ژیان جووڵه‌یه‌كی دووپات و چه‌ندپاته‌یه، خول خواردنه به ده‌وری خۆت و هات و چوونێكی یه‌ك له دوای یه‌كه،كاری سه‌ره‌كی پیربوونه و ده‌ره‌نجامی سه‌ره‌كیش مردن و نه‌مانه، رۆژ پێشه‌كییه‌كه بۆ شه‌و و شه‌و پێشه‌كییه‌كه بۆ رۆژ، هه‌ر دێت گوریسی ته‌مه‌ن باریكتر ده‌بێته‌وه و كورت تر، تا سه‌ره‌نجام مه‌رگ به‌رۆكمان پێ ده‌گرێت و هه‌موو ره‌نج و ئازار و تێكۆشان و چاوه‌ڕوانییه‌كان دواپه‌رده‌ی خۆیان نمایش ده‌كه‌ن و كاتژمێری ته‌مه‌ن راده‌وه‌ستێ. به‌ڵام حه‌ج پچڕانی زنجیر و ته‌سه‌لسولی بێهوودهگییه، ره‌ها بوونه له چاره‌نووسی نادیار، هه‌ر له حه‌ج دایه سه‌رجه‌م گرێ كوێره‌كانی ژیانی بنیاده‌م به نییه‌تێكی بوێرانه ده‌كرێنه‌وه و وجودی مرۆڤ دێته سه‌ر هێڵێك راست و موسته‌قیم، حه‌ج كۆچه به‌ره‌و ئه‌به‌دییه‌ت، به‌ره‌و ئه‌علا عیللییین و به‌رزترین ئاست و هه‌نگاونانه به‌ره‌و خوا. مه‌یدان بۆ تامه‌زرۆیان ئاوه‌ڵایه و هه‌موو ساڵێك سه‌رجه‌م مرۆڤه ئیبڕاهیمییهكانی سه‌ر گۆی زه‌وی بانگهێشتی ئه‌م كه‌رنه‌ڤاڵه پڕ له هه‌یبه‌ته ده‌كرێن، هه‌ر كه‌س له هه‌ر قوژبنێكی ئه‌م دونیایه بتوانێ خۆی بگه‌یێنێته ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه دێته ناو گۆره‌پانه‌كه و ده‌وری یه‌كه‌م ده‌خاته ئه‌ستۆی خۆی و تێكڕای داستان و رووداوه‌كان به له‌ش و جووڵانه‌وه و زمان ده‌گێڕێته‌وه و هه‌ستی پێ ده‌كا و هه‌وڵ ده‌دا له گه‌ڵ هه‌وراز و نشێوی پێشهاته‌كان و وانه به‌رز و پیرۆزه‌كانی حه‌ج بژیت. حه‌ج به گشتی، هه‌وڵ و تهقهللایهكه كه مرۆڤ له ناخه‌وه به‌ره‌و په‌روه‌ردگاره‌كه‌ی ئه‌نجامی ده‌دات بۆ پێگه‌یشتن و تێگه‌یشتنی. حه‌ج نمایشێكی ره‌مزییه له خیلقه‌تی ئاده‌م و زمانی نمایش و جووڵانه‌وه و كاراكتێره سه‌ره‌كییه‌كانی، ئاده‌م و ئیبڕاهیم و ئیسماعیل و هاجه‌ر له لایه‌ك و ئیبلیس له به‌ره‌ی دژبه‌ری ئه‌وانه. تۆی باوه‌رمه‌ند! چ ژن یا پیاو، پیر یا گه‌نج، چ ره‌ش بی یا سپی، هه‌ر كه به‌شداری ئه‌م هه‌ڵمه‌ت و كارزاره بووی، هه‌م وه‌ك ئاده‌م و هه‌م ئیبڕاهیم و هه‌م هاجه‌ر ده‌ور ده‌بینی. لێره بچووك و و گه‌وره واتای خۆی له ده‌ست ده‌دات و ته‌نانه‌ت ره‌گه‌زیش بێ مانایه، شانۆیه‌كی پیرۆزه كه هه‌ر كه‌سێك سه‌رجه‌م ده‌وره‌كان ده‌گێڕێ و هه‌ر خۆشی قاره‌مانی چیڕۆكه‌كه‌یه. ئێستا ئیبڕاهیم له ژێر باری قورسی راگه‌یاندنی خواپه‌رستی و ته‌وحید و له ژێر ده‌سته‌ڵاتی سته‌م و نه‌زان په‌رستی و شیرك و یه‌ك سه‌ده خۆڕاگری، پیر بووه و له‌وپه‌ڕی تروپكی به‌رزی پێغه‌مبه‌رایه‌تی دا دیسانیش هه‌ر مرۆڤێكه و له كۆتاییه‌كانی ته‌مه‌ن و به‌رپرسیاره‌تی پێغه‌مبه‌رانه‌ی خۆی حه‌ز ده‌كا كوڕێكی هه‌بێت. سه‌ره‌نجام خوای میهره‌بان و لێزان مناڵێكی پێ ده‌به‌خشێت و ئه‌ویش كوڕێك، ئیسماعیل، كه بۆ ئیبڕاهیم ته‌نها كوڕێك نه‌بوو به‌ڵكوو ئه‌و كۆتایی ته‌مه‌نێك بوو له چاوه‌ڕوانی. هه‌ر له سه‌ره‌تاوه خوای میهره‌بان نه‌یده‌ویست ئیسماعیل قوربانی بكرێت، ده‌یویست ئیبڕاهیم ئه‌نجام ده‌ری ئه‌م ئه‌ركه ئه‌سته‌مه بێت. ئیتر قوربانی بوونی ئیسماعیل بێسووده و په‌روه‌ردگاری دلۆڤان ته‌نها گه‌ره‌كی بوو ئیسماعیل ببێته ذبیح الله و به‌ڵام به چ حالێك و چ سه‌بوورانه و دژوار. لێره باس له نیازی خوای بێ نیاز نییه، لێره نیازمه‌ندی سه‌ره‌كی مرۆڤه، حیكمه‌تی خوای به‌خشنده و دلسۆزی مرۆڤ، به‌م شێوه‌یه كه ئیبڕاهیم تا تروپكی به‌رزی قوربانی كردنی ئیسماعیل ده‌باته بان بێ ئه‌وه‌ی كه ئیسماعیل قوربانی بكات و ئیسماعیلی گه‌یانده پله‌ی به‌رزی ذبیح الله بێ ئه‌وه‌ی كه تووشی ئازار و خه‌سارێكی بكات. ئه‌م به‌سه‌رهاته چیرۆكی ئه‌شكه‌نجه و ئازاردانی مرۆڤ نییه و ئه‌مه داستانی گه‌شه‌ی مرۆڤه، ئازادبوون له به‌ندی هه‌وه‌س و رزگاری له دیواری ته‌نگی خۆویستییه و به‌رزبوونه‌وه‌ی روح و میعراجی عه‌شق و وره‌ی پۆڵایینی ئیراده‌ی مرۆڤایه‌تییه و ره‌هابوون له هه‌ر پێوه‌ندییه‌كه كه مرۆڤی به‌رپرس له به‌رامبه‌ر حه‌قیقه‌ت دا ره‌نگه دیل و بێ توانا بكات. سه‌ره‌نجام ئیسماعیل ئاسا گه‌یشتن به پله‌ی به‌رز و پیرۆزی شه‌هیدبوون و هه‌ڵبه‌ت له سه‌رووی شه‌هاده‌تیش ئیبڕاهیم ئاسا ئه‌وه‌ی كه ئێستاش له قاموسی مرۆڤ دا ناوێكی بۆ نه‌دۆزراوه‌ته‌وه و كۆتایی داستانیش قوربانی كردنی بوونه‌وه‌رێكه كه مۆری كۆتایی هێنانه به قوربانی بوونی مرۆڤ و كه‌رامه‌تی مرۆڤایه‌تی. به‌ڵام ئێستا تۆ كه گه‌یشتوویته مێنا، ئیبڕاهیم ئاسا ده‌بی قوربانییه‌كه‌ت هێنابێت، ده‌بێ هه‌ر له زوویه‌وه ئیسماعیلهكهت بۆ قوربانی كردن هه‌ڵبژاردبێت. ئیسماعیلی تۆ كییه، ئیسماعیلی تۆ چییه؟ پێویست ناكا هیچكه‌س بزانێت، هه‌ر خۆت و خوای خؤت ده‌بی بزانێت. ره‌نگه ئیسماعیلی تۆ مناڵه‌كه‌ت نه‌بێ، ته‌نها كوڕت نه‌بێ، هاوسه‌رت، ناوبانگ و ماڵ و داراییت، مه‌قام و پله و پایه‌ت. ئیتر هه‌ر چی له دڵت دا جێگای ئه‌و ئیسماعیله بێت كه له دڵی ئیبڕاهیم دا هه‌بوو، هه‌ر شتك ببێته له‌مپه‌ر بۆ ئه‌نجامی ئه‌ركی ئینسانیت و گه‌یشتن به حه‌قیقه‌ت، هه‌ر چی هانت ده‌دات له گه‌ڵ خۆت بمێنێوه، ئه‌وه‌ی گوێچكه‌ت له ئاست په‌یامی حه‌ق كه‌ڕ ده‌كات و بیرت كوێر ده‌كات و ناخت پیس و نه‌گریس ده‌كات. ئه‌وانه نیشانه‌كانی ئیسماعیلن، تۆ خۆت هه‌سته به گه‌ڕان و پشكنینی ژیانت و ئیسماعیلی وجودت بدۆزه‌وه و ئێستا كه به‌ره‌و خوا هه‌نگاوت ناوه، له مێنا دا زبحی بكه و پله‌ی كۆتایی به‌رزبوونه‌وه‌ت بپێوه.
بۆچوونه‌کان