ئەمینداری گشتیی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح لە نامەیەکی سه‌رئاوەڵا بۆ سه‌رکۆمار جه‌ختی له‌سه‌ر شایسته‌سالاری و ده‌کارهێنانی هه‌موو پسپۆران له‌ ئیداره‌ی وڵات ده‌کا.

 

دوکتۆر عه‌بدولڕه‌حمان پیرانی ئەمینداری گشتیی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح لە نامەیەکی سه‌رئاوەڵا بۆ دوکتۆر حه‌سه‌ن ڕۆحانی سه‌رکۆمار، وێڕای ئاماژە بە بەشداری زۆرینە و کاریگەری سوننەکانی ئێران لە دوایین ھەڵبژاردنه‌کاندا، داوای کرد کە بۆ پێکھێنانی دەوڵەتی نوێ، بایەخێکی زیاتر بە شایستەسالاری و کەڵک وەرگرتن لە کەسایەتی و ئەندامانی بەھێزی نەتەوە و ئایینزاکان بدرێ.

ده‌قی نامەکە بەم جۆرەیە:

جەنابی دکتۆر حەسەن ڕۆحانی، سەرۆک کۆماری خۆشەویست و بەڕێزی وڵاتی ئێران

وێڕای سڵاو، ھیوای سەرکەوتن و قەبووڵی بەندایەتیتانم لەم مانگە پیرۆزەدا ھەیە.

بەبۆنەی متمانه‌پێدانه‌وه‌ی خەڵکی ئێران بە ڕوانگە و بەرنامەکانی جەنابتان و ھەڵبژاردنی جاری دووھەم لەلایەن خه‌ڵەکی ئێرانەوە، پیرۆزباییتان لێ دەکەم. پێمخۆشە لە سەرەتای پێکھێنانی دەوڵەتی دوازدەھەم چەن خاڵێکتان لەگەڵدا باس بکەم.

شۆڕشی شکۆدار و دژە دیکتاتۆریی و داگیرکاری خەڵکی بەشەرەفی ئێران کە لە پەنجاکانەوە دەستی پێکرد، بەرھەمی خواست و ئیرادەی میللەتی ئێران، بە ھەموو نەتەوە و ئایینزا و ڕۆشنبیرانی سیاسی و مەدەنیی لە بیر و فیکری جۆراوجۆری حیزبییەوە بوو. یەکەم ئامانج لەم یەکگرتن و پێکەوە بوونە سەرکەوتن و ڕووخانی ڕژێمی پاشایه‌تی لێ کەوتەوە.

شێوازی دامەزرانی حکومەتی نوێ، ژوور و خوارێکی زۆری ئەزموون کرد و لەم ڕێگایەشدا ھەر جار چەن کەسێک لە دانیشتووانی شەمەندەفەری شۆڕش، دابەزین. ھەرچەن بنەمای ئەم ڕیزبەندییە، لەسەر ئاستی شوناس و نەتەوە و ئایین‌زا دانەمەزرا و گشتگیر بوو، بەڵام بەشی ھاووڵاتییان و چالاکانی سوننە لە چاو ئایینزاکانی دیکە، زیاتر بوو.

چەن ڕووداو و کێشەیەک بووە سەرەتای ئەم سڕینەوانە و دەیتوانی کاردانەوەی خراپتری لێ بکەوێتەوە، بەڵام زۆرینەی سوننەکان، بە تایبەت ھاوڕێیان و ھاوبیرانی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح، چالاکییه‌کی زۆریان نواند تا دوو ڕووداوی ناپەسەندی «ناھومێدی» و «گۆشەگیربوون» لە لاییه‌کەوە و داسەپانی گووتاری «توندوتیژی» نەیێنە گۆڕێ.

ھاووڵاتییانی سوننەی ئێران بە تێکڕا کورد، بەلووچ، تورکەمان، فارس، عەرەب، تالیشی، ئازه‌ری و ...ھتد لە ماوەی ئەمساڵانەدا، بە پێی چوارچێوەی یاسایی، لە سەر ئاستی مامناوەندێتی، چالاکی مەدەنی خۆیان نواند و تێکۆشان سنوورپارێزانێکی ڕاستەقینە بۆ وڵاتەکەی خۆیان بن و بەداخەوە لەم ڕێگایەشدا تووشی خەسارێکی زۆر ھاتن. سەردەشت بووە قوربانیی چەکی کیمیاوی. شارەکانی سەرسنوور، تووشی کێشەی جۆراوجور ھاتن. لە بەرانبەر ڕووداوی ناحەزی تیرۆریزم زۆرێک لە ھاووڵاتییانی سوننە خەساریان بینی و زۆرێک له‌ زانایان بوونە قوربانی کە دەتوانین ئاماژە بە مامۆستا مەلا کەریم شاریکەندی، مەلا محەمەد عەزیمی، مەلا محەمەد ڕەئوف  حوسێنزادە و کاک ئەبوبەکری کوڕی، مەلاعەلی جەلالی زادە و کاک موسلیمی کوڕی و دەیان زانا و ھاووڵاتی بێ‌تاوانی دیکە بده‌ین.

سەختی و قورسی ئەم خەسارانە ھاوکات لەگەڵ ھەندێک کەموکورتی لە گەشەی ناوچەکە، نەیتوانی کاریگەری دابنێت لەسەر کۆی ئیرادەی ھاووڵاتیانی سووننە لە پێبەندبوونیان بە ڕوانگەی مەدەنییەوە، و لەگەڵ خەڵکی ئێران ھەمووکات کاریگەرترین ڕۆڵیان بۆ دیاریکردنی مافی چارەسەری نواندووە و لە ھەر ھەڵبژاردنێکدا بۆ جەختکردن لەسەر ڕوانگەی یەکبوون و پێکەوەبوونی نه‌ته‌وایه‌تی و ڕاوەستاوی و گەشەی گشتی، شان بە شانی خەڵکی دیکە ڕۆڵیان گێڕاوە.

جەنابی سەرۆک کۆمار!

وەک دەزانن لە ھەڵبژاردنی ئەمجارەشدا، زۆرینەی سوننەکانی ئێران جەختیان لە سەر دڕێژەدان بە ڕوانگەی بیست ساڵەی ڕابردوو کرد و ئامادەبوونی بەرچاو و یەکگرتووانە و زیاتر لەوەی ڕه‌چاو دەکرا، جارێکی دیکە ڕێبازی چالاکانەیان بۆ دەربڕینی خواست و نیازی خۆیان ھەڵبژارد

ئا لەم بارودۆخەی ئێستادا کە شەمەندەفەری بەڕێوبەرایەتی وڵاتەکەمان بۆ کەوتنە ڕێ لە سەر ڕەیلی گەشە، سه‌قامگرتوویی، ئاسوودەیی و بایەخدانی زیاتر لە ڕابردوو بە مافی شارۆمەندییە و ھەروەھا لەم بارودۆخەدا کە وڵاتی ئێمە لە ناو کێشە و گرفتی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا بۆوتە دوورگەی سه‌قامگرتوویی و ئارامی، نەیاران ھەوڵیان دا تا بە ناردنی تیرۆریستەکان بۆ پێتەختی وڵات و پەلاماردان بۆ سەر دوو درووشمی گرنگی ئەم وڵاتە و کوشتن و بریندارکردنی چەن کەس، ئاشتی و تەبایی و ئاسایش و یەکگرتنی نەتەوەیی ئێران تووشی کێشە بکەن.

لەسەر ئەو باوەڕەم کە بە یارمەتی پەروەردگار، ووشیاری خەڵک و ھێزی دەوڵەت، زامنی ئاسایش و ڕاوەستاوەی ئەم وڵاتەیە و چەن چینی نەتەوەیی و سیاسی لەگەڵ ئیدارەکردنی گشتگیر و بڕوا بە تواناییەکان، دەتوانێ ئیش و کاری گەشەپێدانی فەرھەنگی و سیاسی وڵات هه‌موار بکات و نەیارانیش ناتوانن کۆڵەکەزێڕینەی نەتەوەیی وڵاتەکەمان بکەنە بەستێنێک بۆ شەڕ و ئاژاوە و ڕه‌شه‌کوژی!

بێگومان گه‌لی گەورەی ئێران و شارۆمەندانی تێگەیشتووی سوننە، بایەخی پێکەوەبوون و گرینگی ئاسایش لە بارودۆخی پڕئاژاوە و ھەستیاری ناوچەکەدا بەباشی دەزانن.

پلانی زلھێزەکانی جیهان و ناوچەکە و نەزانین و چەقبەستوویی ھەندێ لە بزاڤەکان لەگەڵ ھەندێ کەموکورتی و کەمکاری کە ھیچ هۆکارێک بۆ بوونیان نییە، بوونەتە ھۆی پێکھاتنی بارودۆخی ئێستا و جێگای خۆیەتی کە کارناسان، بەرپرسان و توێژەران بەباشی لێی بکۆڵنەوە.

جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح شانبە‌شانی چالاکان، کەسایەتی و گروپەکانی سوننە و شیعەی وڵات، لە ڕێگەی بەھێزکردنی یەکبوون، پێکەوەژیانی نەتەوەیی و بەھێزکردنی ئاوه‌زمه‌ندێتی، مامناوەندایه‌تی و لێبورده‌یی لە ھیچ تێکۆشانێک درێخی نەکردووە. سێ واتای کارسازی «کەرامەتی ئینسانی، مەعنەویەتی ئیسلامی و شوناسی ئێرانی» وەکوو دوایین دروشمی کۆنگرەی جەماعەت (خەرمانانی 94) جێگای سەرنج و تێبینییە.

ھیوادارین ئێستا کە بڕیارە دوەڵەتی نوێ پێکبێنن، به‌ کەڵک وەرگرتنی زیاتر لە توانایی حیزب و بزاڤەکان، لە ڕێگەی ھەڵبژاردنی میللەت و گرینگی دان بە شایستەسالاری و کەڵک وەرگرتن لە خەڵکی کارامە و بەھێزی نەتەوە و ئایینزاکان و ھەڵبژاردنی ڕوانگەی «گەشەی یەکدەست و سه‌قامگیر» بۆ ھەموو وڵات، یەکگرتوویی ناوخۆی وڵات زیاتر بێت و چاوی تەماحی دوژمنان نەتوانێ ھیچ کەلێنێک بۆ پەلاماردانی وڵاتی پڕ لە ئاسایش و بەھێز و یەکدەستی ئێران بدۆزێتەوە.

 

والسلام علیکم ورحمةالله و برکاته

عه‌بدولڕه‌حمان پیرانی

ئەمینداری گشتیی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح

31ی جۆزەردانی 1396ی ھەتاوی