به کۆششی بەرپرسانی پێوندە گشتییەکانی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاحی سەردەشت، ئۆردوویەکی یەکڕۆژه به مەبەستی سەیران و پەروەده، به ئامادەبوونی نزیکەی 150 نەفەر لە ئەندامان و لایەنگرانی جەماعەت، ڕۆژی چوارشەممە 12ی گوڵان، لە داوێنی کەژ و چیاکانی شاری سەردەشت، بەڕێوە چوو.
بە پێی هەواڵی ئیسلاح وێب، مامۆستا عوسمان ئیزەدپەنا، ڕاڤەکار و وانەبێژی پۆلە گشتییەکانی ڕاڤە و لەبەرکردنی قورئان، لە ڕێوڕەسمێکدا کە - هەر لەو ئۆردوویە - بە بۆنەی ڕێزلێنان لە 8 کەس لە خوشکانی حافزی قورئان، پێک هێندرابوو، سەبارەت به گرینگی و پێویستی لەبەرکردن و فام و تێڕامان له قورئانی پیرۆز، وتاری ئاراسته کرد. لە میانەی بەشێک لە وتارەکەیدا گوتی: وێڕای باش خوێندنەوە و تێگەیشتن و زانیاری سەبارەت به واتا بەرز و شیرینەکانی قوڕئانی پیرۆز، قوتابیان و خوێندکارانی قورئان و هەر موسڵمانێک به نۆبەی خۆی لەسەرییەتی لەبەری بکات.
مامۆستا ئیزدەپەنا لە درێژەی قسەکانیدا قورئانی به زیندووکەرەوەی دڵ و خەڵاتێکی شادی بەخش بۆ ژیانی مرۆڤ وەسف کرد و ئاوێتەبوون لەگەڵ ئەو پەیامە ئاسمانییەی وەک هەوێنک بۆ سڵامەتی دەروون و ئۆقرە و هێمنی ڕوح و ڕەوان زانی و گوتی: هەلی تێگەیشتن و لێ حاڵی بوون لەم واتا بەرز و پڕ له خێر و بێرە بۆ ئەو کەسانەی که خۆیان بە ئەزموون هەستیان پێ نەکردبێ و ڕاستەوخۆ چێژیان لێ وەرنەگرتبێ دوور و ئاستەمه.
لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا دیارییەک پێشکەش به هەر کام لە حافزانی قورئان کرا.
شایانی باسه، هاونشینی به تێکڕاو، بەرنامەگەلی جۆراوجۆری وەرزشی، بەڕێوەبردنی کێبەركی بۆ منداڵان و تازەلاوان و گەشت و سەیران، بریتی بوون لەو بەرنامانەی کە لەو ئۆردووە یەکڕۆژەیەدا بەرێوەچوون.
بۆچوونهکان