سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاندووە "لەگەڵ ئەردووغان لە بارەی ناوچەیەکی ئارام لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی سووریادا قسە و گفتگۆی کردووە". تویتێکی دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ئەمریکا مشتومڕی دروست کردووە دەربارەی لەنێوبردنی ئابووری تورکیا لە ئەگەری هێرشکردنە سەر کوردەکان و قسەوباسی جیاوازی هێناوەتە ئاراوە کە ڕایەگیاندبوو "بۆ لادانی نیگەرانییەکانی تورکیا لەم بارەیەوە دەکرێت ناوچەیەکی ئارام لەناوچەکانی ژێرکۆنتڕۆڵی کوردەکانی سووریا و سنووری تورکیادا دامەزرێنین". پلە باڵاکانی تورکیاش بەپشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە ئەوەیان ڕایانگەیاندووە "لە پەیوەندی تەلەفۆنی دوێنێی نێوان دوو سەرۆکی ئەو دوو وڵاتەدا دیسانەوە لە بارەی دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام بەدرێژایی 20مایل گفتگۆ کراوە". "ڕەنج عەلاددین"، کارناسی کاروباری سیاسیی کوردەکان لە یادداشتێکدا کە لە ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا بڵاوی کردۆتەوە و ڕایگەیاندووە "هێشتا بۆ ئاشتەوایی ئەمریکا و تورکیا لەبارەی باکووری سووریاوە درەنگ نەبووە، لەو باوەڕەشدایە ئەمریکا دەتوانێت یەپەگە حیزبی حاکم لەناوچە کوردنشینەکانی سووریا، ڕەزامەند بە دابەشکردنی هێز یان ئیدارەدان لەم ناوچانە بکات تا هەڵوێستی تورکیا نەرمتر ببێت و دڵگرانییان لە بارەی باکووری سوریاوە بڕەوێتەوە". هاوکات "سونێر جاگپتای"، لێکۆڵەری کاروباری تورکیا لە زانکۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە واشینتۆن، لە بارەی دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام لە باکووری سوریا بە واشینگتۆن پۆستی وتووە "تورکیا و ئەمریکا لەبارەی قووڵایی ئەم ناوچە ئارامە لە باکووری سووریا کە کۆشکی سپی ئەو ناوچەیەی بە ناوچەی ئاسایش و ترەمپ بە ئارام ناوی ناوە، لەگەڵ یەکدیدا گفتگۆ دەکەن". بەپێی خوێندنەوەی ئەم کارناسە تورکە "هێزەکانی تورکیا و میلیشیاکانی ژێردەستەکانی ئەم وڵاتە، ناوچە پەراوێزەکانی ناوچە ئارامەکە لە سنووری سووریا لەگەڵ تورکیا کونتڕۆڵ دەکەن و هێزەکانی یەپەگەش کونتڕۆڵی هەندێک لەشارە کوردییەکانیان پێ دەسپێردرێتەوە و ئەگەر ئەمریکاش لەم بیرۆکەیە پشتیوانی بکات، بۆ هەمیشە جێی ڕەزامەندی لایەنەکان دەبێت". هەر بەپێی ئاماژەی هەر سێ ڕۆژنامەی فڕەنس پرێس و ئەسوشتێدپرێس و ڕۆیتەرزیش "باسی سەرەکیی ئەم گفتگۆ کۆتایەی نێوان ترەمپ و ئەردووغان، دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام لە ناوچە ژێر کۆنتڕۆڵەکانی کوردەکانی سووریا، پاش دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریایە، هەرچەندە لەگەڵ ئەمەشدا ناڕوونی زۆر لەبارەی ئەم ناوچەیە و قووڵایی و درێژایی ناوچەکە و ئەوەش کە چ کەسانێک ئەو ئیدارە بکەن، بوونی هەیە". هەندێک لە شرۆڤەکاران بە ئاماژەدان بەوەی کە هەندێک لەشارە کوردنشینەکانی سووریا وەکوو کۆبانی لە قووڵایی ئەم ناوچە ئارامەدان، جەختیان کردۆتەوە کە کوردەکان کونتڕۆڵی تورکیا لەسەر ئەو ناوچانە قبووڵ ناکەن و هەندێک لە چاودێرانیش لەو باوەڕەدان بە دروستکردنی ناوچەی ئارام لە باکووری سووریا، تورکیا بەکردەیی کونتڕۆڵی ناوچە کوردنشینەکان لە سووریادا دەگرێتە ئەستۆ و مەترسیی سیاسەتە ئامانجدارەکانی تورکیا لەم ناوچانەدا، دیسان بەدی دەکرێت. هـ ـ ر
بۆچوونهکان