سەرۆك وەزیرانی توركیا خەڵاتی جولەكەكانی بۆ كۆنگرەی جولەكەی ئەمریكی گەڕاندەوە كەلە ساڵی ٢٠٠٤ پێی بەخشرابوو. باڵیۆزی توركیا لە واشنتۆن سەردار كڵیچ، لە رێگەی پەیامێكەوە وەڵامی كۆنگرەی جولەكەی ئەمریكی لەبارەی داواكاری گەڕاندنەوەی خەڵاتی رێزلێنان كەلە ساڵی ٢٠٠٤ بە ئەردۆغانیان بە خشیبوو دایەوە. لەو نامەیەی كە بۆ سەرۆكی كۆنگرەی جولەكەی ئەمریكایی جاك رۆسێن نێردراوە، ئاماژە بەوە كراوە كە كۆنگرەی جولەكەی ئەمریكی بێدەنگ بووە لە كاولكاری و سیاسەتی وەحشیگەرانەی حكومەتی ئیسرائیل. بەپێی روونكردنەوەكان لە نامەكەدا ئاماژە بە بەردەوامی ھەڵوێستی ئەردۆغان دراوە سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان و تێیایدا ھاتووە: "ئەردۆغان پێداگرە لەسەر دۆزینەوەی رێگا چارەی دیپلۆماسی بۆ كێشەكانی نێوان دوو وڵاتەكە و نەخشە رێگەیەك بۆ چارەسەری كێشەی فەلەستین." لە بەشێكی دیكەی نامەكەی باڵیۆزی توركیا لە واشنتۆن ھاتووە:" لەبری ئەوەی ئیسرائیل بەپێی یاسای نێودەوڵەتی بجولێتەوە، بەردەوامە لە سیاسەتی داگیركاری و پێشێلكاری. رەخنەكانی ئەردۆغان لەبەرامبەر ھێرشی حكومەتی ئیسرائیل بۆ سەر خەڵكی سڤیل وا نیشاندەدرێ كەلە دژی جولەكەكان بێ. ئەردۆغان سەرۆكێكە، كە بۆ ھەموو جیھانی سەلماندووە لە دژی جولەكەیەك نییە و وەستان لە دژیان تاوانێكی مرۆڤایەتییە. ھەروەھا بەردەوام پەیوەندییەكانی لەگەڵ جولەكەكان چڕ كردۆتەوە و ھاوڵاتیانی جولەكە بەدور دەزانێ لە سیاسەتی ئیسرائیل و جیایی كردۆتەوە. جەماعەتی جولەكەش لە توركیا بێدەنگ نین لە كۆمەڵكوژییەكەی فەلەستین." لە درێژەی نامەكە دا باس لە بەردەوامی ھەوڵەكانی ئەردۆغان بۆ رووبەڕووبوونەوە لە دژی تیرۆریستان و پارێزگاری كردن لە ماڵ و گیانی ھاوڵاتیانی جولەكە كراوەتەوە و تێیایدا ھاتووە:"بەخۆشحاڵییەوە ئامادەی گێڕاندنەوەی خەڵاتی كۆنگرەی جولەكەكانین كە لە ساڵی ٢٠٠٤ بە سەرۆكوەزیران بەخشراوە، بەھۆی ئەوەی دژی ھێرشەكانی ئیسرائیلە بۆ سەر خەڵكی سڤیلی غەززە. سەرۆكوەزیرانمان پێش ئەو خەڵاتە بەردەوام لەدژی تیرۆریستان بەرگری لە گەلی جولەكە كردووە و ھەوڵەكانی بۆ دۆزینەوەی رێگای چارەسەری ئاشتی چڕ كردۆتەوە بۆ كێشەی فەلەستین و بەردەوام دەبێ لە پارێزگاریكردن و سەلامەتی گیان و ماڵی جولەكەكان."
بۆچوونهکان