خوای گەورە بە هەزارەها پێغەمبەری ناردووە، بەشێکیان لە قوڕئان و فەرموودە باس کراون، هەندێکیشیان نە ناویان نە هیچ زانیارییەکی ئەوتۆ لەبارەیانەوە نازانین، هەر یەک لەو پێغەمبەرانە وەک لە سەرچاوەکان باس کراوە بۆ کات و شوێنێکی تایبەت نێردراون و بوون بە نمایندە و ڕێنیشاندەری هیدایەتی خەڵک بۆ لای خوا، دەستوور و ویستی خوای گەورە لەو بارەوە وا بووە تا کاتی هاتنی کۆتا پێغەمبەر (سەلامی خوا لەسەر هەموویان بێت). خۆ ئەگەر ویست و ئیڕادەی خوای گەورە لەسەر ئەوە بووایە ئەو دەستوور و ڕێڕەوەی ناردنی پێغەمبەران بەو شێوازە بەرفراوانە بەردەوام بێت ئاسان بوو، وەک قوڕئان دەفەرموێ: (وَلَوْ شِئْنَا لَبَعَثْنَا فِي كُلِّ قَرْيَةٍ نَذِيرًا) (فوڕقان/٥١) واتە: خۆ ئه‌گه‌ر بمانويستايه‌ بۆ هه‌ر شار و شارۆچكه‌يه‌ك پێغه‌مبه‌رێك‏ و يادخه‌ره‌وه‌يه‌كمان ڕه‌وانه‌ ده‌كرد. بەڵام ویستی خوای پەروەدگار وابووە پێغەمبەرێک وەک دوایەمین پێغەمبەر بۆ تێکڕای مرۆڤایەتی بنێرێت، کە هەڵگری خەسڵەت و خاسیەتی تەواوی پێغەمبەران و پەیامەکەشی هەڵگری هەموو شەریعەت و پەیامی کتێبە ئاسمانییەکانی تر بێت، ئەمەش کۆمەڵێک تایبەتمەندی و حیکمەتی گەورەی تێدایە، سەرباری ئەوەی هاتن و پەیام و ڕێبازی پێغەمبەری ئەکرەم (دروودی خوای لەسەر بێت) بۆ تێکڕای جیهان و هەموو سەردەمەکان، هێمای ڕەحمەت و بناغەی ڕزگاری و سەعادەتی ئینسانییەت بووە، وەک خوای گەورە ئاماژەی بۆ کردووە و دەفەرموێ: (وَمَا أَرْسَلْنَاكَ إِلَّا رَحْمَةً لِلْعَالَمِينَ) (ئه‌نبیا/١٠٧) واتە: ئه‌ى موحه‌ممه‌د (دروودی خوای لێ بێت) ئێمه‌ تۆمان ڕه‌وانه‌ نه‌كردووه‌ ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ نه‌بێ كه‌ ببيته‌ ڕه‌حمه‌ت‏ و به‌ره‌كه‌ت بۆ هه‌موو جيهانه‌كان (جيهانى ئاده‌ميزاد و گياندار و ڕووه‌ك‏ و په‌رى و...هتد). ئەو جیهانەی پێویستییەکی حەتمی بە پێغەمبەر و پەیامی ئایینییە بۆ وەرگرتنی ئیڕشاداتی ئاسمانی و بەڕێوەبردنی ژیانی سەر زەمین، تا بەو هۆیەوە مرۆڤ لە مانای بوون و هاتنە دونیای خۆی تێ بگات و مرۆڤبوونی خۆی بسەلمێنێ و ڕێی هیدایەت و ڕزگاری و پاڵفتە و تەزکیەی ناخ و دەروونی بزانێ، لەو سۆنگەوە دەکرێ بڵێین پێویستی مرۆڤایەتی بە پێغەمبەر(دروودی خوای لەسەر بێت) لەڕێی دوو خاڵی سەرەکییەوە دەردەکەوێ: یەکەم: بەو پێیەی عەقڵی مرۆڤ سنووردارە و بەتەنها ناتوانێ دەرکی هەموو ئەو بنەما و بەها و هێڵە گەورانەی هیدایەتی ڕاستەقینە و پەیوەست بە هەردوو دونیا بکات و بە شێوەی ڕەهایی توانای یەکلایی کردنەوەی هەندێ بابەتی جەوهەری نیە و پێویستی بە ڕاسپاردەی سەماوی هەیە.  دووەم: لەلایەکی تریشەوە هەرچەندە شارستانییەت و زانست و هزر و عەقڵ بگەنە ترۆپکی پێشکەوتن و گەشە و ئاستی باڵاوە، دەبینین ناکۆکی و ململانێ و تێکگیران و پێکدادانی جۆراوجۆر لەنێو مرۆڤایەتی بوونی هەیە و ئاست و چەند و چۆنایەتی ئەمانەش ڕێژەیی و جیاوازە. لەنێو ئەو جەنجاڵی و ناڕۆشنی ئاراستەی ژیان و شارستانییەت و بۆ دۆزینەوەی ڕێی ڕاست و گەیشتن بە هیدایەت، مرۆڤ پێویستی بە دەستگر و ڕێنیشاندەر و نمایندە و پێشەنگێک هەیە، تا بەهۆیەوە بتوانێ هەموو ئەو شتانە بدۆزێتەوە، کە دەبنە مایەی نەجات و بە تێپەڕبوونی زەمەن گۆڕانیان بەسەردا نایەت و وەک مەعدەن دەمێننەوە. ڕوونە کە ئیسلام و پێغەمبەر(دروودی خوای لێ بێ) بەکۆمەڵێک بەرنامە و بنەما و بەهای نەگۆڕەوە هاتوون، هیچ کات و هیچ هۆکار و بارودۆخێک لەو ژیانە کەمیان ناکاتەوە و بەهای خۆیان لەدەست نادەن، بۆ نموونە بنەمای سەرەکی عەقیدە و بیر و باوەڕ باس لەوە دەکا خوا یەکە، ئەم بنەمایە بۆ هەزار ساڵ پێش ئێستا و پاش ئێستا هەمان شتە و گۆڕانی بەسەر نایەت، هەرچەند گۆڕان بە سەر زروف و زەمەن بێت، بەهەمان شێوە چەمکی ئەخلاق و بەها مرۆییەکان، ڕەوشت و ئاکارە جوانەکان، عەدل و عیفەت، عیلم و عەمەلی باش بەردەوام گەوهەر و نایابن و بەهای خۆیان هەیە، هەر بارودۆخێک لە دونیا ڕوو بدات ئەو بەهایانە وەک خۆیان دەمێننەوە و کەم ناکەن. بەمانایەکی تر هەرچیەک هەیە لە باشە و خێر و جوانی و ڕێکی، چ ئەوەی هەستی پێ دەکەین و بوونی هەیە لەسەر ئەرزی واقع، یان بە خەیاڵی مرۆڤ دادێ، لەڕێی ئیسلام و پێغەمبەر(دروودی خوای لێ بێ) بە ئۆممەت گەیشتووە، بە پێچەوانەشەوە هەرچیەک ناشیرین و شەڕ و خراپە و نەگونجاو بێ لەگەڵ پێگە و سروشتی ژیان، ئەوە مرۆڤی لێ هۆشیار و ئاگادار کراوەتەوە، لێرەوەیە خوای گەورە منەتی ناردنی پێغەمبەرمان بەسەر دەکا، چونکە هەموو بەها و جوانییەکانی ژیان و هۆکارەکانی ئاسوودەیی دەروونی و بەرچاوڕوونی لە دیاردە و شتە خراپەکان بەهۆی ناردنی پێغەمبەرەوەیە، کە بۆشاییەکی گەورەی لە ژیانی مرۆڤایەتی پڕ کردۆتەوە و دونیای بە نووری هیدایەت ڕووناک کردووە، وەک دەفەرموێ: (لَقَدْ مَنَّ اللَّهُ عَلَى الْمُؤْمِنِينَ إِذْ بَعَثَ فِيهِمْ رَسُولًا مِنْ أَنْفُسِهِمْ يَتْلُو عَلَيْهِمْ آَيَاتِهِ وَيُزَكِّيهِمْ وَيُعَلِّمُهُمُ الْكِتَابَ وَالْحِكْمَةَ وَإِنْ كَانُوا مِنْ قَبْلُ لَفِي ضَلَالٍ مُبِينٍ) (ئالی عیمڕان/١٦٤) واتە: سوێند بێ بێگومان خوا منه‌تی ناوه‌ته‌ سه‌ر ئیمانداران كاتێك پێغه‌مبه‌رێكی بۆ ڕه‌وانه‌ كردوون له‌ خۆیان ئایه‌ته‌كانی ئه‌ویان به‌سه‌ردا ده‌خوێنێته‌وه‌، دڵ و ده‌روونیان پاك ‏و پوخت ده‌كاته‌وه‌، هه‌روه‌ها فێری قوڕئان ‏و داناییان ده‌كا، به‌ڕاستی پێشتر له‌ گومڕاییه‌كی ئاشكرادا ڕۆچووبوون. کەواتە ئەگەر بمانەوێ (موسوڵمانێکی باش، مامۆستا، فەرمانبەر، دکتۆر، شوفێر، کرێکار، جوتیار، کارمەند، تەنانەت مرۆڤ)ێکی باش بین و بمانەوێ لە هەموو ڕوویێکەوە ڕێی باشتر بدۆزینەوە و بە ئەنجامی باش بگەین و ئاراستەی ژین و ژیانمان بەرەو گەیشتن بە بەها و بنەمای دروست و ڕەسەن بڕوا و دوور بین لە ئاریشە و گرفت و دەردی دەروونی و دونیایی و ببینە براوە و سەرفرازی ئەبەدی هەردوو جیهان، ئەوە ئێستا لەهەر کات پتر پێویستمان بە شوێنکەوتەیی و پێشەنگی و ڕابەرێتی پێغەمبەر(دروودی خوای لێ بێ) هەیە، چونکە هەر ئەو باشترین نمایندە و مامۆستا و سەرمەشقی کاروانی بەختەوەری و دین و ژینە، وەک خوای گەورە لە قوڕئانی پیرۆز فەرموویەتی: (لَقَدْ كَانَ لَكُمْ فِي رَسُولِ اللَّهِ أُسْوَةٌ حَسَنَةٌ لِمَنْ كَانَ يَرْجُو اللَّهَ وَالْيَوْمَ الْآَخِرَ وَذَكَرَ اللَّهَ كَثِيرًا) (ئه‌حزاب/۲۱) واتە: سوێند به‌خوا به‌ڕاستی له‌ پێغه‌مبه‌ری خوادا چاكترین نموونه‌ی ته‌واو و ڕێكوپێك هه‌یه‌ تا چاوی لێ‌ بكه‌ن‏ و شوێنی بكه‌ون، به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی ڕه‌زامه‌ندی خوایان مه‌به‌سته‌، سه‌رفرازی قیامه‌ت ئاواتیانه‌، هه‌میشه‌ و به‌رده‌وام یادی خوا به‌زۆری ئه‌نجام ده‌ده‌ن‏ و زمانیان پاراوه‌ به‌یادی خوداوە.   ۱٠ی رەبیعی یەکەم ۱٤٤۳ک ۱٦ی ئــــــۆکتۆبەری ۲٠۲۱ ز نووسه‌ر: مه‌لا عه‌بدوڵلا شێركاوه‌یی