دكتۆر عه‌بدوڕڕه‌حمان پیرانی، ئه‌مینداری گشتی جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح، ڕۆژی هه‌ینی ڕابردوو 13ی ڕه‌شه‌مه، له دانیشتنی شوڕای ناوه‌ندیی جه‌ماعه‌ت، بۆ گۆڕانكاری و پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگای ئیسلامی، «وه‌رچه‌رخانی كه‌سایه‌تی» مرۆڤی به پێویست زانی و بۆ گه‌یشتن به‌و ئامانجه، جه‌ختی له‌سه‌ر تێكۆشانێكی به‌رده‌وام له‌سه‌ر ڕاهێنان و په‌روه‌رده و خۆپێگەیاندن كرد.
به پێی ڕاپۆرتی پێگه‌ی هه‌واڵنێری ئیسلاح، دكتۆر پیرانی سه‌باره‌ت به تاوتوێ‌كردنی ڕۆڵی هه‌وڵ‌وتێكۆشانی به‌رده‌وامی مرۆڤ بۆ خۆپێگەیاندن گوتی: «له وێژه‌ی بێداری ئیسلامی‌دا كه بابه‌تی پاك‌كردنه‌وه بنه‌ڕه‌تی‌تر له هه‌ر شتێكه، هه‌ر ده‌م جه‌خت له‌وه ده‌كرێت كه پێویسته بانگخواز به‌رده‌وام گرینگی به خۆپه‌روه‌ریی و چاكسازی كۆمه‌ڵگا بدات. به‌خته‌وه‌ریی مرۆڤ جگه له ڕێگه‌ی هه‌وڵدانی به‌رده‌وام و دڵسۆزانه پێك نایه‌ت. جیاوازی مرۆڤیش هه‌ر له‌و ئاكاره هه‌ڵسه‌نگێندراوه دایه كه مه‌به‌ستی ڕه‌زامه‌ندی خوای گه‌وره بێت».
ئه‌و هه‌روه‌ها درێژه‌ی به باسه‌كه‌ی دا و گوتی: «یه‌كێك له نیشانه‌كانی سۆز و به‌خشینی خوای گه‌وره بۆ به‌نده‌كانی، ڕوون‌كردنه‌وه‌ی چۆنیه‌تی وه‌رچه‌رخانی دۆخی تاك، بنه‌ماڵه‌یی و كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ گه‌یشتن به هێمنایه‌تی و خۆشبه‌ختییه. ئاماژه‌كردنی قوڕئان به سنوور، هۆكاره‌كان و به‌رپرسی ئه‌و گۆڕانكاری ئه‌رێنییه، وانه‌یه‌كی فێركاری و گرینگی تێدایه: «لَهُ مُعَقِّبَاتٌ مِّن بَینِ یَدَیهِ وَ مِن خَلفِهِ یَحفَظُونَهُ مِن أًمرِ اللهِ إِنَّ اللهَ لَا یُغَیِّرُوا مَا بِقَومٍ حَتَّی یُغَیِّرُوا مَا بِأَنفُسِهِم» (رعد:11) واته: «بۆ خوا فریشته‌ی بێ‌شومار هه‌یه كه به نۆره به‌دوای یه‌كدا دێن تا چاودێری ئاده‌میزاد بكه‌ن له به‌ر و پشت و له هه‌موو لایه‌كه‌وه بیپارێزن به فه‌رمانی خوا، بێ‌گومان خوا بارودۆخی هیچ قه‌وم و گه‌لێك ناگۆڕێت، هه‌تا ئه‌وان ئه‌وه‌ی به خۆیان ده‌كرێت نه‌یگۆڕن». خوای گه‌وره، چاودێری له مرۆڤه‌كانی به پاكترین به‌دیهێنراوه‌كانی خۆی واته فریشته‌كان سپاردووه. هه‌ر وه‌ك كه له دونیادا بۆ مرۆڤه گه‌وره و مه‌زنه‌كانی كه مه‌ترسیان له‌سه‌ره، هێندێك چاو‌دێر و پاسه‌وان دابین ده‌كه‌ن. ڕ‌چاو كردنی چاو‌دێر بۆ كه‌سێك، به واتای گرینگی‌دان و ڕێزنان له‌وه».
ئه‌و له درێژه‌ی قسه‌كانیدا ئاماژه‌ی به‌وه كرد: «ئه‌وه‌ی‌كه خوای گه‌وره فریشته‌كان بۆ چاودێری له مرۆڤه‌كان داده‌نێت، به واتای چه‌ند خاڵێكی گرینگه:
1ـ چاودێری و تۆماركردنی كرده‌وه‌كان
2ـ پاراستنی ته‌ندروستی جه‌سته‌یی و ڕوحی
ئه‌وه‌ی‌كه گۆڕانكاری له جیهاندا، مه‌رجدار به گۆڕانكاری و وه‌رچه‌رخانی تاكی مرۆڤه، نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه كه ئیڕاده و ویستی خوای گه‌وره له‌سه‌ر گۆڕانكاری دۆخی كۆمه‌ڵگای ئیسلامی، به شوێن ئیڕاده‌ی مرۆڤه‌كان دایه؛ ئه‌گه‌ر مرۆڤه‌كان خوازیاری گۆڕانكاری ئه‌رێنی بن، خوای گه‌وره‌ش بۆ سه‌ركه‌وتن یارمه‌تیان ده‌دات. كه‌واته ئێمه ده‌بێ له غه‌فڵه‌ت و بێ‌ئاگایی به‌ره‌و ئاگاداری و هۆشیاری، له تاوان به‌ره‌و گوێڕایه‌ڵی و له هاوبه‌ش‌دانان بۆ خوا به‌ره‌و تاكه‌په‌رستی هه‌نگاو هه‌ڵێنینه‌وه».
به بڕوای ئه‌مینداری گشتی جه‌ماعه‌ت، گۆڕانكاری له جیهاندا، پێوه‌ندی به ئیڕاده‌ی مرۆڤ هه‌یه و گوتی: «پێوه‌ندیدار بوونی گۆڕانكاری جیهان به ئیڕاده و ڕۆڵی مرۆڤ، نیشانه‌یێکی دیکه‌ی ڕێزنان له مرۆڤه و هه‌روه‌ها یه‌كێك له هێما و نیشانه‌كانی ئاشكرای دادپه‌روه‌ریی خوایه؛ چونكه لێپرسینه‌وه‌ی دواڕۆژ و شێوازی ژیانی قیامه‌تی مرۆڤه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای ئامانج و ڕێژه‌ی هه‌نگاونانه‌وه‌ی مرۆڤه‌كان له دونیا دیاری ده‌كرێت: «أَفَنَجعَلُ المُسلِمِینَ کَالمُجرِمِینَ» (قلم:35) واته، «ئایا بڕواداران و موسوڵمانان وه‌ك تاوانباران هه‌ژمار ده‌كه‌ین؟» هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه ئاگاداركردنه‌وه‌یه بۆ مرۆڤه‌كان كه پێویسته به‌رده‌وام له هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بن كه واز له كاری خراپه بێنن و بۆ كاری باشه و ئه‌رێنی تێبكۆشن، ده‌نا گه‌شه و پێشكه‌وتن به خۆیانه‌وه نابینن و ئه‌گه‌ر به‌ره‌و دۆخی ئه‌رێنی هه‌نگاو هه‌ڵێننه‌وه، به ده‌ره‌نجامی زۆر به‌نرخ ده‌گه‌ن».
دكتۆر پیرانی هه‌روه‌ها گوتی: «له فه‌رمووده‌یه‌كی قودسیدا هاتووه: «وَ عِزَّتِی وَ جَلَالِی وَارتِفَاعِی فَوقَ عَرشِی، مَا مِن أَهلِ قَریَةٍ، وَ لَا مِن أَهلِ بَیتٍ کَانُوا عَلَی مَا کَرِهتُ مِن مَعصِیَتِی، ثُمَّ تَحَوَّلُوا عَنهَا إلَی مَا أَحبَبتُ مِن طَاعَتِی إلا تَحَوَّلتُ لَهُم عَمَّا یَکرَهُونَ مِن عَذَابِی إلَی یُحِبَّونَ مِن رَحمَتِی» واته: «سوێند به گه‌وره‌یی و مه‌زنی و پله و پایه‌ی به‌رزم له عه‌رش، هیچ كه‌س نییه له ئه‌هلی وڵات و یا ماڵێك كه تووشی تاوانێك بووبێت كه به ناپه‌سه‌ندی ده‌زانم، پاشان له‌و تاوانه پاشگەزبووبێت و به‌ره‌و تاعه‌ت و عیباده‌تێك كه لای من خۆشه‌ویسته گەڕابێتەوە، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی‌كه له سزایه‌كی كه خۆشیان لێ نایه‌ت، ده‌یانگێڕمه‌وه به‌ره‌و ڕه‌حمه‌تێكم كه پێیان خۆشه». له ڕوانگه‌ی ئایین، سزا و كافراندن ده‌ره‌نجامی تاوانن. له زانستی مافناسیشدا، ئه‌نجامی هه‌ر كرده‌وه‌یه‌ك یا وازهێنان له کارێک كه سزای یاسایی هه‌بێت، بە تاوان دەژمێردرێ.»
دكتۆر پیرانی گۆڕانكاری كه‌سایه‌تی مرۆڤی وه‌ك خاڵی ده‌ستپێكی گه‌شه و پێشكه‌وتن ده‌زانی و گوتی: «له ئایه‌تی: «لَا یُغَیِّرُوا مَا بِقَومٍ حَتَّی یُغَیِّرُوا مَا بِأَنفُسِهِم» ئاماژه به دو بواری گۆڕانكاری كراوه:
1ـ ما بقوم
2ـ ما بأنفسهم
«ما بقوم» بریتییه له هه‌ر دۆخێكی نه‌خوازراوی كۆمه‌ڵایه‌تی، كولتووری، ئابووری و ڕامیاری وه‌ك نه‌بوونی هێمنایه‌تی، هه‌ژاری، نادادپه‌روه‌ری، ملهوڕی و... «ما بأنفسهم» ئاماژه به هه‌موو چه‌شنه كه‌مایه‌سییه‌كان، لادان و کردارە چەوتەکانی تاک ده‌كات. واته گۆڕانكاری له بواره‌كانی سه‌ره‌وه پێوه‌ندی به «گۆڕانكاری كه‌سایه‌تی» تاكه‌كان هه‌یه. واته خاڵی سه‌ره‌تای پێشكه‌وتن، گۆڕانكاری كه‌سایه‌تییه و ئه‌وه‌ش به واتای ڕۆڵی گه‌وره و چاره‌نووس‌سازی ڕاهێنان و په‌روه‌رده‌یه».
بۆچوونه‌کان