ده‌ستپێك: هه‌ر توندڕه‌ویه‌ك له ئارادا هه‌بێت له به‌رامبه‌ریدا توندڕه‌ویه‌كی پێچه‌وانه و په‌رچه‌كردار سه‌رهه‌ڵده‌دات، ئه‌مه مۆركێكی ژیان و جیهانی مرۆڤه به گشتی، له سه‌ر ئاستی ئایدیا و ڕێبازه هزری و فه‌لسه‌فیه‌كانیش هه‌ر ڕاسته، مێژووی هزر و كه‌له‌پووری ئیسلامی هه‌ڵگری چه‌ندین دوانه و دوالیزمه‌ی له‌و شێوه‌یه، كاتێك ڕوانگه‌یه‌كی توندڕه‌و په‌یدا بووه؛ ئه‌و توندڕه‌ویه به توندڕه‌ویه‌كی پێچه‌وانه وه‌ڵامدراوته‌وه، هه‌میشه‌ش له نێوان هه‌ردوو دیده په‌ڕگیره‌كه‌دا ڕاستیی ئایینی شێواوه. له پاش كۆچی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام (د.خ) ئیسلام به هه‌موو لایه‌كدا په‌لی هاوێشت، تا ده‌هات دنیای ئیسلام فراوانتر ده‌بوو، ڕووداوه‌كان گه‌رمتر ده‌بوون.كرانه‌وه و تێكهه‌ڵبوونی موسڵمانان به ئایینزاده و شارستانهتیهكانی ده‌وروبه‌ر ده‌سته‌بژێری ئیسلامیی تووشی شڵه‌ژان كرد له مه‌ڕ پرسی نوێ و داخوازیه‌كانی ژیان؛ چونكه ده‌قه‌كان سنووردارن و ژیانی گه‌لانیش كه جووڵه‌ی تێكه‌وت پێشهاتی نوێ به‌خۆیه‌وه ده‌بینێت؛ لێره‌وه به‌ره‌یه‌ك په‌نایان بۆ فه‌رمووده‌كانی پێغه‌مبه‌ر ده‌برد بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسه نوێكان، له به‌رامبه‌ردا كۆمه‌ڵێك مه‌یلیان به‌و لایه‌دا چوو كه ئیجتیهاد بكه‌ن و عه‌قڵ به‌گه‌ڕ بخه‌ن بۆ فراوانكردنی مه‌ودا و ده‌ستهه‌ڵاتی ده‌قه‌كانی قورئان، ئه‌م دوو مه‌یله په‌ره‌یان سه‌ند تا له كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی یه‌كه‌می كۆچی‌دا بوون به دوو دید و قوتابخانه‌ی جیاواز، قوتابخانه‌ی ئه‌هلی حه‌دیس و قوتابخانه‌ی ئه‌هلی ره‌ئی. له‌وساوه تا ئێستاش ئه‌م دوو ڕه‌وته هه‌بوون، به‌ڵام ڕه‌وتی سوننهتگهرا و فهرموودهچیهكان له ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی سێیه‌می كۆچی بوونه دۆستی ده‌سه‌ڵات و په‌ره‌یان به‌خۆدا، له‌و سهروبهندهوه پێڕێكی توندڕه‌و له نێو قوتابخانه‌ی ئه‌هلی حه‌دیسدا دروستبوون كه له مێژوودا پێیان ده‌گوترێت (حهشویهكان)، ئه‌وانه زیاده‌ڕۆییان كرد له خڕكردنه‌وه و گێڕانه‌وه‌ی فه‌رمووده، ڕێگه‌یان به هیچ جۆرێكی بیروڕا نه‌ده‌دا و بۆ هه‌موو شتێك ڕیوایهتێكیان حازربوو، سه‌ره‌نجام كتێبگهلێكی زۆری فه‌رمووده كه‌وتنه به‌رده‌ستی خه‌ڵك. به‌شێكی زۆری ئه‌و تاقمه له‌سه‌ر مه‌زهه‌بی حهنبەلیهكان حیساب ده‌كرێن، هه‌ندێكیشیان شافیعی مه‌زهه‌بن، هه‌رچی ئه‌هلی عه‌قڵ و ڕهئینه زۆربه‌یان سه‌ر به مه‌زهه‌بی حه‌نه‌فین، نه‌وه‌كانی دوایی مه‌زهه‌بی شافیعیش به‌ره‌و ئاقاری عه‌قڵ وه‌رگه‌ڕان. له‌م سه‌رده‌مه‌ی ئه‌مڕۆشدا حهشویهكان له به‌رگی نوێ‌دا ئاماده‌ییان هه‌یه، هزر و كه‌له‌پووری ئایینیش پاڵپشت و دایه‌نگه‌ی ئه‌و ئاراسته‌یه. ئێستا له به‌رامبه‌ر فهرموودهچیهكان تاقمی دیكه دروستبوون كه هه‌ر ڕۆڵێكی پێغه‌مبه‌ر ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه. له نێوان ئه‌م دوو ئاراسته دژیهكهدا ڕاستی ون ده‌بێت، ئامانجی ئه‌م توێژینه‌وه‌یه ناساندنی دیدی سێهه‌مه له‌و باره‌یه‌وه. په‌یوه‌ندی نێوان قورئان و سوننه‌ت: پێش دابه‌زینی قورئان (محمد) هه‌ر چه‌ند مرۆڤێكی باش بوو به‌ڵام قسه‌كانی هه‌رگیز وه‌ك ئایین وه‌رنه‌ده‌گیران، لێره‌وه ئاشكرایه كه سه‌رچاوه‌ی ئایین خودایه، هه‌ر بۆیه‌ش پیرۆزی پێ ده‌درێت، بۆیه محمد (د.خ) به هۆی قورئانه‌وه پێغه‌مبه‌ره، پێغه‌مبه‌رایه‌تی و ته‌واوی ئه‌ركه‌كانی په‌یوه‌ستن به قورئان و به ده‌وری قورئاندا ده‌خولێنه‌وه. كه‌واته با سه‌یری ڕۆڵ و فرمانی قورئان و فرمانی پێغه‌مبه‌ر و ڕۆڵی سوننه‌ته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ قورئاندا بكه‌ین، هه‌روه‌ك قورئان وێنه‌ی كێشاوه و پێغه‌مبه‌ر به‌رجه‌سته‌ی كردووه، كه به‌م شێوه‌یه: قورئان سه‌رچاوه‌ی دامه‌زرێنه‌ری حوكمه شه‌رعیه‌كانه، بنه‌ما گشتیه‌كانی دامه‌زراندووه، ئه‌و نه‌گۆڕه ئایینیانه‌ی روون كردووه‌ته‌وه كه سه‌رجه‌م پێغه‌مبه‌ران له پێناویدا ڕه‌وانه كراون، هه‌روه‌ها ئه‌و بنچینه و چوارچێوه گشتیانه‌ی كه ته‌واوی ورده‌كاریه‌كان و چه‌مكه‌كانی ژیانی مرۆڤ ده‌گرێته‌وه. هه‌رچی پێغه‌مبه‌ره ئه‌وه كار و ئه‌ركی ئه‌وه بووه قورئان بخوێنێته‌وه و شوێنی كه‌وێت و به خه‌ڵكی بگه‌یه‌نێت و فێریان بكات و، نیشانیان بدات كه چۆن جێبه‌جێی بكه‌ن و بیكه‌ن به میتۆدی ژیان و سیستمی ڕوانین و ڕه‌فتار و ڕه‌وشت و په‌یوه‌ندیه‌كانیان. كه‌واته ڕۆڵی پێغه‌مبه‌ر و سوننه‌ته‌كه‌ی به پێی قورئان قه‌تیسه له ڕوونكردنه‌وه‌ی قورئان، هه‌ر وه‌ك قورئان به ڕه‌وانی و ڕاشكاوی ده‌ڵێت: (...وَأَنْزَلْنَا إِلَيْكَ الذِّكْرَ لِتُبَيِّنَ لِلنَّاسِ مَا نُزِّلَ إِلَيْهِمْ وَلَعَلَّهُمْ يَتَفَكَّرُونَ)[النحل: 44]واته: قورئانمان بۆ دابهزاندووی تا بۆ خه‌ڵكی ڕوون بكه‌یه‌وه و ئه‌وانیش بیر بكه‌نه‌وه. به‌ڵام ڕوونكردنه‌وه به چه‌مكی قورئان نه‌ك به‌و مانا زاراوه‌ییه‌ی زانایان بۆ وشه‌ی (ڕوونكردنه‌وه) دایانتاشیوه. كه‌واته: سوننه‌تی پێغه‌مبه‌ر (د.خ) ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كی شرۆڤه‌كاری و به‌كرداریكردنی قورئانه؛ به‌م پێیه‌ش هه‌رگیز له ته‌وه‌ره و قه‌ڵه‌مڕه‌وی قورئان ده‌رناچێت و لێی جیانابێته‌وه. ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه پێغه‌مبه‌ر سه‌ربه‌خۆ حوكمی شه‌رعی دانامه‌زرێنێت، به‌ڵكو حوكمه‌كه له قورئاندا هه‌یه، ئه‌ویش به گوفتار و كردار و په‌یڕه‌وكردنی ڕوونی ده‌كاته‌وه. لێره‌وه ده‌بێ سوننه‌ت له چوارچێوه‌ی قورئاندا وه‌رگیرێت و كاری پێبكرێت و، ئه‌و سوننه‌ته‌ی به ئایین داده‌نرێت و ئێمه داواكراوین ده‌ستی پێوه بگرین ئه‌وانه‌ن كه بنه‌مای قورئانیان هه‌یه و، ئه‌و فه‌رموودانه‌ش كه بنه‌مای قورئانیان نییه ئه‌وا ئیجتیهادی پێغه‌مبه‌رن له بواری ڕێكخستنی كاروباره جیاوازه‌كاندا، ده‌كرێت ئێمه‌ش له‌و بوارانه و له دۆخ و به سیفه‌تی حیكمه‌ته‌وه سوودیان لێوه‌رگرین، به‌ڵام هه‌رگیز سیفه‌تی ئایینی و ته‌شریعی نه‌گۆڕ وه‌رناگرن(1). ئیسلام به‌م شێوه‌یه ده‌ستی پێكرد. پێغه‌مبه‌ر و، له دوای ئه‌ویش هه‌ردوو خه‌لیفه‌ی یه‌كه‌م و دووه‌م (ئه‌بوبه‌كر و عومه‌ر) ڕژد بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه جگه له قورئان هیچ قسه‌یه‌كی ئه‌و نه‌نووسرێته‌وه. ئینجا له سه‌رده‌می خه‌لیفه‌ی سێهه‌م (عوسمانی كوڕی عه‌ففان) ورده ورده گێڕانه‌وه‌ی فه‌رمووده‌ی پێغه‌مبه‌ر په‌ره‌ی سه‌ند، ته‌نانه‌ت ڕیوایه‌ت هه‌یه ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه هه‌ر ئه‌و كات گۆڕانكاری له قسه‌كانی پێغه‌مبه‌ردا ڕوویداوه(2). هاوه‌ڵان و دوای ئه‌وانیش له‌سه‌ر ئه‌مه ڕۆیشتووون، هه‌رگیز سوننه‌تی پێغه‌مبه‌ریان وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی ڕه‌ها و جیا له قورئان دانه‌ناوه، به‌ڵكو وه‌كو نموونه‌یه‌ك له تێگه‌یشتن و په‌یڕه‌وكردنی حوكم و ڕێنماییه‌كانی لێیان ڕوانیوه و به‌كاریان هێناوه و، هەرگیز دوودڵ نه‌بوون له ڕه‌تكردنه‌وه یاخود ته‌ئویلكردنی فه‌رمووده له كاتی تێكگیرانی له‌گه‌ڵ بنه‌ما نه‌گۆڕه‌كانی قورئان(3). به‌م چه‌شنه هاوه‌ڵان بنچینه‌ی میتۆدێكیان نه‌خشاند كه ئه‌ویش بریتیه له پێوانی ڕاستی و دروستی فه‌رمووده به قورئان، هه‌روه‌ك دایكی ئیمانداران خاتوو عائیشه له‌گه‌ڵ چه‌ند گێڕانه‌وه‌یه‌كی ئه‌بو هوڕه‌یڕه كردوویه‌تی. زانای گه‌وره (شاتیبی) له دوای گه‌نگه‌شه‌یه‌كی ورد و درێژ له‌و باره‌یه‌وه ده‌ڵێ: "سه‌ره‌نجامی هه‌موو ئه‌م قسانه دروستبوونی ئه‌و بنه‌مایه ده‌گه‌یه‌نێت كه فه‌رمووده به پێی یه‌كانگیری و دژیه‌كی له‌گه‌ڵ قورئاندا وه‌رده‌گیرێت و ڕه‌د ده‌كرێته‌وه"(4). سه‌ره‌تای هاوتاكردنی سوننه‌ت به قورئان: بردنه ده‌ره‌وه‌ی سوننه‌ت له بازنه‌ی پاشكۆیه‌تی قورئان و، مامه‌ڵه‌كردنی وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی جیای ئایین و ههوكووفی قورئان - ساڵانێكی زۆری خایاند و به چه‌ندین قۆناغدا تێپه‌ڕی، به‌ڵام ده‌ستپێكی ئه‌م سهربهخۆكردنهی سوننه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌وڵه‌كانی پێشه‌وا شافیعی بۆ به‌ره‌نگاربوونی ڕاخوازهكان كه ڕه‌تیان ده‌كرده‌وه به هیچ شێوه‌یه‌ك سوننه‌ت كاریگه‌ری هه‌بێت له‌سه‌ر قورئان به نهسخكردن یان ته‌خصیص، شافعی بۆ پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی ئه‌م ئاراسته‌یه و سه‌لماندنی پێگه‌ی سوننه‌تی پێغه‌مبه‌ر؛ بناغه‌ی میتۆدێكی دانا كه له سێ خاڵ پێكدێت: لێكدانه‌وه‌ی وشه‌ی (حیكمه‌ت) به واتای سوننه‌ت كه قورئان باسی كردووه كاتێك ده‌ڵێ: كاری پێغه‌مبه‌ر فێركردنی كیتاب و حیكمه‌ته. ڕه‌تكردنه‌وه‌ی پووچه‌ڵكردنه‌وه (نسخ)ی سوننه‌ت به قورئان. یه‌كسانكردنی به‌ڵگه‌ی سوننه‌ت به به‌ڵگه‌ی قورئان(5). هه‌رچه‌ند شافیعی هه‌ر خۆی به ڕاشكاوی ده‌ڵێ: سوننه‌ت سه‌ر به قورئانه و هه‌رگیز ناكۆك نیه له‌گه‌ڵ قورئان(6). بۆیه ئه‌و هه‌وڵه‌ی داویه‌تی بۆ پشاندانی ڕۆڵی سوننه‌ت نزیكتره له په‌رچه‌كردار تا ئه‌وه‌ی ڕایه‌كی كۆنكریتی خۆی بووبێت. ورده ورده ئه‌م جیاكردنه‌وه‌یه‌ی سوننه‌ت له قورئان بوو به به‌شێك له زانستی (أصول الفقه) و ژێرخانی هزری فیقهی، كه تا ئێستاش له سه‌رجه‌م ناوه‌نده شه‌رعیه‌كانی جیهانی ئیسلامی به‌و شێوه‌یه ده‌خوێندرێت له باسی بنه‌مای به‌ڵگه‌كانی شه‌ریعه‌ت، ڕاسته‌وخۆ دوای قورئان سوننه‌ت داده‌نرێت و هه‌مان مامه‌ڵه‌ی ده‌قی قورئانیی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت! ئاكامه خراپه‌كانی مامه‌ڵه‌كردنی فه‌رمووده وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆی ئایین: شێوانی چه‌مك و بیركردنه‌وه‌ی ئایینی: "زۆر به‌داخه‌وه له سه‌ده‌كانی ڕابردوودا زۆر فه‌رمووده بڵاوبوونه‌وه، ڕۆڵی زۆریان هه‌بووه له شێواندنی تێگه‌یشتنی خه‌ڵكی ڕه‌شۆك بۆ ڕاستیه‌كانی دین و دونیا، به‌ڵكو كۆت و زنجیری قورس بوون، بوونه مایه‌ی له‌جووڵه‌خستنی ئوممه‌ت و، ئیفلیجكردنی چالاكییه ده‌روونی و هزرییه‌كه‌ی، یان خه‌ریككردنی به هه‌ندێ كاری بێ سوود...!.. له كاتێكدا قورئان بنچینه‌ی یه‌كه‌می ئیسلامه.. بۆیه هه‌ر فه‌رمووده‌یه‌ك ڕێنماییه‌كی تێدا بێت پێچه‌وانه‌ی ڕێنماییه‌كانی قورئان پێویسته له‌ناو ببرێت"(7). بێ گومان پێوانی دروست و نادروستی فه‌رمووده به قورئان سه‌رده‌كێشێت بۆ سڕینه‌وه‌ی زۆر له‌و فه‌رموودانه‌ی به (صحیح) دانراون، ئه‌مه جگه له فه‌رمووده‌ی (حسن) و خوارتر، ئه‌مه‌ش قورسه له‌سه‌ر زۆر خه‌ڵك، به‌ڵام ئه‌مه دڵخوازی ئه‌و كه‌سانه‌یه كه دڵنیایی زانست و یه‌قین پێش ده‌خه‌ن به‌سه‌ر دڵه‌ڕاوكێی وههم و گومان(8). فه‌رامۆشكردنی قورئان: ترسناكترین ئاكامی سه‌ربه‌خۆكردنی فه‌رمووده و جیاكردنه‌وه‌ی له قورئان – بچووكبوونه‌وه‌ی ڕۆڵی قورئانه له ژیانی موسڵماناندا، ته‌نها بۆ ده‌ستخستنی پاداشت ده‌خوێندرێته‌وه، یان بۆ به‌ڵگه هێنانه‌وه بۆ بۆچوونی مه‌زهه‌به جیاوازه‌كان به‌كارده‌هێنرێت. له به‌رامبه‌ردا فه‌رمووده و ڕیوایه‌ت و گوته‌ی هاوه‌ڵان بوونه‌ته سه‌رچاوه‌ی كرده‌یی بۆ پێكهێنان و دروستكردنی عه‌قڵی تاكی موسڵمان(9). سه‌رباری ئه‌وه‌ی قورئان بنچینه‌ی یه‌كه‌می ئیسلامه، ڕووكردنی خه‌ڵكی ڕه‌شۆك له‌و فه‌رموودانه‌ی سه‌ره‌وه بووه مایه‌ی ئه‌وه‌ی قورئان خۆی فه‌رامۆش بكرێت، له كاتێكدا فه‌رمووده‌كان وه‌رناگیرێن مه‌گه‌ر به ئاراسته قورئانیه‌كه‌دا نه‌ڕۆن و كۆك نه‌بن له‌گه‌ڵ ئامانجه‌كانیدا(10). ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر ئاستی زانا و دهستهبژیریش ئه‌گه‌ر سه‌یری كتێبه‌كانیان بكه‌ی ده‌بینیت بابه‌ته فقهیه‌كان به ڕیوایه‌تێك ده‌ستپێده‌كه‌ن و هه‌ر له‌گه‌ڵ ڕیوایەتهكان ده‌ڕۆن و هه‌ر به ڕیوایهتهكانیش كۆتایی پێدێنن، به ده‌گمه‌ن مه‌گه‌ر قسه ڕایانكێشێت و ئایه‌تێك باس بكه‌ن، به شێوه‌یه‌ك گیرۆده‌ی ڕیوایهتهكانن و ده‌سته‌پاچه‌ن قه‌ت ناتوانن لێی لاده‌ن، ته‌نانه‌ت ده‌یانبینی شتێك ده‌كه‌ن به بنچینه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ئیسلام له‌سه‌ر بناغه‌ی ڕیوایه‌تێك كه ناگاته ئاستی دروستیی، له كاتێكدا له‌و باره‌وه چه‌ندین ئایه‌تی ڕوون و ڕه‌وان له كتێبی خودادا هه‌ن!، به‌ڵكو زۆر جار له بابه‌تێكی فیقهیدا چه‌ند فه‌رمووده‌یه‌ك ده‌هێننه‌وه حوكمی لاوازبوونیان به‌سه‌ردا ده‌ده‌ن كه‌چی وه‌ها سه‌ری تێده‌نێن و حوكمی حه‌ڵاڵ و حه‌رامی لێوه هه‌ڵدێنجن! زۆر به وردی حوكم له فه‌رمووده‌كانه‌وه هه‌ڵده‌گۆزن، وه‌لێ كه دێنه سه‌ر ئایه‌ته قورئانیه‌كان ده‌ڵێی هه‌ر ئه‌وان نین و ده‌بن به كه‌سی تر(11). هاوكات له‌گه‌ڵ پاشه‌كشه‌كردنی دیدگای قورئانیی له ناوه‌نده زانستی وفیقهیهكاندا میتۆدی دهقگهراییش سه‌ری هه‌ڵدا(12). پاشه‌كشه‌كردنی ڕۆڵی عه‌قڵ: له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی ده‌قگه‌رایی؛ عه‌قڵیش خانه‌نشین كرا و متمانه و ده‌سه‌ڵاتی تێڕامانی لێسه‌ندرایه‌وه. دوودڵبوون له گه‌ڕاندنه‌وه و به‌ستنه‌وه‌ی فه‌رمووده و ڕیوایه‌ته‌كان بۆ ده‌ق و بنه‌ما قورئانیه‌كان به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ن كه عه‌قڵی ئیسلامی ده‌سته‌پاچه و دیلی زنجیره‌ی گێڕه‌وه‌كان (سند) بووه و، داننانه به‌وه‌ی كه ناتوانێت ڕیوایهتكان ته‌ته‌ڵه بكات و قورئان بكاته حاكم به سه‌ریانه‌وه(13). بۆیه تا ده‌هات بۆ هه‌ر بابه‌تێك فه‌رمووده‌یه‌كیان ده‌دۆزیه‌وه و كاركردن به‌و فه‌رمووده‌یان لا په‌سه‌ندتر بوو له به‌گه‌ڕخستنی عه‌قڵ بۆ گه‌یشتن به چاره‌سه‌ری گونجاو، ته‌نانه‌ت سوفیانی سه‌وری ده‌ڵێت: من ده‌بینم هه‌موو شتێكی چاك له كه‌مبوونه‌وه‌دایه، ئه‌م فه‌رموودانه نه‌بن، ده‌بینم به‌رده‌وام له زیادبووندان؛ بۆیه پێم وایه ئه‌گه‌ر هۆی چاكه بوونایه ئه‌وانیش ده‌بوو كه‌م ببنه‌وه(14). شێوانی پێوه‌ره‌كان: مامۆستا ناصر سوبحانی ده‌ڵێت: دابڕانی فه‌رمووده له قورئان و مامه‌ڵه‌كردنی وه‌ك بنچینه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ و جیا له قورئان وای كرد فهرموودهگهلێكی پووچ وه‌رگیرێن؛ چونكه به سه‌نه‌دی به ڕواڵه‌ت دروست گێڕدراونه‌ته‌وه. ئیدی ئه‌مه بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی كه له بواری پێگه‌یاندن و په‌روه‌رده‌دا زیاده‌ڕه‌وی و كورتڕه‌وی دروست ببێت؛ كارگه‌لێكی باش فه‌رامۆشكراون و كارگه‌لێكی خراپ ئه‌نجام ده‌درێن، شتانێكی پڕبایه‌خ پێگه‌یان كه‌مكراوه و شتانێكی بێ بایه‌خ پێگه‌یان پێدراوه(15). ئه‌نجام: ناكرێت پێغه‌مبه‌ر (د.خ) ماوه‌ی 23 ساڵ ته‌مه‌نی پێغه‌مبه‌رایه‌تی ژیابێت و هیچ فرمانێكی نه‌بووبێت جگه له گه‌یاندنی ده‌قی قورئان، بێ ئه‌وه‌ی ژیان و ڕه‌فتار و گوفتاری ئه‌و به‌ها و پێگه‌یه‌كیان هه‌بێت. هه‌روه‌ك چۆن نابێت فه‌رمووده‌ی ڕاسته‌قینه‌ی پێغه‌مبه‌ر یان ئه‌و قسانه‌ی به ناوی فه‌رمووده‌وه دراونه‌ته پاڵی؛ جێی قورئان بگرنه‌وه، یان هه‌مان پێگه‌ی و ڕۆڵی ئایینی و ته‌شریعی قورئانیان پێ بدرێت. تێگه‌یشتنی هاوسه‌نگ و میانڕه‌و، كه له كۆن و له ئێستاشدا به تایبه‌تی كۆمه‌ڵێك زانا و بیرمه‌ندی گه‌وره پێبه‌ندی (تبنی) ده‌كه‌ن؛ ئه‌وه‌یه كه تاكه بنچینه و سه‌رچاوه‌ی ئایین و شه‌ریعه‌ت قورئانه، ڕۆڵی پێغه‌مبه‌ریش بریتیه له شرۆڤه‌كردنی قورئان و وردكردنه‌وه‌ی بنه‌ما چڕه‌كانی و، وێنه‌كێشانی میتۆدی چۆنیه‌تی به‌ستنه‌وه و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی پێشهاته نوێكانی ژیان بۆ چوارچێوه قورئانیه گشتیه‌كان. به تایبه‌تی له شه‌عائیره گه‌وره‌كاندا (نوێژ، زه‌كات، ڕۆژوو، حه‌ج) ورده‌كاریه‌كان و ڕوونكردنه‌وه و شێوازی به‌جێگه‌یاندنیان بۆ پێغه‌مبه‌ر جێهێڵراون. جێكه‌وته‌ی ئه‌م بنه‌مایه ئه‌وه‌یه كه پێگه‌ی سوننه‌ت و فه‌رمووده‌ی پێغه‌مبه‌ر سه‌ربه‌خۆ نیه، به‌ڵكو له چوارچێوه‌ی قورئان و بنچینهكانیدا وه‌كو شرۆڤه‌كار كه‌ڵكیان لێ وه‌رده‌گیرێت، ئه‌مه‌ش واته: هه‌ر فه‌رمووده‌یه‌ك پێچه‌وانه‌ی ده‌ق یان ڕێنمایی یان بنه‌ما قورئانیه‌كان بێت، یان چه‌مكێك ببه‌خشێت پێچه‌وانه‌ی چه‌مكی قورئانیی بێت یان ئاراسته‌یه‌كی جیا له ئاراسته‌ی قورئانی بگرێته به‌ر؛ ئه‌وا ده‌بێ ڕه‌د بكرێته‌وه. هه‌ڵبه‌ته دۆزینه‌وه‌ی بنه‌مای قورئانی و دیاریكردنی دژیه‌كی و ناكۆكی له نێوان قورئان و فه‌رمووده‌كان پاشخانی شه‌رعی و مه‌عریفی و لێزانی تایبه‌تی ده‌وێت. هه‌روه‌ها حوكمی شه‌رعی نه‌گۆڕ ده‌بێ سه‌رچاوه‌ی له قورئاندا هه‌بێت، به تایبه‌ت حه‌رامكردن و واجبكردنتهنیا ده‌سهه‌ڵاتی قورئانن(16)، هیچ شتێك به فه‌رمووده واجب نابێت و حه‌رام نابێت كه بنه‌مایه‌كی قورئانی نه‌بێت، پێغه‌مبه‌ریش (د.خ) هاتووه حوكمه قورئانیه‌كه ڕوون بكاته‌وه، له ڕووی مه‌رج و دۆخ و چۆنیه‌تی جێبه‌جێكردنیه‌وه. په‌راوێز و سه‌رچاوه‌كان: بڕوانه: د.طه جابر العلواني: إشكالية التعامل مع السنة، ل: 134-135، 156، 190-191، 155. په‌یمانگای جیهانی بۆ هزری ئیسلامی، چاپی یه‌كه‌م، 1435ك-2014ز. بۆ نموونه بڕوانه: صحیح مسلم: فه‌رمووده‌ی ژماره (229). د.لؤي صافي: إعمال العقل: ل: 128-129، 132، خانه‌ی الفكر، به‌یرووت-لوبنان، چاپی یه‌كه‌م، 1419ك-1998ز. ابراهیم بن موسی الشاطبي (ك: 790ك): الموافقات، به‌شی 3-4، ل 379، په‌راوێزی: عبدالله دراز، ده‌زگای الرسالة ناشرون، چاپی یه‌كه‌م، 1434ك-2013ز. د.لؤي صافي: إعمال العقل: ل:132. محمد بن إدریس الشافعي: الرسالة، ل: 106، 146، تحقیق: أحمد شاكر، مكتبة الحلبي-مصر، چاپی یه‌كه‌م، 1358ك-1940ز. محمد الغزالي: الإسلام والطاقات المعطلة، ل: 81-83، خانه‌ی نهضة مصر، چاپی 7، 2015ز. ناصر سوبحاني: رسالة في علوم الحديث. ل 65، ده‌زگای به‌رهه‌م بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی سوبحانی، چاپی یه‌كه‌م، 1428ك-2007ز. بڕوانه: د.طه العلواني: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل: 202، 208، 280. محمد الغزالي: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل: 82. بڕوانه: ناصر سوبحانی: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل: 65. د.لؤي صافي: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل: 147. بڕوانه: د.طه العلواني: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل: 369. الخطيب البغدادي(ك: 463ك): شرف أصحاب الحديث، ل 123، خانه‌ی إحياء السنة النبوية- ئه‌نقه‌ره، بێ نۆره و به‌رواری چاپ. بڕوانه: ناصر سبحاني: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل: 63. بڕوانه: فه‌توایه‌كی ئه‌زهه‌ر كه له لایه‌ن شێخ (عبدالله مشد=سه‌رۆكی لیژنه‌ی فه‌توا له ئه‌زهه‌ر) له 1/2/1990 ده‌ركراوه، له لای: محمد الغزالي: تراثنا الفكري بين الشرع والعقل، ل:179، خانه‌ی الشروق، چاپی 7، 2013ز.
بۆچوونه‌کان