گۆڕان سونەتی ژیانە، لەگەڵ هاتنەبوونی مرۆڤەکان حەزی گۆڕانیش لەناخیاندا سەریهەڵداوە، بۆیە بەردەوام ژیان و گۆڕان دوانەیەکی لێکجیانەکراوەن.

گۆڕان یان گۆڕانکاری (التغییر) واتە گۆڕینی شتێک بەشتێکی تر، یاخود گۆڕینی بەشێوەیەکی جیاواز لەوەی ئێستا (معجم الوسیگ). گۆڕان پرۆسەی گواستنەوەیە لەواقعی ئێستای تاک یادەزگایەک بۆ واقعێکی تری ویستراو، کەدەخوازرێت لەکاتێکی دیاریکراودا پێی بگەیت، بەشێوازو میکانیزمی ڕوون و ئاشکرا، بەمەبەستی گەیشتن بەئامانجی دور یان ماوەکورت، کەبەسودی تاک یادەزگا یاخود هەردوکیان بگەڕێت (العگیات: 2006). بەڕێوەبردنی گۆڕانکاری (ادارە التغییر): بەڕێوەبردنی هەوڵ و کۆششی نەخشە بۆکێشراوو ڕێکخراوە، بۆ گەیشتن بەئەو ئامانجانەی داواکراون بۆ گۆڕان، ئەویش بەبەگەڕخستنێکی زانستیانەی دروستی سەروەتی مرۆیی و ماددی و هونەری و تەکنیکی فەراهەمکراو لەهەر دەزگایەکدا (عماد الدین: 2003).

لەئێستادا، پرۆسەی گۆڕانکاری و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی یەکێکە لەزانستە گرنگەکانی بواری کارگێڕی. سەرکەوتنی ئەو پرۆسەیەش پێویستی بەسەرکردەی شارەزاو بەتواناو لێبڕاو هەیە، کەلەناخیدا باوەڕی بەگۆڕان هەبێت، گۆڕان بکاتە پرۆسەیەکی دامەزراوەیی ڕێکخراو، کەهەمووان تێیدا بەشدار بن. سیفاتەکانی ئەو سەرکردە لەچەند خاڵێکدا ڕوونکراوەتەوە وەک: ڕوونی دیدگاو ئامانج و دوربینی، ئازایەتی، توانای قەناعەتپێکردنی دەوروبەر، قۆناغبەندی، هەڵبژاردنی کاتی گونجاو بۆ گۆڕان، هاندان و خەڵاتکردن، کارکردن بەتیم، ڕاگرتنی باڵانس لەنێوان پێویستی ماددی و مەعنەوی مرۆڤەکان، ئارامگری و نەپسان، دەستپێشخەری و داهێنانکاری، گەشبینی و هیمەت بەرزی.

پێشەوای شەهید حەسەن بەننا لەسەدەی ڕابردودا گەورەترین گۆڕانکاری پەرپاکرد لەکاری ئیسلامیدا، کەکاریگەری تائێستاش لەسەر ئاستی جیهان بەردەوامە. پێشەوا هەر لەسەرەتاوە بینش و دیدگای ڕوون بووە بۆ کارکردن. پرۆژەیەکی تەواو لەزیهنیدا گەڵاڵە بوو، کەلەناخەوە باوەڕی پێیبوو، بەوپەڕی ئازایەتی و لێبڕانەوە کاری بۆ کردووە. ئامانج و هۆکارو شێوازو پەیڕەوی بۆ دیاریکردووە. پاشتریش لەپەیامەکانیدا زۆر بەوردی ڕەهەندەکانی شیکردوەتەوە. دەیزانی چی دەوێت و چۆن بۆی بڕوات، بەکێ و بەچی پێی بگات. گۆڕینی ناخی کەسەکان دروشمی سەرەکی بوو، دەیزانی تاخودی کەسەکان نەگۆڕدرێن گۆڕان ڕوو نادات. بۆیە هەموو گوفتارو کردارێکی پێشەوا ڕەنگدانەوەی متمانەیەکی قووڵ بوون بەگۆڕان. قۆناغبەندی و فراوانبوون و کشانی ئاسایی پەیڕەو دەکرد. گۆڕان لای پێشەوا سەرەتا لەناخی تاکی موسڵمانەوە دەست پێدەکات، پاشان خێزان، پاشتریش بۆ کۆمەڵگا. هەمیشە لەهەوڵی دۆزینەوەی کاتی گونجاودا بووە بۆ هەموو هەنگاوەکانی. هیچ هەلێکی بەفیڕۆ نەداوە. لەهەر کۆڕو کۆبونەوەیەکدا گونجاو بووبێت فیکری خۆی نمایش کردوە. هەمیشە فەرمانی بەچاکەو نەهی لەخراپە کردووە. لەمزگەوت، کۆڕی زیکر، قاوەخانە، قوتابخانە، بازاڕو دوکان.

پێشەوا بەننا توانایەکی لەڕادەبەدەری هەبووە لەدروستکردنی کاریگەری لەسەر هەست و سۆزی دەوروبەر. هەرکەس تەنها جارێک بینیبێتی یان گوێبیستی وتەکانی بووبێت کەمەندکێشی کردووە. تەنانەت لەتەمەنی خوار بیست ساڵیدا کاریگەری لەسەر گەورە زانایانی ئەزهەرو تەریقەی تەسەوف هەبووە بۆ هاندانیان بۆ کاری بەکۆمەڵ و جدی. سەرەنجامی کارەکانیشی چەندین پرۆژەی گەورەی لێبەرهەم هاتووە. هەمیشە بەبیرخستنەوەی ئاخیرەت و بەخششی خوایی هەمووانی خستۆتەگەڕ. هانی برایانی داوە بەعەمەلی بۆ کارکردن بۆ دونیاو ئاخیرەت، بۆ ئەوەی بەسەربەرزی بژین و خاوەنی داهاتی خۆیان بن. لەڕوی شوراو ڕاوەرگرتنەوە بەردەوام ڕای کەسانی زاناو دڵسۆزی وەرگرتووە. پاش دروستکردنی برایانیش هەموو کارەکان بەشێوەی شوراو ڕێکخراوەیی و ڕای هەمووان بەڕێکراوە.

باسکردن لەژیانی پێشەواو تیشک خستنەسەر ئەو سیفەتانەی کەپێویستن بۆ سەرکردەی گۆڕانخوازو چۆنیەتی ڕەنگدانەوەی لەژیانیدا، پێویستی بەتوێژینەوەو لێکۆڵینەوەی بەرفراوان هەیە. ئێمە لێرەدا مەبەستمانە تەنها هێڵە گشتیەکان بنوسین و بەرچاوڕوونی بدەینە خوێنەر، ئاراستەی بکەین تاخۆی زیاتر بەدواداچوونی بۆ بکات. بڕوانێتە هەڵوێستەکانی ژیانی هەر لەقۆناغی سەرەتایی تا شەهید بوونی. بۆ ئەوەی پەی ببەن بەڕادەی مەزنی و لێهاتوویی ئەو زاتە. پێویستە دڵسۆزان بیکەنە سەرمەشقی خۆیان تا بتوانن گۆڕان بهێننە بوون. گۆڕانی ڕاستەقینە کاتێک لەدایک ئەبێت هاوشێوەی ئەو خەمی گۆڕان خەوو خۆراکت لێهەڵگرێت. لەناختدا بەردەوام هەڵگری ئەو خەمە بیت، شەوو ڕۆژ تەرخان بکەیت بۆ ئەو پرۆژەیەی کەباوەڕت پێیەتی. خۆت بگۆڕیت تا بتوانیت دەوروبەر بگۆڕیت، هەرگیز ساردنەبیتەوەو بەکاری لاوەکیەوە سەرقاڵ نەبیت. ئامادەبیت هاوشێوەی ئەو گیانیشت لەو پێناوەدا ببەخشیت، کەبەرزترین پلەی گۆڕانخوازی و متمانەیە بەکارەکەت.

سەرچاوەكان:

- دور القائد المسلم فی إدارە التغییر - هنا‌و بنت عبد الرحیم یمانی