جێژن هات و لاپەڕەی ڕەمەزانی پێچایەوە و فرمێسکی تاوانباری تاسەباری سڕییەوە ... ئەوەی کە بۆ وەرگرتنی بەهرەی پێویست لە ڕەمەزان تووشی کەم و کورتی بووە ... تامەزرۆی ڕەمەزانێکی تر ... و پەرێشان لەوەی کە داخوا دەگاتەوە ڕەمەزانێکی تر و دڵی بە نووری ڕەمەزانێکی تر دەپشکوێتەوە یان پێش گەیشتن بە ڕەمەزانێکی تر بارگە و بنەی کۆدەکاتەوە و کۆچی دوایی دەکات؟ جێژن ڕۆژی شادمانییە، هەرچەند دنیا پڕی دڵەخورتە و خەم و پەژارە و شەڕ و نەخۆشی و ئازاریش بێت. شادمانی؟ شادمانی لە کوێوە؟ کام شادمانی؟ یەکێ لە هاوڕێیەکانم دەپرسێت! ئێوەش بێ گومان تووشی وەها کەسانێک دەبن کە گیرۆدەی خەم و پەژارە و ڕەشبینین، کە بەردەوام لەسەر بێ هیوایی و ناڵە و خەمەکانیان دەدەوێن ... کەسانێک کە هونەری ژیان نازانن ... واتە نازانن چۆن بەختەوەرانە بژین... بەردەوام چاویان لە نیوەی بە تاڵی پەرداخە، ئاسمانی گەش و ڕوون بۆ ئەو کەسانە داپۆشراو بە هەوری ڕەشە کە تەگەرەی پرشنگی تیشکی خۆرن. ئەو کەسانە پێش ڕووناکی بەربەیان تەنیا ڕەشی شەو دەبینن و هەست بە ڕۆشنای کازیوەی بەربەیان ناکەن. بەس دژواری نێوان دوو سانایی دەبێنن و چاویان لە ئاست خۆشی و رووناکی بەستراوە. من هیچ پەرۆشی ئەو کەسانەم نییە، چونکە ئەوانە خۆیان ئەو شێوەی ژیانیان هەڵبژاردووە. جاری وا هەیە یەکێک لە شێخە پایەبەرزەکان بە نێوچاوانێکی تاڵ و ڕوویەکی گرژ دێتە بەردەمت و وەک ئەوەی کە بزه لەسەر دەمی کەمایەسییە! جا خۆشی بە شوێنکەوتووی سەلەفی ساڵح دەزانێت. ئایا خەمی خەڵکییەتی؟ ئایا زۆرتر له سەروەری مرۆڤایەتی خەم خۆری ئومەتە؟ نا وانییە. بۆ مەگەر یەکێک لە ڕێنوێنییەکانی پێغەمبەری ئازیزمان (د.خ) شادمانی لە ڕۆژی جێژندا نییە؟ « دعهن یا أبابکر فإنما أیام عید ... » «ئەی ئەبوبەکر لێیان گەڕێ ئازاد بن کە ئەوڕۆ جێژنە ... » « ... دونکم یا بنی أرفدە ... » «ئەی بەنی ئەرفەدە بەردەوام بن ... (و بەم چەشنە حەبەشییەکانی لەسەر یاری و گەمە کردن لەنێو مزگەوتدا هان دەدا)» «لتعلم یهود أن فی دیننا فسحة... » «تا جولەکەکان بزانن کە لە ئایینی ئێمەدا ئاسانکاری هەیە.» کەسانێک هەن کە لە ڕۆژی جێژن دا تەنیا سەبارەت بە کێشە و گرفتی موسوڵمانان دەدوێن و بە خەمباری و دەردمەندی باس لە ئاپۆڕەکانی ژیانی ئیمانداران دەکەن و بەردەوام ئازایەتی سەلاحەددین ئەیوبی دەخەنە بەر چاو کە تا گرتنەوەی قودس لێوەکانی زەردەخەنەی بە خۆوە نەدیت ... بەڵام لەو لاوە لەبیریان چۆتەوە کە گەورە و پێشەوا و سەرمەشقی ئێمە حەزرەتی موحەممەدە (د.خ) کە لەهەمبەر خەم و پەژارە پەنای دەبردە بەر دەرگای پەروەردگاری و رووی گەشی خۆش دەویست، بە ڕادەیەک کە پێغەمبەری ئازیزمان (د.خ) بەردەوام ڕووگەش و لێو بە بزە بوو و بە گەشبینی و دەم بەپێکەنێنەوە کاروباری کۆمەڵگای موسوڵمانانی بەڕێوە دەبرد. هەر وەک کە یەکێک لە هاوەڵانی بە نێوی عەبدوڵڵای کوڕی حارس دەڵێت: هیچ کات پێغەمبەری خوا (د.خ) نەمدیت مەگەر ئەوەیکه بزەی لەسەر لێو بوو. هەروەها کەسانێک هەن کە لە ڕۆژی جێژندا بۆ خۆشەویستانی لەدەست چوویان لە ناو گۆڕستانەکان ئاه ناڵە دەکەن و پرسەیان زیندوو دەکەنەوە و تەنانەت کەسانێکی تر بەیانی ڕۆژی جێژن لە گۆڕستان لای مردووەکانیان بە شین و ڕۆڕۆ جێژن دەکەن. هەر دەڵێی جێژن تەنیا بۆ وەبیر هێنانەوەی مردووەکان و گریان و ناڵەیە. بەڵام نەختێ بوێستە، پێش ئەوەی کە سەبارەت بە ئەمەکی ئەو خۆشەویستانەت بدوێی کە کۆتای بە ژیانی گەنجێتی و رابردوویان هاتووە و لە کۆی خۆشەویستان و هاوڕێیانیان جیا کراونەتەوە، با من پرسیارێکت لێ بکەم: ئایا ناکرێ ئەو وەفادارییەت بۆ هاوڕێیانی ڕابردوو لە ڕۆژانێکی تری جگە لە ڕۆژی شادی و خۆشحاڵی و گەشبینی جێژندا دەرببڕی؟ ئەی برای موسوڵمان، ئەی خوشکی ئیماندار، ئەی بەندەکانی یەزدانی دڵۆڤان شادمان بن و شادی بڵاو بکەنەوە و دەورووبەرییانیشتان شادمان بکەن، بەردەوام موژدە بدەن و خەڵک بێزار مەکەن، لە خەڵک ئاسان بگرن و سەخت مەگرن. بەردەوام زیکری پەروەردگارتان بکەن کە بۆ ڕێگای ڕاست ڕێنوێنی کردوون، سپاسی خوا بکەن و داوای لێخۆشبوونی لێبکەن. هەر کەسێک خۆشەویستێکی لەدەست داوە با بزانێت کە خوا خۆشەویستانی زۆری تری پێبەخشیوە. ئەوەی کە ماڵەکەی لەدەست داوە، با بە خۆی دابچێتەوە کە خوا تەندروستی پاراستووە و سڵامەتە. ئەو کەسەی کە کارەکەی لەدەست داوە، خوای گەورە دەرگایەکی تری بۆ دەکاتەوە و لە شوێنێکی ترەوە ڕزق و رۆژی پێدەبەخشێت. هەرکەس دەرگایەکی لەسەر داخرا، بەدڵنیاییەوە خوای مەزن دەرگای باشتری بۆ دەکاتەوە، کە دەبێ لەسەر هەمووی ئەو نیعمەتانە سپاسی خوا بکات و شادمان بێت. نەختێ لەم گۆڕەپانەدا لەگەڵ من لە حیکمەت و ئارامگری و گەشبینی بڕوانە و بیرێکی قەناعەتمەندانە مسۆگەر بکە: قاچی عروەی کوڕی زوبەیر لێدەبێتەوە و کوڕەکەی وەفات دەکات. بەم حاڵەوە دەڵێت: پەروەردگارا! بەشێک لە جەستەمت لێسەندمەوە و بەشەکانی ترت بۆ هێشتمەوە، هەروەها کوڕێکت لێسەندمەوە و کوڕەکانی ترت بۆ هێشتمەوە، کەواتە سپاسی تۆ دەکەم. خوایە !! «و إن تعدوا نعمة الله لا تحصوها» « و ئەگەر نیعمەتەکانی خوا بژمێرن ئەوە دلنیا بن لەدەستتان نایەت و ناتوانن» دەی ئەو کەسەی کە وا خەمبار و بێ هیوای، ئایا لەوانە زۆرتر تووشی بەڵا و نەهامەتی بووی؟ ئەوڕۆ کە ڕەمەزانی خۆشەویستمان کۆتایی پێهات ... چەنێ پێویستمان بە سەقامگیری لەسەر ئیمانە ... ئیمانێکی ڕاستەقینە کە دڵەکانمان ئاوەدان بکاتەوە و تیشکی بەسەر قسە و کردارماندا شەوق بداتەوە. ئەوڕۆ چەنێ پێویستیمان بە هیوایە ... هیوایەک کە بەرەو تێکۆشان بۆ چاکە کاری و ڕاوەستاوی هانمان بدات و هەنگاوەکانمان پتەو بکات. ئەوڕۆ چەنێ پێویستیمان بە گەشبینییە ... گەشبینییەک کە ورە و هیممەتمان بەرز بکاتەوە تاکوو بە سەرکەوتن دەگەین. بۆ ئەوەی کە لە چەرمەسەری و تاڵییەکان وەک دەرفەت کەڵک وەرگرین و بە بەخشین ماڵ و سامان بەڕادەی توانامان، لە قوتابیانی دەرچووی ڕەمەزان بین کە بەهرەی تەواومان لێ وەرگرتبێت ... لە خۆمانەوە دەست پێ دەکەین، نییەت و کردارمان بەرامبەر خەڵکی دورووبەرمان ئیسڵاح بکەین، تێبکۆشین نمونە و سەرمەشقی ئاریکاری لەگەڵ دورووبەرییانمان بین، هەڵبەت نە بە هۆی ترس لە خەڵک، بەڵکو تەنیا بۆ ئەوەی کە شوێنکەوتووی پێغەمبەری ئازیزمان (د.خ) بین. تا ئەوەی کە ببین بە کلیلی خێر و چاکە و هەروەها لەمپەر لەسەر شەڕ و خراپە. با بڵاوکەرەوەی ڕۆحیەی گەشبینی و هیوا و سانایی بین و بڵێسەی مۆم هەڵکەین و چوار دەورمان ڕووناک بکەین، نە ئەوەی کە تووک لە تاریکی بکەین ... بێ هیوا نەبین و هەر کارێکی ئەنجامی بدەین بە بچووک و بێ نرخی نەزانین، چونکه پاداش هەر لە لایەن خواوەیە ... و «الله غالبٌ على أمره و لكنّ أكثر الناس لا یعلمون»