چەمکی ئازادی، لە ساناترین لێکدانەوە و واتایدا، ئازادبوون و ئارەزوومەندیی مرۆڤ دەگەیەنێت لە هەڵبژاردنی هەر بیر و باوەڕ و بژاردە و ڕێگەچارەیەک کە لە ناو کۆمەڵێکی زۆری بیر و باوەڕ و بژاردە و ڕێگەچارە، دەخرێنە بەردەمی، بە بێ هیچ مەرج و زۆرلێکردنێک.
ئازادیی مرۆڤ، وەکوو مافێکی خودایی بۆ بەندەکانی، هەر لە ساتەوەختی دروستبوونی مرۆڤەکانەوە بڕیاری لەسەر دراوە و بە تەنها وابەستەی هیچ قۆناغێکی دیاریکراوی ژیانی مرۆڤایەتی نییە. هەموو فەلسەفە و ئایدیا و ئایینە زەمینی و ئاسمانییەکانیش باسیان لێ کردووە، هیچ ئایین و ئایدیا و ڕێباز و فەلسەفەیەک بە تەنها، خاوەنی لێکدانەوە و ئەفراندنی ئەو چەمک و زاراوە یان بەهایە نییە. کاتێکیش دەگوترێت ئازادی لە ئیسلامدا یان باسی پەیوەندیی نێوان ئیسلام و ئازادی دەکرێت، مەبەست پێی ئەو پێگە و گرنگیپێدانە تایبەت و ئەو ڕێکارە کۆتایی و گرنگانەن کە ئەم ئایینە پیرۆزە، بۆ باشتر وێناکردن و چەسپاندنی لەسەر ئەرزی واقیع، جیاواز لە هەموو ڕێباز و ئایینەکانی پێش خۆی و دوای خۆشی، ئاماژەی پێداون و فەرمانی کارپێکردنی پێ داون.
ئیسلام جیاواز لە ئایین و ڕێباز و فەلسەفەکانی تر، بە شێوەیەک بۆ ئازادی ڕوانیوە، یان باشترە بڵێین ئازادی لە ئیسلامدا بە شێوەک بڕیاری لەسەر دراوە کە سنووری زەمین تێدەپەڕێنێت و دەگاتە ئاسمانەکانیش، بەو واتایەی ئازادیی مرۆڤ وەکوو مافێکی بنەڕەتی، سنووری پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان تێدەپەڕێنێت و دەگاتە سنووری پەیوەندی نێوان خودا و مرۆڤەکان، مرۆڤ مافی ئەوەی هەیە لە نێوان ئەوانەی خوای گەورە بە چاک و خراپی داناون، یەکیان هەڵببژێرێت و ئەوانی دیکەش ڕەت بکاتەوە، لەو پێناوەشدا هیچکەس و دەزگایەک مافی لێزەوتکردنی ئەو مافەی نییە. کاتێکیش دەگوترێت لە بیروباوەڕی ئیسلامیدا مرۆڤ لە بڕیاردان و هەڵگرتنی هەنگاوەکانیدا دروستکراوێکی موجبەر نییە، ئەوە ئەوپەڕی ئازادییە بە هەموو ڕەهەندەکانییەوە.
زانایان و بیرمەندانی ئیسلامی، ئازادی وەکوو یەکێک لە بەها قورئانییەکان دادەنێن، لە پاڵ ژمارەیەک بەهای تری وەکوو دادگەریی و ڕاویژکردن و هتد، بۆ ئەوەش چەندین ئایەتی قورئانی پیرۆز بە بەڵگەی قسەکانیان دەهێننەوە. هەروەک چەندین فەرموودە و دەقی ڕاست و ڕەوانیشمان لە لایەن پێغەمبەری ئیسلام (دروودی خوای لەسەر بێت) هەن کە ئازادی بە بەهایەکی شارستانی دەناسێنن و میکانیزم و ڕێکارەکانی بەرپاکردن و پاراستنی ئەو بەها گرنگە دیاری دەکەن. نەک هەر ئەوانە، بەڵکوو بەشێکی دیار لە بیرمەند و زانایانی سەردەمیش، لە باسی گرنگی و پێگەی ئازادیی لە ئیسلامدا، پێشنیازی زیادکردنی بەهای ئازادییان بۆ یەکێک لە مەبەستەکانی ئیسلام (بە عەڕەبی=مقاصد الشريعة) كردووە، دکتۆر یوسف قەرەزاوی یەک لەو زانایانەیە.
ئەوانەی دەیانەوێت لە بابەتی ئازادی لە ئیسلام و یاسا و ڕێساکانی و پێگە و گرنگیی ئەو بەهایە تێ بگەن، پێویستە ڕەچاوی چەند خاڵێک بکەن، لەوانەیش:
یەکەم: ئازادیی لە ئیسلامدا، وەکوو ماف و پێدراوێکی خوایی بۆ هەموو مرۆڤەکان بەبێ جیاوازیی لە ئایین و ڕەنگ و ڕەگەز و زمان و هەر جۆرە پاشخانێکی دیکە، بڕیار دراوە. بۆ هیچ کۆمەڵێک لە مرۆڤەکان نەهاتووە و ڕەوا نییە زەوتی ئەو ئازادییە بکەن، یان قەدەغەی بکەن لە کۆمەڵ و کەسانێکی دیکەی جیا لە خۆیان. دیاریکردنی سنووری ئازادی و مافەکان تەنها لە ڕێی دەستوور و یاسایەکی مرۆڤدۆست و سەردەمییانەوە دەبێت. بۆ ئەم خاڵەش ژمارەیەکی زۆر لە بەڵگە و بەسەرهاتمان لە نێو دەقە پیرۆزەکان و قۆناغە جیاجیاکانی مێژووی ئیسلامیدا هەن.
دووهەم: هەروەکو پێشتر ئاماژەمان پێ کرد، ئازادی لە ئیسلامدا سنووری پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان تێدەپەڕێنێت و دەگاتە سنووری پەیوەندی نێوان خودا و مرۆڤەکان، مرۆڤ مافی ئەوەی هەیە لە نێوان ئەوانەی خوای گەورە بە چاک و خراپی داناون، یەکیان هەڵببژێرێت و ئەوانی دیکەش ڕەت بکاتەوە، لەو پێناوەشدا هیچکەس و دەزگایەک مافی لێزەوتکردنی ئەو مافەی نییە. کاتێکیش دەگوترێت لە بیروباوەڕی ئیسلامیدا مرۆڤ دروستکراوێکی موجبەر نییە لە بڕیاردان و هەڵگرتنی هەنگاوەکانیدا، واتا هیچ ڕەوا نییە لە ئازادی وەکوو مافێکی مرۆڤەکان تەنها لە کاروباری ڕۆژانەی دنیاییدا تێ بگەین و هەرچیش پەیوەندیی بە دەرەوەی سنووری مرۆڤ و دنیاوە هەبێت، ئێمە بکاتە دوژمن و نەیاری ئەو ئازادییە.
سێهەم: لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە، ئێمە لەوە تێ بگەین کە ئازادی و مومارەسەکردنی، یان بانگەشەکردن بۆ ئازادییەکان لە لایەن هەرکەس و دەزگایەکەوە، دەبێت دەرکەوتەی ئیجابی لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی مرۆڤەکاندا هەبێت، دەنا هەموو ئەو بانگەشانە بۆ ئازادبوون و پاراستنی ئازادییەکان، لە بازنەی دروشمدا دەمێننەوە.
لە هەر شوێنیک ئازادی ڕاستەقینە هەبوو، ئەو شوێنە ستەم و نادادپەروەری تێدا نابێت، مەگەر لە بازنەیەکی بچووکدا، بگرە یەکەمین هەنگاو بۆ دەستەبەرکردنی دادگەری، بەرپاکردنی ئازادی ڕاستەقینەیە، کاتێکیش سەردەمی خیلافەتی ئیمامی عومەر لە ڕووی وەدیهاتنی دادگەریی ڕاستەقینەوە بە یەکێک لە قۆناغە هەرە زێڕین و دیارەکانی مێژووی ئیسلامی دادەنرێت، بەم هۆیەوەیە کە ئەو خەلیفەیە زۆرترین ئازادی بۆ مرۆڤەکانی شوێنکاتی خۆی فەراهەم هێنابوو، باس و خواسی دادپەروەری ئیمامی عومەر، لە لای هەموان ڕوون و ئاشکرایە. هەرکاتیش ستەم و نادادی نەما، ئەوە بێگومان واتای نەمانی کەس و دەسەڵاتدارانی تاکڕەو و ملهوڕه.
ئەوەی ماوەتەوە لێرەدا ئاماژەی پێ بدەین، بەهای ئازادی لە سەردەمی ئێستاماندا لە بەردەم کۆمەڵێک قەیران و ئاستەنگی گەورەدایە. لەسەر ئاستی جیهان و لای زلهێزانی ئێستای دنیا، بە تایبەتیش وڵاتانی پێکهێنەری سیستمی نوێی جیهانی و بەڕێوەبەرانی ڕێکخراوەگەلێک وەک نەتەوە یەکگرتووەکان، ئازادی بە دوو پێوانەی جیاواز دەپێورێت، بەم هۆیەوە گەلانێکی زۆری دنیا کەوتوونەتە ژێر باری ستەمێکی گەورە و دڕندانەوە. لەسەر ئاستی جیهانی ئیسلامیش، چەمکی ئازادی و تێگەیشتن لێی، کێشەی گەورەی هەیە و تا ئێستا لە نێو مسوڵماناندا تێگەیشتنی ئیسلامی و قورئانی دروست بۆ ئەم بەهایە نییە، چ تایبەت بە خود و چی ش تایبەت بە ئەوی دیکە و زانینی ماف و سنووری ئازادییەکانی.
زانینی پێگە و گرنگیی بەهای ئازادی لە ئیسلام و بەتایبەتیش لە قورئان و سوننەتدا، هاوکات لەگەڵ ئەو دەرئەنجامە سلبییانەی ئەمڕۆ لە جیهانی ئیسلامی و غەیری ئیسلامییشدا لە بواری زەوتکردنی ئازادییەکاندا دەبینرێن، ئەوە دەسەلمێنن کە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بە گشتی و کۆمەڵگەی ئیسلامی بە تایبەت، زۆر دوورن لە ڕوحی ئیسلام و ئەو بەهای ئازادییەی لە هەناوی ئیسلامدا بەئامانج گیراوە. بێگومان چارەسەری هەموو ئەو گرفت و قەیرانانەش، بە گەڕانەوە بۆ ڕوحی قورئان و ئیسلام دەستەبەر دەکرێن.
بۆچوونهکان