به‌دوای كۆچی دوایی خاتوو مه‌هسا(ژینا) ئه‌مینی له‌ نه‌خۆشخانه‌ی كه‌سرای تاران، پێوه‌ندییه‌ گشتییه‌كانی جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاو كرده‌وه‌.

ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌ به‌م چه‌شنه‌یه‌:

«مَن قَتَلَ نَفْسًا بِغَيْرِ نَفْسٍ أَوْ فَسَادٍ فِي الْأَرْضِ فَكَأَنَّمَا قَتَلَ النَّاسَ جَمِيعًا وَمَنْ أَحْيَاهَا فَكَأَنَّمَا أَحْيَا النَّاسَ جَمِيعًا» ﴿المائدة: ٣٢﴾‏

مردنی خاتوو مه‌هسا ئه‌مینی كچی گه‌نج و هاوڵاتیمان، ڕووداوێكی گه‌وره‌ و جێی داخه كه دڵی هه‌ر ئیرانییه‌كی خاوه‌ن هه‌ست ده‌هه‌ژێنێت.

به‌داخه‌وه كه هێندێ ڕه‌وتی نادروستیش كه هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر گیان و حوڕمه‌تی شارۆمه‌ندانی ئه‌و خاك و ئاوه، پێگه‌ی ئایین لاواز ده‌كه‌ن.

فه‌رمان به‌ چاكه و قه‌ده‌غه‌ له‌ خراپه‌ نابێ پێچه‌وانه‌ی ڕۆحی شه‌ریعه‌ت بێ كه له‌سه‌ر بنه‌مای ئاسانگێڕی و ڕێنمایی و پاراستن له‌ ناچارییه‌. قوڕئانی پیرۆز به‌رده‌وام بیرمان ده‌خاته‌وه‌ كه پێغه‌مبه‌ر-دروودی خوای له‌سه‌ر بێ- پارێزه‌ر، لێپێچه‌ر، ناچاركه‌ر و ده‌سه‌ڵاتدار به‌سه‌ر خه‌ڵكدا نییه و په‌یام و ئامانجێكی جیا له‌ گه‌یاندنی په‌یامی خوا به‌شێوه‌ی دروست و زانستانه نییه.

جیا له‌وه‌ی كه ده‌ستێوه‌ردانی ده‌سه‌ڵاتداران له‌ هه‌ڵبژاردنی جل و شێوه‌ی ژیانی شارۆمه‌ندان تا چ ڕاده‌یه‌ك ده‌توانێ كارساز بێ، له‌ ڕوانگه‌ی ئایینی موسوڵمانان، پاراستنی حورمه‌تی گیانی مرۆڤ ته‌نانه‌ت له‌ حورمه‌تی كه‌عبه‌ش به‌رزتره‌ و پێغه‌مبه‌ران هاتوون كه خه‌ڵك به‌ره‌و پاراستنی دادپه‌روه‌ری و مافه‌كان بانگه‌شه‌ بكه‌ن.

ئه‌و ڕووداوه‌ دڵته‌زێنه جارێكی تر نیشانی دا كه ڕووداو و پێكهاته‌كان پێویستی به‌ چاكسازی و پێداچوونه‌وه‌یه‌ و نابێ پێداگری له‌سه‌ر شێوازی ناكارامه بكرێ كه هێچ ئامانجێكی جیا له برینداركردنی هه‌ستی مرۆڤایه‌تی و لاوازكردنی حورمه‌تی شارۆمه‌ندان نییه.

 

جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی خۆی به‌ بۆنه‌ی كۆچی دوایی خاتوو مه‌هسا(ژینا) ئه‌مینی ئاراسته‌ی بنه‌ماڵه‌ی داغدار و خه‌ڵكی به‌شه‌ڕه‌ف و سه‌ربه‌رزی سه‌قز و هاوڵاتیانی خۆشه‌ویست ده‌كا و داواكاره‌ به‌ زووترین كات و به‌شێوه‌یه‌كی ڕوون و ئاشكرا به‌دواداچوون به‌و په‌روه‌نده‌یه‌ بكرێ و ئه‌و ڕه‌وته‌ نادروستانه‌ی كه ئاكامی ئاوا تاڵی لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌، چاكسازی بكرێن.

پێوه‌ندییه‌ گشتییه‌كانی جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح

٢٦/٠٦/١٤٠١