بە نێوی ئەو خودا گەورەی کە مەرگ و ژیانی بەدەستە و لە دانانی بەندایەتی، سەربەرزی ئێمەی مەبەستە و لە سەرپێچی و لە لاساری تێنەگەیو و پێنەگەیوان، بێ‌خەم و باک و دەربەستە.

پەسن و سەنا هەر بۆ ئەوە، ئەگەر ڕۆژە، ئەگەر شەوە؛ کار و کری جوانە و بەجێیە و پتەوە. خوایەکی تاک و تەنیایە، هەرچی ئەو بیڵێت هەروایە، لە گەردیلە تا کاکێشان، بەویستی ئەو دێته کایە. لێزمە بارانی ڕەحمەتی بڕژێ وەک تاوی بارانە، بۆ سەر گیانی پێغەمبەر و بۆ ئەوان ئال و یارانە، کە لە ڕێگای گەشەی دین دا، گیان و ماڵیان فیدا کرد و بێ‌بەهرە مان لە ڕێی ژین‌دا.

ئەی بیسەرانی خۆشەویست! حازرانی بە هەست و ویست!

وەک دەزانن، هەر هەمووتان دڵ بەژانن، لە هەژانن، چونکینێ دەستی چارەنووس، زۆر بەپەلە و تێنووس تێنووس، پەروەندەی بۆ هەڵ‌داینەوە و حوکمی جەلبی وێ‌داینەوە.ئەویش بەنێوی ئەو کەسەی جێی ئاوات و هومێدان بوو، بەندی دڵی تێکۆشان بوو، زانا بوو لە زۆر بواران دا، کارامە بوو لە کاران دا. زانای زانستە دینییەکان، چازانی ڕێی ئایینێکان. شاعیر بوو، ئەدەب‌پەروەر بوو؛ تاجی نووسەری لەسەر بوو. لێکۆڵەر و دانەر، وەرگێڕ؛ ڕەوانبێژی بەدوانێ فێر. موفەسسیری قوڕئانێ بوو، مێژوونووسی زەمانێ بوو، ئایین‌پەرست، گەل‌ناس و پاک؛ لە هەر دوو مەیدانا سوارچاک. دەرسبێژی زانکۆ و حوجرە، بۆ هەر دوو خاوەنی ئەجرە. تەنزنووس، ڕەخنەگر، دڵسۆز؛ دەدوا داییم بۆ گەل و هۆز. لە دوابەدوای هەر ڕووداوێک، دەدوا بە دوانی پاراوێک، یان دەینووسی تێر و تەسەل، بە بەڵگە و ئەزموون و مەسەل.

بە کورتی ئەو بلیمەتە، ئەو هۆزانە بەقیمەتە، بۆ خزمەتی ئایین و گەل، لە دەستی نەدەدان هیچ هەل. باش‌مەلا بوو، چازان بوو ئەو؛ هەدای نەدا بە ڕۆژ و شەو. تا مەرگ بڕستی لێ بڕی، هەر باڵی لێدا و هەر فڕی.

بۆیە هەموومان ڕەش‌پۆشین، دڵ بەخەمین و بێ‌هۆشین؛ پرسە لە کێ بکەم ئەمن، وانەزانی واریس کەمن، لە نووسەران، لە شاعیران، لە مێژوونووس و ماهیران؛ لە خەتخۆش و هونەرمەندان، لە ڕەوانبێژان، لە چەندان؟ لە فەقێیان، لەمەلایان، کە پەرۆشن هەموو لایان. لە خوێندکاری مەدرەسەکان، یان هەر لە خزم و کەسەکان ؟ ئەدی لە دانیشجۆیەکان، لە مامۆستای زانکۆیەکان.

لە فەرهەنگیانی زەحمەتکێش، لە دۆستانی دڵ‌ پڕ لە ئێش؛ لە خەڵکی مزگەوتی قیبلە و لەو دێیانەی لێی مەلا بووە، کە ئەمڕۆ دڵ پڕ لە خەمن و دەڵێی سەڵایان لێ ڕابووە. لە کاربەدەستانی ڕادوێ و لە نووسەری گۆڤارەکان، لە بڵاوکەرەوەی کتێب و لە گشتی خوێندەوارەکان.

یان هەر بڵێم شاری سابڵاخ! بۆ خۆت خۆش بی و دوور بی لە داخ. دیسان دڵی پڕ لە کوڵم، دڵی تاساو لە پای زوڵم، دەگەڵ چاوی پڕ لە گریان، دەڵێن خۆش بی ئەی موکریان! دووبارە پرسە هەر کەمە، زۆر کەسی دیش دڵ بەخەمە، بۆیە پرسە و سەرەخۆشی ئەو چازانە مەردە، کەوا پڕ لە داخ و دەردە، دەڵێم بە هەر کەسێ کوردە!

مامۆستا گیان! خوات دەگەڵ بێ، ڕووحت شادبێ؛ ڕەحمی خودا و کردەوەی خۆت لە فریات بێ؛ دۆعای خێری مسوڵمانان گیرا بێ بۆت؛ هەزار ڕەحمەت لە گیانی پاک و لە گڵکۆت!

مامۆستا گیان! خۆزگە دەخوازم بە پایەت، کە بەرهەم و شوێنەوارت بوونە شایەت. ئای چەند ماندوویی‌‌نەناس بووی، خەمی گەل چەماندبوویەوە، ئێش و ئۆفیان تواندبوویەوە.

ڕۆیشتی بۆ شاری گیانان، لای ئەوانەی چاک و زانان، لای ئەدیبان و شاعیران، لای هەڵکەوتوو و پیر و میران. جێگات گرتەوە و بەرەندەی، لای مامۆستا شاریکەندی، هێمن و هەژار لە پێشوازت، گۆڕستان ئاواتەخوازت!

پێشەواش هەر دەبینیەوە، لە کۆڕی ماتەمینیەوە، لێت دەپرسێ هەواڵی کورد، لەو گەلی وا نەژیا و نەمرد؛ تا لەسەر مافی هەڵقڕا، خنکا یا ئەستۆی هەڵبڕا. بێ‌گومان تۆش دەردی کوردی، بۆیان باس دەکەی بە وردی. جا وێکڕا خەم دادەبەشن، بۆو گەلەی بێ‌ماف و بەشن؛ کە بۆ ئێستا هەر وەکوو خۆن؟ بۆ هەر ئاتاجی نان و دۆن؟ بۆچی ئیشیان بەخۆ نییە؟ بۆ خەم‌خۆڕێکیان بۆ نییە؟ بۆچی هەر وەک قەدیم وانە، "چەقەڵ بێری و گورگ شوانە"؟ بۆ دەرناچن لە مەترسی؟ نەجاتدەریان سواری برسی؟

جا لە پاش هەموو پرسیاران، باس‌لێ‌کردنی ڕێگە چاران، ڕاتان دێتەوه سەر ئەمە: کە هەرچی بخوێنن کەمە. یەکگرتوو بن، برای یەک بن، وەکی خەڵکی یەک گەڕەک بن. ڕووبکەنەوە خودای خۆ، دوور بن لە لاوەکی و نامۆ! ڕزگاری لە دین بخوازن، ڕێبازی دی فریوبازن! مێژووی خۆتان لێک دەنەوە، سەروبەری تێک‌کەنەوە! بزانن کێ خزمەتی کردوون؟ کێ، کەی بەرەو پێشی بردوون؟ کێ پەیمانی کوردی دڕی؟ شاڕەگی حەیاتی بڕی؟ کێ کوردستانی دابەشی؟ هەر قەولی دا و نەیدا بەشی؟

کورد دوو ڕەگی ژینی هەیە: یەکیان کەوا دینی هەیە؛ ئەوی تریان میللییەتە، ئەو دوو شتەی هووییەتە.

پێشەوا دەشڵێ پێش مردن، پەیامم دا هەرچی کوردن، وەسییەتم بۆ نووسیون، بۆ هەر بێ‌پەنا و پەسیون؟ ئێستاش ئەگەر ڕێی خوا نەگرن، سەربەست نابن هەتا دەمرن. ڕێی ڕزگاری کوفر نییە، ڕێی قوڕئانە و چی تر نییە. بە هیوای ئەوڕۆژە کەوا، قوڕئان بکرێتە پێشەوا؛ کوردیش بگەن بە مافی خۆ، نەمێنێ هیچ داخ و ڕۆڕۆ.

 تێبینی‌یەکی پێویست: ئەم نووسراوەیە بە بۆنەی کۆڕی ماتەمینی خوالێخۆشبوو مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا ئەحمەدیان، لە 23ـی جۆزەردانی 1383/ 2704ـی کوردی نووسراوە، بەڵام بە هۆی وتاروێژی مامۆستایانی ناوداری کوردستان و خوێندنەوەی ڕادەیەکی ئێجگار زۆر وتار و شێعری نووسەران و شاعیران و وێژەران و توێژەرانی شارەکانی دیکەی کوردستان لە مزگەوتی سووری مەهاباد، لە ماوەی دوو ڕۆژی پرسەکەدا، واتە 24 و 25ـی جۆزەردانی 1383ـی هەتاوی، هەلی خوێندنەوەی بۆ نەڕەخسا و دەرفەتی بۆ هەڵنەکەوت.

 

 

نووسەر: مامۆستا مەلا سەید موستەفا مەحموودیان،

 دوکتۆڕای زمان و وێژەی عاڕەبی لە زانستگای ئیسفەهان، پێشنوێژ و دەرسبێژی ئاواییی وسووکەندی مەهاباد