ئەگەر دەتەوێت تایبەتمەندیەکانی ئیبلیس بزانی، سەیری تایبەتمەندیەکانی ئاگر بکە، ئایا ئیبلیس لە ئاگر دروست نەکراوە؟

یەکەم خەسڵەتی ئاگر، بەرزبونەوەیە(الاستعلاء)، گەنج لە گەڵ ئەو ھەڵەشەیی و توندوتیژیەی ھەمیشە سەیری سەرەوە دەکات و خۆی بە گەورە ئەزانێت، حەزناکات داوای لێبوردن لە کەس بکات، لەبەرئەوەیە ئیبلیس دەیەوێت خەسڵەتەکانی خۆی بخاتە سەر خەسڵەتەکانی تۆ.

لە کۆتایی دا ئیبلیس چی دەوێت؟ دەوێت ئەوە بسەلمێنێت کە تۆ بە کەڵکی ئەوە نایەیت کەببیتە جێنشینی خوا، بەڵکو ئەو لەپێشترە بۆ ئەم جێنشینی یە، ئەی چی بکات باشە؟

ئیبلیس لە حەوت شوێندا لەگەڵتایە:

1-ئەمانخاتە بنکی دۆزەخەوە: (ئەگەر پەنا بەخوا کوفر بکەین).

2-ھاوەڵ دانان بۆ خوا: ( کاتێک کەدڵت جگە لە خوا لای کەسێکی تر ھەبێت).

3- ئەنجامدانی گوناھە گەورەکان: (ئەگەر گوناھەکەش نەکەیت ھانت دەدات بۆ کردنی گوناھی دوای ئەو).

4- زۆر کردنی گوناھە بچووکەکان: (گوێ نەدانە گوناھە بچووکەکان تاوای لێ دێت چاکەکانت نامێنێت، گوناھە بچوکەکان دەبنە گوناھی گەورە) پەشیمان دەبیتەوەو تەوبە دەکەیت، ئەو کاتە بێزار دەبێت و دێت بۆ خاڵی پێنجەم.

5-بەفیڕۆدانی کات: (کاتەکانت بە فیڕۆ دەدەیت بەبێ ئەوەی لە کاری چاکەو ڕێگای دیندا بەسەری بەریت).

6-سەرقاڵکردنی بیروھۆش بەبابەتی واوە کەبایەخێکی کەمیان ھەیە: (مەسەلەی ئاوەدانکردنەوەی زەوی کۆتا خەمی ژیانت بێت).

7-ئازاردانت: ( شەیتانەکانی لەجۆری مرۆڤ و پەریت زاڵ دەکات بەسەردا تا ئازارت بدەن) ھەر وەکو ئەوەی ھاوڕێکانت لێ ھاندەدا گاڵتەت پێ بکەن وەکو ئەوەی کەھانیان ئەدا گاڵتە بکەن بەوسەرپۆشەی کە کردووتەتە سەرت.

ئایا تۆ لەکوێی ئەوحەوت شوێنەدایت؟ لەوانە نەبیت کە خوای گەورە لەبارەیانەوە فەرموویەتی: (وَ لَقَد صَدَّقَ عَلَیهِم إبلِیسُ ظَنَّهُ) سبا:20

واته: له راستیدا گومانی شەیتان ڕاست دەرچوو بەرامبەر ئەو جۆرە کەسانە کاتێ کەڕوو بەپەروەردگار خۆی وتبوی دەبینیت زۆربەی خەڵک سوپاسگوزار نابن)

بەڵکو لەو کۆماڵەیەبە کە خوا لەھەمان ئایەدا لەبارەیانەوە دەفەرموێت: ( إلَّا فَرِیقاًمَّنَ المُؤمِنِینَ) جگە لە دەستەیەک لەبڕواداران.

ئایا ئیبلیس چۆن بەسەریاندا سەردەکەوێت؟ گۆێ بگرە لەم فەرموودەیەی خوای گەورە: (لأَ قعُدَنَّ لَهُم صِرَاطَکَ المُستَقِیمَ*ثُمَّ لآتِیَنَّهُم مَّن بَینِ أَیدِیهِم وَ مِن خَلفِهِم وَ عَن أَیمَانِهِم وَ عَن شَمَآئِلِهِم وَ لاَ تَجِدُ أَکثَرَهُم شَاکِرِینَ) الاعراف:16-17

شەیتان وتی: بەھۆی ئەوەی کەمنت گومڕاو سەرگەردان کرد، ئەوە سوێندبێت منیش لەڕێگە ڕاستەکەتدا بۆیان دادەنیشم* پاشان سوێند بەخوا لەبەردەمیانەوە، لەپشتیانەوە، لەلای ڕاستیانەوە، لەلای چەپیانەوە بۆیان دێم دنیایان لا خۆشەویست دەکەم گومانیان دەربارەی قیامەت بۆ دروست دەکەم ئەمجا نابینیت زۆربەیان سوپاسگوزاربن.

سەیری ئەم دوژمنایەتی یە بکە؟ بەڕاستی جەنگێکی ڕاستەقینەیە، جەنگێکی درێژخایەنە لە سەرەتای دروستکردنی ئادەمەوە دەستی پێکردووەو ھەتا ڕۆژی دواییش دەکات و دەفەرمووێت: (قَالَ أَرَأَیتَکَ هَذا الّذِي کَرَّمتَ عَلَيّ لَئِن أَخرَّتَنِ إِلَی یَومِ القِیَامَةِ لأَحتَنِکَنَّ دُرَّیِّتَّهُ إلاُّقَلِیلاً) الإسراء:62

واتە: ئیبلیس بەبێشەرمانە وتی: پێم بڵێ:ئائەمەیە کەڕێزت داوە بەسەر مندا؟ سوێند بەخوا ئەگەر دوام بخەیت تاڕۆژی قیامەت ئەوە بێگومان ھەموو نەوەکانی گومڕاو سەرگەردان دەکەم جگە لە کەمێکیان نەبێت. کاتێک کەدەوترێت: (أحتنکت الناقة) حوشترەکە لغاوکرا واتە ئەولغاوە دەکرێتە دەمیەوە بەھەرلایەکدا بیەوێت ئەیجوڵێنێت، وشەیەکی زۆر ناشیرینە بیھێنە پێش چاوت چیت پێ ئەڵێت!

بزانە خوای گەورەش چیت وەڵام دەداتەوە:( قالَ اذهَب فَمَن تَبِعَکَ مِنهُم فَإنَّ جَهَنَّمَ جَزَاؤکُم جَزَاء مَّوفُوراً* وَاستَفزِز مَن استَطَعتَ مِنهُم بِصَوتِکَ وَأَجلِب عَلَیهِم بِخَیلِکَ وَرَجِلِکَ وَشَارِکهُم فِي الأَموَالِ وَالأَولادِ وَعِدهُم وَ مَا یَعِدُهُمُ الشَّیطَانُ إلا غُرُوراً) الإسراء:63-64

فەرمووی: بڕۆ ئەوەی شوێنی تۆ بکەوێت لەوان، ئەوە بێگومان دۆزەخ پاداشتی ھەمووتانە کەپاداشتێکی مسۆگەرەو جێگەی ھەمووتانیتێدادەبێتەوە * بڕۆ چیت لەدەست دێت درێغی مەکە ھەرکەس کەتوانیت( لەوبەدبەختانە) بەبانگکردن و ھاندانیان بۆ تاوانکاری دایان بدە، بەھۆی لەشکری سوارەو پیادەی خۆتەوە ھێرشیان بۆبەرەو ھاوبەشیان بکە لەماڵ و سامان و منداڵ و نەوەیاندا، ئەوەندەش بەڵێن و. ئومێدیان پێبدە، سەریان لێ بشێوێنە ھەرچەندە بەڵێن و ھاندانی شەیتان جگە لە فریودان و فێڵ کردن و ساختە، شتێکی تر نیە.

سەیر کە چی دەفەرموێت: ھەرچیت لەدەست دێت درێخی مەکە، بەبانگکردن و بەپارەو سامان و بەھێز... بە ھۆی لەشکری سوارەو پیادەی خۆتەوە ھێرشیان بۆبەرە، بەڵێ جەنگێکی بەردەوام لەبەینی تۆو ئیبلیس دا ھەیە، بەڵام مەترسە خوای گەورە بەشەیتان نەفرین لێ کراو دەفەرموێت: (إنَّ عِبَادِي لَیسَ لَکَ عَلَیهِم سُلطَانُ) الإسراء:65

واتە: بەڕاستی بەندەکانی من ھیچ دەسەڵاتی تۆیان لەسەر نابێت و ھەوڵ و کۆششی تۆ کاریان تێناکات و پەروەردگاری تۆ( ئەی ئیماندار) بەسە بۆ پارێزگاری و پاراستنت.

ھەروەک ئیبلیس پێشتر ئەوەی وت: ( ‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌إلاّعِبَادَکَ مِنهُمُ المُخلَصِینَ) الحجر/40

واته: بێجگە لەبەندە پوختەو دڵسۆزەکانی خۆت نەبێت( کە بە من فریو نادرێن و دەسەلاتم نیە بەسەریاندا)، ھەروەک ئەوە وایە خوای گەورە پێت بڵێت: ئیبلیس سوپایەکی ئامادە کردووە بۆ جەنگ دژی تۆ، تۆش سوپایەکت ھەیە، من لە گەڵتام و من سوپایەکت بۆ ئامادە دەکەم.

سوپاکەی تۆش بریتیە لە: زیکری خواو پەرستشەکانی لەنوێژو ڕۆژو، شەونوێژ، وەقەلاکەشت بریتیە لە: پاراستنی باوەڕداران و کارکردن بۆ بڵاو کردنەوەی ئایینی خواو چاککردنی زەوی.

تۆ قورئانت پێیە، زیکرەکانت پێیە، پەرستشەکانت پێیە، سوژدەکت پێیە، ڕەمەزانت پێیە، زیکرەکانی بەیانیان و ئێوارانت پێیە، پەروەردگارکت لە گەڵدایە کە پشتت ئەگرێت، دەرگای تەوبەت ھەیە کەوات لی ئەکات نزیک بیت لە پەروەردگارەوە وەلە کۆتایشدا ئیبلیس لە ناو ئاگری دۆزەخدا ڕادەوەستێت و بەشوێن کەوتووانی دەڵێت: ( و قاَلَ الشَّیطَانُ لَمَّاَ قُضِیَ الإَمرَُ إنََّ الله وَعَدَکُم وَعدَ الحقِّ وَ وَعَدتُّکُم فَأَخلَقُکُم وَمَا کَانَ لِيِ عَلَیکُم مَّن سُلطَانٍ إلاَّ أَن دَعَوتُکُم فَاستَجَبتُم لِيِ فَلاَ تَلُومُُونِي وَ لُومُوا أَنفُسَکُم مَّا أَنا بِمُصرِخِکُم وَ مَا أَنتُم بِمُصرِخيَّ إنَّيِ کَفَرتُ بِمَا أَشرَکتُمُونِ مِن قَبلُ إنَّ الظَّالِمِینَ لَهُم عَذَابُ ألِیمُ) ابراهیم:/22

واتە: شەیتان دەڵێت: بەڕاستی خوا بەڵێنی ڕاست و دروستی پێ ڕاگەیاندوون منیش بەڵێنی درۆو نادروستم پێدان و جا توانیم گومڕاتان بکەم و لە ڕێبازی ڕاست وێڵتان بکەم وە نەبێت من ھیچ زۆرو دەسەڵاتێکم بەسەر ئێوەدا ھەبووبێت جگە لەوەی کە( بەوەسوەسەو خەتەرەو خەیاڵ) بانگم کردن بۆ(خواناسی و تاوان) ئێوەش بە دەممەوە ھاتن و بەقسەتان کردم، ئیتر سەرزەنشت ولۆمەی من مەکەن، بەڵکو سەرزەنشت وڵومەی خۆتان بکەن. من ناتوانم بەھاناو ھاواری ئێوەوە بێم ئێوەش ناتوانن بە ھاناو ھاواری منەوە بێن.

وەرن با پەیمانێک لەخۆمان وەرگرین.

ئەگەر گومانی ئیبلیس ڕاست دەرچووە لەساڵانی ڕابردووماندا، ئەوا ئەمساڵ نایەڵین قسە و گومانی ئیبلیس سەبارەت بە ئێمە ڕاست دەرچێت.

لەبەندە دڵسۆزەکانی خوای گەورە دەبین، چۆن؟

ئەویش بەدەربڕینی ھەستی بی توانایی و ملکەچیمان بۆ خوای گەورە.