ژینا ئەمینی کچە کوردی سەقزی، بە سەفەر دەچێتە تاران. لەوێ بەبیانوی پێشێلکردنی ڕێساکانی تایبەت بە حیجابی زۆرەملێ،( لەکاتێکدا مامۆستا حەسەنی ئەمینی زانای ڕۆژھەڵاتی کوردستان کە یەکێکە لەو کەسانەی بەییاننامەیەکییان لەسەر ڕووداوەکە بڵاو کردۆتەوە باسی لەوە کرد، جلوبەرگی ژینا موۆتەششم بووە و ئیسلام ئەو ڕەفتارە رەتدەکاتەوە بەرامبەری کراوە) پۆلیس قۆڵبەستی دەکات و بەتوندی ئەشکەنجەی دەکەن، تا دوای سێ ڕۆژ لە بێھۆشی، گیانی سپارد.

ئێمە وێڕای ئیدانەکردنی ئەو تاوانە، سەرەخۆشی لە کەسوکار و بنەماڵە و ئازیزان و خەمبارانی دەکەین وھاوخەمی خۆمانیان پێ دەگەیەنین و دوعاخوازیشین پەروەردگار بیخاتە سایەی سۆز و لێخۆشبوونی خۆیەوە.

دوای ئەمە:

 دەخوازم بەم بۆنەیەوە سەرنج بۆلای کێشەی حیجابی زۆرەملێ لەدنیای نوێدا ڕابکێشم. سەرەتا دەبێت سەرنج بۆ ئەوە ڕابکێشم کە لە دیدی ئیسلامییەوە، باڵاپۆشی پەیوەندی بە ئیمان و قەناعەتی ئافرەتی باوەڕدارەوە ھەیە. ڕێگەکەشی ڕۆشنبیرکردن و بانگەشە بۆکردن و ھاندان و پەروەردەکردنە، نەك توندوتیژی و سەپاندن. 

ھەربۆیە حیجابی زۆرەملێ لەڕێی بەکارھێنانی زەبر و زۆری دەوڵەت بۆ سەپاندنی، جگە لە بیدعەیەکی ئەم سەردەمەی بێ پێشینە لە مێژووی ئیسلامیدا، ھیچی تر نیە. 

 

ڕەنگدانەوەیەکی نەرێنی بەئایدۆلۆژکردنی ئیسلامە لەلایەن ھەندێ بزاڤ و بیرمەندی ئیسلامی نوێوە، لەژێر کاریگەری و لاسایی کردنەوەی ھەندێ ئایدۆلۆژیای مۆدێرن و لەوانەش مارکسیزمد! بەحوکمی ئەوەی ئایدۆلۆژیا لەڕێی دەوڵەتەوە دەسەپێنرێت بەتایبەتیش لە وڵاتە نادیموکراتەکانی ھاوشێوەی وڵاتە کۆمۆنیستەکان. ئەگەر بیانوی حیجابی زۆرەملێ پاراستنی ئەخلاقی کۆمەڵگە بێت، ئەوا نەك ھەرنابێتە ھۆی پاراستنی ئەخلاقی کۆمەڵایەتی، بەڵکو زیاتر لاوازی دەکات و کۆمەڵگە بەرەو ھەڵوەشانەوەی زۆرتر دەبات.  

بەحوكمی ئەوەی لەم سەردەمەدا، حکومەتی ئەخلاق و دینسەپێنەر، بەپێچەوانەی ھەندێ دیدی ڕووکەش لە بازنە ئیسلامی و ناوەندە دینییەکەدا، کۆمەڵگەیەکی دین لاواز و پڕکێشەی ئەخلاقی بەدوای خۆیدا دەھێنێت، بەحوکمی ئەوەی دین و ئەخلاق بەسروشتی پێکھاتە و سروشت و ئەرکیان قابیلی سەپاندن نین، بۆیە کاتێك ھەوڵی سەپاندنییان دەدرێت، دووچاری شێوان دێن و کاریگەریشیان کەم دەبێتەوە، کۆمەڵگەش لەگەڵ ناسنامە دینی و ئەخلاقییەکەیدا دووچاری کێشە دەکات و لەجییاتی چارەسەر دەبێتە سەرچاوەی چەندین کێشە.  

 

تا کۆمەڵگەش زۆرتر نوێبووبێتەوە، ھاوشێوەی ئێران کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەم دۆخە بۆسەر تاك و کۆمەڵگە گەورەتر دەبێت، بەحوکمی گۆڕانکاریی لەو چاوەڕوانییانەی لە ئایین و دەسەلات و وێناکردنی خود وەك کائینێکی خاوەن ماف و کەرامەت، لەبیرکردنەوەی تاکەکاندا پەیدا دەبێت، واقیعی ئێستای کۆمەڵگەی ئێرانیش  لەم ڕوەوەباشترین بەڵگەیە.

 

✍️ئەبوبەکر کاروانی