ماوەیەكە لە ناوەندە سیكۆلارە دژە ئاینییە عەڕەبییەكاندا، هەندێك بابەت لەسەر حوكمی باڵاپۆشیی ئافرەت بڵاو دەكرێتەوە و گومان لەسەر واجببوونی دروست دەكرێت. پێم وایە هۆكاری بنەڕەتیی بریتییە لە دژایەتی ئیسلام‌ و تەشەنەسەندنی دیاردەی باڵاپۆشیی. دووریش نییە بەشێك لە هۆكارەكان كاردانەوە بێت بەرامبەر هەندێك دیاردەی توندڕەویی لە باڵاپۆشیدا كە (عادەت) تێكەڵا بە (عیبادەت) كراوە و نەریتی هەندێك لە كۆمەڵگەكان بە ناڕەوا مۆركی شەریعەتی لێدراوە.

كراوەیی دونیاش بەسەر یەكتردا وایكردووە كە بە خێرایی بیر و بۆچوونەكان بگوازرێنەوە بۆ ناوەندە ڕووناكبیرییە كوردستانییەكانیش، بۆیە ماوەیەكە لێرەش باس لە حوكمی باڵاپۆشیی‌ و چۆنییەتی‌ و سنوورەكانی دەكرێت‌ و كەسانێكی نەخوێندەوار یان نیمچە خوێندەواریش كەوتوونەتە گومان‌ و بە هەڵە واتای (خمار) و (جلباب)یان بۆ دەكەن‌ و دەیانەوێ وایان تێبگەیەنن كە باڵاپۆشیی نەریتێكی عەڕەبییە و لە قوڕئاندا باسی سەرداپۆشین نەكراوە و گوایە زانایانی ئیسلام هەزاروچوارسەد ساڵە بە هەڵە لە ئایەتەكانی قوڕئان تێگەیشتوون!

بۆیە بە مەبەستی بەئاگاهێنانەوەی خوشكانی بەڕێز ئەم بابەتە لە (ئایندەسازی)ی خۆشەویست بڵاو دەكەمەوە:

حیكمەتی باڵاپۆشیی:

پێش ئەوەی ڕاستەوخۆ بچینە سەر باسی بەڵگە شەرعییەكانی پێویستیی پۆشتەیی ئافرەت‌ و مەرجەكانی‌ و چۆنییەتییەكەی، باشتر وایە كە چەند لایەنێك لە سوود و حیكمەتەكانی پۆشتەیی بخەینە پێش چا‌و، بۆ ئەوەی لەوە دڵنیا ببینەوە كە خوای گەورە و كاربەجێ‌، هەموو كار و فرمانێكی لەڕووی ئەوپەڕی لێزانین‌ و حیكمەتەوەیە‌ و بۆ دابینكردنی لایەنێك لە بەرژەوەندییە جۆراوجۆرەكانی بەندەكانییەتی‌ و هیچ حوكمێكی ناسازگار و ناتەبا نییە لەگەڵ فیترەت‌ و داخوازییە دەروونیی‌ و لاشەیی‌ و ماددی‌ و مەعنەوییەكانی مرۆڤدا. لەبەر ئەمە ـ لەم بوارەدا ـ بە كورتی‌ و چڕیی، گرنگترین سوود و حیكمەتە ڕەچاوكراوەكانی پۆشتەیی ئافرەت دەخەینە پێشچاو، دەشكرێ‌ پسپۆڕان هەركەس لە بواری خۆیدا، چەندین لایەنی تری گرنگ، لە سوود و حیكمەتەكانی پۆشتەیی بدۆزنەوە.

پێگەی ڕەوشت لە سیستی كۆمەڵایەتیی ئیسلامدا:

سەرەتا پێویستە ئەوە بزانین كە ئایینی ئیسلام بایەخێكی زۆری داوە بە ڕەوشت‌ و كردوویەتە پایەیەكی سەرەكیی كۆشكی كۆمەڵگە و بنەمای دروستبوونی شارستانێتی. یاسای ڕەوشت لە ئیسلامدا چەندین بەش‌ و جۆری لێدەبێتەوە: بەشێكی باسی ڕەوشت‌ و هەڵوێستی تاكە لەگەڵ خوای خۆی‌ و لەگەڵ پێغەمبەری خوادا(د.خ) شەعائیر پێك دەهێنێت). بەشێكی باسی ڕەوشتی تاكە لەگەڵ غەیری خۆیدا لە تاكەكانی تری كۆمەڵگە بەگشتیی، لە نزیكترین كەسەوە تا دەگاتە كاربەدەستان‌ و كەسانی تر، (كە سیستمی كۆمەڵایەتیی‌ و سیاسی پێك دەهێنێت). بەشێكی باسی جۆری مامەڵەكردنی مرۆڤە لەگەڵ دیاردە و دیمەنەكانی ڕەحمەتی خوا و بەهرە و نیعمەتە خواییەكان لە بوونەوەردا (كە سیستمی ئابوریی پێك دەهێنێت). مەسەلەی (پۆشتەیی ئافرەت) بەشێكە لەو ڕەوشتە كۆمەڵایەتییانەی كە پەیوەندیی بە تاكەكانی كۆمەڵگەوە هەیە، یان ڕوونتر بڵیین پەیوەندیی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ئافرەتاندا هەیە، لە كاتی ڕووبەڕووبوونیاندا لەگەڵ پیاوانی نامەحرەم. بۆیە توێژینەوەی مەسەلەی پۆشتەیی لەلایەنی ڕەوشتییەوە لە ڕاستیدا بابەتێكی چڕ و خەستە‌ و پێویستیی بە تیشك‌ خستنەسەر هەیە.

پۆشتەیی، زیان لە ئافرەت دوور دەخاتەوە:

لە تێگەیشتنی حوكمە شەرعییەكاندا بنەمایەك هەیە، ئەویش ئەمەیە: هەرچی حوكمی شەرعیی هەیە بۆ دابینكردنی یەكێك لە پێنج بەرژەوەندییەكەی مرۆڤە، چ لە ئایین‌ و بیروباوەڕیدا، یان لە دەروون‌ و گیانیدا، یان لە ماڵ‌ و سامانیدا، یان لە ئاوەز و ژیریدا، یان لە نەسل‌ و ڕەگەز و نەوەخستنەوەدا. (ئەم باسە لە سەرچاوە ئوسوولییەكاندا لە باسی (مقاصد الشارع) و (مصالح العباد الخمس) هاتووە)، بەوپێیەش كە (پۆشتەیی ئافرەت لای پیاوی نامەحرەم) یەكێكە لە حوكمە شەرعییەكانی خوا كە تایبەتە بە ئافرەت، بەدەر نییە لەم بنەمایە. واتە حەتمەن حیكمەتێكی تێدایە، بۆیە خوا كردوویەتی بە یەكێك لە ئەركەكانی سەرشانی ئافرەتی موسوڵمان.

جا لەو ڕووەوە كە قوڕئانی پیرۆز لەگەڵ زۆربەی حوكمەكاندا حیكمەتەكانی فەرمووە، لەگەڵ حوكمی پۆشتەییش حیكمەتەكەی باس كردووە، لە ئایەتی (٥٩)ی سورەتی (ئەحزاب)دا ــ كە ڕۆشنترین ئایەتە سەبارەت بە جلوبەرگی ژنان ــ دەفەرموێ‌: (يَا أَيُّهَا النَّبِيُّ قُلْ لِأَزْوَاجِكَ وَبَنَاتِكَ وَنِسَاءِ الْمُؤْمِنِينَ يُدْنِينَ عَلَيْهِنَّ مِنْ جَلَابِيبِهِنَّ ۚ ذَٰلِكَ أَدْنَىٰ أَنْ يُعْرَفْنَ فَلَا يُؤْذَيْنَ ۗ وَكَانَ اللَّهُ غَفُورًا رَحِيمًا) واتە: ئەی پێغەمبەر! بە هاوسەر و كچەكانت‌ و هاوسەری بڕواداران بڵێ: بەرگە ئاودامانەكەیان شۆڕ بكەنەوە بەسەر خۆیاندا، چونكە ئەمە باشترین شتە بۆ ئەوەی بناسرێن (واتە: بزانرێ‌ حەیادار و بەشەرمن، ئیتر ئازار نادرێن). واتە: پیاوە دڵنەخۆش‌ و ڕەوشت‌خراپەكان ئازاریان نادەن، چونكە دەزانن ئەو ئافرەتە باڵاپۆشانە كڕیاری ئەوە نین سەرنجی پیاوانی چاوبرسی بەرەو خۆیان ڕابكێشن. یانی: پیاوان دەزانن كە ئەو ژنە پۆشتانە، نە بە دڵ و نیاز حەزیان لە بزواندنی غەریزەی پیاوانە، نە ڕووی دەرەوەی جلەكانیشیان ئەوەی پێوە دیارە.

لێرەدا پێویستە ئەوە بڵێین: دەكرێ‌ زۆرێك لەو ئافرەتانەش كە پۆشاكی شەرعیی ناپۆشن، بە دڵ ‌و نیاز هەر وابن كە نیازی بزواندنی هەستی كەسیان نەبێت، پێشیان خۆش نەبێت ببنە جێی چاوگێڕانی پیاوان ـ واقیعی كۆمەڵگەی ئێمەش هەر ئەوە دەسەلمێنێ‌ ـ بەڵام ڕووی دەرەوەیان‌ و جل‌وبەرگیان ــ بیانەوێ‌‌ و نەیانەوێ‌ ــ سەرنجڕاكێشە. واتە: بەو ڕادەیەی پیاوان سڵ لە باڵاپۆشەكان دەكەنەوە، لەوانی تری ناكەنەوە. ئەمە واقعێكی ڕۆژانەیە‌ و تەنانەت لە كۆمەڵگە پابەندنەبووەكان، یان ناوەند و شوێنە نامولتەزیمەكانیشدا ڕەچاو دەكرێت.

بەكورتی: جۆری پۆشاكی ئافرەت، جۆری جموجوڵ‌ و هەڵسوكەوتی، جۆری قسە و گوفتاری، هەموو ئەمانە بە هەردوو باری سلبی‌ و ئیجابی، دەكرێت پەیامی تێدا بێت بۆ ڕەگەزی دووەم، (بێگومان پیاویش بۆ ژن هەروایە)، جا ئەگەر پەیامەكەی ئافرەت ئەوەی گەیاند كە داوا و حوكمی خوا جێبەجێ‌ دەكات، نیازی بزواندنی غەریزەی نامەحرەمی نییە‌ و نایەوێ‌ خۆی بنوێنێ‌. بگرە بەپێچەوانەوە ئەوەی گەیاند ڕازی نییە بە چاوی خیانەتەوە سەیر بكرێت‌ و نایەوێ ئەو مافەی زەوت بكرێت، چونكە لەو مەسەلەیەدا ئازادە و كەس بۆی نییە مافی تاكەكەسیی كەسێك پێشل بكات، ئەوە ئاساییە كە پیاو خۆی لا ئەدا و خۆی لەو مەیدانە نەخوازراوە نادا، سەرەنجام ئامانج‌ و حیكمەتە قوڕئانییەكە دێتە دی كە دەفەرموێ‌: (ذَٰلِكَ أَدْنَىٰ أَنْ يُعْرَفْنَ فَلَا يُؤْذَيْنَ ۗ) ئەحزاب/٥٩ بەڵێ‌، ئەوجۆرە ئافرەتانە دەناسرێن‌ و سەرەنجام ئازار نادرێن، واتە ناكرێنە ئامانج‌ و تیر و توانجیان لێ نادرێت، لە پلاری پیاوان‌ و كوڕ و كاڵی نامولتەزیم ڕزگاریان دەبێ‌.

كەواتە ئەم حوكمی پۆشتەییە بۆ ژنی بڕوادار پێش ئەوەی بە (ئەرك) و پابەندیی بزانرێت، دەبێت بە دەسكەوت‌ و (ماف)ێك بزانرێت، چونكە بۆ پاراستنی بەش‌ و لایەنێك لە كەسییەتی ژن خۆیەتی، بە دوو بەڵگە:

بەڵگەی یەكەم/ دانایی خوای گەورە: گەورەترین بەڵگە ئەوەیە كە پۆشتەیی ئافرەت بڕیاری خوای دانا و زانا و كاربەجێیە، ئەویش شارەزاترە بە حاڵی ئافرەت‌ و باری دەرونیی هەردوو ڕەگەز‌ و كەین‌وبەینی نێوان ژن‌ و پیا‌و، چونكە خۆی هەردووكیانی بەدیهێناوە. بۆیە ئەستەمە (حوكم)ی خوا بێ‌ (حیكمەت) بێ‌‌ و (مەقصەد)ی خوا بێ (مەصڵەحەت) بێ‌ و لایەنێكی گرنگی ڕەوشت (لە ئەنجامدانی ئەو حوكمەدا) دابین نەبێ و دژواریی لەگەڵ بەرژەوەندییەكی مرۆڤدا، یان لەگەڵ سروشت‌ و فیترەتی مرۆڤدا هەبێت. دیارە مرۆڤێك بڕوای بە خوایەكی (حەكیم‌ و عەلیم) هەبێ، هەرگیز دوودڵ نابێ لەوەی حوكمێكی خوای حەكیم بێ‌حیكمەت بێت.

بەڵگەی دووەم/ بوونی غەریزەی سێكسی‌ و ورووژاندنی: دیارە كە لای دەرونناسان‌ و بگرە تێكڕای خەڵكیش شتێكی سەلماوە، كە غەریزە و كێشێكی سێكسی لە نێوان ژن‌ و پیاوی نامەحرەمدا هەیە. مەسەلەكە لەڕووی زانستییەوە كورتەكەی ئەوەیە، خوێن هەڵگری چەند (ئیفرازات)ێكی هۆرمۆنییە‌ و كار دەكاتە سەر مۆخ‌ و (ئەعصاب). جا بینینی دیمەنە جینسییەكان ـ بە تایبەتی ئەندامەكانی ئافرەت بۆ پیاو، تا ڕادەیەك بەپێچەوانەشەوە ـ دەبێتە هۆی بزواندنی هۆرمۆنەكان‌ و ورووژاندنی غەریزە و هەستی جینسیی مرۆڤ، سەرەنجام دوچاربوونی نزیكیی ناڕەوا و زۆربەی كاتیش ئافرەتان بە پلەی یەكەم دەبنە قوربانیی پیاوانی هەوەسباز. بۆیە بەڕاستی بەلای خوای حەكیم‌ و كاربەجێوە ڕێگاچارەی یەكەم بە پۆشتەیی ئافرەت دەست پێ دەكا، چونكە كاریگەریی زۆری هەیە لەسەر نەورووژاندنی غەریزەی بەرامبەر.

حەز دەكەم لێرەدا نەقڵی قسەی كەسێكی نائیسلامیی بكەم كە بە پسپۆڕ لەو بوارەدا ناسراوە، ئەویش دكتۆرە (نەوال سەعداوی)یە كە عەلمانییەكی توندڕەو و لە ڕەواجدەرانی بەناوبانگی (فیمینیزم)‌ و ڕەخنەگرێكی چەپگەرا بوو دژ بە ئیسلام، دەڵێت: “زانا دەرونناسەكان‌ و پسپۆڕانی سێكس، سەرسامن لەو هۆیانەی وا دەكەن لە پیاو غەریزەی سێكسی بەرامبەر ژن بە ئاسانی دەورزوژێ. پیاو بە دەركەوتنی ئەندامانی ژن، وەك قاچی، یان ڕانی، بە ئاسانی دەوروژێت، لە كاتێكدا ژن بەوشێوەیە نییە. تەنانەت پیاو بەوێنەی ڕووتی ئافرەتان هەستی دەبزوێت، بە سەیركردنی ژنان دەبزوێت، یان بە خەیاڵ، یان بە بۆن، یان بە جل‌وبەرگ، یان بە جموجووڵی ئافرەت. بەڵام ژن وا نییە مەگەر لەڕێی دەستەوە یان بە هەندێك ڕۆمان‌ و هەندێك وشەی ڕۆمانتیكی…”

شایانی باسە پسپۆڕە دەرونناسە هەقبێژەكان ــ چ خۆرهەڵاتییەكان، چ خۆرئاوایی‌ و ئەمریكییەكان ـ لە پاش چەشتنی تاڵاوی بۆچوونی پێشینانی خۆیان‌ و پاش كەوتنەدەستی چەندین بەڵگەنامەی واقیعیی‌ و زیندو‌و، بۆیان سەلما ئەو هەستە سێكسییە، دەبێت كۆنترۆڵ بكرێت‌ و ڕێك بخرێت‌ و ئاراستەی دروست بكرێت. هەروەها دڵنیابوون لەوەی تێكەڵیی ڕەها و بێ‌قەیدوبەندی ژن‌ و پیاوی نامەحرەم‌ و خۆدانەپۆشینی ئافرەت، ڕادەی ئەو هەست‌ و كێشە زیاد دەكات‌ و لە ئاكامدا فەساد، پەل دەهاوێتە ناو هەموو ناوەند و توێژەكانی كۆمەڵ. لەبەر ئەوە لە سەرەتای شەستەكاندا لە ئەمریكا كاتێ‌ مۆدەی كورتە پۆشاكی ئافرەت (تەنورەی مینی جۆب) هاتە كایەوە‌ و هەوەسبازان‌ و بازرگانانی لەشی ئافرەت، بڕیاریان دا كە دەبێ ژن تا پشت ئەژنۆی دیار بێت، زۆرێك لە ئافرەتانی كەم ئەزمونی تاڵی نەچەشتووی ئەو سەردەمەی ئەمریكا، دەستیان كردە جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە بێ بنەمایە‌ و تەنوورەی زۆر كورتی (مینی جۆب) ساڵی ١٩٦٣ بووە مۆدێلی ئەو سەردەمە، تا وای‌لێ‌هات ئافرەت لە بەرامبەر پیاواندا پشتی ئەژنۆی دەرخست‌ و ئەمەش كارەساتی وای لێوەشایەوە كە دەبوایە ببوایەتە وانە بۆ مێژوونوسانی خۆراوا، چ جای دەروون‌ و كۆمەڵناسانیان. چونكە لە كارگە و فەرمانگە و جێگا گشتیی‌ و تایبەتییەكاندا هێندە كاری چەوت‌ و هەرزە و نەفامانە و دەستدرێژیی ڕوویان دا، كە دەزگایەكی بەرپرسی ئەمریكی مەجبوور كرد ئەم بڕیارەی خوارەوە دەركات، كە ئەگەر بەڵگەنامە بە دەستەوە نەبوایە، دەگونجا هەندێك نەزان‌ و چاولێگەری لای خۆمان، بە كاری مەلای مزگەوتێك، یان -خۆیان گوتەنی- كۆنەپەرستێكی دانێن. دەقی بڕیاری ئەو لایەنە بەرپرسیارە ئەمریكییە بەم جۆرەیە: “قەدەغەیە ئەژنۆی ئافرەتان دیار بێت، لە كاتێكدا لە نووسینگە و جێی كاركردنیاندا دادەنیشن.”

بەڵێ! هەرگیز هۆشیارانی ئەو سەردەمەی ئەوێ‌، ئەم بڕیارەیان بە كۆنەپەرستیی‌ و سەركوتكردنی ئافرەت‌ و ئازادیی لێسەندنەوەی دانەنا، چونكە دڵنیا بوون كە ژنان ئەگەر قول‌ و قاچیشیان دەرنەكەوێ، هەر كاریان بۆ دەكرێ و فابریكا و كارخانەكان لەكار ناكەون...! هەر لە ئاكامی ئەو خۆڕووتكردنەوەی ئافرەت‌ و تێكەڵییە بێ‌ سنوورەی ژن‌ و پیاوەوە، كارێك هات بەسەر باری ڕەوشتی ئەمریكادا تا ئێستەش پێیەوە دەناڵن‌ و زانا خەمخۆرە دەروونناسەكانی خۆیانی سەرسام كردووە. لە ساڵێكدا كە ئەم بێ‌ بەندوبارییەی ئافرەتی ئەمریكا پەرەی سەندبو‌و، لە قوتابخانە تێكەڵەكاندا بۆ دیاریكردنی ڕێژەی كچە سكپڕە شوونەكردووەكان، سەرژمێریی كرا؛ لە یەكێك لە قوتابخانەكاندا ڕێژەی كچانی دووگیان گەیشتە لە سەدا ٤٨%، (بێگومان ئەمە سەرژمێری ساڵانی پەنجاكانە!)

دیارە لای كۆمەڵگەیەك بڕوای بە ڕەوشت هەبێ‌، ئەوە مەرگەساتێكە هەرگیز ئاواتی بۆ ناخوازرێ‌. هەر لەبەر ئەو ڕووداوە ناسۆرانەش بوو كە توێژی ڕۆشنبیر و لەدونیاحاڵی بووی خۆراوا، زۆر برەویان بەو شەپۆلە هەڵەشە‌ و بێ‌ سنوورەی ڕووتبونەوەی ئافرەت نەدا‌ و زۆریان هەوڵیاندا باو و مۆدێلێكی لە ئەدەبەوە نزیكتر دابهێنن، بەتایبەتی لەو شوێنانەدا زیاتر ژن‌ و پیاو تیایدا تێكەڵن، بۆیە كاتی خۆی (جیمس ریستون) لە (نیویورك تایمز)دا نووسی: “بەڕاستی مەترسی وزەی (سێكس) لەسەرمان لە سەرەنجامدا گەورەتر و زیاترە لە مەترسی وزەی ئەتۆمیی”. مێژوونوسی ناودار (ئەرنولد تۆینبی)ش پێی وایە زاڵبوونی غەریزە سێكسییەكان بەسەر هەڵسوكەوت‌ و داب‌ونەریتەكاندا، دەكێشێ‌ بۆ داڕمانی شارستانێتیی‌ و ژیارە

مەبەستەكانی ڕەواجدەران بە بێبەرگیی ژنان:

لێرەوە دەردەكەوێ‌ هیچ مانا و فەلسەفە و سوودێك نامێنێتەوە بۆ ڕەواجدان بە دەرخستنی ئەندامانی ئافرەت. ئەوانەش كە دەیانەوێ كاڵای شارستانێتیی‌ و پێشكەوتن بكەن بە بەر ئەو دیاردە دزێو و ناپەسەندانەدا كە لە بواری بێپۆشاكی ئافرەتدا ڕەنگیان داوەتەوە، بەڕای من تەنها بۆ شاردنەوەی سێ‌ مەبەستی ناعادیلانە و نابەجێیە كە ناكرێ بێ‌ پەردە و بەئاشكرا داكۆكیی لێ‌ بكەن‌ و خۆیان بكەنە خاوەنی‌ و شانازی پێوە بكەن، لەبەرئەوە ناچارن بەرگی تر بكەن بە بەری قسەكانیاندا. بۆیە ئامانجی ئەو ناوەندە خۆراواییانەی كە برەو بە مۆدێلە وەرزییەكانی پۆشاكی ژنان دەدەن، لەم سێ‌ مەبەستەدا دەسوڕێتەوە:

یەكەم: تێركردنی ئارەزووە سێكسییە سنوورشكێنەرەكانی خۆیان.

دووەم: گیرفان پڕكردن‌ و بازرگانیكردن بەسەر ڕوخسار و جل‌وبەرگی ئافرەتەوە، لەڕێی مۆدیلبازیی‌ و گۆڕینی مانگانە، بگرە هەندێك جار هەفتانەی شێوەی پۆشاك‌ و بەرگە داهێنراوەكان.

سێیەم: هەوڵی سڕینەوەی شێوە و ڕوخساری خۆماڵیی‌ و ڕەسەنی نەتەوەكانی تر، بەتایبەتی لە خۆرهەڵاتی ئیسلامیی.

زیانەكانی بێبەرگیی‌ و خۆڕازاندنەوەی ئافرەتان لەناو نامەحرەماندا:

یەكەم/ لاوازبوونی شیرازەی خێزانداریی‌ و زیادبوونی گرفتی كۆمەڵایەتی:

ئەم زیانە لەوێوە سەر هەڵدەدا كە پیاوان لە ئاستی ژنە بێ‌‌بەرگ‌ و خۆڕازێنەرەكاندا، لە خۆپاراستن دوور دەكەونەوە و كەم‌كەم پەیوەندی (عاتفی)‌ و (جنسی)یان لەگەڵ هاوسەرانی خۆیاندا لاواز دەبێت. چونكە زۆرێكیان ڕۆژانە ئەو دیمەنە دووبارانە لە شەقام‌ و كارگە و مۆڵ‌ و بازاڕدا دەبینن‌ و زۆربەیان داراییەكی ئەوتۆشیان نییە كە ئەو خەرجە زیادە بكەن بۆ هاوسەرانیان. لە ئاكامدا پیاو دووچاری ناتەواوییەكی (عاتفی)‌ و كەمنازییەكی دەروونیی دێت لەگەڵ هاوسەری، بێ‌ ئەوەی بەخۆیشی بزانێ‌. سەرەنجام ئەو ناتەواویی‌ و كەمنازییە لە ساردوسڕیی پەیوەندیی‌ و كەمبوونەوەی خۆشەویستیی‌ و زیادبوونی خت‌و بۆڵە‌ و چەندین شێوەی تری ناڕەحەتیدا ڕەنگ دەداتەوە. دواجار دەشكێشێ‌ بۆ ئاژاوە و شەڕەقسە، بگرە زۆرجار تەڵاق‌ و جیابوونەوە.

ئەمە دیاردەیەكی واقعیی بەڵگەنەویستە، ڕۆژانە لە زۆرێك لە كۆڕ و ئاهەنگە تێكەڵەكاندا دەرهاویشتەكانی بەدی دەكرێن، لەكاتێكدا لەو كۆڕ و كۆبوونەوانەدا كە ئافرەتان تیایدا پۆشتەن‌ و تێكەڵیی زۆریان تێدا نییە‌ و ئافرەتان سەرنجی پیاوان ڕاناكێشن، ئەو دیاردە ناشایستانە ڕەچاو ناكرێن، چونكە سەرەڕای ئەوە بەشداران چاو و گوێ‌‌ و دڵی خۆیان دەپارێزن، هیچ هۆیەكی بزوێنەری غەریزەش لەلایەن ئافرەتان یان پیاوانەوە بەدی ناكرێت. ڕەنگە ئەگەر ئامارێكی دروستی دادگاكان وەربگرین، لەوە دڵنیا ببین كەمترین ڕێژەی جیابوونەوە یان ئاژاوە و ناكۆكیی لە نێوان ئەو ژن‌ و مێردانەدایە كە پابەندی ئەحكامە شەرعییەكانن‌ و دوورن لەو دیاردانەوە كە كەس‌ و خێزانە نامولتەزیمەكان پێوەی ئالوودەن. پسپۆڕێكی بواری ڕاوێژكاریی پەیوەندیی هاوسەرگیریی دەڵێت: “یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی گرفتی هاوسەران‌ و زیادبوونی تەڵاق، بینینی دیمەنە سێكسییەكانە؛ چونكە بینینی دیمەنی ژنە ڕازێنراوەكان بۆ پیاوان‌ و پیاوە بەهێزەكان بۆ ژنان (لە فیلم‌ و كلیپەكاندا)‌ و نەبوونی ئەو دیمەنانە لە واقعی ژیانی هەردوولایەندا، كاردانەوەی سلبی هەیە‌ و داواكاریی بێ‌ جێ‌‌ و ناواقعی‌ و خەیاڵیی، لای هەردوو ڕەگەز دروست دەكات. دیارە ئەوەش كە دەیانەوێ و داوای دەكەن دەست نادات، سەرەنجام تووشی (ئیحبات)‌ و بێ‌ هیوابوون‌ و بەدوایدا بیانوو بۆ یەكتر دۆزینەوە و ناكۆكیی دەبن”.

جگە لەمە چەندین دیاردەی تری ناتەبایی خێزانیی‌ و كۆمەڵایەتیی تر كە لە ئاكامی خۆڕووتكردنەوە و خۆنواندندا ڕوو دەدەن، وەك دەستێكەڵكردنی هەندێك پیاو لەگەڵ ئافرەتان‌ و تێكچوونی شیرازەی خێزانیی. شێوانی پەیوەندیی نێوان خزمان‌ و نزیكان بەهۆی هەندێك هەڵوێستی ناشایستەی كوڕ و كچانەوە. دواكەوتنی ژنهێنان‌ و شووكردن‌ و زۆربوونی قەیرە و عازەبیی لەناو لاواندا، كە دیاردەیەكی كۆمەڵایەتیی زۆر ترسناكە‌ و كاردانەوەیەكی زۆر دژوار و تاڵی لە ڕووی دەرونیی‌ و ئەخلاقییەوە لەكۆمەڵگەدا هەیە.

دووەم/ ئاسەواری لەسەر لاوان:

یەكێكی تر لە زیانە ڕەچاوكراوەكانی زیادەڕۆیی خۆنواندنی ئافرەتان‌ و خۆپۆشتەنەكردنیان، لە ژیان‌ و هەڵسوكەوتی لاواندا ڕەنگی داوەتەوە؛ ئەویش لە چەندین دیمەنی ترسناكدا كە هەق وایە خەڵكانی خەمخۆر بهەژێنێت، بۆ نموونە:

یەكێك لەو دیمەنانەی كە ڕۆژانە بەدی دەكرێ، دیمەنی كاتفەوتاندنی كوڕانی لاوە بەهۆی زۆر دابەزینە بازاڕ‌ و خولانەوە بە قەیسەری‌ و پارك‌ و شەقام‌ و وێستگەی پاس‌ و وەستانی نزیك قوتابخانە‌ و زانكۆ و پەیمانگاكان‌ و.. هتد. هۆی سەرەكیش لە ڕاستیدا ئەو خۆڕازاندنەوە زیاد و بێسنوورەی هەندێك لە ئافرەتانە كە توێژێكی تایبەتیان كردوویانەتە پیشە، بەڵگەش ئەوەیە ئەو شوێن‌ و جێیانە كە ژمارەی زیاتری لەو بابەتەی تێدا بێت، زیاتر ئەو كەسانە ڕووی تێدەكەن. ئاشكرایە كە كاری ئەو جۆرە پیاو و كوڕانە، دژ دەوەستێتەوە لەگەڵ هەموو پرەنسیبە ئایینیی‌ و مرۆییە شارستانییەكاندا، بەڵگەش ئەوەیە كە هەموو ئەو كەسانە ئەو جۆرە كارانە بەرامبەر خوشك‌ و كچ‌ و دایكی خۆیان بە ڕەوا نازانن‌ و لە واقعیشدا ساڵانە سەدان كێشەی كۆمەڵایەتیی لەوجۆرە ڕەفتارانەوە كەوتوونەتەوە.

دیارە زیانەكە هەر لەو لایەنە ئەخلاقییەوە نییە كە لاوان بە چاوی خیانەتەوە دەڕواننە ئافرەتان‌ و تەنانەت زۆرجار لە خشتە دەبرێن‌ و لە سنووری ئەو زیانە سەرەتاییە دەردەچن. بەڵكوو زنجیرەی زیان‌ و ئاكامی ناسۆری ئەو دیاردەیە بەردەوام دەبێت، وەك: فەوتانی كاتی گرانبەهای هەزاران لاو‌ و لەدەستچوونی وزە و تواناییەكی زۆریان‌ و ئاكامە دەروونییەكانی حەسرەت هەڵكێشان‌ و دەردی ڕاڕایی دەروونی‌ و دڵپیسی‌ و لەخۆبێزاربوون‌ و تەعلیق‌ و قسەوقسەڵۆك‌ و توانجبازیی هەندێك لاوی نەفام‌ و نامەسئول‌ و جوێن‌ و بێزاریی دەربڕین‌وو عوقدەیی بوونی زۆرێك لە كیژانی لاو‌ و سەرەنجام شەڕوو مەرافە و بگرە هەندێك جار كوشت‌وكوشتارو.. هتد.

لایەنێكی تری زیانەكە ئەوەیە كە كچانی لاو مەترسییان بۆ دروست دەبێت‌ و بەوكاری زیادەڕەوییەی خۆنواندن، ترسی زەوتكردنی ئازادییان چەند بەرامبەر زیاد دەكات. لە كاتێكدا بە خەیاڵی خۆیان عەوداڵی ئازادین‌ و زۆرجاریش وا دەزانن لەو كارەیاندا ئازادیی دەستەبەر دەكەن.

لە ڕاستیدا زۆرێك لە كیژە لاوەكان ـ بە تایبەت ئەوانەیان سەرنجی لاوان بە دیمەن‌ و پۆشاك‌ و جموجووڵی تایبەت ڕادەكێشن ـ ناتوانن بەبێ‌ ترس بچنە هەندێك شوێن، وەك شوێنە چۆڵەكان؛ بگرە زۆرجاریش شوێنە زۆر قەرەباڵغەكان. ئەمەش لە ترسی تانەوتوانجی ژمارەیەك هەرزەكاری دەمبەتاڵ‌ و كاتكوژ كە ئەگەر كەمینەیەكی زۆر كەمیش بن، دەبنە هۆی وێناكردنێكی ناشایستەی لاوان‌و گەنجانی خوێنگەرم‌ و بەتوانای وڵاتمان، كە بە سەدان داهێنەر و لێهاتووی هەڵكەوتوویان تێدایە.

سێیەم/ پەیدابوونی دیاردەی چینایەتی:

زیانێكی تری كۆمەڵایەتی خۆڕازاندنەوەی زیادەڕەوانە، دروستكردنی (دیاردەی چینایەتی)یە لە كۆمەڵگەدا. ئەم زیان‌ و نابارییە لەوێوە سەر هەڵدەدا، كە ئافرەتانی (توێژی دەسەڵاتدار) و تەنانەت مامناوەندیش، هەفتانە ـ بگرە هەندێكیان ڕۆژانە ـ دەچن بە دەم مۆدیلبازیی‌ و باو و دابە داهاتووەكانەوە، هەمیشە شێوە و دیمەنی سەر و قژ و ڕوخسار و پۆشاكیان دەگۆڕن‌وو لە شوێنی كۆبوونەوەی گشتیی‌ و بۆنەكانی شایی‌ و ئاهەنگەكان‌ و سەرشەقام‌ و بازاڕ و قەیسەری و دایرەكان‌ و تەنانەت زانكۆ و پەیمانگاكانیش، دەردەكەون. بێگومان باسەكە لەوەیە كە بارودۆخی كۆمەڵایەتیی‌ و ئابووریی وڵاتی ئێمە ـ حەز بكەین‌ و حەز نەكەین ـ جۆرە سیستمێكی سەرمایەداریی هێناوەتە كایە‌ و پێمان خۆش بێ‌‌ و خۆش نەبێ‌، تا ڕادەیەك دیاردەی چینایەتیی بەبۆنەی ناعەدالەتییەوە پەیدا بووە و هەیە. لە وڵاتی ئێمە هەژاری تەواو هەژار‌ و دەوڵەمەندی زۆر دەوڵەمەند، لە كەنار یەكدا دەژین. دەی ئەمە حاڵ و واقیعی كۆمەڵایەتیی‌ و ئابووریمانە، لەولاشەوە بەو دیاردەیە زیاتر ڕوخسارە چینایەتییەكە دەچەسپێت‌ و كاردانەوەی كردەیی زیاد دەبێت. چونكە بەو حاڵە ئابووریی‌ و كۆمەڵایەتییەوە، ئافرەتانی (توێژی هەژار و نەدار)ی وڵاتمان بەهۆی كەمدەرامەتیی‌ و نەدارییەوە، یان زۆرجار بەهۆی بڕوانەبوونیان بەو دیاردەی خۆدەرخستنە نابەجێیەوە، توانای بەشداریی ئەو بازاڕ و مەزاتەی باو و مۆدیلبازیی‌ و گۆڕینە ڕۆژانەیان نییە.

چوارەم/ زیانی تەندروستیی (جەستەیی‌ و دەروونی):

بێگومان ئافرەت كە باڵاپۆش نەبوو، ناچار دەبێت هەمیشە دەستكاریی ئەندامەكانی لەشی بكات، بە تایبەتی سەر و قژی‌ و ڕوخساری‌ و باڵی‌ و قاچ‌وقولی‌ و گەردنی‌ و.. هتد. ئەمە سەرەڕای خەرجە ئابورییەكەی، چەندین زیانی هەیە، وەك:

ـ شێواندنی سروشتی قژی بەهۆی دەستكاریی زۆر‌ و داو و دەرمانی پڕ لە ماددەی كیمیاوییەوە.

ـ تووشهاتنی ڕۆماتیزم بەهۆی قاچڕووتییەوە لە شوێنە شێدار‌ و وەرزە فێنك‌ و ساردەكاندا.

ـ سووتانی پێستی پشت مل‌ و باڵ و قاچ‌وقول، بەهۆی ڕووتكردنیانەوە‌ و تیشكی خۆرەوە لە وەرزە گەرمەكاندا، كە دەبێتە هۆی ڕەشبوونەوەی ڕەنگی پێست‌ و لەدەستدانی ڕەنگی سروشتی خۆی.

ـ ئەمە جگە لە زۆرێك لە نەخۆشیی تری زیهنیی‌ و دەرونیی كە هەندێك لە دكتۆرە ڕەوانناسە خۆرئاواییەكان باسیان لێوە كردووە. بۆ نمونە: لەم بوارەدا (د.جۆزیف دی تیجری) دەڵێت: ”ڕووتیی ئافرەت دەبێتە هۆی تەشەنەكردنی نەخۆشییەكانی هۆش‌ و پەیدابوونی كێشە درەوونییەكانی لاوان...” خاتوو (برامال)یش ــ كە دكتۆرێكی پسپۆڕی دەرونناسییە‌ و ئافرەتێكی بەئینساف‌ و هەقبێژە ــ ڕاشكاوانە دەڵێت: “خۆڕووتكردنەوەی ئافرەت بۆتە هۆی جۆرەها نەخۆشیی دەروونیی، چەندین كێشەی كۆمەڵایەتیی‌ و پەروەردەیی لێوە پەیدا بووە.”

پێنجەم/ گۆڕینی دیمەن‌ و شێوەی واقیعی‌ و خۆگۆڕین:

یەكێك لە زیانە بەرچاوەكانی ئەو دیاردەیە گۆڕینی ڕواڵەتی واقیعیی ئافرەتە. دیارە ئەمەش بە پێودانگ‌ و هەڵسەنگاندنێكی بێلایەنانە، كار و هەڵوێستێكی ناواقعییە و جێگای سەرنجە.

زۆر جار ڕووی داوە و هەردەم ڕووش دەدات، كە ژن‌ و پیاوی لاو و تازە هاوسەر، نێوانیان تێكدەچێ. كاتێك تێدەفكریت و لە ڕیشەی ناكۆكییەكە و لە هۆكانی دەكۆڵیتەوە، دڵنیا دەبیت زۆربەی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاكانی یەكترناسین‌ و سەردەمی دەزگیرانداریی، ئەو سەردەمەی كچەكە بەهۆی داو و دەرمان‌ و خۆڕازاندنەوەی زۆر و گۆڕینی دیمەنی واقعییەوە، ڕواڵەتی ڕاستەقینەی خۆی لە كوڕە گۆڕیوە. لە چەندین لاو بیستراوە كە لای هاوڕێیانی ـ ‌و پاش ماوەیەكی كەم لە گواستنەوەی دەزگیرانی ـ دەرهەق بە ناكۆكیی لەگەڵا خێزانیدا وتوویەتی: “بەڕاستی ئەو كچەی من بینیم‌ و ویستم، ئەوە نەبوو كە پاش گواستنەوەی بینیم‌ و ناسیم. ئەو كچە پێش گواستنەوەی بە داودەرمان‌ و سەر و قژ گۆڕین، سیما و ڕواڵەتی خۆی لێ‌ گۆڕیبووم، بە پێڵاوی بەرز و پاژنە عانە، باڵای خۆی لێ‌ كردبوومە عەرعەر، بە وتەوو گوفتار‌وو هەڵوێستی دیبلۆماسییانە، كەسایەتیی واقیعیی‌ و ڕەوشتی خۆی گۆڕیبوو لێم. بە كورتییەكەی بووبووە كچێكی تر كە هەرگیز چاوەڕوانم نەدەكرد هاوسەریی لەگەڵدا بكەم”. ئەكرێ‌ ئەمە لە كوڕانیشدا ڕوو بدات بەرامبەر كچانی دەزگیرانیان، بەندە بۆ خۆم چەندین مەلا و یاساناس‌ و توێژەری كۆمەڵایەتیم دیوە كە دەیانجار لەم جۆرە كێشە و دۆسییانەیان چۆتە لا.

مەرجە سەرەكییەكانی پۆشاك‌وبەرگی ئافرەت:

سەرەكیترین مەرجەكانی ئەو پۆشاكەی پێویستە ئافرەتی موسوڵمان لە كاتی بوونی پیاوانی نامەحرەمدا بیپۆشێت، ئەم چەند مەرجەی خوارەوەن، كە لە قوڕئانی پیرۆزدا باس كراون‌ و هیچ گومان‌ و تەئویلێك هەڵناگرن:

مەرجی یەكەم/ ئاودامانیی‌ و باڵاپۆشیی: 

دەبێت ئەو پۆشاكە هەموو جەستەی داپۆشێت، جگە لەو شوێنەی كە قوڕئان لە ئایەتی (٣١)ی سووڕەتی (النور)دا بەدەری كردووە كە دەفەرموێ‌: (ولا یبدین زینتهن الا ماڤهر منها) واتە: با ژنان زینەت‌ و ڕازاوەیی خۆیان دەرنەخەن، مەگەر ئەوەی بۆ خۆی- بەبێ‌ مەبەستی ئەوان- دەردەكەوێت، ئیتر هەموو ئەندامانی تر لە قژ‌ و گەردن‌ و هەموو لاشەیان، دەبێ لە كاتی بوونی نامەحرەمدا داپۆشرێت. شایانی باسە زۆربەی زانایان وتوویانە: مەبەست لەو بەشە كە دەركەوتنی ئاساییە، ڕوخسار و هەردوو دەستە، بەڵگەشیان ڕوونكردنەوەكانی پێغەمبەری خوا و جۆری پۆشاكی ژنە سەحابەكانە. لە قوڕئانی پیرۆزدا ئاماژەیەكی تایبەت كراوە بۆ داپۆشینی قژی سەر‌ و فەتحەی سنگ، لە درێژەی ئەو ئایەتەی پێشەوەدا دەفەرموێ‌: «ولیضربن بخمرهن على جیوبهن» نوور/٣١، واتە: با لەچكەكانیان شۆڕ بكەنەوە بەسەر فەتحەی كراسەكانیاندا. بەداخەوە زۆرێك لە ئافرەتانی باڵاپۆش، ئەم مەسەلەیە ڕەچاو ناكەن‌ و لە گەردنیاندا گرێ‌ لە لەچكەكانی سەریان دەدەن، یان لەچكەكانیان كورت‌ و بچووكە و شۆڕ ناكرێتەوە بەسەر سنگیاندا. هەروەها دەربارەی باڵاپۆشیی، زۆر بە ڕوونی خوای گەورە دەفەرموێ‌: «يَا أَيُّهَا النَّبِيُّ قُلْ لِأَزْوَاجِكَ وَبَنَاتِكَ وَنِسَاءِ الْمُؤْمِنِينَ يُدْنِينَ عَلَيْهِنَّ مِنْ جَلَابِيبِهِنَّ ۚ ذَٰلِكَ أَدْنَىٰ أَنْ يُعْرَفْنَ فَلَا يُؤْذَيْنَ» (ئەحزاب/٥٩) واتە: ئەی پێغەمبەر! بە هاوسەرانت‌ و كچانی خۆت‌ و ژنی بڕواداران بڵێ: با ئەو پۆشاكە ئاودامانەی دەیكەنە بەریان، بەجەستەیاندا شۆڕی بكەنەوە، چونكە ئەم كارە دەبێتە هۆی ئەوەی بناسرێن (واتە بزانرێت كە ئەهلی ئیلتیزامن)‌ و ئەزیەت نەدرێن).

مەرجی دووەم/ تەنكنەبوونی جل‌وبەرگ:

دەبێت ئەو پۆشاكەی ئافرەت لای نامەحرەمدا لەبەری دەكات، تەنك نەبێت، بەو ڕادەیەی ئەندامی جەستەی لەژێردا دیار بێت، چونكە ئەگەر وابێت ئەوە مەرجی داپۆشینەكەی لەگەڵدا نایەتە جێ‌‌ و دەچێتە خانەی (تبرج) و خۆنواندن كە قوڕئان قەدەغەی كردووە. بۆیە كاتێك ئەسما‌‌و كچی ئەبووبەكر چووە ماڵی پێغەمبەر(د.خ)، پێغەمبەر(د.خ) ئەی ئەسما‌‌و! ئافرەت كە گەیشتە تەمەنی سووڕی مانگانە، نابێ‌ هیچ كوێی دەركەوێ‌ غەیری ئێرە و ئێرەى.

سێیەم/ تەسكنەبوونی پۆشاك:

دەبێت ئەو پۆشاكە تەسك نەبێ‌‌ و ئەندامی جەستەی ئافرەت بەرجەستە نەكات. بۆ ئەم مەرجەش دەبێ ئافرەتان بزانن كە پانتۆڵ ـ ئەگەر شتێكی فراوانی بەسەردا نەكرا ـ یان مانتۆی تەسك، یان ماكسی‌ و بلوز و عەزیزی‌ و كراسی تەسك- چ جای سترێج ‌و هاوشێوەكانی- پەسەند نین‌ و مەرجی تەواوی پۆشتەییان تێدا نییە، هەر لەبەر ئەوەشە دەبێ لەچكی سەریان بەسەر سنگیاندا شۆڕ بكەنەوە، تا دوو ئامانج بێنێتە دی، یەكەم: یەخەیان‌ و فەتحەی سنگیان داپۆشێت. دووەم: ئەگەر كراس، یان بلوز، یان حیجابەكەیان نەبوبووە هۆی داپۆشینی سنگیان، بەو شۆڕكردنەوەی لەچكە ئەو گرفتەش چارەسەر ببێ‌‌ و بەرجەستەبوونی سنگیان دابپۆشێ‌.

دەبێت ئافرەتان‌ و خوشكانی بەڕێز ئەم خاڵە بەگرنگ بزانن، چونكە دەقی قوڕئانی پیرۆزی لەسەرە، كە دەفەرموێ‌: «وَقُلْ لِلْمُؤْمِنَاتِ يَغْضُضْنَ مِنْ أَبْصَارِهِنَّ وَيَحْفَظْنَ فُرُوجَهُنَّ وَلَا يُبْدِينَ زِينَتَهُنَّ إِلَّا مَا ظَهَرَ مِنْهَا ۖ وَلْيَضْرِبْنَ بِخُمُرِهِنَّ عَلَىٰ جُيُوبِهِنَّ» (نوور/٣١) واتە: بە ژنە بڕوادارەكان بڵێ: با چاو داخەن‌ و لە سەیركردنی (نامەحرەم) كەم بكەنەوە و دامێنیشیان بپارێزن‌ و ڕازاوەییەكەیان دەرنەخەن، مەگەر ئەوەی خۆی دەردەكەوێت، هەروەها با سەرپۆشەكانیان شۆڕبكەنەوە بەسەر یەخەیەیان‌ و فەتحەی كراسەكانیاندا.

دەبێ ئافرەتان ئەوەش بزانن زۆربەی ئەو پۆشاكانەی ئەمڕۆ دێنە بازاڕ، یان لە وڵاتانی خۆراوا دوراون، یان بە تەسمیم‌ و شێوەدوورینی ئەو وڵاتانەن، بە مەبەست بێ‌ یان بێ‌ مەبەست ڕەچاوی ئەم مەرجەیان تێدا نەكراوە، واتە: بە ئەنقەست یەخەی سنگیان كراوەیە‌ و لە هەموو كاتێكیشدا چ كراس‌ و بلوز و چاكەتەكان، چ پانتۆڵەكان ـ لەم دواییانەشدا زۆرێك لە مانتۆ و تەنوورەكان‌ و تەنانەت ئەو جلانەش كە پێیان دەگوترێت حیجاب یان جبە – بە تەسكیی دوراون‌ و زۆربەیان ناگونجێن بۆ ئافرەتی مولتەزیم بە ئەحكامی ئیسلامیی.

لە ڕووی دەرونیی‌ و زانستیشەوە پۆشاكی تەسكیش هەروەك پۆشاكی تەنك سەرنجی هەردوو ڕەگەز بەرامبەر یەكتر ڕادەكێشێت. جگە لەوە لە بارەی تەندروستیشەوە ئەو جۆرە بەرگ‌ و پۆشاكە تەسكانە زیانمەندن، چونكە ڕێ‌ لە گەشەكردنی هەندێك ئەندام دەگرن‌ و چالاكیی خانە و سێڵەكانی پێست سست دەكەن. لە گەرمای هاوینیشدا ڕێ‌ لە فێنكبوونەوەی ئەندامان‌ و هات‌وچۆی هەوا دەگرن، لە زستان‌ و كاتی سەرماشدا زووتر سەرما دەگەیەننە لاشە.

كەواتە چ حیكمەت‌ و فەلسەفەیەك هەیە لەو جۆرە پۆشاكانەدا كە هەندێك جار لەبەر تەسكیی بە هاوكاریی كەسێكی دووەم لەبەر دەكرێن؟! كاتێك لە ڕووی شەرعییەوە قسەیان لەسەر بێت، لە ڕووی زانستیی‌ و تەندروستیی‌ و كۆمەڵایەتیشەوە هەموو گیانی زیان‌ و ناڕەحەتیی‌ و نەگونجاویی‌ و ناپەسەندیی بێت…؟

لێرەوە تەنها یەك وەڵام لە دەستدایە ئەویش ئەوەیە كە دیزاینەر و (موسەممیمەكان)ی جل‌وبەرگی ژنان لە جیهاندا، ئامانجی سەرەكییان بازرگانییە بە جەستەی ژنانەوە‌ و ڕەواجدانە بە كۆمپانیا بازرگانییەكانی خۆیان‌ و برەودان بە ورووژاندن‌ و هیچی تر. بۆیە هەق وایە نەیاران بە پۆشتەیی ئافرەت بێنە دەنگ، كە زۆرجار لافی ئەوە لێدەدەن لەچك‌ و بەرگی شەرعیی‌ و پۆشاكی دەرەدامان، ڕێ‌ لە جووڵە و كار و چالاكیی ژنان دەگرێت. ئەی چی دەكەن لە كاوبۆ‌ و پانتۆڵی تەسك‌ و سترێج‌ و ئەو كراس‌ و تەنوورە تەسكانەی كە ئافرەت ناتوانێ‌ خۆی تێدا هەڵسوڕێنێ‌؟ یان زۆرجار ناتوانێ بە ڕەحەتی دابنیشێت، یان كارەكانی ئەنجام بدات‌ و بجووڵێت؟

مەرجی چوارەم/ خۆنەنواندن:

ئەمەش مەرجێكی زۆر سەرەكییە كە لە هەمان كاتدا ڕێسایەكی گشتیی‌ و پێوەرێكیشە بۆ ئافرەتان. لە دوو جێی قوڕئاندا ئاماژە بە حەرامبوونی خۆنواندن‌ و تەبەڕوج كراوە. لە لایەك بە هاوسەرانی پێغەمبەری خوا دەفەرموێ: «ولا تبرجن تبرج الجاهلیة الاولى» (ئەحزاب/٣٣) واتە: خۆتان مەنوێنن وەك خۆنواندنی نەفامێتی یەكەم، واتە وەك ژنانی سەردەمی پێش ئیسلام كە بە شێوازی جیاجیا خۆیان نمایش دەكرد. لە ئایەتێكی تردا ئەم دیاردەیە لە ژنە بە تەمەنەكانیش قەدەغە دەكا و دەفەرموێت: «غیر متبرجات بزینه‌» (نوور/٦٠) واتە: نابێ بە هۆی خۆڕازاندنەوەیانەوە خۆ بنوێنن.

ئەم دوو ئایەتە ڕێسا و (چابگه)یەكی گشتیی دەدەن بە خوشكان كە دەبێ لەوە تێبگەن هەر (قسە) و (جووڵە) و (جۆرە پۆشاك)‌ و جۆرە لەچكبەستنێك كە مەبەست تیایاندا خۆنواندن بێت بۆ پیاوانی نامەحرەم، دەچنە خانەی تەبەڕوج‌ و حەرامكراوەوە، چونكە هەموو قەدەغەكراوە خواییەكان دەچنە خانەی حەرام. لێرەدا ئافرەتان خۆیان باش لە نییەت‌ و كاری خۆیان دەزانن‌ و پێویستمان بە نموونە هێنانەوە نییە.

تێبینییەكی گرنگ‌ و زانستیی:

ئەوەی باس كرا پوختەی مەرجەكانی پۆشتەییە، هەرچییەكی تر كە دەگوترێ‌‌وو دەكرێ سەبارەت بە جۆری دوورین، یان جۆری ڕەنگ، یان جۆری ستایل‌ و مۆدێل، هەمووی یان عوڕف‌ و عادەتی كۆمەڵگەكانە، یان بۆچوونی كەسانێكە و نابێتە حوججەتی شەرعیی‌ و سەرچاوە سەرەكییەكانی ئیسلام لێیان بەرپرسیار نین‌ و لە بنەڕەتدا لەم چەند خاڵەی باسكران هیچی تر نەگوتراوە.

بەم پێیە دەتوانین بڵێین جل‌وبەرگی ژنانەی ڕەسەنی كوردەواریی، تەواوی مەرجەكانی تێدایە و ئەو شانازییەی پێبڕاوە كە لە زۆربەی جل‌وبەرگی نەتەوە موسوڵمانەكانی تر، زیاتر ڕەچاوی مەرجە شەرعییەكانی تێدا كراوە.