ئەم كاروانە

نەسیمە بۆ قامكی تایفۆن

باڵە بۆ هەڵۆی ترۆپكی هەزار كوێستانی 

پڕ هاژە و بەرامەوبۆن

لە عومەرەوە هاتووە و سدیق زەردەی لەسەر ناوە

پێ بە پێی هەنگاوی بەدر

دژی ملیۆن ماچی غەدر

لە كوفەوە بۆ نیگڵ و

لە یەسریبەوە بۆ بوئرەی خاكێ لە مانگی دەربەدەر

 

لە سەییدەوە بۆ عوسمان

لە كوچەی ئەو گەرمەژەنەی تائیفەوە

بۆ خامەی بەدیعوززەمان

لە جیهادی ئومەتێكی ملیۆنیی ئەو مەدینەوە

بۆ سەمەرقەندی پڕ خەمان

لە جابانەوە بۆ ئیشراق

بۆ پریس و بیارەی سەدبار پەروازی بەرزی ئیشتیاق

وەك گرمەی زاری تەكبیری

سەلسەبیلی حەجی وەداع

گەرد بە گەردی مێزەری ڕۆشنی عیرفان

وەك مزگێنی نەرمی هەتوان

بەڕێوەیە و بەدیع بانگی لەسەر داوە

بۆیە وەك هەتاوی سووری ڕێبەندانێ

قەتاری بەستووە لەمناوە

 

لە ڕەمسیسەوە نامەیە

لە مزگەوتی فەتحی دڵەوە خامەیە

مژدەیە بۆ سینەی ژەهر

بۆ ڕەوەكوللەی سیسیزمی نغرۆی نەهر

وا هەڵدێ نوری هیلالی سەر سەری سێدارەیەكی تر

كەوتۆتە ڕێ

پێچی پەناپەنای فەجری خاكنامەی خەندەقێكی تر

بە حەمزە بڵێن بینەر بێ

بە ڕابیعە بڵێن هەستێ و نیگای سەر بێ

بە سوممەییە بڵێن نەگری

ئاممان نەگری ئەم شكۆیە

دووبارە چیرۆكی قوتبی لەكۆڵناوە

ناسر جەللادەكەیەتی و

بەدیع تاجی لەسەر ناوە

بەو بیلالەش بڵێن هەستێ و

ببینێ باوك بە پێڵاوە بەرزەكانی

چۆن بۆ هەزار مێژووی تری ڕەشی میسر

كۆشكی غەدری ڕۆژهەڵاتێ لەو سیسییەی لە قوڕ ناوە

 

بە پێوەبە پیاوی قورئان

بەدەم زیكری حودەیبییەوە

بخوێنە سورەتی یوسف بە حونجەی تەفسیری مائان

نیل بكە بە گڕی ئیمان

ئەهرامەكان وردوخاشكە

سەربنێ بە 

دڵی گومەزی سەر سینەی سەلاحەددینی براوە

هاواركە من موحەممەدم

من ڕەوێنەری زوڵمەت و هەیمەنەی ڕەشتاڵەی بەدم

هەستە و لە بەسرە قامەتكە

بێ و لە بەغدا لە تولەڕێی سەووافەوە

لە سەردابی زەهاوییەوە عبوركە

هیچ بیابانێ بارانی تۆ خامۆش ناكا

هیچ پەتی سێدارەی غەدرێ

ئەو ڕیشە پڕ سوپای هزرەت بێ هۆش ناكا

بگە بە هەرێمی بەفر

بێرەوە بۆ شكۆی فەجر

لە هەولێر داگیرسێ و نامری

سلێمانی سەوزكە بە زاری

تا بمێنی قەڵای ئەو هەڵەبجەت بەسە

گەرمیان و ئەو هەورامانەش

پشتوپەنا و هێز و كەسە

 

هەستە سەید قوتبی ئەمڕۆ

بەننای بازوو

فریادڕەسی ناو زیندانی پڕ لە ڕەژوو

براكانت با هێندە بۆت نەكەن ڕۆڕۆ

پێیان بڵێ

ئەمە شەهادەتە و تاجە و خوێنی شكۆ

پێیان بڵێ ئەم كاروانە تا قیامەت بەڕێوەیە

هەزار بەدیعی تریەوێ

بۆ گەشتن بە دەستی ئاسۆ

 

هەستە و كەرەمكە ڕابەری

مەلاین پیتی ناو دەعوە

بگە بە هیجری نازەنین

بگە بە جەزبەی یونسی بەرزی ئەوین

لە ئاوەكەی ئەڵوەنەوە بێرۆ بۆ لای حسامەددین

مشتێ نزای عەزیزەكەی میسریش بێنە

بۆ ناو قسنە شیرینەكەی موزەفەرەدین

بە ئەهلی دڵ لەم كوردستانە بڵێ با

بەسیە ئەسرین بمرێ برین

پێیان بڵێ 

بەدیع نامرێ بەدیع ناخرێ

سەد پەتی ملی سێدارەی تریش دەپوێ 

سەد سیسی تر لە گۆڕ دەنرێ

سەدەیەكی تر نیل دەنوێ

گەنم لە سەدلا دەكورمێ

بەڵام حیلەی 

ئەسپەكەی كاروانی خاڵ و نەورەسی و مورسی تاو ئەگرێ

بوراقی دوا نەجاتی ئەم ڕۆژهەڵاتەش

وردە ورەی ئەسرای تازەتازە ئەگرێ

 

بۆ ئیمان و ورە و جەستەی موحەممەد بەدیع 

لە بەردەم سێدارەی ڕق و ڕەقهەڵاتووی زەمانەی غەدردا

لە هەڵەبجەوە

 

ئاری عەبدولەتیف

٢٠٢٣/٥/٢٤