تیپ‌ناسیی ڕووناکبیرانی ئێرانی به گوێره‌ی پێوه‌ندییان له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ڵاتدا
گرفتی ڕووناک‌بیری له ڕێباز دایه یا له ڕێبواردا؟
به‌ر له ده‌ستپێکردنی باسه‌که، نووسه‌ر به پێویستی ده‌زانێ وردکه تێگه‌یشتنی خۆی له دوو وشه‌ی سه‌ره‌کیی ئه‌م نووسراوه‌یه به کورتی ده‌رببڕێ. ئه‌م وشانه برێتین له: 1ـ ڕووناک‌بیری 2ـ ده‌سته‌ڵات
ئهلف. ڕووناک‌بیری
ڕووناک‌بیری له مانای تایبه‌تدا برێتییه له به‌ره‌وڕوو بوونه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌گرانه له‌گه‌ڵ دۆخه پرۆبلماتیکه ئینسانییه‌کاندا. ئه‌م به‌ره‌وڕوو بوونه‌وه‌یه به ته‌عبیری ئیدوارد سه‌عید، خاوه‌نی سروشتێکی ناڕه‌سمی و ئاماتۆرییه. خۆزیا بکرابایه له‌جیاتی قسه کردن له هه‌ندێک که‌س که له پێگه‌ی نه‌گۆڕی ڕووناکبیردا جێگیر ده‌بن، قسه له کرده‌ی ڕووناکبیرانه‌ی ئهموئهو له دۆخی دیاریکراودا کرابایه. له‌ناو هه‌موو پیشه‌یه‌کدا وا هه‌یه دۆخی ئه‌وتۆ هه‌ڵکه‌وێ که که‌سانێکی سه‌ر به‌م پیشه‌یه، کرده‌یه‌کی ڕووناکبیرانه به ئه‌نجام بگه‌یێنن. نموونه‌یه‌کی ئه‌م چه‌شنه کردانه به‌یاننامه‌که‌ی ئۆپنهایمێر، ئه‌ینشته‌ین و بۆهر له‌مه‌ڕ زانستی ناوکییه‌وه بوو. ئه‌مانه بیرمه‌ندانێک بوون که کرده‌یه‌کی ڕووناکبیرانه‌یان به ئه‌نجام گه‌یاند. نموونه‌کانی تر بڕێتین له ڤۆلتێر له به‌رانبه‌ر زاڵ بوونی وهڕهزیهێنی نه‌ریت له چاخی ڕۆشنگه‌ریدا، بیرمه‌ندانی ڕووس له به‌رانبه‌ر ده‌ورانی تزاریدا، ئێمیل زۆڵا، مارسێل پرۆست و نادرێ ژید له ڕه‌خنه‌کاریی نه‌ریته قه‌زاییه‌کانی فه‌رانسه، سارتر و کامۆ له ده هه‌ڵمه‌ت کردنی فاشیزم، بێرتۆلت برێشت و یاسپێرس له به‌رانبه‌ر نازیسم، ساخارۆف و سۆرۆکین له به‌رانبه‌ر لێنینیزم و ستالینیزم، بنیامین له‌به‌رانبه‌ر دژایه‌تی کردنی جووله‌که، سیمۆن دۆبووار له پرسی نێرماکدا[1] و ....
ته‌نانه‌ت ئه‌مرۆیش، کرده‌ی ڕووناکبیرانه به ڕایی کردنی پرسه‌کان و پێکهێنانی دۆخی پرۆبلماتیک له بواری گشتیدا، به شێوه‌ی جۆراوجۆر له‌گه‌ڕ دایه. ئه‌گه‌رچی ڕووناکبیریی ئۆرگانیک و ئایدۆلۆژیک جێی پێ له‌ق بووه و ڕێزی جارانی نه‌ماوه و ڕووناک‌بیری ڕزگاریده‌ر که نوسخه‌ی جیهانی پێیه و هه‌ڵگری بایه‌خگه‌لی هه‌مه‌گیره، ئیتر قسه‌ی لێ ناکرێ.
به‌م مانایه، کاتێک باسی ڕووناک‌بیری له مێژووی هاوچه‌رخی ئێران‌دا ده‌که‌ین، مه‌به‌ستی ئێمه بیروڕا و کرده‌ی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی ئه‌وتۆیه که ڕووناکبیران له پانتایی گشتی[2]دا ده دۆخی پرۆبلماتیکهوه ده‌گلێنێ و به‌ره‌وڕووی هه‌ندێک پرسی وه‌ک نه‌ریت، بڕوا و بایه‌خه باوه‌کان، ملهوڕی، ناپهرهگرتوویی، دۆخی پێش‌مۆدێرن (یا به پێچه‌وانه به‌مۆدێرن بوون و دۆخی په‌ره‌گرتوویی، کۆلۆنیالیزم، ڕۆژئاوا، نابه‌رانبه‌ری، ئایدۆلۆژی و شتی له‌م چه‌شنه‌یان ده‌کاته‌وه.
ب. ده‌سته‌ڵات
رابێرت داڵ له کتێبی "چه‌مکی ده‌سته‌ڵات"دا، ده‌سته‌ڵات به [توانای] به‌رزه‌فت کردنی[3] کردار پێناسه ده‌کا. (لووکس، 1370، 86-57) وێبێریش قسه‌یه‌کی نزیک له‌مه ده‌کا: ده‌سته‌ڵات به مانای شوێن‌دانان له‌سه‌ر کرداری که‌سانی تره.(مووزلیس، 1368،47) ئاتزیۆنی، ده‌سته‌ڵات به ده‌ستڕۆیشتن[4] ده‌زانێ. (Mateson&Ivancevich, 1993, 35)
ده‌سته‌ڵات به چ هۆکارگه‌لێکه‌وه پێک دێ. داڵ له کتێبی "چ که‌سانێک فه‌رمان ده‌رده‌که‌ن"دا ده‌ڵێ سه‌رچاوه‌کانی ده‌سته‌ڵات برێتین له : سامان، پرێستیژ، پۆست و مه‌قام و زانست. سێ مێکانیزمی ده‌سته‌ڵاتیش به‌م شێوه‌یه لێک هه‌ڵداوێرێ: 1ـ مێکانیزمی خه‌ڵات کردن و سزا دان 2ـ مێکانیزمی نۆرماتیڤ و 3ـ مێکانیزمی زانیاری ـ زانستی (Dahl,1957)
پارسۆنز، پێی وایه ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ر چوار ئه‌ستونده‌ک دامه‌زراوه: قازانج، زه‌بروزه‌نگ[5]، ده‌ستڕۆیشتوویی و کۆده‌نگی[6] (لووکس، 1370،205-133) راسێل پێنج سه‌رچاوه‌ی ده‌سته‌ڵاتی لێک هه‌ڵاوارد: 1ـ ده‌سته‌ڵاتی خه‌ڵات کردن 2ـ ده‌سته‌ڵاتی سزا دان (ته‌مبێ کردن)، 3ـ ده‌سته‌ڵاتی شوێن‌دانان له‌سه‌ر بڕوا و سۆز و هه‌ست ورووژان، 4ـ ده‌سته‌ڵاتی ڕێکخراوه‌یی و 5ـ ده‌سته‌ڵاتی ڕووت. له ڕوانگه‌ی راسێلهوه ده‌سته‌ڵاتی نازییه‌کان له ئاڵمان و ده‌سته‌ڵاتی شۆڕشگێره‌کانی دوای شۆڕشی فه‌رانسه له ده‌ورانی تۆقاندن دا له جۆری سێهه‌م ده‌هاتنه ئه‌ژمار (لووکس، 1370، 43-29)
هیکس و گۆلت باسی سه‌رچاوه‌ی جۆراوجۆری ده‌سته‌ڵات ده‌که‌ن: سه‌رچاوه‌ی فیزیکی وه‌ک ئه‌وه‌ی له هێزی پۆلیسدایه، سه‌رچاوه‌ی ئابووری له ڕانتدا،زانست و زانیاری له میدیادا، ده‌ستڕۆیشتوویی له کاریزمادا، بڕیار و جێبه‌جێ کردنی بڕیار له بواری یاسا یا ئه‌وپه‌ڕی یاسا[7]دا، بڕوا له دامه‌زراوه ئایینییه‌کاندا و ئایدۆلۆژی له ڕه‌وتی فیکری و دامه‌زراوه سیاسییه‌کاندا. (هیکس و گۆلت، 1377، 34-29)
چه‌مکی ده‌سته‌ڵات، چه‌مکێکی دژواز و پارادۆکسیکاڵه. ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی به چه‌نده‌ها جۆری ده‌سته‌ڵات ته‌ندراوه و به ته‌عبیری ئادۆڵف بێرل، سروشتی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی به چهشنیكه که بۆشایی ده‌سته‌ڵات مه‌یلی بۆلای پڕ بوونه‌وه هه‌یه. (هیکس و گۆلت،1377، 35) که‌وایه له لایه‌که‌وه ناکرێ خۆمان له ده‌سته‌ڵات ببوێرین و له لایه‌کی تره‌وه بوونی ده‌سته‌ڵات، هه‌ڕه‌شه له ژیان ده‌کا و مه‌یلی ئه‌وه‌ی هه‌یه بگۆڕێتی[8] و داهێنه‌رێتی[9] و چهشناوچهشنێتی[10] و ته‌نانه‌ت سه‌ره‌تاییترین ماف و ئازادییه‌کان له‌ناو ببا. پارادۆکسه‌که ئه‌و کاته ده‌گاته ئه‌وپه‌ڕی خۆی و ته‌مومژی لێ ده‌که‌وێته‌وه که بمانه‌وێ ده‌سته‌ڵات به حه‌ق و حه‌قیقه‌ته‌وه هه‌ڵسه‌نگێنین که‌چی له‌ولاوه ده‌سته‌ڵات خۆی له پێناسه کردنی حه‌ق و راسته‌قینه هه‌ڵده‌قوتێنێ. (هیکس و گۆلت،1377، 17-16) ئایا ئه‌مه ده‌ورێکی[11] ئاشکرایه؟
ده‌بێ چی بکه‌ین؟
وێبر باسی ده‌سته‌ڵاتێک ده‌کا که شه‌رعیه‌تی[12] هه‌یه و خه‌ڵک به دڵخوازی خۆیان و خۆبه‌خشانه[13]دهیپهژرێنن[14]. به‌ڵام ئه‌گه‌ر بێت‌و خه‌ڵک به ویستی خۆیان کۆیله‌یی و چاره‌ڕه‌شی خۆیان له سێبه‌ری ده‌سته‌ڵاتێکی نه‌ریتی یا کاریزمایی یان ته‌نانه‌ت ده‌سته‌ڵاتێکی به‌ڕواله‌ت یاساییدا قبووڵ بکه‌ن ده‌بێ بڵێین چی؟ ئارێنت ده‌سته‌ڵات به شێوه‌ی زنجیره‌یه‌ک له‌م ئاڵقانه‌ی خواره‌وه وه‌سف ده‌کا: 1- توندوتیژی 2ـ ده‌ستڕۆیشتوویی سه‌قامگیر و 3ـ ده‌سته‌ڵاتی سه‌رچاوه‌گرتوو له گرێبه‌ستی[15] دوولایه‌نه. زه‌قترین شێوه‌ی ده‌سته‌ڵات برێتی یه سه‌ری ئه‌م شه‌به‌نگه[16] واته توندوتیژییه. له نێوه‌ڕاستی ئه‌م شه‌به‌نگه، ده‌سته‌ڵات به هۆی شه‌رعیه‌ته‌وه هه‌موارتر ده‌بێ، به‌ڵام کهممهترسیترین شێوه‌ی ده‌سته‌ڵات، له ئاڵقه‌ی سێیه‌م دا به‌رچاو ده‌که‌وێ که تێیدا به شێوه‌یه‌کی دێموکراتیک و له چوارچێوه‌ی گرێبه‌ستی لایه‌نگه‌لی ئازاد و به‌رانبه‌ر وله‌سه‌ر بناغه‌ی ماف و ده‌روه‌ستی[17]ی دوولایه‌نه دابه‌ش ده‌بێ. (Hutcheon,1996)
ده‌سته‌ڵات چۆن شی ده‌کرێته‌وه؟
تیۆرییه‌کانی ده‌روونناسی، ده‌سته‌ڵات به هۆی که‌سایه‌تی و شێوازی کرداره‌وه شی ده‌که‌نه‌وه؛ وه‌کوو گرێی ده‌رونیی به‌سه‌ریه‌کدا که‌ڵه‌که کراو و مه‌یلی ئازاردانی که‌سانی دی. له تیۆرییه‌کانی کۆمه‌ڵناسانه‌دا ده‌سته‌ڵات له پێوه‌ندییه‌کانی ده‌سته‌ڵات یا کارکردی دامه‌زراوه و پێکهاته‌کان و پێداویستیی فه‌رهه‌نگ و زه‌مینه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ. ئه‌وه‌ی ده‌سته‌ڵات ده‌کا به ده‌سته‌ڵات گوێڕایه‌ڵێ[18] یه. زه‌مینه‌ی پێکهاته‌یی و دامه‌زراوه‌ییی کۆمه‌ڵگا ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی گوێڕایه‌ڵی ده‌سته‌ڵات بوونه، لانیکه‌م له کورتخایێندا باجی گوێڕایه‌ڵ بوون که‌متر له گوێڕایه‌ڵ نه‌بوون بزانن. جۆره‌کانی کایه‌ی ده‌سته‌ڵات به گوێره‌ی دۆخ و ده‌ره‌تانی هه‌رکام له لایه‌نه‌کانی کایه، شیاوی لێکۆڵینه‌وه و شیکارین.
به‌پێی تیۆرییه‌کانی پاشپێکهاته‌خوازی، ژیانی مرۆڤ، له بن و بۆته‌که‌وه تێکه‌ڵاوی ده‌سته‌ڵاته و پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵگاکان به توندی ئینزیباتی یه. فۆکۆ نه‌ک هه‌ر له لووتکه‌ی قۆچکی[19] کۆمه‌ڵگادا بگره له هه‌موو تانوپۆی کۆمه‌ڵگادا شوێنی ده‌سته‌ڵات هه‌ڵده‌گرێ. (wrobel,1999) .ئه‌وه ده‌سته‌ڵاته که سیستمی ڕاستی و ڕاسته‌قینه به‌رهه‌م ده‌هێنێ. هه‌رچی ڕه‌خنه‌کاریی ده‌سته‌ڵاتیشه له بیچمێکی تری ده‌سته‌ڵات سه‌رچاوه ده‌گرێ. (ده‌سته‌ڵاتی به‌راوه‌ژوو) په‌روه‌رده و بارهێنان شێوه‌یه‌ک له ده‌سته‌ڵاته. ئامار و ژماره‌کانیش که‌رسته‌یه‌کی دابینکردنی ده‌سته‌ڵاتن. فۆکۆ، نه‌ک هه‌ر ڕه‌خنه‌کاریی زنجیره‌پله[20]ی ده‌سته‌ڵات و ده‌ستڕۆیشتوویی له ناو کاربه‌ده‌ست و خه‌ڵک، پۆلیس و ده‌زگای قه‌زایی و وه‌ردیان[21] و به‌ندیدا ده‌کا بگره له پێوه‌ندییه‌کانی ده‌سته‌ڵات له ناو زۆرایه‌تی و که‌مایه‌تی، سه‌رمایه‌دار و ده‌ستکورت، و ئیدۆلۆگ و جه‌ماعه‌تی هه‌واداران، پێشه‌وایانی ئایینی و پێڕه‌وانی ئایینه‌کان، پزیشک و نه‌خۆش، مامۆستا و قوتابی، باوک و منداڵ، ده‌کۆڵێته‌وه. له تیۆریی فێمینیستیدا پرسیاری سه‌ره‌کی ئه‌وه بوو که کێ سه‌یدا و سه‌رده‌ست و سه‌رکاره؟ وڵامی ئه‌م پرسیاره بۆ ژنان زیادتر ئه‌وه بوو: پیاوان. (Paechter,2001,1-17)
به‌ڵام له تیۆریگه‌لی ڕه‌خنه‌گرانه‌دا هیوایه‌ک بۆ ده‌رباز بوون هه‌یه:پانتایی گشتی به کرده‌گه‌لی هاوپێوهندهکییانهی[22] ئازاد و گوت‌وبێژی پێشپێنهگیراو ئه‌و ده‌ره‌تانه ده‌ڕه‌خسێنی هه‌تا بێپسانهوه جۆره‌کانی ده‌سته‌ڵات بدرێنه به‌ر نه‌شته‌ری ڕه‌خنه و بیرورایان له‌باره‌یدا بگۆڕدرێته‌وه. به‌ڵکوو به‌م شێوه‌یه هه‌ڕه‌شه و شوێنه‌واری نابه‌جێی چه‌شنه جۆراوجۆره‌کانی ده‌سته‌ڵات به‌رزه‌فت یا هه‌موار [23]بکرێ. (Worbel,1999)
گه‌ڵاڵه‌ی ساده‌ی پرسه‌که
یه‌کێک له مه‌ته‌ڵه‌کانی ڕووناک‌بیری که دووڕێیانێکی به‌ناوبانگه، کۆ کردنه‌وه‌ی "ڕه‌خنه‌کاریی ده‌سته‌ڵات" و "کارامه‌یی[24]"یه. ئه‌م ده‌مه‌ته‌قه کۆنه، زیادتر به مانای کاربه‌ده‌ست بوون له ده‌سته‌ڵات ده‌گا. له‌لایه‌که‌وه ڕووناکبیران ڕه‌خنه‌گرانی ده‌سته‌ڵاتن که‌وایه ده‌بێ به شێوه‌یه‌کی ڕه‌خنه‌گرانه له ده‌سته‌ڵات دوور بکه‌ونه‌وه. به‌ڵام له لایه‌کی تره‌وه که‌ڵکه‌ڵه[25]ی شوێن‌دانان له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگا، به‌شیک له‌وان به‌ره‌و پانتایی ده‌سته‌ڵات هان ده‌دا. که‌ڵکه‌ڵه‌ی قه‌بزه کردنی ده‌سته‌ڵات به‌رۆکیان به‌ر نادا، هه‌ڵبه‌ت ئه‌م داگه‌ڕانه[26] بۆ لای ده‌سته‌ڵات به‌ناوی جۆراوجۆری وه‌ک به‌ڕێوه‌بردنی عه‌داڵه‌ت، وه‌دی هێنانی ئازادی، دابین کردنی ماف و پێشکه‌وتن و په‌ره‌ستاندنی کۆمه‌ڵگاوه ده‌کرێ.
ئه‌گه‌ر وای دابنێین ده‌سته‌ڵات هه‌ر به‌ته‌نیا له ئادگاره[27] سیاسی و حکوومیهکهیدا به‌رته‌سک ده‌بێته‌وه، پرسی سه‌ره‌کی ئه‌وه‌یه که تێکه‌ڵ بوونی ڕووناکبیران له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ڵات چه‌نده پاساو[28]ی هه‌بووه و هه‌یه و کارنامه‌ی ئه‌و ڕووناکبیرانه له ده‌سته‌ڵاتدا چ بووه. وا دێته به‌رچاو که ئه‌و پرسه هێنده تێکچندراو[29] نییه. ئه‌و ڕووناکبیرانه‌ی چوونه ناو ده‌سته‌ڵاته‌وه پاساویان ئه‌وه بووه که ئه‌وان ئامرازی گۆڕانکارین[30] و ناچاره‌کی له ده‌سته‌ڵاتێکه‌وه هه‌ڵدێن بۆ ده‌سته‌ڵاتێکی تره‌وه و بۆنموونه ئامانجیان ئه‌وه‌یه ده‌سته‌ڵاتێکی ئاوه‌زمه‌ندانه[31] جێنشینی ده‌سته‌ڵاتێکی نائاوه‌زمه‌ندانه بکه‌ن یا ده‌سته‌ڵاتی سه‌ره‌ڕۆ و تۆتالیتێر بکه‌ن به ده‌سته‌ڵاتێکی هه‌موارکراو و دێمۆکراتیک و قسه‌ی له‌م ده‌سته.
ئه‌گه‌ر باسه‌که هه‌ر له‌وئاسته‌دا بێ، ڕه‌خنه‌کان له‌قه‌ده‌ر ساکارن. بۆ نموونه ڕه‌خنه‌یه‌ک له‌وانه‌یه ئه‌وه بێ که کاتێک ڕووناکبیران چوونه ناو ده‌سته‌ڵاته‌وه، بوونه خۆپارێز (کۆنسێرڤاتیست) و کارێکی ئه‌وتۆیان له ده‌ستی نه‌هات ته‌نانه‌ت بوونه شه‌ریکی تاوان و سه‌رچاوه‌ی کاری چه‌وتیش. وڵامه‌کانیش هه‌ر ساکارن. بۆ نموونه لایه‌نگرانی ڕووناک‌بیری ڕه‌نگه ڕه‌خنه‌کاریی بۆچوونێکی زه‌ینی بکه‌ن که ده‌سته‌ڵات به بابه‌تێکی ته‌واو ئه‌هریمه‌نی[32] ده‌زانێ و پێی وایه ڕووناکبیران ده‌بێ چاک و شه‌خسی جیهانی مۆدێرن بن. له‌م بۆچوونه زه‌ینییه‌دا، ده‌سته‌ڵات وه‌ک تابوویه‌ک وایه که ڕووناکبیر ده‌بێ خۆی لێ ببوێرێ. که‌چی نه ڕووناکبیران چاک و شه‌خسن و نه ده‌سته‌ڵاتیش، پێشه‌کی، ئه‌هریمه‌نییه. لایه‌نگرانی ڕووناک‌بیری ڕه‌نگه نموونه و شاهیدی ئه‌وتۆ ببیننه‌وه که له ڕوانگه‌ی ئه‌وانه‌وه نیشانده‌ری ئه‌وه بێ ڕووناکبیرانی ناو ده‌سته‌ڵات کاری چاکیان له ده‌ست هاتووه و ئه‌وه‌نده‌ی له ده‌ستیان هاتووه پێشیان به کاری نابه‌جێ گرتووه. ئه‌م بۆچوونه له‌سه‌ر ئاراسته‌ی[33]پراگماتیسم دامه‌زراوه. سه‌ره‌نجامه‌که‌شی ئه‌م ده‌سته ڕووناکبیره به گشتی کهونووته به‌ر قین. ئه‌م پێودانه له محه‌ممه‌دعه‌لی فرووغی و دکتۆر موسه‌ددیق و مێهدی بازه‌رگان و تا ڕاده‌یه‌کیش محه‌ممه‌دی خاته‌میدا ده‌بینین.
له لایه‌کی تره‌وه هه‌موو ئه‌و ڕووناکبیرانه، نیشته‌جێی کۆشکی ده‌سته‌ڵات نه‌بوون به‌ڵکوو هێندێکیان له ئاسته‌کانی نێونجی‌دا خه‌ریکی هاوکاری [ له‌گه‌ڵ حکوومه‌ت ] بوون و ڕوانگه‌یه‌کی ڕئێالیستی و پێداویستخوازانهیان[34] هه‌بوو. گه‌ره‌کیان بوو له‌جیاتی دانیشتن له بورجی عاج و ڕستنی فه‌رمایشاتی خه‌مڵاو و ڕازاو، له ڕێگه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی[35] و به‌رنامه‌داڕشتنه‌وه، ههنگاوێکی به کرده‌وه بۆ [ چاکسازیی ] کۆمه‌ڵگا هه‌ڵبهێننه‌وه. که‌سانێکی وه‌ک عیسا سددیق، غوڵامحوسێنی سددیقی، عهلیئهکبهری سیاسی، ئه‌بولحه‌سه‌نی ئیبتههاج، ڕه‌زا قوتبی و کازمی سامی نموونه‌یه‌ک له ده‌سته‌ی دووهه‌من. بۆ نموونه عیسا سددیق وه شوێن گه‌ڵاڵه‌ی زانکۆی تاران که‌وت و ڕه‌زا قوتبی له میدیای ده‌وڵه‌تی و ئه‌بولحه‌سه‌نی ئیبتههاج له ڕیکخراوی پلان‌داڕشتن و کازمی سامیش له به‌شی حکوومیی پزیشکیدا هێندێک داهێنانیان کرد.
ده‌سته‌ی سێهه‌م وه‌ک ئیحسانی نه‌راقی و دکتۆر حوسێنی نه‌سر و دکتور سرووشی یه‌که‌م، زیادتر ڕاوێژیان ده‌دا به ده‌وڵه‌ت و له ده‌ور و پشتی ده‌سته‌ڵاتدا هاتوچۆیان ده‌کرد و بڕیاریان ده‌دا. ئه‌و ڕووناکبیرانه له تیۆریی هۆکار ـ ڕایه‌ڵه[36] دا (Boker,2002) به هۆکاری سنووری ده‌ناسرێن که ده‌وری نێوبژیکارییان ده‌گێڕا و نێوبژیکارییهکانیان ده‌یتوانی که‌موزۆر هێندێک کاری حکوومه‌ت هه‌موار بکا.
به‌ڵام وڵامێكی ساکاری تر به‌و ڕه‌خنه ساکاره ئه‌وه‌یه بڵێین هه‌ر له بنه‌ڕه‌تدا به‌شیکی گرینگ له ڕووناکبیران له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سته‌ڵاتدا هه‌ڵده‌سووڕێن. به پێداچوونه‌وه‌یه‌کی مێژووی ده‌ورانی په‌هله‌وی هه‌تا ئێستا له‌وانه‌یه بتوانین کاری ڕووناکبیریی له تیپناسییهکی حه‌وت پۆلیدا لێکبده‌ینه‌وه که زیادتر له نیوه‌ی ئه‌م تیپه ڕووناکبیرییانه له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سته‌ڵات بوونه و بگره که‌وتوونه‌ته به‌ر غه‌زه‌بی ده‌سته‌ڵاتیشه‌وه. چوار ده‌سته له به‌ڕێوه‌به‌رانی ئه‌و حه‌وت جۆره کاره ڕووناکبیرییه نیشته‌جێی ده‌ره‌وه‌ی کۆشکی ده‌سته‌ڵات بوونه و زۆر به‌ردی سارد و گه‌رمیشیان هاتووه‌ته سه‌ر ڕێ و باجی زۆریشیان بژاردوه.
تیپی چواره‌می ڕووناک‌بیری له پانتایی گشتیدا و به ئاراسته‌ی گۆڕانخوازی ده‌ستیان دایه به‌رهه‌م هێنانی مانا و گوتار[37]. ئه‌وانه ئایدۆلۆژی تازه‌یان ڕۆنا و که‌وتنه به‌رهه‌ڵستکاری و ڕه‌خنه‌کاریی ئایدۆلۆژییه باوه‌کان. جه‌لالی ئالیئهحمهد، دکتۆر عه‌لی شه‌ریعه‌تی محه‌ممه‌دعه‌لی هومایوونی کاتووزیان، چه‌نگیز پاڵه‌وان، حه‌بیبوڵلا په‌یمان، محه‌ممه‌دی موجته‌هیدی شه‌بسته‌ری و دکتۆر سرووشی دووه‌م نموویه‌ک له‌و تاقمه ڕووناکبیرهن.
تیپی پێنجه‌م، ڕووناکبیرانێکی ئۆپۆزیسیۆن بوون و که ئانگژای ده‌سته‌ڵاتی زاڵ بوونه‌وه و ستراتێژی و ئیددعانامهیان به‌رهه‌م ده‌هێنا. وه‌ک دکتۆر ته‌قی ئه‌رانی، ئیحسان ته‌به‌ری، داریووشی فرووهه‌ر و عیزه‌توڵڵا سه‌حابی.
تیپی شه‌شه‌م، ڕووناکبیرانی پارتیزانی بوون و به به‌رهه‌م هێنانی ته‌شکیلات و مانیفێست، ئامانجیان ڕووخاندنی ده‌سته‌ڵات بوو. ده‌کرێ که‌سانێکی وه‌ک بیژه‌نی جه‌زه‌نی و محه‌ممه‌دی حهنیفنهژاد وه‌ک تیپی ئایدیاڵی ئه‌م ده‌سته‌یه ناو بهێنین. و دوای ئه‌مانه جۆرێکی حه‌وته‌م له کاری ڕه‌سه‌نی ڕووناک‌بیری هه‌یه که له بنه‌ڕه‌تدا، زۆروکه‌م خۆی له ده‌سته‌ڵات و ته‌نانه‌ت له که‌شی باو دووره‌په‌رێز ڕاده‌گرت. له‌و تیپه ده‌توانین ئاماژه به که‌سانێکی وه‌ک سادقی هیدایه‌ت هه‌تا دکتۆر مسته‌فا مه‌لیکیان بکه‌ین.
| پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ڵات | تیپ ئایدیاڵ | ئاراسته‌ی سه‌ره‌کی | تایبه‌تمه‌ندی زاڵی هه‌ڵسووڕان |
1 | ڕووناک‌بیری دووه‌م که‌س | فرووغی، موسه‌ددیق، بازه‌رگان، خاته‌می | پراگماتیزم | حکوومه‌ت کردن |
2 | ڕووناک‌بیری هاوکار | سددیق، سددیقی،سیاسی، ئیبتههاج، قوتبی، سامی | ریالیزمی پێداویستخواز و ئامانجی به کرده‌وه | به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و به‌رنامه داڕشتن |
3 | ڕووناک‌بیری ڕاوێژکار | نه‌راقی، نه‌سر، سرووشی یه‌که‌م | چاکخوازی | پلان داڕشتن |
4 | ڕووناک‌بیری پانتایی گشتی | ئالیئهحمهد، شه‌ریعه‌تی هومایوونی کاتووزیان، پاڵه‌وان، په‌یمان، شه‌بسته‌ری و سرووشی دووم | گۆڕانخوازی | گوتارسازی، ئایدۆلۆژیا یا ڕه‌خنه‌کاریی ئایدۆلۆژیا |
5 | ڕووناک‌بیری ئۆپۆزیسیۆن | ئه‌رانی، ته‌به‌ری، فرووهه‌ر و سه‌حابی | به‌ره‌وڕوو بوونه‌وه‌ی سیاسی | به‌رهه‌م هێنانی ستراتێژی و ئیددعانامه |
6 | ڕووناک‌بیری پارتیزان | جه‌زه‌نی، حهنیفنژاد | ڕووخاندن | به‌رهه‌م هێنانی ته‌شکیلات و مانیفێست |
7 | ڕووناک‌بیری دووره‌په‌رێز | تیپی جۆراوجۆر له سادق هیدایه‌ته‌وه هه‌تا مسته‌فا مه‌لیکیان | ڕه‌خنه‌ی فه‌لسه‌فی و کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی و ... | گه‌ڵاڵه کردنی پرسیار و ئازاری قووڵی ئینسانی |
گه‌ڵاڵه‌ی تێکچندراوی پرسه‌که
ئه‌وی له سه‌ره‌وه باسی لێ کرا، له‌سه‌ر پێناسیه‌کی ڕووتی سیاسی و حکوومی له ده‌سته‌ڵات دامه‌زرابوو. به‌ڵام به سه‌رنجدان به‌و پێناسه‌یه‌ی له سه‌ره‌تای ئه‌م وتاره له ده‌سته‌ڵات کرا، ڕه‌نگه گه‌ڵاڵه کردنی پرسه‌که نه‌ختێک تێکچندراوتر بێ. ده‌سته‌ڵات هه‌ر به ته‌نیا له ئاسته‌کانی سه‌روو و هه‌ر له‌ناو ده‌وڵه‌تدا نییه. خۆی ده‌سته‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت له جۆره‌کان و سه‌رچاوه‌کانی تری ده‌سته‌ڵات وه‌ک نه‌ریت[38] و بڕوا و سۆز[39] و ئایدۆلۆژی و ده‌ستڕۆیشتوویی و کاریزماو پرێستیژ و زانست و گوتار و شتی له‌م چه‌شنه هه‌ڵدێنجرێ و هه‌ڵبه‌ت به‌ش به حالی خۆیشی گیانیشیان وه‌به‌ر ده‌نێ. بۆردیۆ، جیهانی کۆمه‌ڵایه‌تی وه‌کوو که‌شێک ده‌بینێ که تێیدا مه‌یدانگه‌لی جۆراوجۆر پێک دێ و که‌سه‌کان و دامه‌زراوه‌کان له ناو ئه‌م مه‌یدانانه‌دا به ده‌سمایه و هێزی جۆراوجۆره‌وه هه‌وڵی گه‌یشتن به ده‌سته‌ڵات ده‌ده‌ن. شێوه‌کانی جۆراوجۆری ده‌سته‌ڵات به چه‌نده‌ها جۆری سه‌رمایه‌ی فه‌رهه‌نگی و سیمبۆلیک و ئابووری و سیاسی پاراو ده‌بن. (Bourdieu,1993)
به‌و مانایه له ده‌سته‌ڵات، یهکامهتی[40] ده‌بێ بڵێین وا نییه ده‌سته‌ڵات هه‌ر به ته‌نیا له ده‌وڵه‌تدا به‌رته‌سک بێته‌وه و بگره چه‌نده‌ها جۆری ده‌سته‌ڵات بوونی هه‌یه وه‌ک سامان، قازانج، جێگه‌وپێگه، زانست، بڕوا، هه‌ڵخڕان[41]، گوتار و ده‌ستڕۆیشتوویی و دوامه‌تی[42] وا نییه ڕووناکبیران هه‌ر به ته‌نیا ڕه‌خنه‌کاریی ده‌سته‌ڵات بکه‌ن، به‌ڵکوو خۆشیان شێوه‌یه‌کی تری ده‌سته‌ڵات به‌رهه‌م ده‌هێننه‌وه. ئه‌وان بوونه‌وه‌رگه‌لێکی داماڵدراو له ده‌سته‌ڵات و دژ به ده‌سته‌ڵات نین، به‌ڵکوو دهستهڵاتێکن له به‌رانبه‌ر ده‌سته‌ڵاتێکی تردا. سێیامهتی[43] له‌وانه‌یه له ده‌ورانێکدا ڕووناکبیران لایه‌نی لاوازی ده‌سته‌ڵات بن به‌ڵام دوای تێپه‌ڕ بوونی پڕۆسه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی، هه‌ر ئه‌و ده‌سته‌ڵاته لاواز و بهراوهژووه ببێ به ده‌سته‌ڵاتێکی به‌هێزی فراژوو. به‌م شێوه‌یه له‌وانه‌یه ڕێگاچاره‌ی ڕووناکبیران بۆ وه‌لانانی ده‌سته‌ڵاتێک خۆی ببێ به پرسی شێوازێکی تری ده‌سته‌ڵات و به‌رۆکی خه‌ڵک بگرێ.
ئه‌نجام
پرسه‌که هه‌ر ئه‌وه نییه باج و قازانجی چوونه ناو ده‌سته‌ڵاتی ڕووناکبیران و ڕاده‌ی نزیکیان له ده‌سته‌ڵات لێک بده‌ینه‌وه ( بۆ نموونه هاوکاری ڕووناکبیران له‌گه‌ڵ ڕه‌زاشا، پێوه‌ندی نه‌سر و نه‌راقی ده‌گه‌ڵ ده‌رباری شا یا ڕۆڵی بازه‌رگان له سه‌ره‌تای پێک هاتنی ده‌وڵه‌تی دینیدا و ...) به‌ڵکوو ئه‌وه‌ش به‌شێک له پرسه‌که‌یه که به‌ره‌وڕوو بوونه‌وه‌ی ڕووناکبیران له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ڵاتی سیاسی و دهستهوداێن بوونیان بۆ چه‌نده‌ها جۆری ده‌سته‌ڵاتی تریش به شێوه‌یه‌کی ڕه‌خنه‌گرانه لێی بکۆڵدرێته‌وه. ڕاسته بابه‌تی سیاسی له ئێران‌دا زیادتر ده‌سته‌ڵاتێکی نه‌گۆڕ و سه‌ره‌ڕۆ بووه به‌ڵام هه‌ندێک جۆری ئانگژا بوونی ئه‌و ده‌سته‌ڵاته نه‌گۆڕ و ڕه‌قوته‌قه له لایه‌ن ڕووناکبیرانه‌وه به بێ ئه‌وه‌ی بۆخۆیان بیانه‌وێ بوو به هۆی ئه‌وه‌ی ده‌سته‌ڵات هێنده‌ی دیکه لاڕێ و توندوتیژ و ڕووهه‌ڵماڵاو بێ. ڕووناکبیران بۆ ڕه‌خنه‌کاریی نایه‌کسانی، بره‌ویان به گوتاری چه‌پ دا. به‌ڵام خواروخێچییه‌کانی ئه‌و گوتاره به شێوه‌ی چهپئاژۆیی تا ماوه‌یه‌کی زۆر وه‌ک سه‌رچاوه‌ی ده‌سته‌ڵاتی سۆزدارانه‌ی لێ هات و به‌رۆکی کۆمه‌ڵگای ئێرانی به‌رنه‌دا. له ئه‌نجامی ڕه‌خنه‌کاریی مۆدێرنیته‌ی ئێرانی له‌لایه‌ن ڕووناکبیرانێکی وه‌ک ئالیئهحمهد فۆبیای ڕۆژئاوابردوویی[44] و هیستێری دژایه‌تی له‌گه‌ڵ ڕۆژئاوا وه‌ڕێ خرا. هه‌ر وه‌ک چۆن له ئه‌نجامی هێندێک نووسراوه‌ی ڕه‌خنه‌یی ڕووناکبیرانێکی وه‌ک ئیحسان نه‌راقی و داریووشی شایگان وه‌ک " له ڕۆژئاوا چ باس نییه"، "ئه‌وه‌ی خۆی هه‌یبوو" و " ئاسیا له به‌رانبه‌ر ڕۆژئاوا دا"، خۆجێییسازییهکی[45] شێواو له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا ڕمێنی په‌یدا کرد. به هۆی هێندێک گوتاری ڕووناکبیرانه بوو که ڕاپه‌ڕین وه‌کوو تاقه مۆدێلی گۆڕانی سیاسی چاوی لێ کرا. ڕووناکبیرانێک به نیازی گۆڕینی نه‌ریته ئایینییه‌کان و هاوری کردنیان له‌گه‌ڵ ئالوگۆڕه‌کانی کۆمه‌ڵگای ئێران، ڕمێنیان به ته‌عبیری ئایدۆلۆژیکی ئایین دا و هه‌ر ئه‌وه‌ش وێڕای لێدوانی پۆپۆلیستی، بوو به هۆی سه‌قامگیر بوونی جۆرێک تۆتالیتاریزم. هێندێک له ڕووناکبیران بۆ وه‌گه‌ڵ خۆ خستنی دامه‌زراوه ئایینییه‌کان بۆ به‌ره‌و ڕوو بوونه‌وه له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ڵاتخوازی په‌هله‌وی وه‌ها گه‌شبینانه جووڵانه‌وه و سنووری نێوان دین و ده‌وڵه‌تیان تێکه‌ڵ کرد که دوایێ بۆخۆیان گوتیان بارانمان ده‌ویست سێڵاو هات.
به‌م شێوه‌یه ده‌بینین ته‌جره‌به‌ی ئێرانیی ڕووناکبیران و جۆری پێوه‌ندییان له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ڵاتدا به پێوانه‌ی " باج بژاردن ـ شوێن‌دانان " ته‌جره‌به‌یه‌کی زۆر سه‌رنجڕاکێش نه‌بووه؛ چ ئه‌و کاته‌ی هاوڕێی ده‌سته‌ڵات بوون و چ ئه‌و کاته‌ی دژی بوون، به گوێره‌ی ئه‌و باجه ئینسانی و ماددی و مه‌عنه‌وییه‌ی له بواری بیر و کرده دا بژاردیان ئه‌نجامێکی ڕهزامهندانهیان ده‌ست نه‌که‌وت. ئه‌گه‌ر ئه‌و پرسه پرسێکی جیددی یه، پرسیار [ی گرینگ] ئه‌وه‌یه بۆ وای لێ هات؟ لێره‌دا دوو گریمانه دێنه گۆڕێ. وڵامی ئه‌م پرسیاره به گوێره‌ی گریمانه‌ی یه‌که‌م ئه‌وه‌یه عه‌یبی کاره‌که له چۆنیه‌تی به‌ڕێدا ڕۆیشتنی ڕووناکبیراندا بوو. بۆ نموونه له باری تیۆرییه‌وه هه‌ژار بوون و بنه‌مای مه‌عریفی و شێوه‌ی ههڵسکهوت و که‌سایه‌تی یا چۆنیه‌تی کایه و کرده‌ی ڕووناکبیرییان لهنگولۆری هه‌بوو. به‌ڵام گریمانه‌ی دووه‌م ده‌ڵێ عه‌یبه‌که هی چۆنیه‌تی به ڕێگادا ڕۆیشتن نییه، به‌ڵکوو ڕیگاگه هه‌موار نییه و گرفتی کاره‌که له میژوو و پێکهاته زه‌مینه‌کانی کۆمه‌ڵگای ئێرانی و دۆخی تایبه‌تی ئه‌م کۆمه‌ڵگایه و دژواری گۆڕینیه‌تی.
کام یه‌ک له‌و دوو گریمانانه پاساوههڵگرترن؟ ڕه‌نگه لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی مێژوویی بمانگه‌یێنێته ئه‌و ئه‌نجامه‌ی بڵێین هه‌ردووک. تیۆریی کرده و ئیرادهخوازی زیادتر مه‌یلی بۆ ئه‌م لایه هه‌یه عه‌یبی کاره‌که له بنه‌ما فیکرییه‌کان و ڕێساکانی کایه‌ی ڕووناکبیراندا بدۆزێته‌وه. به‌ڵام تیۆریی پێکهاته‌خواز زیادتر له ناو پێکهاته و سروشتی کۆمه‌ڵگای ئێران‌دا به شوێن گرفته‌کاندا ده‌گه‌ڕێ و گریمانه‌که‌ی ئه‌وه‌یه که سێبه‌ری بابه‌تی پێکهاته‌یی، به‌سه‌ر بابه‌تی سه‌رچاوه‌گرتوو له ویستی تاکه‌که‌سی و سێبه‌ری ڕووداوی مێژوویی و ڕسکانهکی[46] به‌سه‌ر مانا و چه‌مک و ئامانجی تاکه‌که‌سیدا ده‌کشێ. له نێوان ئه‌و دوو جه‌مسه‌ره زێدهڕۆیانهیهدا، ئه‌م وتاره ئاراسته‌ی لێکدراو[47] به‌باشتر ده‌زانێ: تیۆریی هۆکارێتی و پێکهاته[48] که ده‌په‌رژێته سه‌ر گرفته بیری و کرده‌کییه‌کانی هۆکاره ئینسانییه‌کانیش ( لێره‌دا ڕووناکبیران) و ئه‌و دژوارییه پێکهاتهییانهش که له‌سه‌ر ڕێگایان هه‌یه.(ریتێرز،1379،623-596)
ئالێن تۆرهن له کتێبی " گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌کته‌ر" دا ئه‌و بابه‌ته شی ده‌کاته‌وه که ئه‌گه‌رچی هۆکاره پێکهاته‌یی و زهمینهییهکان بواری هه‌ڵبژاردنی بکه‌ره تاکه‌که‌سی و جه‌معییه‌کان به‌رته‌سک ده‌کاته‌وه به‌ڵام ئه‌و هه‌ڵبژاردنانه به‌ته‌واوی وه‌لا نانێ. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه، پێکهاته و زه‌مینه‌کان هه‌ر وه‌ک چۆن تایبه‌تمه‌ندیی بهرتهسککهرهوهیان[49] هه‌یه تایبه‌تمه‌ندیی تواناسازیشیان[50] هه‌یه.(Reddy,2003;Burke,2005,140-136).
سه‌رچاوه‌کان:
ریترز، جورج (1379)، نظریه جامعهشناسی در دوران معاصر، محسن ثلاثی، تهران، علمی
لوکس، استیون، (1370) قدرت؛ فرا انسانی یا شر شیطانی، فرهنگ رجایی، تهران، مۆسسهی مطالعات و تحقیقات فرهنگی.
موزلیس، نیکوس (1368)، سازمان و بوروکراسی، حسین میرزایی و احمد تدینی، تهران، دانشگاه تهران
هیکس اچ. جی. و گولت سی. آر. (1377) تئوریهای سازمان و مدیریت، گوئل که‌ن. تهران،جلد اول، انتشارات تهران -1374- جلد دوم؛ نشر دوران -1377
- Dahl Robert (1975) The Concept of Power. Behavioral science, Vo. 2 pp 205-201
- Hutcheon Pat Duffy (1996) Hannah Arendt ; on the Concept of Power, Amsterdam.
- Matteson Michael T. & Ivancevich John. M. (1993) Management & Organizational Behavior Classics. 15th Edition, Richaed D. Irwin, Inc.
- Paechter Carrie (2001) Power, Gender & Curriculum. In: Paechter C. & et al, Knowledge, Power & Learning. London. Paul Chapman Publishing Ltd.
- Wrobel, Szymon, (1999) Power, Subject and the Concept of Rational action, in: A Decade of Transformation, IWM Junior Visiting Fellows Conferences, and Vol. 8: Vienna 1999.
- Byrke Pteter (2005) History and social theory. UK, polity.
- Reddy W. K. (2003) The Navigation of Feeling: A framework for a history of emotions. Cambridge.
- Bourdieu, Pierre (1993). The Field of Cultural Production: Essays on Art and Literature. Edited by Randal Johnson. Cambridge: Polity Press.
بۆچوونه‌کان