سۆران حوسێن شێخ نەهرۆ شێخ محەممەد کەسنەزانی، رێبەری تەریقەتی قادری لە تۆمارێکی دەنگیدا باس لەوە دەکات کە دەبێت شوێنکەوتووەکانی تەنیا باسی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) و عەلی کوڕی ئەبی تاڵیب و کەسانی دیکەی وەک عەبدولقادری گەیلانی بکەن، نەوەک کەسانی وەک مەعاویەی کوڕی ئەبو سوفیان و کەسانی دیکە. ئەوەش کاردانەوەی لێکەوتووەتەوە. تۆمارە دەنگییەکە روون نییە کەی و لە کوێ تۆمارکراوە، بەڵام لە کاتێکدا قسەدەکات، دیارە چەند کەسێک لە شوێنێکەوە وەکو میوان سەردانیان کردووە و گوێی بۆ دەگرن. شێخ نەهرۆ لە تۆمارە دەنگییەکەیدا دەڵێت، "باسی مەعاویە و ئەو شتانە لە تەریقەتدا نییە؛ دەروێش بەهیچ شێوەک ناچێت بە دەوری ئەوانەدا، دەروێش حەزرەتی محەممەد و حەزرەتی عەلی هەیە و دێتە خوارەوە تاوەکو سەیید عەبدولقادری گەیلانی؛ یەک سەحابەی تر هی ئێمە نییە؛ من لەبەر ئێوە ئەو ناوە [ناوی مەعاویە] دەهێنم، ئەگینا ئەوانە توڵەقان و پەیوەندییان نییە بە عەقیدەی ئێمەوە؛ هەرکەسێک شوێنی ئەوانە دەکەوێت بڕوات و ون بێت و لای ئێمە نییە". شێخ نەهرۆ لە بەردەوامیی قسەکانیدا دەڵێت: "ئەوەی شوێنکەوتەی عەلی {ئیمامی عەلی} نەبێت ئێمە نامانەوێت؛ کێ هی عەلییە ئەوە هی ئێمەیە؛ ئەوە عەبدولقادری گەیلانی، ئەوە شای کەسنەزان؛ نامەوێت ئەم نیقاشە جارێکیتر لە دەروێشی کەسنەزانی ببیستمەوە تاوەکو رۆژی قیامەت؛ ئەوەی ئەو نیقاشە بکاتەوە، خۆی تەحەمولی بەرپرسیاریەتییەکەی دەکات؛ بەرپرسیارییە رۆحییەکە دەڵێم؛ وەڵڵاهی وای تێهەڵدەدەن تاوەکو رۆژی قیامەت خۆی نەگرێتەوە". رێبەری تەریقەتی قادری بە دەروێشەکانی دەڵێت، دەروێش پەیوەندی بە "ئوستادەکەیەوە هەیە، مەجالی فیتنە نەدەن، ئێمە هاتووین بۆ رەحمەت بۆ ئوممەتەکەی محەممەد، نەک بۆ ئەوەی بیاندەین بەسەر زەلالەتا، ئەوانە دوژمنی ئیسلامن و قەت ئیسلام نەبوون". بە گوتەی شێخ نەهرۆ کەسنەزانی: "پێغەمبەر دەفەرموێت ئەوانە موڵکیان هەیە، ئەوانە مەلیکی عەرەبن، نەوەکو سەحابە؛ ئەوەی کە نازانێت و لەدینەکەی تێنەگەییشتووە با بڕوات بخوێنێتەوە؛ دینەکەمان پەیوەندی نییە بەم شتانەوە، عەقیدەکەمان پەیوەندی نییە بەم شتە پیسانەوە؛ عەقیدەی دەروێشیی عەقیدەیەکی پاکە و هاتووە لە حەزرەتەوە تاوەکو ئوستادەکەمان و بەردەوام دەبێت تاوەکو قیامەت؛ ئەوەی ئێوە سەرچاوە بنەڕەتییەکەیە؛ ئەوەی ئێوە بەحرەکەیە کە کراوەتەوە بۆتان، سوودی لێببینن و لێی هەڵگرن بۆ دین و دنیاتان". لە راگەیێندراوێکدا فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند: "ئێمە لە فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی کوردستان، بە تووندی سەرکۆنە و ئیدانەی ئەو قسانەی (شێخ نەهرۆ)، سەرۆکی تەریقەتی قادری کەسنەزانی دەکەین، کە تێیدا چەندین وشەی نابەجێ و ناشایستە بە هاوەڵانی ئازیزی پێغەمبەری خودا (درودی خوای لەسەربێت) دەڵێت؛ ئەمەش پێچەوانە و دژە لەگەڵ دەیان دەقی راشکاوی قورئان و سوننەت و پایە و شکۆی هاوەڵان لەلای ئووممەتی ئیسلام وەك رۆژی ڕووناك وایە". کۆمەڵی دادگەریی دەڵێت، شێخ نەهرۆ کەسنەزانی نەدەبوو "جورئەت" بکات بەو زمانە و بەو جۆرە دەربڕینە قسە لەسەر هاوەڵان بکات. فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان داوا لە شێخ نەهرۆ دەکات، "داوای داوای لێبوردن لە بڕواداران بکات و دان بەوەدابنێت کە هەڵەی کردووە و سنووری بەزاندووە. داوا لە لە یەکێتی زانایان و لیژنەی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان کە لەسەر ئەم بابەتە هەستیارە بێنەدەنگ". هاوکات ئەبوبەکر هەڵەدنی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان رایگەیاند: "هەرچی سەرۆک و مەرۆکە نۆرەیان گرتبوو بۆ سەردان و بینین و پێشوازی ئەم پیاوە و فوویان تێکرد؛ ئیتر چۆن جوێن بەیارە ئازیزەکانی خۆشەویست حەزرەتی محەممەد (دروودی خوای لەسەربێت) نادات". عەبدوڵڵا وەرتی، گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا داوای کرد "لەدژی ئەو بێڕێزییانەی کە بەرامبەر هاوەڵانی پێغەمبەر(دروودی خوای لەسەربێت) دەکرێن داوا لە حزبە ئیسلامییەکان، زانایانی ئایینی و هەموو ئیسلامخوازانی کوردستان و هەموو مرۆڤێکی خاوەن ویژدان دەکەین، کەمپینێک بۆ ریسواکردنی ئەوانەی ئەو بێڕێزیانە دەکەن رابگەیەنن". د. عەبدوللەتیف ئەحمەد، ناسراو بە عەبدوللـەتیف سەلەفی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاندووە: "بەلامەوە جێگای سەرسوڕمان نییە کەسێک قسە بە هاوەڵە بەڕێزەکان بڵێت کە خۆی لەسەر رێگە راستەکەیان نییە و لە جیاتی تەنیا خوا پەرستی بانگەشە بۆ تەنها (خۆ) پەرستی دەکات". د. عەبدوللەتیف ئەحمەد وەکو خۆی دەڵێت: "سەیرم لەوە دەهات بەرپرسی حیزبی و سەرکردەی ئیسلامی و مەلای مێزەر بەسەر نۆرەیان دەگرت بۆ زیارەتکردنی، بۆ بەرژەوەندی حیزبی و دونیایی، سەیریش ئەوەیە هەندێک بانگخواز دەڵێن ئێمە ئومێدی گەورەمان پێت بوو". تاوەکو ئامادەکردنی ئەم بابەتە، شێخ نەهرۆ کەسنەزانی هیچ روونکردنەوەیەکی سەبارەت بە تۆمارە دەنگییەکە بڵاونەکردووەتەوە.
بۆچوونهکان