جارێکی دیکە، بەرەنگاری توندوتیژانە و دوور لە ئاوەز دژی کۆڵبەرەکان، کارەساتی خولقاند. وێڕای ڕێز و حورمەت، پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵەی گیانبەختکردووان ده‌که‌ین و بۆ ھەموو ئەو مرۆڤە بەشەرەفانەی کە لە نەبوونی ھەلومەرجێکی گونجاو بۆ ئیش و کار، ھه‌ندێ که‌سیش به‌ ھەبوونی ئاستی خوێندکاری باڵا، لە ڕێگای کۆڵبەرییەوە، وەک تەنیا ڕێگا بۆ پەیداکردنی بژیوی ژیانی خۆیان و بنەماڵەیان گیانی خۆیان له‌ ده‌ست دا، بە پێویستی دەزانین کە ئەم خاڵانەی خوارەوە، بخەینە بەر چاوی کۆمەڵگا، چالاکان و بەرپرسانی ئەم وڵاتە:  

 

1ـ سەرەتایی‌ترین مافی ھەر مرۆڤێک، بوونی ژیانێکی کەرامەتمەندە و یەکەم ئەرکی دەسەڵاتەکانیش لە ھەر وڵاتێکدا پاراستنی ئەم مافەیە. تەقەکردنی مەرگاوی بەرەو ژینی مرۆڤەکان ـ ھەرچەن تووشی ھەڵە و تاوانیش بووبێتن ـ بە ھیچ جۆرێک پاساو ھەڵناگرێ و لە ھیچ دەسەڵاتێک ناکاڵێتەوە.

 

2ـ دووپات بوونەی جۆراوجۆری ئەم ڕووداوانە، بە تایبەت لەو شوێنە ھەستیارانەی کە شوناس بایەخی زۆری پێ دەدرێ، نیشانەی بێ‌دەسەڵاتی و نەزانکاری لە دیاریکردنی ناوەرۆکی گرفتەکان و ھەروەھا نەبوونی ڕوانگەیەکی کارا بۆ لابردن و سڕینەوەی گرفتەکەیە. داڕشتنی گەڵاڵەیەکی کارا بە مەرجی ھاتنەجێ، ئەرکی سەرشانی ھەموو ئەو ڕێکخراوانەیە کە پێوەندییان بەم بابەتەوە ھەیە. 

 

3ـ سنوور، بۆ پارێزەرانی، دەتوانێ ببێتە ھەلێکی باش. کەمکاری لە ئیدارەکردنی ژیرانە و دووربینانەی سنوورەکان، ئەم تواناییە بەنرخە دەکاتە جێگای مەترسی. ئیشێکی ڕەوا نییە کە سنوورپارێزانی سەربەرز، ئەرکی پاراستنی سنوور لە ئەستۆیان بێت، بەڵام لە کەمترین بەرژەوەندیی ئابووری، ئەویش بەم شێوە دژوار و دوور لە کەرامەتە، بێ‌بەش بن. نه‌ک نەتوانن بژیوی خۆیانی لێ پەیدا بکەن بەڵکو ژیانی خۆیانی لەسەر دەدۆڕێنن. 

 

4ـ داکۆکی‌کردنی ڕوون و ئاشکرای ھەموو بەرپرسانی حکومەتی و ڕێبەری بەڕێزی وڵات وەک سەرۆکی ھەموو ھێزەکان، لەسەر دوورەپەرێزی و خۆپارێزی لە بەرەنگاربوونەی توندوتیژانەیە، که‌ ئەم فەرمانە ئەرکی ھەموو ھێزەکانی ڕوونکردەتەوە. درێژەدان بە ڕەوتی توندوتیژانە و فیشەکبارانکردنی کۆڵبەران لەگەڵ ئەم فەرمانەدا دژایەتی ڕوون و ئاشکرای ھەیە.

 

5ـ پاراستنی ئەمنیەت و ئاسایش و ئارامی، سەرەتایێکی ھەرە گرنگە بۆ بە ئەنجامگەیاندنی ناڕەزایەتی مەدەنی و بەدەسھێنانی مافە پێشێلکراوەکان. لەم بەشەدا ھاووڵاتییان و دەزگا بەرپرسەکان وەکوو یەک ئەرکیان لەسەرشانە و جێگای ھومێدە کە لە بارودۆخێکی عەقلانیدا بۆ وه‌دیھێنانی ھەنگاوی ژیرانەی بۆ ھەڵبگیردرێ.

 

6ـ له دەوڵەتیش ئەو چاوەڕوانییە دەکرێ کە بۆ ھێنانەجێی گەشەی یەکدەست، زیاتر لە ڕابردوو ئەو ھەلە بڕەخسێنێ بۆ ناوچەلاوازەکان تا بازاڕچەی سەرسنوور دابمەزرێ و ئابووری ناوچەکە گەشەی زیاتر پەیدا بکات.



جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح

16ی خەرمانانی 1396ی ھەتاوی