانە ستەم و ناڕەوایی لەسنور بەدەر ئەنجام دەدەن و هەڕەشە لەسەر و ماڵ و ئاسایشی گەلان دەكەن. لەلایەكیترەوە جیهاد و ڕووبەڕوو بونەوە دژ بەداگیر كەران و ستەمكاران، لەپێناو ماف و ئازادی و دادپەروەریدا، مەرج نییە لەژێر ئاڵایەكی ڕواڵەتی ئاینیدا بێت، بۆئەوەی بەجیهاد لەقەڵەم بدرێت. جیهاد لەپێناوی خوادا یان لەپێناو بەرز كردنەوەی ناوی خوادا، بەوەنابێت كەناوی خواو پێغەمبەر لەسەر پارچە قوماشێك بنوسرێت و جۆرەها تاوان لەپەنایدا ئەنجام بدرێت. ناوی خوا خۆی بەرز و بڵندە و پێویستی بەوجۆرە بەرزكردنەوەیە نییە، چونكە ناوی خوا هێمایە بۆ بەرز ڕاگرتن و جێگیركردنی بەهاكانی دادپەروەری و ئاشتی و مرۆڤدۆستی و پاراستنی كەرامەتی مرۆڤەكان، هەمو بەرز ڕاگرتنێكی ڕاستی و بەرپاكردنی داد پەروەری بەرز ڕاگرتنی ڕاستەقینەی ناوی خوایە.
بۆچوونهکان