ئێواره‌ی ڕۆژی پێنج شه‌ممه 28ی جۆزه‌ردان، ڕێوڕه‌سمی کۆچی دوایی ئه‌حمه‌دی قازی، نووسه‌ر و وەرگێڕی کورد له مزگه‌وتی جامێعای شارۆچکه‌ی «خۆرئاوا»ی تاران به‌ڕێوه چوو. لەم ڕێوڕه‌سمه‌دا، ھه‌ندێک له که‌سایه‌تییه سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی، فه‌رھه‌نگی و ئه‌ده‌بی کۆمه‌ڵی کورده‌کانی دانیشتووی پێته‌ختی ئێران و نوێنه‌رانی ھه‌رێمی کوردستانی عێراق لە ئێران و ده‌سته‌یه‌ک به نوێنه‌رایه‌تی جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاحی ئێران کۆ بوونه‌وه. له سه‌ره‌تای ئه‌م ڕێوڕه‌سمه‌دا، محه‌مه‌د عەلی سوڵتانی نووسه‌ری کرماشانی به سه‌رخۆشیکردن له کۆمه‌ڵگای کورده‌واری و خه‌ڵکی ئێران، کۆچی ئه‌حمه‌دی قازی به خه‌سارێکی گه‌وره بۆ کۆمه‌ڵی نووسه‌رانی کورد و ئێران دانا. پاشان سه‌عد قازی، برازای خوالێخۆشبوو ئه‌حمه‌دی قازی، به بیرھێنانه‌وه‌ی مێژووی بنه‌ماڵه‌ی قازی، ئه‌م خوالێخۆشبووهی به تێکۆشه‌رێکی ڕێگای کلتوور، مێژوو و ئه‌ده‌بی کوردستان ناوبرد که له‌م ڕێگادا ھه‌موو شتێکی خۆی پێشکه‌ش کردوە. له درێژه‌ی کۆڕه‌که‌دا، جگه‌رخوێن، جێگری نوێنەری ناوچه‌ی کوردستان له ئێران با خوێندنه‌وه‌ی په‌یامی سه‌ره‌خۆشی مەسعود بارزانی، پرسه و سه‌رخۆشی کاک مه‌سعوودی ئاراسته‌ی خه‌ڵکی کوردستان کرد. ھه‌روه‌ھا ئه‌حمه‌د غه‌زالی نێردراوی تایبه‌تی نێچیرڤان بارزانی په‌یامی سه‌رۆک وه‌زیرانی کوردستان عێراق خوێنده‌وه له چه‌ن وته‌یه‌کدا، باسی له چه‌ن ڕه‌ھه‌ندێکی ژیانی ئه‌م نووسه‌ره کرد. «نازم ده‌بباغ» نوێنه‌ری ھه‌رێمی کوردستانی عێراق لە ئێران، کۆچی دوایی ئه‌م که‌ڵه‌پیاوه‌ی به خه‌سارێکی گه‌وره بۆ مێژوو و ئه‌ده‌بی کوردستان دانا. له‌م ڕێوڕه‌سمه‌دا نوێنه‌رانی جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاحیش به‌شدارین کرد و په‌یامی ئه‌مینداری گشتی جه‌ماعه‌ت له‌وێ خوێندرایه‌وه : إنّا لله و إنّا إليه را‌جعون جارێکی تر، بلیمه‌تێکی گه‌وره له گوڵزاری کلتوور و ئه‌ده‌بی کوردی، به‌ره‌و ئه‌و دونیا کۆچی کرد و بای ئه‌جه‌ل، ئه‌ستێره‌یه‌کی پڕشنگداری ئاسمانی ھونه‌ری و ئه‌ده‌بی کوردستانی کوژانه‌وه، مامۆستا ئه‌حمه‌دی قازی گوڵێکی بۆنخۆش له بنه‌ماڵه‌ی قازیه‌کانی مه‌ھاباد و تێکۆشه‌رێکی که‌م وێنه بوو که به به‌ره‌که‌تی بنه‌ماڵه‌یی و که‌سایه‌تیه‌کی پوخته و لێھاتوو که بووی، له لوتکه‌ی به‌رزی مرۆڤایه‌تیه‌وه بۆ ژیانی ده‌ڕوانی و ژیانی خۆی به‌خشی به پڕپیت کردنی ئه‌ده‌ب و کلتووری نه‌ته‌وه‌که‌ی و به پێشکه‌ش کردنی ئاسه‌واری به‌نرخ و که‌م وێنه، یاد و ناوی خۆی له مێژووی گه‌لی کورددا ھه‌رمانه کرد، کێیه بڕوانێته سه‌مای دڵڕفێنی ئه‌ده‌بی کوردی و ده‌سخۆشی له لێھاتووی و بلیمه‌ته‌ی ئه‌حمه‌دی قازی، کارزانی کاروانی «سروه» نه‌کات! به نوێنه‌رایه‌تی له برایان و خوشکانم له جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاحی ئێران، کۆچی ئه‌م ئازیزه به‌ڕێزه به لایه‌نگرانی فه‌رھه‌نگ و ھونه‌ر به‌تایبه‌ت خه‌ڵکی ھونه‌ردۆستی کورد، سه‌ره‌خۆشی ده‌ڵێم و له خوای گه‌وره بۆ ئه‌و کۆچکردووه، لێخۆشبوو‌ن و به‌ھه‌شتی به‌رین و بۆ که‌س و کاری سه‌بر و خۆڕاگری و پاداش داوا کارم. عبدالرحمن پیرانی 28 ی جۆزه‌ردانی 1394
بۆچوونه‌کان