ئایین... کرانه‌وه... ڕه‌خنه... نوێسازی جه‌عفه‌ر گوانی کێ؟ چۆن؟ که‌ی؟ کاتێك ڕه‌خنه و سه‌رنجمان له‌سه‌ر جۆره تێڕوانینێك هه‌یه، مانای وا نییه بڕوامان به ڕای جیاواز و ڕه‌خنه نه‌بێت، بگره هه‌ر کاتێك ڕه‌خنه و سه‌رنج نه‌ما، بیرۆکه‌که ده‌مرێت، له ڕابردووش هه‌میشه بڕوام به ڕه‌خنه و ڕاگۆڕینه‌وه هه‌بووه، هه‌ر بۆیه به‌شێکی زۆری نووسه‌ره گه‌وره‌کانی کوردستان به چه‌ندان بابه‌ت هه‌میشه له‌گه‌ڵیان له گفتوگۆدا بووینه، بێ ئه‌وه‌ی لێکیش عێدز بین، هه‌رچه‌نده هه‌مان ئه‌و ڕۆژنامانه ئێستا وه‌کوو پێویست ده‌رفه‌ت ناده‌نه ڕای جیاواز و ده‌توانم به به‌ڵگه‌ش بیسه‌لمێنم. که‌سانێك هه‌ن نوێسازی له فیکری ئیسلامی و فیقهی ئیسلامی ده‌که‌ن، تا ئه‌گه‌ر ڕه‌خنه‌شیان لێ گیرابێت، به‌ڵام دواتر تا ئاستێك په‌سه‌ندکراون، به‌ڵام ئه‌وانه که‌سانێکی خه‌مخۆری دین و نیشتیمانی خه‌ڵك بوونه، خاوه‌ن پسپۆڕییه‌کی به‌رز بوون، دکتۆر مسته‌فا زه‌ڵمی و دکتۆر محه‌مه‌د گه‌زنه‌یی دوو نموونه‌ی زۆر دیارن که هه‌میشه سه‌رنجه‌کانیان مشتومڕی ده‌هێنایه‌وه، به‌ڵام ئاستی زانستی و نه‌فه‌سی قسه‌کردنیان جێگه‌ی ده‌کردنه‌وه، ئه‌وانه‌ی وه‌ڵامیشیان ده‌دانه‌وه به هه‌مان ڕۆحی زانستییه‌وه ڕه‌خنه‌یان لێ ده‌گرتن، به‌ڵام که‌سانێکی ڕۆشنبیر نه‌ك زانا به خوێندنه‌وه‌ی دوو سێ کتێبی جیاواز، نازناوی قه‌به له خۆیان ده‌نێن، له‌کاتێكدا نه خه‌لفییه‌تێکی زانستی، نه هه‌ناسه‌یه‌کی خه‌مخۆریان هه‌یه، ئه‌وانه نه ده‌توانن چاکسازی بکه‌ن و نه هیچیشیان له دوو شینه بێت، لۆ نموونه یه‌ك له‌و به‌ڕێزانه ئیشی ئه‌وه‌بوو ته‌نیا به دوای ڕای شاز ده‌گه‌ڕا، هه‌میشه خۆی به دژه سه‌له‌فی ده‌زانی، شه‌وێکیان له به‌رنامه‌یه‌ك ده‌عوه‌ت بوو ئاراسته‌که به پێچه‌وانه‌ی سه‌له‌فییه‌ت ده‌رۆیشت، هه‌مان کابرا خۆی کرده سه‌له‌فی و بانگدانی به بیدعه ده‌زانی، واته مه‌به‌ستی خۆ ده‌رخستنه به گوێره‌ی شوێنه‌که، نه‌ك تێڕوانینی بابه‌تیانه. بۆیه کاتێك که‌سانی وه‌ك زه‌ڵمی و گه‌زنه‌یی و له‌و دواییانه چه‌ندانی دیکه ڕه‌خنه له به‌شێکی توراس ده‌گرن و زانستیانه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌که‌ن، هه‌میشه خزمه‌تێکی گه‌وره‌یان کردووه ئه‌گه‌رچی له هه‌ندێك بابه‌تیش نه‌یان پێکا بێت. هه‌روه‌ها هه‌ڵبژاردنی بابه‌ته‌کانیش گرنگه، بۆ نموونه له کاتی هاتنی داعش ڕه‌خنه‌ی زۆر ده‌گیرا له بابه‌ته‌کانی (کۆیله و جاریه و کوشتنی دیل و سوتاندن و ته‌کفیر) یان له کاتی باسی ئافره‌تان قسه‌ی زۆر ده‌کرا له بابه‌ته‌کانی (فره‌ژنی، به‌شوودانی منداڵی سهربچووك، ژن به ژنه، ماره‌یی زۆر، ته‌ڵاقی سێ به سێ...) یان قسه‌کردن له‌سه‌ر (کات و شوێنی پرسه و قوڕئانخوێندن به پاره‌ی زۆر و...) ئه‌وانه بابه‌تگه‌لێك بوون ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندیان به ژیانی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵكه‌وه هه‌بوو، باسکردن و ڕه‌خنه‌لێگرتنیان به شێوه‌یه‌کی زانستیانه زۆر پێویست بوو، به‌ڵام هه‌ڵبژاردنی هه‌ندێك بابه‌ت که هیچ له واقیعی کۆمه‌ڵایه‌تی و... خه‌ڵك ناگۆڕێت و ته‌نیا ژاوه‌ژاوێك به‌دووی خۆیدا دێنێت، ئه‌وه به هیچ شێوه‌یه‌ك بابه‌تی شاشه و قسه‌کردنی گشتی نین. پێویستیشه زانایانی ئایینی و بیریارانی فیکری ئیسلامی وشیارانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م بابه‌تانه بکه‌ن، له جیاتی جوێندان و ته‌شهیر و قسه‌ی ناشیرین، کۆڵی لێ هه‌ڵماڵن و ده‌ست بده‌نه خوێندنه‌وه و ڕوونکردنه‌وه، بۆ نموونه چه‌ند ساڵێك به‌ر له ئێستا به‌ڕێزێك له ڕۆژنامه‌ی چاو‌دێر ئیسرا و میعراجی ڕه‌ت کردبووه‌وه، به دوو ئه‌ڵقه له هه‌مان ڕۆژنامه وه‌ڵاممان دایه‌وه، هه‌روه‌ها بابه‌تی ته‌ڕاویح به هه‌مان شێوه، له‌گه‌ڵ ده‌یان بابه‌تی دیکه، بۆیه ده‌بێ ئه‌م باسانه له دیوێکی تره‌وه ته‌کانێکی گه‌وره به هه‌مووان بدات بۆ به‌دواداچوون و ڕه‌تدانه‌وه‌ی زانستیانه، به‌هیچ شێوه‌یه‌کیش ئه‌خلاقیاتی به‌رزی موسوڵمانانهمان له‌بیر نه‌چێت، به جوێندان و قسه‌ی ناشیرین، یان به‌داخه‌وه دانانی وێنه‌ی مه‌یموون و سه‌گ له‌گه‌ڵ ئه‌و که‌سانه، مرۆڤی موسوڵمان له‌هیچ دۆخێک‌دا نه ده‌بێ بێ ئومێد بێت نه ده‌بێ له جوانی په‌یامه‌که‌شی لابدات، نه ده‌بێ بێ ئومێدیش بێت له چاکبوونی خراپترین که‌سیش، ئه‌گه‌ر بۆ گه‌نجێکی خوێنگه‌رمی دیندار ئاسایی بێت، تووڕه‌بوون بیگرێت و کاردانه‌وه‌ی تووندی هه‌بێت، ئه‌وه بۆ زانایانی ئایینی و بیریاران نابێت، چونکه دواجار خه‌ڵك چاوه‌ڕێی وه‌ڵامی زانستیانه‌یان لێ ده‌کات.
بۆچوونه‌کان