سەد و دووهەمین ساڵیادی سەربەخۆییی وڵاتی ئەفغانستان هاوکات بوو له‌گەڵ هەڵاتنی سەرۆک محەممەد ئەشرەف غەنی و هاتنەوەی تاڵیبان بۆ کۆشکی سەرۆکایەتی.
ئەم ڕووداوە کاتێک ڕووی‌دا کەوا تەواوکەرەوەی بڕیاری دۆناڵد ترامپ، سەرکۆماری پێشووی ئەمریکا بوو بۆ پاشەکشێی سوپای وڵاتەکەی له ئەفغانستان و پێکهاتنی پرۆسەی وتووێژی دەوحە و هەڵبژاردنی جۆ بایدن له سەر هەمان شێواز و بەرنامە بەردەوام بوو.

لەم بارەوە ئەم چەن خاڵەی خوارەوە جێگای سرنج و تێرامانن:
١- هەرچەن پاشەکشەی داگیرکەران و ئازادی خاک و نیشتمان بۆ هەر نەتەوەیەک، دەستکەوتێکی بە‌نرخ و  ڕووداوێکی پیرۆزە، بەڵام ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بە‌درێژایی بیست ساڵی ڕابردوو، بۆ دابینکردنی قازانجەکانی خۆیان، به هەڵوەشاندنەوەی مافی سەروەری نیشتمانی، هاتە نێو ئەفغانستان، هەروەها له بارودۆخی هەستیاری ئێستادا پاش  سەپاندنی تێچوویەکی قورسی مرۆیی و ماددی و مەعنەوی بێ هیچ دەستکەوتێکی زەق و بەرچاو و بێ ڕەچاوکردنی بەرژەوەندی نەتەوەی ئەفغانستان و پشتێکردن لەو بەڵێنانەی کە لە یاسای دەستوور پێدراوی مافی نێودەوڵەتی تۆمار کرابوو، بەر له پێکهاتنی چوارچێوەیەکی ڕێک و پێک کە جێی ڕەزامەندی هەمەلایەنە بێت، ئەم وڵاتەیان بە جێهێشت.
بێگومان ئەم تێبینیانە نکوڵی ڕۆحیەی دژە نامۆ و بێگانە و شیاوی ستایشی نەتەوەی ئەفغان ناکاتەوە کەوا له مێژووی یەک سەدەی ڕابردوو، پێشینەی خەبات لەگەڵ داگیرکەرانی بەریتانیا، یەکیتی سۆڤیەت و ئەمریکای هەبووە.

٢- بزوتنەوەی تاڵیبان له سەردەمی سەرۆکایەتی خۆی لە ساڵەکانی ١٩٩٦تا ٢٠٠١ مێژینەی دیالۆگ و کاردانەوەیەکی نییە کە شیاوی داکۆکی لەسەرکردن بێ، سەرکەوتوویی ڕوانگەی ڕادیکاڵ له ڕاڤە‌کردن و هاوئاهەنگی ئایین له لایەک و هەژموونی قەومی پەشتوون له چینە بڕیاردەرەکانی ئەم بزوتنەوە له کۆمەڵگەی فرەکولتوورەی ئەفغانستان لهلایەکی دیکەوە، ئەزموونێکی دۆڕاوی هەیە له فەرمانڕەوایی گۆڕەپانە جیاوازەکانی فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسی، بە تایبەت له بواری ماف و ئازادییەکانی مەدەنی و مافی ژنان.
جگە لەمەش کاردانەوەی تاڵیبان له پرۆسەی خەبات لەگەڵ داگیرکەران کەوا سەدان خەڵکی مەدەنی ئاسایی گیانیان له دەست‌دا، پەرۆشی ئەگەری دووبارە بوونەوەی ئەو ڕووداوە، لۆژیکی و درووست نیشان دەدا.

٣- ئاشکرایە کەوا لێنەهاتوویی و ڕەفتاری تێکڵاو بە گەندەڵی زاڵ بە‌سەر ڕەوتی سیاسی و پێوەندیی دەسەڵات له دوو دەیەی کۆتایی، بووە هۆی پێشوازی بەشێک له هاوڵاتیان بۆ گۆڕانکاری ئەو بنەمایەی کە زاڵ ببوو بە سەریاندا، ئەم فاکتەرە له پاڵ جۆرە پێگەیەکی نەریتی له بواری بۆنە عەشیرەکانی کۆمەڵگای ئەفغانستان، لاوازی و وەستانی سوپای نیشتمانی و ئەو بارودۆخە دەروونییەی له بۆشایی دەسەڵات و قودرەتەوە بە‌هۆی پاشەکشەی سوپای ئەمریکا وای کرد کە هیچ خۆڕاگرییەک له بەرانبەر هاتنەوەی تاڵیباندا نەکرێ، ئەم دیاردەیە، لە ڕوانگەی هەندێ له چاودێرانەوە، بە شێوەیەکی زێدەڕۆیانە له‌گەڵ پێگە و جێگەی تاڵیبان له نێو خەڵکدا بەراورد کرا.

٤- هەرچەن رەوت و شێوازی ئەم چەن ڕۆژەی ئامادە بوون و حوزوری تاڵیبان له شارەکان و پێتەختی ئەفغانستان، جیاوازییەکی پڕواتای له گەڵ شێوازی ڕابردووی ئەم گرووپە هەیە و هەندێک له وتەبێژانی بەناو ئەم بزوتنەوەش باس له گۆڕانکاری له بۆچوون و ڕەفتاری داهاتوو دەکەن، بەڵام بە مەبەستی دوورەپەرەێزی له پێشداوەری، باشتر وایە کە ڕەفتار و کاردانەوەی ڕاست و درووستی حکومەتی نوێی بزوتنەوەی تاڵیبان چاودێری بکرێ.
جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح هیوادارە کە کاربەدەستانی نوێی ئەفغانستان بە ئاوڕلێدانەوە بۆ پێوەرە بە نرخەکانی یەکتر قبووڵ کردن و لێبوردەیی له شەریعەتی ئیسلامدا و ئەولەوییەت‌دان بە دیدێکی شارستانیانە، بەگوێرەی بەڵینیەکانی خۆی، بەستێنی پێکهاتنی سیستەمێکی گشتگیر و بەربەرینی سیاسی ئامادە بکا و نەتەوەی خۆڕاگڕ و مەینەتچێشتووی ئەفغانستان و لایەنەکانی کاریگەر بتوانن بە گوتاری نیشتمانی و لێک‌گەیشتنێکی سازێنەر و دوور له پاوانخوازی و بیرتەسکی، داهاتوویەکی باشتر بۆ تەواوی خەڵک و شارۆمەندان و نەوەی نوێ و بەرەی داهاتوو بە‌دی بینێ.


جەماعەتی دەعوت و ئیسلاح
٢٩ی گەلاوێژی ١٤٠٠