بسم الله الرحمن الرحیم الله اکبر الله اکبر الله اکبر، لا اله الا الله و الله اكبر الله اكبر و لله الحمد! جارێکی دیکه به یارمه‌تی و حیکمه‌تی خودای گه‌وره، چووینه‌وه خزمه‌تی جه‌ژنی پیرۆزی قوربان و دووپاتکردنه‌وه‌ی به‌ڵێن و په‌یمان له‌گه‌ڵ قاره‌مانی یه‌کتاپه‌ره‌ستی، و ئه‌و ھه‌له‌مان بۆ ڕه‌خساوه تا وێڕای نه‌ته‌وه‌کانی دیکه، چرای ته‌وحیدی ئیبراھیمی داگیرسێنین و ڕۆح و گیان پێشکه‌شی به‌دیھێنه‌ری ھه‌ردوو جیھان که‌ین، و به که‌ڵک وه‌رگرتن له‌م ڕێکه‌وته پیرۆز و داچڵه‌کێنه‌ره، په‌تی ئاڵۆزی و شێوایی له پای مه‌لی ئاوه‌ز و عه‌قل بکه‌ینه‌وه و به‌ره‌و ھهڵفڕینێکی مه‌عنه‌ویی و تێفکرین له ڕێباز و ئه‌ندێشه‌ی ئیبراھیمی باڵ بگرینه‌وه و بیرکه‌نه‌وه که ڕازی ئه‌و ھه‌مووه لهخۆبڕانهی ئیبراھیم چی بوو؟ بێشه‌ی ئه‌ندیشه‌ی ئه‌و چ ئاگرێکی تێبه‌رببوو که به ته‌نیا خۆی، ھه‌م له‌گه‌ڵ نه‌فسی سه‌رکێشیدا تێکه‌وت و ھه‌م ڕه‌خنه‌ی بێپه‌رده‌ی له کلتووری ھاوچه‌ری خۆی، به‌تایبه‌ت کلتووری باو و باپیرانی گرت؟! ئه‌م به‌نده باش و تۆبه‌کاره، چۆن خۆی په‌روه‌رده کردبوو که بۆ ڕێزگرتن له یاساکانی په‌روه‌ردگاری، باو و باپیرانی به لادان و «ضلال م‌بین» مه‌حکوم کرد و ئاماده بوو بۆ ڕه‌زامه‌ندی ئه‌و، ناز و نیازی بنهماڵهکای فیدای ڕاز و نوێژی ئه‌و بکات و ژن و منداڵ بخاته داوێنی سارایه‌کی گه‌رم و بێ‌ئاو و کێشه‌ی ئاواره‌بوون و خزمه‌تکردنی که‌عبه و ئه‌نجامی کڕنۆش؟ و گرینگتر و سهرسووڕھێنرتر له‌وانه، ئه‌وه‌ی که خودای گه‌وره، له پێوانه‌ی ئیبراھیم دا، چ پێگه و پله وپایهیێکی بوو که خۆ به‌ختکردن به‌وی به لووتکه‌ی سازکردن و ئاوه‌دانی ده‌زانی و بێ ئه‌وەی گوێ له سۆزی ھزر و لۆمه‌ی خه‌ڵکی بگرێ، منداڵه‌که‌ی کرده قوربانی گه‌وره‌یی په‌روه‌ردگار و گیانی خۆیی و قوڕگی کوڕه‌که‌ی ده‌دڕی تا عه‌بای وفا و جلی ئیخلاسی پینه‌ی عه‌یب نه‌گرێ؟! جه‌ژنی قوربان وێڕای ئه‌وه‌ی که یه‌کێ له دوو جه‌ژنی ئومه‌تی ئیسلامییه، ڕێکه‌وتێکه بۆ جه‌ژن و شادی و ڕاخستنی سفره و خوانی جه‌ژن و سه‌ردانی خزم و که‌س و پێشکه‌ش کردنی خۆشه‌ویستی به خه‌ڵکی، ناوه‌ڕۆکه‌که‌ی بانگه‌وازه بۆ له‌نوێ پێناسه‌کردن و نۆژه‌ن کردنه‌وه‌ی «پێوانه« و ھه‌ڵسه‌نگاندنی ڕه‌فتار و له‌پێشدانانی ڕه‌زایه‌تمه‌ندی خودا له ھهڵسوکهوتهکاندایه، ھه‌ڵه‌کردن له »پێوانه‌کردن» و ھه‌ڵسه‌نگاندنی ڕه‌فتاره‌کان، ھه‌رچه‌ن خهرجاوی و زیانده‌ره، به‌ڵام له‌گه‌ڵ مه‌ترسی «خراپ پێوانه‌کردن» کە ھه‌موو چالاکییه‌ک تووشی عه‌یب و لادان ده‌کا، به‌راورد ناکرێ، جه‌ژنی قوربان به ڕۆڵی بێوێنه‌ی خۆی له چاکسازی پێوانه‌کان و جه‌ختکردن له‌سه‌ر له‌پێشبوونی بیرۆکه‌ی خودایی له ھه‌ڵسه‌نگاندنه‌کان و پێویستی به ئامادەکردنی قوربانی کردنی خواست و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کان که له‌گه‌ڵ ڕه‌زامه‌ندی په‌روه‌ردگاردا یه‌ک نه‌گرنه‌وه، بانکی ته‌وحیدی ئیبراھھیمی له سه‌ربانی مێژوو و دووپاتکردنه‌وه‌ی ده‌نگی داچڵهکێنهری «ڕزگاری عه‌قڵه له داوی مێژوو و کۆمه‌ڵگا» و «پچڕاندنی په‌تی پشتبه‌ستن به مه‌خلووق و گه‌یشتن به خالق»ه و ئه‌مه‌یه ڕازی پڕبایهخبوون و پیرۆزی ئه‌م جه‌ژنه پڕوانه و شکۆمه‌نده! به پێی ئه‌رکی ئیمانی و کۆمه‌ڵایه‌تی، ھاتنی ئەم جه‌ژنه گه‌وره، له قووڵایی دڵەوه له ئۆممه‌تی ئیسلامی و ھه‌مووی ھاووڵاتیانی به‌ڕێز، به تایبه‌ت ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی «جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح» پیرۆزبایی ده‌که‌م و وه‌ک بیرھێنانه‌وه، له به‌ر چاو گرتنی ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه پێشنیار ئه‌ده‌م : ئا) تێ‌بکۆشین تا به وەرگرتنی په‌یامی ڕاسته‌قینه حه‌ج و قوربانی ـ که ھه‌مان ته‌رک و به‌جێھێشتنی پێوه‌ندییه ناسازگارهکانه له‌گه‌ڵ بیرۆکه‌ی ته‌وحیدی دا ـ به‌ستێنی وەرگرتنی پیت و به‌ره‌که‌ته‌کانی ئه‌م دروشمه ئیسلامییه له که‌سایه‌تی و کۆمه‌ڵگای ئیسلامیماندا و نه‌ھێڵین ئیلھام و په‌یامی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌م دروشمانه له به‌ڕێوه بردنی ڕێوڕه‌سمی زاھیری و کۆمه‌ڵایه‌تی جه‌ژندا ون ببێت. ب) ھێرش و په‌لاماری ئه‌م دواییانه‌ی زایۆنیسته‌کان بۆ سه‌ر مزگه‌وتی ئه‌قسا له‌گه‌ڵ په‌یامی ئیبراھیم و ئامێره عه‌مه‌لییه‌کانی ته‌وحید ھه‌ڵسه‌نگێنین و به به‌راوردێکی خواویستانه، به دوای ڕازی دواکه‌وتوویی و جیاوازی ئێستای موسوڵماناندا بگه‌ڕێین و به پێداچوونه‌وه‌یه‌ک به خۆماندا، ئه‌م پرسیاره بکه‌ین که ئایا بێ ئه‌مه‌کی و بێبهرپرسیارییهتی عهمەلی، له‌گه‌ڵ ئه‌رکی ئایینی و به‌ڵێنه قورئانییه‌کانی موسوڵمانێکدا سازگارە؟ ج) به گوێره‌ی ئه‌وه‌ی که سازکردنی به‌ستێنی ھه‌موولایه‌نه بۆ ئاسانکاری له دینداری، ئه‌رکی سه‌ر شانی ھه‌مووی ئێمه‌یه، داوا ده‌کرێ که له گرتن و به‌ڕێوه‌بردنی ڕێوڕه‌سمی دژوار له به‌ره‌وپیرچوونی حاجیان که له‌گه‌ڵ کلتووری ئایینی‌دا سازگار نییە و به‌ڕێوه‌بردنی فه‌ڕزه‌کان دژوار ده‌کات، خۆمان بپارێزین. له کۆتاییدا، وێڕای دووپاتکردنه‌وه پیرۆزبایی جه‌ژن، له خوای مه‌ننان داواکارم که حه‌جی حاجیان وه‌ر بگرێ و ئوممه‌تی ئیسلامی له ڕێگای دینداری و نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی گه‌وره‌یی و شکۆی شیاوی خۆی، سه‌رکه‌وتوو بکات. عه‌بدولڕه‌حمان پیرانی ئه‌مینداری گشتی جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسڵاح
بۆچوونه‌کان