پێغه‌مبه‌ری ئیسلام (سه‌لامی خوای له‌سه‌ر) ناوی ته‌واوی محمه‌دی کوڕی عه‌بدوڵڵای کوڕی عه‌بدولموته‌ڵیبه، ساڵی 571ی زاینی له مه‌ککه له دایک بووه. له ساته‌وه‌ختێکدا له دایک بووه که جیهان (به تایبه‌ت ئه‌و به‌شه‌ی ئه‌مڕۆ پێی ده‌وترێت ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین) له تاریکی و دواکه‌وتوویی و نه‌زانیدا ژیاوه. په‌یامبه‌ری ئیسلام له مناڵی و هه‌رزه‌کاری و گه‌نجێتیدا نمونه‌ی مرۆڤێکی ڕه‌وشت به‌رزو ده‌ست پاک و ئه‌مانه‌ت پارێز بووه. له ته‌مه‌نی 25 ساڵیدا له‌گه‌ڵ خه‌دیجه ژیانی هاوسه‌رێتی پێکهێناوه. خه‌دیجه بێوه‌ژنێکی سه‌رمایه‌دار بووه، ئه‌مه‌ش به‌و واتایه‌ی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام له‌سه‌ره‌تای ژیانی هاوسه‌رێتیدا مرۆڤێکی زه‌نگین بووه.
پێغه‌مبه‌ر (د.خ) مرۆڤێکی یاخیه بووه له کۆمه‌ڵگای نازانی سه‌رده‌می خۆی.. یاخی بوون له زینده به‌چاڵکردنی مناڵی کچ، یاخی بوون له ملکه‌چی و نزمبوونه‌وه‌ی به‌های مرۆڤ له به‌رامبه‌ر بتگهلێکدا که له سه‌رده‌می نه‌زانیدا باو بووه، یاخی بوون له چه‌وسانه‌وه و به به‌نده‌کردنی مرۆڤ.. هه‌موو ئه‌م دیارده نه‌شازانه سیمای ژیانی ئه‌وسای کۆمه‌ڵگه‌که‌ی بووه. له‌و سه‌رده‌می تاریکیه‌دا که‌سانێکی که‌م هه‌بوون دژ به‌و ده‌ب و نه‌ریت و نه‌زانیه بوون که باڵی به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌دا کێشابوو. ئه‌و که‌سانه ملک که‌چ به ڕه‌فتاره نه‌شیاوه‌کانی کۆمه‌ڵگا نه‌ده‌بوون، به‌ڵکو خاون ویژدانێکی ئینسانانه‌ی زیندوو بوون و ناخ و ویژدانیان کردبووه ڕێنوێنیکه‌ری ژیانیان، دیاره ئه‌وانه له هیچ گروپ و کۆمه‌ڵێکدا خۆیان ڕیکنهخستبوو به‌ڵکو هه‌ر که‌س به‌ڕێگه‌ی خۆی ده‌ژیا. ئه‌و که‌سانه پێیان ده‌ووترا 'حونهفا' وه‌ک ئاماژه‌یه‌ک بۆ پێغه‌مبه‌ر ئیبڕاهیم (سه‌لامی خوای له‌سه‌ر). دیاره بنه‌چه‌ی په‌یامبه‌ری ئیسلامیش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئیبراهیم پێغه‌مبه‌ر (د.خ)، وه محمهدیش یه‌کێک بوو له‌و حونافایانه. پێغه‌مبه‌ر (د.خ) هه‌ڵوه‌دا بوو به دوای تروسکایی ئومێدی ژیانێکی باشتر و دادگه‌ر تر، به دوای کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ئارام و به‌خته‌وه‌ر. بۆیه ناو به ناو کۆمه‌ڵگه‌ی جێ ده‌هێشت و ده‌چووه ده‌ره‌وه‌ی شار، کورد وته‌نی ده‌که‌وته کێوان، له ئه‌شکه‌وتی حراء ده‌گیرسایه‌وه. له‌وێوه هانای بۆ هێزێکی ده‌برد له سه‌روو هێزی مرۆڤه‌وه، هیزێک که خاوه‌نی هێزه‌کانی تر‌و دروستکه‌ی دروستکراوه‌کانه... هێزێک که ئاشنایه به ناخی مرۆڤه‌کان و کێشه و گرفته‌کانی و هه‌ر ئه‌ویشه چاره‌ی ده‌ردی مرۆڤی لایه. به‌ڵێ، په‌یامبه‌ری ئیسلام ده‌چووه ژوانی روحهوهو له‌گه‌ڵ ئاسماندا ده‌که‌وته گفتوگۆ، تا دواجار وه‌ڵامی نزا و ئاهه‌کانی درایه‌وه‌و په‌یامی ئیلاهی بۆ هات، پێی وترا: "بخوێنه!" ووتی: "خوێنده‌واریم نیه!" دووباره پێی ووترا: "بخوێنه!"، هه‌مدیسان ووتی: "خوینده‌واریم نیه!". سێیه‌م جار پێی ووترا: "بخوێنه!"، "ووتی: "چ بخوێنم؟" پێی ووترا:
"بخوێنه به ناوی په‌روه‌ردگاره‌وه که هه‌مووشتێکی به‌دیهێناوه، ئه‌و په‌روه‌ردگاره‌ی مرۆڤی له پارچه گۆشتێکی هه‌ڵواسراو دروستکردووه، بخوێنه به ناوی ئه‌و په‌روه‌ردگاره‌ی که خاوه‌نی به‌خشنده‌ییه، ئه‌و زاته‌ی زانست و زانیاری له ڕێگه‌ی قه‌ڵه‌مه‌وه فێری ئاده‌میزاد کردووه."
لێره‌وه محمد (د.خ) ڕووناکی ئومێدی له تاریکی تونێلێکی دووردا به‌دی کرد. ئه‌مه یه‌که‌م په‌یامی ئیلاهی بوو بۆ محمه‌د و یه‌که‌م دیاری ئه‌ویش بوو بۆ مرۆڤایه‌تی. له پێناو به ئامانج گه‌یاندنی ئه‌و په‌یامه‌یدا له زۆر هه‌وراز و نشێوی سه‌ختی دا.. له پێناو سه‌رخستنی ده‌نگی حه‌قخوازی شانی نایه به‌ر زۆر ئازار و مه‌ینه‌تی و ئاواره‌یی و ده‌ربه‌ده‌ری. به جۆرێ ژیان و سه‌رمایه‌ی ژیانی له پێناودا کرده قوربانی، له مرۆڤێکی زه‌نگین و بازرگانه‌و بوو به مرۆڤێکی هه‌ژارو نه‌دار و قه‌رزدار. له کاتێکدا محمد گه‌وره‌ترین و خۆشه‌ویسترینی مرۆڤه‌کانه له پێوانه‌ی خوای گه‌وره‌دا، له کاتێکدا سه‌روه‌ری مرۆڤایه‌تی و گه‌وره‌ی هه‌موو پێغه‌مبه‌رانه، مرۆڤێک به‌م هه‌موو گه‌وره‌ییه‌وه ئه‌وه‌نده خاکی بووه نه‌عله‌کانی به‌ده‌ستی خۆی دووریهوهتهوه و جله‌کانی به‌ده‌ستی خۆی پینه کردووه، له‌سه‌ر حه‌سیرێکی ڕه‌ق خه‌وتووه جێ شوێنی چڵی حه‌سیره‌کان به‌جه‌سته‌یه‌وه دیاربووه.
په‌یامبه‌ری ئیسلام خاوه‌ن ته‌واوی تایبه‌تمه‌ندیه‌کانی که‌سێکی سه‌رکرده بووه، مرۆڤێکی کاریزما و دووربین و دادگه‌ر و به‌خشنده و ئازا و لێهاتوو بووه. کۆڵنه‌ده‌ر و سوربووه له‌سه‌ر په‌یامه‌که‌ی. به‌ڵێ، له سه‌رده‌می ژیانی په‌یامبه‌رێتیدا به هه‌ژاری ده‌ژیا، به‌ڵام سه‌ربه‌رز و گه‌وره له به‌ها و ڕه‌وشت و ئاکار و مامه‌ڵه و گفتوگۆدا، مرۆڤێکی راستگۆ له به‌ڵێن دا، شیرین له گفتوگۆ دا، لێبورده له رووبه‌ڕووبونه‌وه‌دا، به وه‌فا له به‌رامبه‌ر چاکه‌دا. غاندی له‌باره‌ی ئه‌م ئاکاره به‌رزانه‌ی په‌یامبه‌ری ئیسلامه‌وه ده‌ڵێ:
"له هه‌موو کات زیاتر هاتوومه ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی ئه‌وه شمشێر نه‌بووه له‌و سه‌رده‌مه‌دا ئیسلامی گه‌یاندووه‌ته ئه‌و پێگه‌یه، به‌ڵکو ساده‌یی و هه‌ستی خۆنه‌ویستی په‌یامبه‌ر و پابه‌ندبوونی به بهڵینهکانیهوه و په‌رۆشی ته‌واوی بۆ هاوڕێ و شوێنکه‌وتووانی و ئازایه‌تی و چاونه‌ترسی و باوه‌ڕی ته‌واوی په‌یامبه‌ر بووه به خوا و به په‌یامه‌که‌ی. به‌هۆی ئه‌مانه‌وه ده‌رگایان له‌به‌رده‌مدا واڵابووهو سه‌رکه‌وتوون به‌سه‌ر گرفته‌کاندا، نه‌ک شمشێر."
به‌ڵی پێغه‌مبه‌ر(د.خ) په‌یامێکی جوان و شایسته‌ی هێنا بۆ مرۆڤایه‌تی. تیشکی نوری په‌یامه‌که‌ی له هه‌موو کۆڕنهیهکی سه‌ر رووی زه‌مین ده‌دره‌وشێته‌وه... خۆشبه‌ختن ئه‌وانه‌ی شوێن ڕێبازه‌که‌ی که‌وتوون، ئه‌وانه‌ی خۆشیان ناوێت نایناسن و ئه‌وانه‌ی به حه‌ق ده‌یناسن له خۆیان زیاتر خۆشیان ده‌وێت. په‌روه‌ردگارا به شوێنکه‌وتووی پێغه‌مبه‌ری سه‌روه‌ر قبوڵمان بکه‌و له په‌یامه‌که‌ی زیاتر به‌هره‌وه‌رمان بکه.
بۆچوونه‌کان