ئه‌و ڕووداوانه‌ی که ئه‌وساڵ له کاتی حه‌جی ته‌مه‌تتۆع له مه‌ککه ڕووی دا، له چه‌ند لاوه پێویستی به شیکردنه‌وه و توێژینه‌وه هه‌یه و نابێ به ساکاری لێی تێپه‌ڕین: یه‌که‌م) ئێستاش زۆر له پرس و ده‌ستووره‌کانی ئه‌و بواره واته حه‌ج، پێویستیان به پێداچوونه‌وه‌یه‌کی بنه‌ڕه‌تی هه‌یه. بۆ نموونه بۆچی بۆ چوونه حه‌ج، ته‌نیا مه‌رجی توانای ماڵی ڕه‌چاو ده‌کرێت به‌ڵام توانای جه‌سته‌یی، ئاوه‌ز و ده‌روون ڕه‌چاو ناکرێت؟ ئایا ناکرێت فتوایه‌کی وا ده‌ربکرێ که ئه‌گه‌ر که‌سێک تا تامه‌نی 70 ساڵی نه‌یتوانی فه‌ڕزی حه‌ج به‌جێ بێنیت، ئیتر گله‌یی له‌سه‌ر نه‌بێت و باشتر وابێت که نه‌بنه هۆکاری زه‌حمه‌ت بۆ ده‌ورووبه‌ریان و به‌رپرسان ؟!- ئایا ناکرێت فه‌رمانی قه‌ده‌غه کردنی زیاتر له یه‌ک که‌ڕه‌ت حه‌ج کردن ده‌ربکرێ؟ و زۆر که‌سی تر زیاتر له یه‌ک ده‌هه چاوه‌ڕوان نه‌مێننه‌وه؟! له نه‌ریت و ڕێ و ڕه‌سمی حه‌جیشدا، ئێستاش فتوای جۆراوجۆر و دژ به‌یه‌کی ئایینزا جیاوازه‌کان، هۆکاری زۆرێک له گرفته‌کانی پێشهاتوون. دووهه‌م) کاره‌ساتی سه‌ره‌کی جیهانی ئیسلام ده‌بێ له دوو بواری زۆر گرینگدا تاووتوێ بکرێت: ئه‌لف) به‌ڕێوبه‌رایه‌تی، که پێوه‌ندی به ده‌سه‌ڵاتداران و ده‌وڵه‌ته‌کان هه‌یه. ب) کو‌لتوور، که پێوه‌ندی به ته‌واوی خه‌ڵک هه‌یه. ئه‌لف) به‌ڕێوبه‌رایه‌تی شێوازی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی جیهانی ئیسلام، زۆر نه‌شیاو، دوور له زانست، سوننه‌تی و له‌سه‌ر بنه‌مای بیر و ڕای خۆیی و هۆز و قه‌بیله‌ییه. له‌و شێوازه به‌ڕێوبه‌رایه‌تییه‌دا، هه‌ڵبژاردنی به‌ڕێوبه‌ران هیچ بنه‌مایه‌کی زانستی نییه. به‌ڵکو هه‌ڵبژاردنیان له‌سه‌ر ئه‌ساسی ڕانت و پێوه‌ندی قه‌بیله‌یی و ڕێژه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارییه. ڕه‌نگه خوێنده‌واری زانکۆ و لێهاتوویش به‌ڕواڵه‌ت ڕه‌چاو بکرێت و به بڕوانامه‌ی درۆینه به بێ تێپه‌ڕاندنی پله‌ی زانستی هێندێکیان ده‌ست نیشان بکرێن؛ که خاوه‌ن ئه‌و بڕوانامانه ڕه‌نگه له قوتابخانه‌شدا ئاماده نه‌بووبن. ئه‌گه‌ر وه‌رگرتنی بڕوانامه، کێشه‌یه‌کی نه‌بێت، ئه‌زموون و تێپه‌ڕاندنی قۆناغه‌کانی ئیداری و یا به ڕۆژ بوونی یه‌ک شه‌وه و له‌نه‌کاو، ده‌گات به به‌رزترین پله‌ی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی له ئاستی وه‌زاره‌تدا. له خه‌ساره‌کانی تری به‌ڕێوبه‌رایه‌تی له جیهانی ئیسلام، نه‌بوونی پێوه‌ندی نێوان ڕشته‌ی خوێنده‌واری به‌ڕێوبه‌ران، له‌گه‌ڵ بواری کارییانه. له‌وانه‌یه که‌سانێک هه‌بن که له بواری پزیشکیدا خوێنده‌واریان هه‌بێت به‌ڵام له به‌شی پیشه‌سازی و کانگا و یا وه‌زاره‌تی وڵات دا کار بکه‌ن و ساڵانێکی زۆر به تێکۆشان و هه‌ڵه‌ی ئه‌وان، سه‌رمایه و پاره و سامان و مرۆثی کۆمه‌ڵگا به فیڕۆ ده‌چیت و به‌دوا ئه‌وه‌شدا، متمانه‌ی خه‌ڵک، له‌ناو ده‌چیت که گرینگ‌ترین سه‌رمایه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی یه‌ک وڵاته. دان به‌هه‌ڵه نه‌دان و نه‌سه‌لماندنی به‌رپرسیاره‌تی شکسته‌کانیش له نه‌خۆشییه‌کانی باو له به‌ڕێوبه‌رایه‌تی وڵاته پاشکه‌وتوو و وڵاته ئیسلامییه‌کانه. که‌متر به‌ڕێوبه‌رێک هه‌یه که هۆکاری که‌وتنه خواری فڕۆکه یا ڕووخانی بورجێکی چه‌ند قاتی یا ئاگر گرتنی ماشێنێک، هه‌ڵه‌ی ئه‌ندامانی ژێر به‌ڕێوبه‌ری خۆی یا که‌م وکووڕی له پێکهاته‌ی ده‌زگاکانی ئیداری و ئلیکترونیکی دروست کراو له کارخانه‌کانی به‌شی کاری خۆی، بزانێت. به‌ڵکو له هۆکارێکی مرۆثی یا ژووره سروشتی ده‌گه‌ڕێن که ده‌ره‌نجامی ئه‌و خه‌سار و شکسته بخه‌نه گه‌ردن ئه‌و. ڕێژه‌ی به‌ڕێوبه‌رانێک که هه‌ست به به‌رپرسیاره‌تی و داوای لێبوردن کردن له خه‌ڵک و پاشه‌کشه کردن له پۆست و مه‌قامی ڕێکخراوه‌ی خۆیان بکه‌ن، له‌وانه‌یه به‌ڕێژه‌ی قامکانی ده‌ستێکیش نه‌بن، واته زۆر به‌ده‌گمه‌ن هه‌ڵکه‌وتوون. له‌و نێوانه‌دا، به‌ڕێوبه‌رایه‌تی مه‌زنی عه‌ڕه‌بستانی سعودی، به هۆی پێکهاته‌ی قه‌بیله‌یی و نه‌بوونی ده‌وڵه‌تێکی مۆدێڕنی ڕاسته‌قینه له‌و وڵاته‌دا، زۆر نه‌شیاو بوو و ڕوون وزانستی و وه‌لآمده‌ر نه‌بوو. ئه‌و خه‌سارانه و زیانه‌کانی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی، له پارته‌کانی سیاسی و ناوه‌نده‌کانی کۆمه‌ڵایه‌تی وڵاتانی ئیسلامیش، به شێوازێکی به‌رچاو خۆده‌نوێنن. به‌ده‌گمه‌ن هه‌ڵده‌که‌وێت که ڕێبه‌ران و به‌ڕێوبه‌رانی پارته‌کانی سیاسی (هه‌ردووک به‌شی ئیسلامی و سکولاری)، له بواره‌کانی ڕێکخراوه‌یی و به‌ڕێوبه‌رایه‌تی و به‌شه‌کانی پێوه‌ندیدار، خوێنده‌واریان هه‌بێت و لێهاتوویی و ئه‌زموونی ته‌واو و پێویستیان هه‌بێت. بانتری ده‌سه‌ڵاتی کاریزمایی، تا دواکاتی ژیان ڕیبه‌ر بوونی ڕێبه‌رانی ئه‌و حیزبانه، ڕاثه و لێکدانه‌وه‌ی ئیدئۆلۆژیک، پیلان گێڕان و له تاوانبار و خه‌تابار گه‌ڕان، ئه‌مپریالیسم و سه‌رمایه‌داری، جیهانی بوون، کۆنه په‌رستی، دوا که‌وتوویی و نه‌خوێنده‌واری زۆرینه‌ی خه‌ڵک، حکومه‌ت و ته‌نانه‌ت هۆکاره‌کانی جوگرافیایی و هه‌رێمیش، له لایه‌ن ئه‌و پارت و ڕێبه‌ره‌کانیان، بۆ پاکانه‌ی شکستی به‌رنامه‌کانییان و نه‌گه‌یشتن به ئامانج، و له ده‌ره‌نجامدا خه‌ساره‌کانی پێشهاتوو، بانگهێشت ده‌کرێن. ب) کو‌لتوور له کۆتایی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا واته له ده‌هه‌ی هه‌شتا به‌دواوه، فه‌رهه‌نگ له پێشکه‌وتندا ڕۆڵی زۆر گرینگی هه‌بووه. وتار و کتێبی زۆر سه‌باره‌ت به بواری کولتووری پێشکه‌وتن، نووسراوه و کۆڕ و دانیشتنی زۆر و به‌رچاو به‌ڕێوه چوون. به‌ڵام به‌داخه‌وه، ئێستاش که له سه‌ده‌ی بیست و یه‌که‌م دایین، حکومه‌ت، حیزب و ناوه‌نده‌کانی کۆمه‌ڵایه‌تی له وڵاتانی ئیسلامی، له‌و بابه‌ته گرینگه نه‌گه‌یشتوون. ده‌سه‌ڵاتدارانی جیهانی ئیسلام، که‌مترین بوودجه بۆ بابه‌ته‌کانی کولتووری و ڕاهێنان له‌و بواره‌وه خه‌رج ده‌که‌ن. سیاسه‌ته‌کانی فه‌رهه‌نگی، له چوار چێوه‌ی بۆچوونی سیاسی و ئیده‌ئۆلۆژیک ده‌سه‌ڵاتداران و سیاسه‌تمه‌دارانێک که له‌لایه‌ن یه‌ک هۆز یا لایه‌ن و بزوتنه‌وه‌یه‌ک، به ده‌سه‌ڵات گه‌یشتوون، نووسراون و بلآو کراونه‌ته‌وه. حیزبه‌کان، ناوه‌ند و چالاکوانانی کۆمه‌ڵایه‌تیش، یا له ته‌نگه‌ژه‌ی ته‌نیا کرده‌وه خوازی به مه‌به‌ستی تێک ڕوخاندنی حکومه‌ت و به‌ده‌ست هێنانی ده‌سه‌ڵات به هه‌ر نرخێک که‌وتوون و بۆ ئه‌وه‌ی که ڕکه‌به‌ری به‌رامبه‌ریان شکست بده‌ن، مێژوو و کو‌لتوور و ڕه‌وشت و دادوه‌ری له پێناو به‌ده‌ست هێنانی ده‌سه‌ڵات قوربانی ده‌که‌ن. یا ئه‌وه‌یکه، ته‌نیا خه‌ریک لێکدانه‌وه و ڕه‌خنه گرتنی دۆخێکن که تێیدان و چون له گۆڕه‌پانی کرده‌وه و هه‌نگاوناندا شکست ده‌هێنن و به مراد ناگه‌ن، کێشه‌وبه‌ره له‌گه‌ڵ بڕواگه‌لی کۆمه‌لگا ده‌که‌ن، که له‌و نێوانه‌دا ئایینی ئیسلام به نه‌شیاو بوون و داماوی تۆمه‌تبار ده‌که‌ن. هه‌روه‌ک که، پارت و ناوه‌نده کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانیش که لایه‌نگری ئایینن، به‌کار نه‌هێنانی ئامۆژه و زانسته‌کانی ئایینی، هۆکاری هه‌موو کێشه و گرفته‌کانی کۆمه‌ڵگا ده‌زانن و باشترین چاره‌سه‌ریش، له ڕاگه‌یاندن و فێر کردنی بڕوا و ده‌ستووره‌کانی ئایینی‌دا ده‌بینن. به‌و واتایه، له کاتێکدا که زۆرینه‌ی حکومه‌ته‌کانی وڵاتانی ئیسلامی له به‌ڕێوه‌بردنی وڵات‌دا داماون، حیزبه‌کان، ناوه‌نده‌کان و چالاکوانانی کۆمه‌ڵایه‌تیش، ته‌نیا به شێوازی ناچالاک و کاردانه‌وه‌یی، له نێو ڕه‌وتی ڕامیاری و پیشه‌ی ڕامیاریدا نوقم بوون و بۆ رێکخستنی داهاتوویه‌کی باشتر، که له‌سه‌ر بنه‌مای لێهاتوویی که‌سه‌کان و چاکسازی ژێر بنه‌ماکانی ڕه‌وشتی و کولتووری کۆمه‌ڵگا بێت، به‌داخه‌وه، نه قسه‌یه‌کیان بۆ گوتن هه‌یه و نه به‌رنامه‌یه‌ک بۆ کردار. لێره‌دا، ڕووی قسه‌ی من زۆرتر به حیزب و ته‌یاره ئیسلامییه‌کانه که بۆ ئه‌وان شیاوتر و جوانتر وایه تا ئه‌وه‌ی که سه‌رقاڵی سیاسه‌ت و چالاکی سیاسی بن، زۆرتر له ڕابردوو خه‌ریک چاک سازی ڕه‌وشت و کولتووری کۆمه‌لگا بن و بایه‌خی پێ بده‌ن و به جێی ته‌نیا فێر کردنی چه‌مک و ده‌ستوره‌کانی ئیسلامی، به په‌روه‌رده‌ی ڕێبه‌ران و به‌ڕێوبه‌ران و چالاکوانانی کۆمه‌ڵایه‌تی به شێوازی نوێ و گونجاو له‌گه‌ل پێداویستییه‌کانی کۆمه‌ڵگای خۆیان خه‌ریک بن. به‌ڕاستی جێی سه‌رسووڕمانه که ئێستاش، هێندێک له لایه‌نه ئیسلامییه‌کان له بیری موسوڵمان کردنی موسوڵمانان دان!! له کاتێکدا خه‌ڵکی کۆمه‌ڵگا ئیسلامییه‌کان موسوڵمانن و گومانی تێدا نییه. مه‌گه‌ر نابینین که هه‌موو ساڵێک ده‌یان ملوێن که‌س له سه‌رتاسه‌ری وڵاته ئیسلامییه‌کان بۆ حه‌جی عومڕه و ته‌مه‌تتۆع ده‌چن، سه‌دان ملوێن که‌س له نوێژه‌کانی ڕۆژانه و جومعه‌دا به‌شداری ده‌که‌ن، ڕۆژوو ده‌گرن و زه‌کات ده‌ده‌ن. که‌واته باشتر وایه، به جێی ئه‌وه‌ی که به بیری موسوڵمان کردنی موسوڵمانانی خۆمان بین!! باشتره به بیری ئه‌وه بین که لێهاتوویان بکه‌ین. به بۆچوونی من، تێڕوانینێکی زۆر کورت و گوزه‌را به خه‌ساره‌کانی فه‌رهه‌نگی و کۆمه‌ڵایه‌تی خواره‌وه که له جیهانی ئیسلامدا به ڕێژه‌یه‌کی زۆر و به‌رچاو هه‌یه و له کۆسپ و له‌مپه‌ڕه‌کانی جددی گۆڕانکاری و نووژه‌ن کردنه‌وه ئه‌ژمار ده‌کرێن، وا پێویست ده‌کات که لایه‌نه‌کان، ناوه‌نده‌کان و چالاکوانانی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌و کۆمه‌ڵگایانه‌دا، پێداچوونه‌وه‌یه‌کی گشتی و بنه‌ڕه‌تی به‌سه‌ر سیاسه‌ته‌کان، ئامانجه‌کان و به‌رنامه‌کانی خۆیاندا بکه‌ن و گرینگی دان به ڕاهێنان و چاکسازی کولتووری به ڕاده‌ی توانایان، له سه‌ره‌تای چالاکییه‌کانی خۆیان دانێن. 1. هه‌رچه‌ند خه‌ڵکی ئێمه موسوڵمانه، به‌ڵام به‌داخه‌وه کاتی خۆیان به فیڕۆ ده‌ده‌ن و نرخێک بۆ کاتی دیترانیش دانانێن. 2. هه‌رچه‌ند خه‌ڵکی ئێمه موسوڵمانه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ی کتێب نامۆن. 3. هه‌رچه‌ند خه‌ڵکی ئیمه موسوڵمانه، به‌ڵام له به فیڕۆدانی وزه و زێده‌ڕۆیی له‌ودا هیچ هه‌ست به‌تاوان ناکه‌ن. 4. خه‌ڵکی ئێمه موسوڵمانه به‌ڵام له‌گه‌ڵ وه‌رزش نامۆن و به‌رنامه‌یه‌کیان بۆ نییه. 5. خه‌ڵکی ئێمه موسوڵمانه به‌ڵام شێوازی دروستی خه‌رج کردن نازانن. 6. خه‌ڵکی ئێمه موسوڵمانه به‌ڵام ئاماده نین کاری به‌کۆمه‌ڵ و ده‌سته‌یی بکه‌ن. 7. خه‌ڵکی ئێمه موسوڵمانه به‌ڵام به‌هۆی په‌روه‌رده‌ی هه‌ڵه‌ی نێو خێزانی و قوتابخانه، به‌رزه خۆیی نزمیان هه‌یه و گرینگی به سه‌ربه‌خۆیی له بۆچوون و کرده‌وه‌کانیاندا ناده‌ن. 8. خه‌ڵکی ئێمه موسوڵمانه به‌ڵام گرینگی ناده‌ن به خاوێنی ده‌ورووبه‌ر و پاراستنی ژینگه و گوێی ناده‌نێ. 9. خه‌ڵکی ئێمه موسوڵمانه به‌ڵام له پاراستنی ماڵی گشتی که‌متر خه‌من. 10. خه‌ڵکی ئێمه موسوڵمانه به‌ڵام تووشی نه‌خۆشی به‌رتیل وه‌رگرتن و به‌رتیل دان بوون. 11. خه‌ڵکی ئێمه موسوڵمانه به‌ڵام هه‌ڵسه‌نگاندنی خۆیان له‌گه‌ڵ دیتران و داوه‌ری له‌سه‌ر خه‌ڵک، بۆته له‌مپه‌ڕ له ئاست هاودڵی و هاوڕێییان له‌گه‌ڵ دیتران. 12. خه‌ڵکی ئێمه موسوڵمانه به‌ڵام له ماڵ و له قوتابخانه فێر نه‌بوون که له‌بابه‌تی خۆیی و نه‌هێنی دیتراندا خۆ تێوه‌رنه‌ده‌ن و بازنه‌ی سه‌ر به‌خۆیی یه‌کتر بپارێزن. 13. خه‌ڵکی ئێمه موسوڵمانه به‌ڵام ڕانه‌هاتوون که به بێ شاره‌زایی و یا ئاگاداری پێویست نابێ له‌هه‌موو شتێکدا بۆچوون ده‌ربڕن. 14. خه‌ڵکی ئێمه موسوڵمانه به‌ڵام به نه‌خۆشی دووڕوویی، درۆ و مه‌رایی تووش بوون. 15. خه‌ڵکی ئێمه موسوڵمانه به‌ڵام ته‌عاروف و ڕه‌سم و یاسایی زیادی و به‌رده‌ستگیر، ژیانیان ئیفلیج کردووه. 16. خه‌ڵکی ئێمه موسوڵمانه به‌ڵام ئازار ده‌بینن له‌وه‌یکه گه‌شت و گوزاریان نییه؛ چونکه پێداویستی ته‌واویان بۆی نییه یا له‌گه‌ڵ فه‌رهه‌نگی ڕابواردن و سه‌یران کردن نامۆن. 17. خه‌ڵکی ئێمه موسوڵمانه به‌ڵام بێ هیچ هۆکارێک، ڕقیان له سه‌رمایه و ده‌وڵه‌مه‌ندانه، له کاتێکدا هه‌موویان بۆ به‌ده‌ست هێنانی پاره ده‌ست و پێی خۆیان ده‌شکێنن و بۆ به‌ده‌ست هێنانی هه‌رچی زۆرتری هه‌ر خه‌رجییه‌ک ده‌که‌ن!! 18. خه‌ڵکی ئێمه موسوڵمانه به‌ڵام په‌له کردن و بۆ گه‌یشتن به ئامانج، به‌دوا ڕێگا نێو‌بڕ و که‌م خه‌رج دا چوون، له نێوانیاندا، بۆته نه‌ریت و پۆڕ و ئارامی له ژیانیان ئه‌ستاندووه. 19. خه‌ڵکی ئێمه موسوڵمانه به‌ڵام هه‌موویان به‌دوا کار و دامه‌زران له نێو ده‌زگاکانی حکومه‌تی دان له کاتێکدا هۆکاری ته‌واوی گرفته‌کان له حکومه‌ت ده‌زانن. 20. خه‌ڵکی ئێمه موسوڵمانه به‌ڵام له لووتکه‌ی یاساشکێنی و دژایه‌تی داب و ده‌ستوور دان. 21. خه‌ڵکی ئێمه موسوڵمانه به‌ڵام زمان لووسی و قسه‌زانی و بیرۆکه‌وانی له پێشتر ده‌زانن، له هه‌ر هه‌نگاونان و کرده‌وه‌یه‌ک که ببێته هۆی گۆڕانکارییه‌کی هه‌رچه‌ند چووکیش. 22. خه‌ڵکی ئێمه موسوڵمانه به‌ڵام به‌رده‌وام ڕوخسارێکی ترش و تاڵ و جددیان هه‌یه و له ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی ڕۆژانه‌یاندا له که‌مترین زه‌رده‌خه‌نه و پێکه‌نین خۆده‌پارێزن. 23. خه‌ڵکی ئێمه موسوڵمانه به‌ڵام به جه‌فه‌نک و ته‌وس لێدان و چیرۆک، گاڵته به‌یه‌کتر ده‌که‌ن. 24. خه‌ڵکی ئێمه موسوڵمانه به‌ڵام به‌ڕاستی دیترناپه‌زێرن و هه‌ڵسووکه‌وتیان ته‌نیا له‌سه‌ر بنه‌مای جنسایه‌تی، ڕه‌گه‌ز، زمان و ئایینزا و به‌رژه‌وه‌ندی گروپ و حیزبی ڕێک ده‌خه‌ن. 25. خه‌ڵکی ئێمه موسوڵمانه به‌ڵام به جێی لێکۆڵینه‌وه و شوێنگری وردی هه‌واڵ و قسه، له سه‌رچاوه‌ی جێ متمانه و سه‌ره‌کی، به ده‌نگۆ و بیستراوه‌کان ڕازی ده‌بن. 26. خه‌ڵکی ئێمه موسوڵمانه به‌ڵام به‌رده‌وام له که‌سێک ده‌گه‌ڕێن که یارمه‌تیان بدات یا هه‌موو تاوانه‌کان به‌سه‌ر ئه‌ودا ساخ که‌نه‌و هیچ خۆیان له ئاست شکست و سه‌رکه‌وتندا به‌رپرس نه‌زانن. 27. خه‌ڵکی ئێمه موسوڵمانه به‌ڵام به‌رده‌وام یا له سیاسه‌ت هه‌ڵدێن یا سیاسه‌تمه‌داران وه‌ک ڕێوی به فێڵه‌زان ده‌ناسێنن یا سیاسه‌ت زه‌ده‌ن و ڕێژه‌یه‌کی میانه‌ڕه‌ویان له سیاسه‌تدا نییه. 28. خه‌ڵکی ئێمه موسوڵمانه به‌ڵام ئاماده نین داوای لێبوردن له‌یه‌کتر بکه‌ن و دڵی یه‌کتر بده‌نه‌وه. 29. خه‌ڵکی ئێمه موسوڵمانه به‌ڵام هه‌میشه به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان و هۆزه‌که‌یان له پێش به‌رژه‌وه‌ندی کۆمه‌ڵگا و نه‌ته‌وه‌یی ده‌بینن. 30. خه‌ڵکی ئێمه موسوڵمانه به‌ڵام له متمانه‌ی نێوانیان به‌ناڕه‌وا و نادروست که‌ڵک وه‌رده‌گرن و له گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌مانه‌تییه‌کان خنه‌خن و که‌مترخه‌می ده‌که‌ن. 31. خه‌ڵکی ئێمه موسوڵمانه به‌ڵام له‌کاتی شۆفێریدا زۆر ڕاحه‌ت بۆ هه‌ڵه‌یه‌کی که کردوویانه پۆلیسی هاتووچۆ به تاوانبار ده‌زانن و یاساکان به هه‌ڵه و نادادپه‌روه‌رانه ئه‌ژمار ده‌که‌ن. ئایا به‌و ناڕه‌وایه‌ی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی له لایه‌ن لێپرسراوان و ده‌سه‌ڵاتدارانی جیهانی ئیسلامی و له‌گه‌ڵ ئه‌و دۆخه‌ی فه‌رهه‌نگی شێواو و په‌رێشانه‌ی نێو کۆمه‌ڵگای ئیسلامی، دووباره بوونه‌وه‌ی کاره‌ساتی مێنا، چاوه‌ڕوان نه‌کراو بوو؟! ئایا به‌و حاڵه سالآنێک و ته‌نانه‌ت هه‌ر مانگه شاهیدی کاره‌ساتی دڵته‌زێن و ڕاچڵه‌کێنه‌ری تر له کۆمه‌ڵگاکانی ئیسلامی نین؟ که‌واته، گرفته‌کانی جیهانی ئیسلام له بێ بڕوایی و ناموسوڵمان بوونی خه‌ڵکه‌که‌ی نییه. هه‌روه‌ها، نابێ ته‌نیا هۆکاری ئه‌و دۆخه شپڕزه‌یه، له پیلان و گه‌ڵاڵه‌ی دوژمنان بزانین، به‌ڵکو زیاتر له‌هه‌ر شتێک، به‌هۆی ناڕه‌وایی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی لێپرسراوان و ده‌سه‌ڵاتداران، ناته‌واوی فه‌رهه‌نگی خه‌ڵکی ئه‌و وڵاته بزانین و له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتداران و به‌رپرسانه که سه‌ره‌تا زیاتر له جاران گرینگی به به‌ڕێوبه‌رایه‌تی و چاکسازی ڕێکخراوه‌کانی ئیداری نێو حکومه‌ت بده‌ن. دواییش ڕۆڵی کو‌لتوور له پێشکه‌وتندا زۆر جددی بگرن و گرینگی پێ بده‌ن و بۆ چاکسازی و ڕاهێنانی ئه‌و، له ناوه‌نده کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان یارمه‌تی وه‌ربگرن و ڕیکخستنی ئه‌و ناوه‌ندانه ئاسان و سه‌قامگیر بکه‌ن و به تێڕوانینی هه‌ڕه‌شه له حیزبه‌کان و ناوه‌نده‌کان نه‌ڕوانن. ناوه‌نده‌کان و چالاکوانانی کۆمه‌ڵایه‌تی، و پارت و سیاسه‌تمه‌دارانیش، له جاری یه‌که‌مدا، له سه‌رووی کاره‌کانی خۆیان، په‌روه‌رده‌ی به‌ڕێوبه‌ران و ده‌سه‌ڵاتدارانی شیاو و لێهاتوو دانێن، که له داهاتوودا توانای به‌ڕێوبه‌رایه‌تی حکومه‌ت و ڕێکخراوه‌کانی پێڕه‌وی کراویان هه‌بێت و ته‌نیا بیر له ڕه‌خنه گرتنی حکومه‌ت و تێک ڕووخاندنی نه‌که‌ن و له جاری دوهه‌مدا، گرینکی بده‌ن به ڕه‌خنه‌ی کولتووری خه‌ڵک و چاکسازی و ته‌نیا و ته‌نیا، لێپرسراوان و ده‌سه‌ڵاتداران به‌تاوانبار و هۆکاری ته‌واوی گرفته‌کانی که هه‌ن، نه‌زانن. چونکه زۆر هه‌ڵگری ئه‌وه‌یه که له داهاتوودا خۆیان به ده‌سه‌ڵات بگه‌ن و به‌ڕێوبه‌رایه‌تی حکومه‌ت به‌ده‌ست بگرن، له‌گه‌ڵ له‌مپه‌ڕی زۆر جددی کولتووری خه‌ڵک ڕووبه‌ڕوو و تووشی شکست بن. سه‌رچاوه: ڕوانگه
بۆچوونه‌کان