دکتۆر عه‌بدولڕەحمان پیرانی، ئەمینداری گشتی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاحی ئێران، ئێوارەی ڕۆژی دوو شەممە 15ی بەفرانبار، لەگەڵ جێگری تایبەتی سه‌رۆک کۆماری ئێران لە بەشی نەتەوە و کەمایەتییە ئایینی و مەزھەبیەکان دیدار و چاوپێکەوتنی کرد. لە سەرەتای ئەم چاوپێکەوتنەدا، دکتۆر عەبدولڕەحمان پیرای وێڕای پیرۆزبایی کردنی حەوتەی «وه‌حده‌ت» و لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) لە حوجەتولئیسلام یونسی و ھاوکارەکانی، لە خوای گەورە داوای کرد کە خۆشەویستی ئەم ئاخرین نێردراوه‌ بەڕێزه‌ی بکاتە ھۆی نزیکبوونەوەی دڵی ھەموو شوێنکەوتوانی «محمد المصطفي» (د.خ) و لەم سەردەمی بشێویەدا، لە خوای گەورە بۆ ھەموو بانگخوازان و تێکۆشەرانی گۆڕەپانی یەکیەتی و یەکگرتن و دیترپەزێری، ھیوا سەرکەوتنی خواست و داوای کرد کە ھەنگاوەکانیان بۆ داکوژانی ئاوری جیاوازی، بەھێزتر و پتەوتر بێت. ئەندامی شۆڕای ناوه‌ندی یەکیەتی جیھانی زانایانی موسوڵمان، بە ئاماژە بە ڕۆڵی بێ‌وێنەی زانایان و بیرمەندانی ئایینی بۆ ھێنانە جێی یەکیەتی ئیسلامی، ڕایگەیاند : ئاستی باڵای کاریگەری زانایان لەسەر بیری گشتی، پلەو پایەی تایبه‌تی به‌وان به‌خشیوه‌، به‌جۆرێک که‌ ھه‌موو جۆره‌ ڕێکخراوه‌یه‌ک بۆ کاریگەری له‌سه‌ر بیری گشتی، له‌ به‌شی ڕاگه‌یاندن یا چاکسازی باوەڕی ئایینی و کۆمه‌ڵایه‌تی و کلتووری، دەبێ ھاوکاریان لەگەڵ بکەن و ڕای ئەوان به‌ده‌ست بێنن. لە درێژەی قسەکانیدا وتی : یەکیەتی زانایانی موسوڵمان، بە ناوی گرینگترین و بەربڵاوترین ڕێکخراوەی جیھانی زانایانی موسوڵمان، لە مانگی جولای 2004 دەستی بە کار کردوه‌، بەشی کەسێک یا حیزب و مەزھەب و دەوڵەتێکی تایبەت نییە، بە پێچه‌وانی ڕێکخراوەکانی دیکەی جیھانی ئیسلام، کە تەنیا لە بوارێک لە بواره‌کانی زانستی و زانکۆیی، بانگخوازی یا خێرومەندی کۆ کراونەتەوە و ھەڵبەت ھەرکام لە جێگای خۆیدا خزمەتی چاک پێشکەش دەکا، بەڵام یەکیەتی زانایان وه‌کوو چەترێکی گشتگیر و جیا لە مەزھەب، وڵات و ناوچەیه‌کی دیاریکراو بە ڕوانگه‌یه‌ی جیھانی خەریکی تێکۆشان و چالاکییە و ئەوجۆره‌ی کە لە ئه‌ساسنامه‌ی خۆیدا ئاماژه‌ی کردووه‌، ئیسلامی بوون، جیھانی بوون، سەر به‌ خه‌ڵک بوون، سه‌ربه‌خۆیی، زانست تەوەری، بایەخدان به‌ بانگه‌وازی ئیسلامی، میانەڕەوی و چالاکیی وەکوو سەره‌کیی‌ترین خاڵی جیاوازی خۆی ناوزەد کردووه‌ و لە ئیش و کاردا دەری خستووە کە دەتوانێ پلە و پێگەی تایبەتی ببێت. یەکیەتی لەم ساڵانەدا وێڕای ھه‌ندێ کەم و کورتی، لایەنگری و ھەوڵوتێکۆشانی بەرچاو و کاریگەری لە بەشە جیاوازه‌کاندا پێشکەش کردووە کە لەچاو ئەو ھەمووە دەسکەوتە گرینگه‌، ئەو کەم و کورتیانە ڕچاو ناکرێن. حوجەتولئیسلام یونسی یاریدەی تایبەتی سه‌رۆک کۆماری لە به‌شی نەته‌وه‌کان و که‌مایه‌تیه‌ ئایینی و مه‌زھه‌بییه‌کان وێڕای به‌خێرھاتن کردنی ئه‌مینداری گشتی جه‌ماعه‌ت و ھاوڕێیانی، پیرۆزبایی حه‌وته‌ی «وه‌حده‌ت» و ساڵڕۆژی له‌دایکبوونی پێغه‌مبه‌ری ئیسلامی کرد و ھیوای ئه‌وه‌ی خواست که‌ ئوممەتی ئیسلامی جیاوازی و کێشه‌ بنێتە لاوه‌ و ڕوانگەی لێک نزیکبوون جێگری ڕوانگه‌ی جیاوازی بکات. ھه‌روه‌ھا ئاماژه‌ی بە سه‌بر و خۆڕاگری له‌ ڕێگه‌ی گه‌شه‌کردنی کۆمه‌ڵگا بۆ ھاتنه‌جێی ئازادی کرد و وتی : ڕەوتی تەکامولی بیری مرۆڤایەتی درێژخایەنە و تا گەیشتن بە کۆمەڵگای گەشەکردوو، ڕێگایەکه‌ی درێژمان لە پێشه‌. لەم دیدارە کە حەیدارعەلی باقریان، جێگری جەنابی یونسی لە کاروباری ئەھلی سوننەتیشدا بەشداری دەکرد، چەنکەس لە ئەندامانی بنکەی ناوەندی، ھاوڕێی ئەمینداری گشتی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاحی ئێران بوون.