سەرەتایەک:

خۆشبەختى، ئەو خەوەى هەموو کەس دەیبینێ، بەڵام کەم کەس پێى دەگا، خۆشبەختى ئەو هیوایەى کە تەواوى مێژووى مرۆڤایەتى هەوڵیان بۆ داوە بۆ ئەوەى بگەنە خەڵاس، بەڵام بەپێچەوانەوە شکاوەتەوە و بووەتە هۆى بەدبەختى نەک خۆشبەختى. بۆ؟ چونکە ڕێگەکانى گەیشتن بە خۆشبەختى ئەوانە نەبوون کە گیرابوونە بەر.

لەو رۆژەى ئادەم هاتە سەر زەوى ئیدى بەدبەختى و خۆشبەختى لەبەرامبەر یەک راوەستانەوە هەمیشە لە دیالێکتیکدا بوون، بۆیە هەمیشە مرۆڤ هەوڵى داوە لە تەلاش و کۆششدا بێ بۆ ئەوەى خۆشبەختى بخاتە سەر بەدبەخیتەوە. دەى وردە وردە ئامرازەکانى گەیشتن بە خۆشبەختى فراوان بوون لاى مرۆڤەکان، مرۆڤ سەرى لێ شێوا بۆ ئەوەى ئامرازە راستییەکە بدۆزێتەوە. لە ئێستادا و لەم سەردەمەدا جۆرەها هۆکار هەیە مرۆڤەکان دەیگرنەبەر بەمەبەستى خۆشبەختى بەڵام بەداخەوە سەریان لە شتى دیکەوە دەردەچێت.

ناسرى سوبحانى و بەندایەتى و خۆشبەختى

ناسر سوبحانى وەک بیرمەندێکى ئیسلامى هاوچەرخ، هەر وەک چۆن هەوڵى داوە زۆر کێشەى چارەسەر نەکراو چارە بکات لەنێو دونیاى ئیسلامدا هەوڵی داوە ئەم کێشەیەش روون بکاتەوە بەشێوەى زانستى و عەقڵى پێمان بڵێ کە هۆکارەکەى خۆبەشبەختى چییە؟چى واى کردووە مرۆڤەکان سەرەراى ئەوە وێڵى خۆشبەختین کەچى پێى ناگەن و نایدۆزنەوە..؟گەیشتن بەم هۆکارە چییە؟؟ 

سوبحانى بەندایەتى (پەرستنى یەک خودا) بە هۆکارى سەرەکى دەزانێت بو ئەوەى مرۆڤەکان بگەن بە خۆشبەختى تەواو. ئەو دەڵێت" ئەگەر کەسێک وەک پەیامنێرێک بکەوێـتە سەر ئەم زەوییە، لە تەواوى ئەم خەڵکە بپرسێ: ئێوە چیتان دەوێ؟ بۆچى هەوڵ دەدەن؟ ئەتانهه‌وێ بەچى بگەن؟ چیتان پێ خۆشە؟ لەچى بێزارن؟ لەچى دەترسن تووشتان ببێت؟ رەنگە لەوەڵامدا ووشەکانیان جۆر جۆر بن بەڵام هەموویان لەوەدا یەک دەگرن کە دەڵێن: خۆشبەختیمان دەوێت، لە بەدبەختى بێزارین. ئەمانەوێ بەدبەختیمان توش نەبێت. "

کەواتە سوبحانى باس لەوە دەکات کە مرۆڤەکان هەموویان عەوداڵی خۆشبەختین و ڕقیان لە به‌دبەختییە، بەڵام لێرەوەیە کێشەکە دەست پێ دەکات کە مرۆڤەکان راستە حەزیان لە خۆشبەختییە هەموویان بەڵام کەم پێى دەگەن یان هەر ناگەن.

وەک سوبحانى دەلێت" بەڵام ئایا خۆشبەختى و بەدبەختى چییە؟ چۆن ئینسان دەستى دەکەوێت؟ ئالێرەدا مرۆڤەکان دەستە دەستە دەبوون و زۆرێک رێگایان وون کردووە و نەیانزانیوە چۆن بەرەو خۆشبەختى بڕۆن؟ یان خۆشبه‌ختى چییە و چۆن دەتوانن دەستى بخەن؟"

هۆکارە خەڵەتێنەرەکانى خۆشبەختى

سوبحانى باس لە کۆمەڵێک هۆکار دەکات کە لاوەکین و وە خەڵەتێنەرن واتە چەواشەکارن هۆکارى سەرەکى نین بۆ خۆشبەختى، واتە مرۆڤەکان شتێک دەخەنە زیهنى خۆیان وا دەزانن کە گەیشتن پێی ئیدى تەواو گەیشتنە خۆشبەختى بەڵام لەکۆتایدا وا دەرناچێ.

ئەو دەڵێ: «زۆرێک وایان زانیوە خۆشبەختى بەوەیە سەروەت و ماڵ زۆر بێ و لەدەستیا بێ! زۆرێک وایان زانیوە خۆشبەختى لەوە دایە کە ئینسان مەقام و شۆرەتى و دەسەڵاتى ببێ! زۆرێک لە پیاوان پێیان وایە خۆشبەختى لەوە دایە ژنیان ببێ! ژن واى زانیوە مێردى ببێ. شتانى ترى لەم جۆرە بابەتانە.»

له‌ درێژه‌دا مامۆستا ناسر ده‌فه‌رموێ: «جا دواى ئەوە کە ئەوەى وویستوویانە دەستیان خستووە، دیویانە نەخێر خۆشبەختى لەوەدا نییە. ئەوەى واى زانیوە خۆشبەختى لە سەروەتایە، سەروەتى دەست کەوتووە، بەڵام دواى بۆى ڕوون بووەتەوە خۆشبەخت نییە، بگرە زۆرجار زیاتر دوور کەوتۆتەوە لەوەى بەشوێنیدا گەراوە.

ئەوەى واى زانیوە خۆشبەختى لەمەقام و پلەو پایە دایە، دواى ئەوە کە دەستى کەوتووە سەیرى کردووە لەوەى وا بە شوێنیا گەڕاوە زۆرتر دوور کەوتۆتەوە. هەروەها لە شتەکانى تریشدا.

عالەم هەمووى هەوڵ بۆ خۆشبەختى ئەداو، بێزارە لە بەدبەختى، بەڵام خۆشبەختى چییە، چۆن ئینسان خۆشبەخت دەبێت چۆن بەدبەخت دەبێ؟ ئەمەیە زۆرترى ئەفرادى ئەم نەوعى بەشەرەى بەهەڵە و لارێدا بردووە.»

دواى ئەمە سوبحانى نموونەیە دەهێنیتەوە کە مرۆڤ تا زۆرتر سەروەت و سامانى هەبێـت تا مەقامى زورترى و بەرزترى هەبێت زۆرتر تووشى خەفەت و بەدبەختى دەبێت. هەر وەک باس لەو کەسە دەکات کە ئەگەر بەڕێوبەرى ناحیە بێت ئاواته‌خوازە بۆ ئەوەى ببێت بە قائیمقام دواى ئەوە هەوڵ دەدات بۆ پارێزگار دواى ئەوە سەیر دەکات لەسەرووى ئەوە کەسى تر هەیە بۆیە حەز دەکات ببێت بە وەزیرى ناوخۆ دواى سەرۆک وەزیران دواى ئەوە هەوڵ دەدات بۆ سەرۆک کۆمار... سوبحانى دەڵێ: دڵى هەر بەمە ئاو ناخواتەوە دەیەوێ، ئەگەر بتوانى حوکمى ئاسمانیش بکات!

یان دەڵێ کەسێک پارەى زۆرترە بەدبەختى و خەفەتى زۆرترە لەوەى کە پارە و پوڵى کەمترە، کەواتە لاى ناسرى سوبحانى خۆشبەختى مرۆڤەکان لەم هۆکارانەدا نییە، چونکە ئەمانە تەنها سەرگەرمکەرو کات بەفیڕۆده‌ر و دڵخۆشکەرى کاتین.

بەندایەتى وەک هۆکارى راستەقینە بۆ خۆبەشبەختى

ئەى چۆن و بەچى ئینسان ئەگا بە خۆشبەختى، بەچى واى لێ دێت نە خەفەتى ببێت و نەترسى ببێ؟

دواى باسکرنى ئەو هۆکارە لاوەکییانە سوبحانى دێـت هۆکارى سەرەکى و رێگاى گشتى راستەقینەى گەیشتن بە خۆشبەختى و دوور کەوتنەوە لە بەدبەختى باس دەکات و دەخاتە ڕوو، سوبحانى باس لە هۆکارێک دەکات کە ئەو دوو شتەى تێدا نییە کە دەبنە هۆى بەدبەختى ئەوانیش (ترس و خەفەت). سوبحانى باس لەوە دەکات بۆ گەیشتن بە خۆشبەختى ئینسان دەبێت حاڵەتێکى ببێـت نە ترسى هەبێت نەخەفەت، واتە نە ترسى ئەوەى هەبێت ئەو شتەى هەیەتى له‌ ئێستا یان له‌ داهاتوودا لەدەستى بچێ، و نه‌ خه‌فه‌تی ئەو شته‌ش بخوا ‎کە له‌ ڕابردوودا له‌ ده‌ستی داوه‌. ئەوەیە ڕۆحى خۆشبەختى، ئەى ئەم حاڵەتە چییە؟ کەى دروست دەبێ؟ ئەویش بریتییە لە بەندایەتى کردن بۆ یەک خودا کاتێک درووست دەبێت هەموو شتێکت بدەیتە دەستى یەک خودا و یەک سەنتەرى بنەڕەتى. هەموو شتێک بە هى ئەو بزانی.

سوبحانى دەڵێ: ئینسانێک کە ڕێگەى بەندەى خوا ئەگرێتە بەر، بەکورتى تەنها بیرى لەسەر ئەوەیە کە خوا چى لێ داوا ئەکا ئەوە بکا، ئەفەرمووێ چى مەکە و ئەوە ناکا؟ بیرى بەلاى ئەوەوە نییە کەچى بووە و چى ئەبێ؟ لەمەوپێش چى بووە لەمەولا چى دەبێ. بۆ؟چونکە دەزانێ هەرچییەک دەبێ خوا دەیکا، هیچ شتێک بە بێ‌ئیرادە و بەبێ ویستى خوا نابێ، هەرچییەکیش ئەو بیکا خێرەو حیکمەتە، هەر ئەو کارە درووست و بەجێیە و غەیرى ئەوە نابەجێیە.

کەواتە سوبحانى مەبەستى ئەوەیە کە ئەگەر ئینسان بەراستى و بەدڵ بەندەى خوا بوو، لە هەموو کارێکدا دڵى لاى ئەو بوو، زانى ڕۆژێک دێتە پێشەوە پرسیارى لێ بکات، ئەوە نەترسى هەیە نە خەفەت کە ئەم دوو شتەن دەبنە هۆى بەدبەختى ئینسانەکان، واتە مرۆڤ ئەگەر بەراستى بەندایەتى کرد ئەوە بیر ناکاتەوە لەوەى چى بووە پێشتر، و نە بیر لەوەش دەکاتەوە چى روودەدا لەمەولا هەمووى دەداتە دەستى خوا. بۆیە وەک ووتمان لێرەوە مرۆڤ ترسى نابێ و خەفەتیشى نییە بۆیە هەمیشە خۆشبەختە.

بۆ نموونە کەسێک کاتێک بازرگانە گەورەترین زەرەر بکا، خەفەت ناخوا چونکە دەزانى کارى خوا بێ‌حیکمەت نییە، بەڵام ئەگەر لە بازرگانییەکەدا گوێرایەڵى فەرمانى خوا نەبوو ئەوە بەندایەتى نەکردووە دەى دواى ئەوە خەفەت دەخوا کە زەرەر دەکات کەواتە خوشبەخت نیە بازرگانییەکەى بووە بە بەدبەختى بۆى، کە سەرەتا واى دەزانى پێى خوشبەخت دەبێ.

خۆشبەختى دونیا و ئاخیرەت

سوبحانى بەندایەتى تەنها بە هۆکارێک نازانى بۆ خۆشبەختى دونیاى بەڵکو بەندایەتى دەبێـتە هۆکارێک بۆ خۆشبەختى ئاخیرەت و ئەو دونیاش، چونکە لەو دونیاش سەلامەتن و پارێزراون و ‎خەفەتو ترسیان نییە کە هۆکارى سەرەکى بەدبەختى مرۆڤەکانن و هەمیشە دڵیان ناخۆشە پێیان.

هەر وەک دەڵێ: لە بەرنامەى خوادا باس کراوە کە ئینسان بۆ ئەوەى خۆشبەختى و سەعادەتى دونیا و ئاخیرەتى دەست بکەوێ، دەبێ تابعى فەرمانى خوا بێ، گوێڕایەڵى ئەمرى خوا بێ.

کەواتە خۆشەبەختى و دوورکەوتنەوە لە بەدبەختى لاى ناسرى سوبحانى تەنها لەڕێگەى بەندایەتییەوە دەبێ بو خوا، چونکە لێرەدایە کە مرۆڤەکان ترس و خەفەتیان نامێنێ هەموو شتێکیان بەهى خوا دەزانن و هەمیشە بیر لەوە دەکەنەوە خوا داواى چییان لێ دەکا.