زه‌بروزه‌نگ له چه‌شنی شه‌ڕ، قڕان تێخستن، قه‌ڵاچۆکردن، کۆکوژیی، ژێنۆسید، و جینایه‌تی شه‌ڕیی له بیره‌وه‌ریی و بیری زۆربه‌ی گه‌لی کورد دا ماڵی کردووه. خانی، له لێکدانه‌وه‌ی باری سیاسیی کوردستان له ئاخری سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌دا، رایگه‌یاند که به‌شی گه‌لی کورد له شه‌ڕی به‌رده‌وامی نێوان ئێران و عوسمانی‌دا له‌خوێن گه‌وزانه :
بفکر ژ عه‌ره‌ب حه‌تتا ڤه گورجان کورمانجییه بوویه شوبهی بورجان
هه‌ر دوو طهرهفان قه‌بیلێ کورمانج بۆ تیری قه‌زا کرینه ئامانج
گۆیا کو ل سه‌رحه‌دان کلیدن هه‌ر طائیفه سهددهکی سهدیدن
ئه‌ڤ قولزوم رۆم و به‌حر تاجیک هندی کو بکه‌ن خرووج و ته‌حریک
کورمانج دبن ب خوون مولهطهخ وان ژێک ڤه‌دکن مسالێ به‌رزه‌خ
ئه‌سکه‌نده‌ر به‌گی تورکمان، مێژوونووسی شا عه‌بباسی سه‌فه‌وی، که هاوچه‌رخی خانی بوو و شاهیدی کۆکوژیی کوردی موکری و برادۆست بوو، پێی وا بوو که کوشتاری کوردان به ئه‌مری شاعه‌بباس به حوکمی ته‌قدیر جێ به جێ کرا. به‌ڵام خانی له داڕژانی ئه‌و به‌سه‌رهاته‌دا هێزی ئاسمانی به‌دی نه‌ده‌کرد و پێی وابوو هێزی دنیاییی، که هێزێکی بێگانه یان ده‌ره‌کییه، ئه‌و چاره‌نووسه‌ی دابین کردووه. خانی پێی وابوو که دوو زلدهوڵهتی عوسمانی و ئێران کوردستانیان کردۆته مسلخ. چاره‌ی ئه‌و چاره‌نووسه‌ش ئه‌وه‌بوو که خانه کورده‌کان یه‌ک بگرن و له ژێر ئاڵای شاێێکی کورد گه‌لی کورد و کوردستان بپارێزن. له‌و لێکدانه‌وه‌ی خانی دا، ناکۆکی ده‌ره‌کی و ناوه‌کی تێکهاڵاون: دوژمن به سه‌ر کورد دا زاڵه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که کورد بۆخۆی رێک ناکه‌وێ.
ئه‌ماره‌ته کورده‌کان له نێوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی نۆزده‌دا به هێرشی عه‌سکه‌ریی ئێران و عوسمانی سه‌رنخوون بوون و حکوومه‌تی راسته‌وخۆی ئیستامبووڵ و تاران به سه‌ر ته‌واوی کوردستان دا ده‌ستی پێ‌کرد. ئه‌و گۆڕانه، رووخانی ئه‌ماره‌ته‌کان و "مۆدێرنکردنی" ده‌وڵه‌تی فیۆداڵی ئێران و عوسمانی کۆتایی به کۆکوژی و ئه‌و چه‌شنه جینایه‌تانه نه‌هێنا. به‌شێک له گۆڕانیی ده‌زگای ده‌وڵه‌تیی ئه‌وه بوو که کۆکوژیی (قتل عام) مۆدیرن کرا و بوو به دیارده‌یێکی که له نێوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی بیست دا نێوی "ژێنۆسید"یان لێنا.
کۆکوژیی له گشت وڵاتێک و له زووه قه‌وماوه. ئه‌و باوبوونهی کۆکوژی له به‌رئه‌وه‌یه که کۆمه‌ڵی چینایه‌تی پڕه له ناکۆکی بنه‌ڕه‌تی که زۆر جار به ده‌کارهێنانی زه‌بروزه‌نگ "چاره‌سه‌رده‌کرێ". به‌ڵام کۆکوژیی مۆدێرن بڕه جیاوازییێکی له‌گه‌ڵ کۆکوژیی سونهتتی (ته‌قلیدی) هه‌یه. بۆ وێنه، ئه‌گه‌ر کۆکوژیی کۆن به بیانووی ته‌قدیر و چاره‌نووس و دین و خوڵا و خورافات دابینده‌کرا، ژێنۆسید به نێوی نه‌ته‌وه و ره‌گه‌ز و زانست وه‌ڕێده‌که‌وێ. جیاوازیی دیکه له شێوه‌ی کوشتاردا ده‌رده‌که‌وێ، بۆ وێنه قه‌ڵاچۆکردنی گرووپێک ته‌نیا به کوشتار به‌دی نایا، و واهه‌یه به جوێکردنه‌وه‌ی منداڵان له دایک و بابیان و گۆڕینی زمان و ژیان و کوولتووریان گرووپێک یان گه‌لێک ده‌توێننه‌وه. ژێنۆسید جینایه‌تێکی زۆر به سامه و وه‌ک دیاردهیێکیکی نێونه‌ته‌وه‌یی داده‌ندرێ نه‌ک وه‌کوو "کاروباری ناوخۆیی" نه‌ته‌وه-ده‌وڵه‌ت. ژێنۆسید، به پێچه‌وانه‌ی بۆچوونی باو، له گشت ده‌وڵه‌تێکی مۆدێرندا، دێمۆکراتی و نادێمۆکراتی، به‌دی کراوه. ئه‌و بۆچوونه که ده‌وڵه‌تی دێمۆکراتی زه‌بروزه‌نگ دهکارناهێنێ یان ژێنۆسید ناکا له ئه‌فسانه نزیکتره تا له راستیی. دێمۆکراسی و زه‌بروزه‌نگ دژ به یه‌ک نین و بگره به‌بێ یه‌کتر سهرناکهن: له ده‌وڵه‌تی دێمۆکراتی دا، زه‌بروزه‌نگ له‌باتی ئه‌وه‌ی قه‌ده‌غه بکرێ، قانوونیی و ئینحیسارری ده‌کرێ. ده‌وڵه‌ت، به "نوێنه‌ری نه‌ته‌وه"، به شێوه‌یێکی قانوونی زه‌بروزه‌نگ له دژی "هاووڵاتییان" ده‌کاردێنێ. پۆلیس، هێزی چه‌کدار، زیندان، وه‌زاره‌تی شه‌ڕ یان "به‌رگریی"، دادگا، قانوون، ده‌م و ده‌زگای ئه‌منییه‌تیی، و ئه‌کادیمی عه‌سکه‌ریی به‌شێک له نیزامی زه‌بروزه‌نگن.
چه‌مکی ژێنۆسید، که له 1935 داتاشرابوو، دوای ته‌واوبوونی شه‌ری جیهانی دووه‌م و دامه‌زرانی "نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان" له 1945دا بوو به چه‌مکێکی گرینگ له حقووقی نێونه‌ته‌وه‌ییدا. له ئه‌و شه‌ڕه گه‌وره‌دا، جووله‌که و رۆماکان و چه‌ند گرووپی دی که‌وتنه به‌ر کوشتاری دڕندانه‌ی رێژیمی نازی ئه‌لمانێ و چه‌ند ده‌وڵه‌تی دی به‌شدارییان کرد. ئه‌و جینایه‌ته له وڵاتێک‌دا به‌ڕێوه‌چوو که له باری زانست و هونه‌ر و کولتووری مۆدێرن هه‌ره پێشکه‌وتوو بوو. ده‌وڵه‌تی مۆدێرن سه‌لماندی که له ده‌کارهێنانی زه‌بروزه‌نگدا وه‌ک ده‌وڵه‌تی پێش-مۆدیرن وایه و بگره دڕنده‌تره. جا دوای ته‌واوبوونی شه‌ڕ، تاقه که‌س و گرووپی جۆراوجۆر خه‌باتیان ده‌کرد بۆ به جینایه‌ت دانانی ژێنۆسید و قه‌ده‌غه‌کردن و سزادانی.
له‌و بارودۆخه‌دا، "رێکخراوه‌ی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان" له 1945 هه‌تا 1948 خه‌ریکی گه‌ڵاله‌کردن و راوێژکردنی کۆنوانسیۆنێک بوو له دژی جینایه‌تی ژێنۆسید. دوای سێ ساڵ خه‌باتی سیاسی و حقووقی، "کۆنوانسیۆنی پێش‌گرتن و سزادانی جینایه‌تی ژێنۆسید" له 9ی دێسامبری 1948دا په‌سندکرا. دانانی کۆنوانسیۆنه‌که ناکۆکیی نێوان ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی که ئه‌ندامی رێکخراوه‌ی تازه دامه‌زراوی "نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان" بوون وه‌ده‌رخست، به تایبه‌ت له بواری دیاریکردنی سنووری ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تیی (کێشه‌ی حاکمییه‌ت یان ده‌سه‌ڵات)، نه‌زمی نێونه‌ته‌وه‌یی، و زۆر کێشه‌ی دی له حقووقی نێونه‌ته‌وه‌ییدا. ده‌وڵه‌ته‌کان بوون که کۆنوانسیۆنهکهیان گهڵاڵهدهکرد، و ئه‌وانه‌ش به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان له‌به‌رچاو بوو، و نه‌یانده‌ویست رێگه‌بده‌ن خه‌ڵک به سه‌ر ده‌وڵه‌ت دا زاڵ بن. زۆربه‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه نه‌یانده‌ویست کۆنوانسیۆن رێگهبدا به ژێنۆسیدکراوان که "نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان" بکه‌ن به دادگای دژی ده‌وڵه‌تان. ده‌وڵه‌ت، وه‌ک بنیاتێکی هه‌ره گرینگی کۆمه‌ڵی چینایه‌تی، ده‌یه‌ویست خۆی بپارێزێ، به‌ڵام "هاووڵاتییان" و ژێنۆسیدکراوان ده‌یانه‌ویست ده‌وڵه‌ت سزابدرێ و مافی ژێنۆسیدکردنی له چنگ بێته‌ده‌رێ. به‌ڵام دوو لایه‌نی ئه‌و خه‌باته نابهرابهربوون. "ریکخراوه‌ی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان" ئۆرگانی نه‌ته‌وه-ده‌وڵه‌تان بوو نه‌ک نه‌ته‌وه‌کان. کوردیش نه‌ته‌وه‌یێکی بێده‌وڵه‌ت بوو و ده‌ستی به داوێنی ئه‌و ڕێکخراوه‌یه نه‌ده‌گه‌یشت. هیچ ده‌وڵه‌تێکیش نه‌بوو که نه‌ته‌وه‌ی بێده‌وڵه‌تی وه‌ک کورد نوێنه‌ری بکا. جا سه‌یر نییه که کۆنوانسیۆن، له سه‌ره‌تاوه تا ئه‌وڕۆ، گۆڕه‌پانی خه‌بات له نێوان ژێنۆسیدکراوان و ژێنۆسیدکهرانه. ئه‌و نووسراوه، چه‌ند سرنجێکی به‌په‌له‌یه له پێوه‌ندییه‌کانی نێوان کۆنوانسیۆن و ژێنۆسیدی گه‌لی کورد.
ئهلف – کوردستان وه‌ک "مه‌ڵبه‌ندی ژێنۆسید"
مێژوونووسی ژێنۆسید، مارک لێڤین، ده‌ڵێ "عه‌نه‌دۆڵی رۆژهه‌ڵات"، که هه‌رمه‌نستان و کوردستان و مێزۆپۆتامی ده‌گرێته‌وه، له ساڵی 1878 به‌ولاوه بوو به "مه‌ڵبه‌ندی ژێنۆسید" (zone of genocide). له ئه‌و ساڵه‌دا، ده‌وڵه‌تی عوسمانی ده‌ستی کرد به قه‌ڵاچۆی گه‌لانی هه‌رمه‌نی و ئاشۆری و له ساڵانی 1915 هه‌تا 1923 ئه‌و دوو گه‌له‌ی قڕان کرد. ده‌وڵه‌ت به‌شێک له سه‌رۆک عه‌شیره‌ت و ئاغاوه‌تی هاندا که له ئه‌و ژێنۆسیدهدا به‌شداریی بکه‌ن. له ساڵی 1917دا، ده‌وڵه‌ت له جه‌نگه‌ی ئه‌و جینایه‌ته‌دا ده‌ستی کرد به راگوێزتنی کوردان بۆ ناوچه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی کوردستان، و ئه‌و پڕۆژه‌ی تواندنه‌وه دوای دامه‌زرانی کۆماری تورکییه به شێوه‌ی دیش درێژه‌ی پێدرا. له سه‌ده‌ی بیست له ئه‌و مه‌ڵبه‌نده‌دا، گه‌لی هه‌رمه‌نی و ئاشۆری وکورد وه‌به‌ر هێرشی ئه‌و جینایه‌ته که‌وتن و کرداری ژێنۆسیدانه ئێسته‌ش درێژه‌ی هه‌یه.
پرسیارێکی گرینگ ئه‌وه‌یه: چۆن ده‌کرێ "مه‌ڵبه‌ندی ژێنۆسید" بکرێ به "مه‌ڵبه‌ندی رزگار له ژێنۆسید" یان دأی ژێنۆسید؟ چۆن ده‌کرێ ده‌وڵه‌ت له مافی کوشتنی تاقه‌که‌س (ئێعدام) و کۆکوژی ( ژێنۆسید) بێبه‌ش بکرێ؟ ئێسته، 65 ساڵ دوای کۆنوانسیۆنی ژێنۆسید، کارنامه‌ی خه‌باتی گه‌لی کورد له دژی ئه‌و جینایه‌ته چۆنه؟ وه‌ڵام دانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیارانه پێویستی به لێکۆڵینه‌وه ولێکدانه‌وه‌ی تێروته‌سه‌ل هه‌یه، و لێره‌دا ته‌نیا ئاوڕدانه‌وه‌یێک له چه‌ند ئانێکی ئه‌و مێژوویه ده‌که‌م.
ب – خه‌باتی گه‌لی کورد له دژی ژێنۆسید
به‌ربه‌ره‌کانیکردنی ژێنۆسید و "جینایه‌تی شه‌ڕیی" و "جینایه‌تی دژی به‌شه‌رییه‌ت" و تێکۆشان بۆ بنه‌ڕه‌تکردنی ئه‌و جینایه‌تانه ئه‌رکێکی ته‌واو ئاڵۆزه. ژێنۆسید لایه‌نی جۆراوجۆری هه‌یه و دیارده‌یێکی سیاسیی، قانوونیی، حقووقیی، عه‌سکه‌ریی، فکریی، زمانیی، ئیده‌ئۆلۆژیی، کوولتووریی، ئابووریی، و نێونه‌ته‌وه‌ییه. بۆ به‌ربه‌ره‌کانیکردنی ئه‌و جینایه‌ته پێویست به زانست و شاره‌زایی هه‌یه به تایبه‌تی زانستی حقووقی و سیاسیی. هه‌روه‌ها، ئه‌و خه‌باته به‌بێ رێکخراوه و رێکخستن له راده‌ی ناوچه‌یی و نێونه‌ته‌وه‌ییدا سه‌رناکه‌وێ. ده‌وڵه‌تی مۆدێرن بنیاتێکی هه‌ره رێکخستوو و به‌رده‌وام و خۆپارێزه و به‌بێ زه‌بروزه‌نگ ناتوانێ خۆی بهرههمبێنێتهوه. جا ده‌کارهێنانی زه‌بروزه‌نگ به زه‌بری پۆلیس و هێزی چه‌کدار و زیندان ودادگا و قانوون به‌شێک له ئیختیاراتی ده‌وڵه‌تی مۆدێرنه و ئامرازی ده‌کارهێنانی حاکمییه‌ت یان ده‌سه‌ڵاته، و ده‌وڵه‌تان نایانه‌وێ سنوورێک له نێوان کوشتار و ژێنۆسید دابنێن. ژێنۆسید جینایه‌تێکه که به قه‌ست و نییه‌ت و به‌رنامه ده‌ست پێده‌کا و به‌ڕێوه‌ده‌چێ و ده‌وڵه‌ت ده‌بێ خه‌ڵکی وهخۆبخا بۆ پشتیوانیکردن، به‌شداریکردن، یان هه‌ر نه‌بێ بێلایهنیکردن و بێده‌نگیکردن. ده‌وڵه‌ت وای ده‌نوێنێ که "ته‌واوێتی ئه‌رزیی" وڵات و "یه‌کگرتوویی نه‌ته‌وه" له مه‌ترسیدایه و بۆ پاراستنی نیشتمان و نه‌ته‌وه ده‌بێ "جیاوازیخوازان" قڕان بکرێن. گه‌لی کورد و زۆر گه‌لی ژێنۆسیدکراو له بارودۆخێک دا نه‌بوون که بتوانن له گشت ئه‌و بوارانه‌دا به‌ره‌نگاری ده‌وڵه‌تی ژێنۆسیدکهر بن. به‌ڵام هه‌ڵکه‌وتی مێژوویی وابوو که به‌شێک له رۆشنبیر و سیاسه‌ت به‌ده‌ستی کورد زۆر له سه‌ره‌تاوه ئاگایان له کۆنوانسیۆن بوو، و ده‌ستیان کرد به خه‌باتی قانوونی و سیاسی له دژی ژێنۆسید.
هێشتا مه‌تنی کۆنوانسیۆنه‌که ته‌واو په‌سند نه‌کرابوو که به‌درخانییه‌کان به "نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان"یان راگه‌یاند که گه‌لی کورد ژێنۆسید ده‌کرێ و داوایان کرد که وه‌فریای بکه‌ون. ئه‌و شکایه‌تنامه له 1948دا وه‌ک نامێلکهیێک چاپ‌کرا و درا به "تریگڤه لی" (Trygve Lie) سێکرێتێری گشتی "نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان". له‌و شکایهتنامهدا، باسی "پڕۆژه‌ی کۆنوانسیۆن له‌مه‌ڕ 'ژێنۆسید'" کراوه و به ده‌ستڕاکێشان بۆ ماده‌ی هه‌وه‌ڵی کۆنوانسیۆنه‌که ده‌یه‌وێ بیسه‌لمێنی که گه‌لێ کورد ژێنۆسیددهکرێ، و دادخوازی ده‌کا. به‌ڵام زۆر روونه که ئه‌و ماده‌یه ئه‌وه نییه که له دواهه‌مین مه‌تنی پێشنووسدا هاتووه.. و په‌سندکراوه. دیاره به‌درخانییه‌کان که ئه‌و کات له پاریس بوون و ئاگایان له باس و موناقشه‌ی پێشنووسه‌کانی کۆنوانسیۆن بوو، پێش ئه‌وه‌ی له 9 دێسامبری 1948دا په‌سندبکرێ، ئه‌و شکایهتهیان ئاماده‌کردبوو، و له 29ی مانگی نوامبر دا دابوویان به "تریگڤه لی". ئه‌و نامه‌یه‌ی که وێڕای شکایهتنامهکه دراوه به کاربه‌ده‌ستانی "نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان" ده‌پرسێ: ئێسته که قانوون له دژی جینایه‌تی ژێنۆسید داندراوه، بۆ ده‌بێ گه‌لی کورد به نفووسی نۆ ملیۆنه‌وه له "مافی سوروشتی" خۆی بێبه‌ش بکرێ؟
به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئاشنابوون له کۆنوانسیۆن زۆر زوو ده‌ستیپێکرد، ئه‌و بهپیرهوهچوونه سهرلێخورانێکی قووڵ و به‌رین به‌دوادا نه‌هات: رۆشنبیران و رێکخراوه‌کانیان شاره‌زای ئه‌و بابه‌ته و ئه‌و چه‌شنه خه‌باته نه‌بوون و ته‌نانه‌ت به‌شێوه‌یێکی یه‌کده‌ست ئاگایان لێ نه‌بوو. بۆ وێنه له به‌ڵگه‌کانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان، پارتی دێمۆکراتی کوردستان، یان له چاپه‌مه‌نی کوردستانی باشووردا، تا ساڵی 1963 ئه‌و چه‌مکه له لێکدانه‌وه‌ی باری سیاسیی و له به‌رنامه‌ی حیزبی‌دا وهبهرچاوناکهوێ. ته‌نانه‌ت دوای 1963ش که ده‌وڵه‌تی مه‌غوولستان و یه‌کێتی سۆڤێت له "نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه"کاندا ده‌وڵه‌تی عیراقیان تاوانبار به ژێنۆسیدی گه‌لی کورد کرد، حیزبه کوردییه‌کان بۆ ماوه‌یێک باسی ژێنۆسیدی کوردیان کرد، و دوایه له‌بیریان چۆوه. بۆ وێنه، ئه‌وه‌نده‌ی من ئه‌و مێژوویهم پێ ساغکراوه‌ته‌وه، وێده‌چێ که ته‌نیا به‌درخانییه‌کان سووربوون له ده‌کارهێنانی ئه‌و چه‌مکه و کۆنوانسیۆنه‌که. نامێلکهیێکی که تازه وه‌ده‌ست که‌وتووه، له ژێر سه‌ردێڕی JENOSIT دا ، شکایهتێکه (به تورکی و به فه‌رانسه‌یی نووسراوه) به‌درخانییه‌کان ("وه‌فدی کورد") له سێکرێتێری گشتی "نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان"یان کردووه سه‌باره‌ت به سه‌رکوتکردنی کوردی جوانروویی له ئێران. له‌و شکایهتنامهدا ده‌کوترێ که ده‌وڵه‌تی ئێران به که‌ڵک وه‌رگرتن له "په‌یمانی به‌غدا" و به یارمه‌تی ده‌وڵه‌تی عێراق ده‌ستی به ژێنۆسیدی گه‌لی کورد کردووه. به‌ڵام "رێکخراوه‌ی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان" گوێێ له ئه‌و جۆره شکایه‌تانه نه‌ده‌گرت.
که رێژیمی به‌عسی دووه‌م خه‌ریکی ژێنۆسید بوو (به تایبه‌ت له 1988دا) ، رێکخراوه سیاسییه کورده‌کان ئاماده‌ی وه‌گه‌ڕخستنی تاوانی ژێنۆسید نه‌بوون. ئه‌وه -- ناته‌بایی له نێوان زۆربوونی ژێنۆسیدی کورد و که‌مبوونی ئاگایی -- باسێکی به‌جێیه به‌ڵام لێره‌دا ده‌رفه‌تی تێڕوانینێکی تێروته‌سه‌ل نییه. ده‌کرێ ئه‌وه‌نده بڵێم: بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی ناکۆکی ناوه‌کیی (ناکۆکی چینه‌کان، ناکۆکی ژن و پیاو، ناکۆکی شار و دێ، و هتد) وه‌لاناوه و ته‌نیا ده‌په‌رژێته ناکۆکی ده‌ره‌کیی (نێوان گه‌لی کورد و نه‌ته‌وه-ده‌وڵه‌تان)؛ به‌ڵام له خه‌باتی سیاسیی و قانوونیی و تیۆریی سه‌باره‌ت به‌و ناکۆکییه پرینگاوهتهوه.
ج – هه‌نگاوێک به‌ره‌وپێش، چه‌ند هه‌نگاو بۆ پاشه‌وه: که‌رکووک له "مه‌ڵبه‌ندی ژێنۆسید" دا
لیۆ کووپر، مێژوونووسی ژینۆسید، له ساڵی 1981دا کوتی: "ده‌وڵه‌تی مه‌ڵبه‌ندیی ده‌سه‌ڵاتدار (sovereign territorial state) ئیدیعادهکا که، وه‌ک به‌شێکی جیانه‌کراوه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارییه‌که‌ی، مافی وه‌ڕێخستنی ژێنۆسیدی هه‌یه یان مافی کوشتاری ژێنۆسیدانهی هه‌یه له دژی ئه‌و گه‌لانه‌ی له‌ژێر حوکمی دان، و [رێکخراوه‌ی] نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کانیش، له کرده‌وه‌دا، له‌و مافه پشتیوانی ده‌کا".
دیاره کووپر ده‌ڵێ ده‌وڵه‌تان به "کرده‌وه" نه‌ک به قسه مافی ژێنۆسیدکردن به خۆیان ده‌ده‌ن. به‌ڵام ئه‌و ناته‌باییه له نێوان قسه و کرده‌وه‌دا نه هه‌ڵکه‌وته نه هه‌ڵه. هۆی ناته‌بایی ئه‌وه‌یه که نه‌ته‌وه-ده‌وڵه‌ت سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کیی ژێنۆسیده و ده‌یه‌وێ خۆی بپارێزێ. له 1963دا، به‌و بیانوویه که "نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان" دهمودهزگایێک یان مێکانیسمێکی پێویستی بۆ ته‌نفیزی کۆنوانسیۆنی 1948ی نییه، ده‌وڵه‌تی به‌عسی هه‌وه‌ڵ تاوانبارنهکرا. به‌ڵام چل ساڵ دوایه که ئه‌مریکا ریژیمی به‌عسی رووخاند، ئه‌و دهمودهزگایه دامه‌زرابوو. "دادگای جینایی نێونه‌ته‌وه‌یی" بۆ محاکمه‌کردنی ژێنۆسید و جینایه‌تی شه‌ریی و جینایه‌تی دژی به‌شه‌رییه‌ت له ساڵی 2002دا ده‌ستی بهکارکردبوو. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی دنیایێک به‌ڵگه و زۆربه‌ی تاوانباره‌کان له‌به‌رده‌ست دابوون، حکوومه‌تی عێراق و ئه‌مریکا رێگه‌یان نه‌دا گشت لایه‌نی ئه‌و جینایه‌تانه روون بێته‌وه، و بۆ هه‌وه‌ڵ جار "مه‌ڵبه‌ندی ژێنۆسید" ببێته دادگای ده‌وڵه‌تی ژێنۆسیدکهر. حکوومه‌تی تازه پێکهاتووی عیراق له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له سیاسه‌ت و جیهانبینی دا جیاوازێکی وای له گه‌ڵ ریژیمی به‌عس نه‌بوو (هه‌ردووکیان ناسیۆنال-شۆڤینیست بوون) و ده‌یه‌ویست ئه‌گه‌ر بگونجێ کورد له ژێر رکێفی خۆیدا رابگرێ، و ئه‌مریکا و چه‌ند ده‌وڵه‌تی هاوپه‌یمانی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌شدارییان کردبوو له جینایه‌ته‌کانی ریژیمی به‌عس. به‌رنامه‌ی ده‌وڵه‌تی عیراق بۆ وه‌دواخستنی چاره‌سه‌ریکردنی کێشه‌ی که‌رکووک نیشانه‌یێکی نییه‌تی "پاکتاویی ئێتنیک" و ژێنۆسیده. دیاره له کێشه‌یێکی وا دا، گشت لایه‌نی به‌شدار له ناکۆکیدا ده‌توانن له‌باتی چاره‌سه‌رکردنی دێمۆکراتی وه‌دوای زه‌بروزه‌نگ بکه‌ون. من به ئاوه‌ڕدانه‌وه له کرده‌وه‌ی حکوومه‌تی ئێسته‌ی عیراق تێی رانابینم که هه‌نگاوێک هه‌ڵبگرێ بۆ ئه‌وه‌ی "مه‌ڵبه‌ندی ژێنۆسید" بکرێ به "مه‌ڵبه‌ندی رزگار له ژێنۆسید." گه‌یشتن به ئامانجێکی وا پێویستی به تێکۆشانی سیاسیی و فکریی و ریکخراوهیی و کۆمه‌ڵایه‌تیی له دژی بۆچوون و کرده‌وه‌ی ژێنۆسیدخوازانه هه‌یه، ئه‌ویش به‌و تێگه‌یشتنه که هه‌تا نه‌ته‌وه-ده‌وڵه‌ت له ئارادابێ زه‌بروزه‌نگ کۆتایی نایا.
--
بۆچوونه‌کان