گـەورەترین کۆسپی ئـافرەتی حاجی ئەوەیە دوای ئیحرام بکەوێتە بێنوێژی، بۆیە زانایان بۆ ئەم حاڵەتە چەند چارە دۆزییەکیان داناوە کە ئیمە لەم نوسینەدا ئاماژە بە هەندێ خاڵی گرێنگ دەکەین.
یەکەم: ئافرەت دەتوانێت پێش وەخت بەحەب و دەرمان ئەو خوێنە وشک بکات، تاکو حەیزی پێش بکەوێ ، بۆ ئەوە بە پاکی روکنی حەج ئەنجام بدات.
دووەم: ئیمامی شافعی «دخ» لە فەرموودەیکی کۆنی دەفەرموێت: وشک بونی خوێنی ئافرەت تاوتاو لە ناوەندی خوێن هاتنەکانی سووڕی مانگانەیدا، بە پاکی دادەنرێت، دروستە ئافرەت بەم قەولە بکات، لەو ماودا؛خێرا؛خۆی بشوات و تەواف بکات.
سێیەم: گەر ئەو ئافرەتە دەیزانی بەر لە هاتنەوەی هاوڕێکانی خوێنەکەی وشک دەکات، ئەوە هەموو روکن و واجبەکانی تر تەواو بکات جگە لە تەواف، کاتێک پاکبوویەوەو خۆی شۆرد تەوافی ماڵی خواش بکات، لەم سێ حاڵەدا هیچ فیدیەش ناکەوێتەسەری.
چوارەم: لای پێشەوایان ئیمام ئەبوحەنیفەو ئیمام ئەحمەد{دخ»، ئافرەتی بێ نوێژ دەتوانێت تەواف بکات، جا لە سەر فەرمودەی ئەوان دروستە تەواف بکات، ئەگەر دوای پاکبوونەوە فریاکەوت، تەوافەکەی دوبارە کردەوە ئەوە هیچی ناکەوێتەسەر، ئەگەر فریاش نەکەوت، لای ئێمام ئەبوحەنیفە دەبێ وشتریک بدات بە فدیە، لای پێشەوا ئەحمەد دەبێ مەڕێک بدات بە فدیە.
پێنجەم: شێخ موفق الدین ی مەقدیسی حەنبەلی دەفەرموێ: ئافرەتی بێ نوێژو، هەمو کەسێکی تریش، ئەگەر لەبەرناچاری لەحاڵەتی لەشگرانیدا تەوافی روکنیان کرد، وەک ئەوەی بترسن لە کاروان وادەی سەفەر دوابکەون، ئەوە تەوافەکەیان دروستە، هیچ فیدیەش ناکەوێتە سەریان.
شەشەم: پێشەوا ئێبن و تەیمیە ـ رح ـ لەم بارەوە پرسیاری لێکراوە؟ وەڵامیکی زۆر تێرو تەسەلی داوتەوە ناتوانین هەمووی بنووسێن، بەڵام پوختەی باسەکە ئەمەیە :
لەش پیس و بێ دەسـنوێژ حەرامە لەسەریان نویژ بکەن ئەگەر توانای غوسڵ و دەستـنوێژ، یان تەیەممومیان هەبوو، وەگەرنا، واجبە لەسەریان نوێژ بکەن بەو حاڵەتەوە، ڕوونکردنە قیبلەو، داپۆشینی عەورەت و، پاکوخاوێنی جل و بەرگ و، جێ نوێژ، واجبە بۆ نوێژ خوێن، ئەگەر توانای هەبوو، وەگەرنا واجبە هەرنوێژەکەی بکات، کەوابوو ئەمە بنەمایەکی گەورەیە لەبنەماکانی ئێسلام و، نموونەی زۆرە لەبوارەکانی تریشدا، وەک خواردنی مرداڕبوو، گۆشتی بەراز، لە کات زەروورەتدا تەنانەت گەر کەسێ ئەو حەرامە نەخواو بمرێت لەبرسا، دۆزەخییە.
تەوافی ئافرەتی حەیزدارو زەیسانیش هەر بەر ئەو بە شە دەکەوێت، بەڵکو عوزری ئەوان لە هی لەش پیس زۆر گرانترە، چونکە لەش پیس ئەگەر ئاو هەبێت دەتوانی خۆی خاوێن کاتەوە، بەڵام ئافرەت حەیزدارو زەیسانی ناتوانی خۆ پاک کەنەوە هەتە خوێنەکەیان وشک نەکات، ئەوەش لە دەستی خۆیاندا نییە.
کەوابوو گوناهیان چییە لەوەها حاڵەتێکدا حەجیان دروست نەبێت و بە ناهومیدی بگەڕێنەوە دوای زەحمەتێکی زۆرو، سەرفکردنی ماڵ و سامانێکی بی شوماروو، لەدەستدانی فرسەتێکی تەمەن کە زەحمەتە جارێکی دی بگەریتەوە، لە کاتێکدا خوای گەورە دەفەرموێ: «فاتقوا الله ماستطعتم » سورەی التغابن ئایەی 16 : واتە تەقوای خوا بکەن ئەوەندەی لەتواناتاندا هەیە.
لە کۆتاییدا ئێبن و تەیمیە دەفەرموێ: تەوافی ئافرەتی حەیزدارو زەیسانی دروست نیە ئەگەر توانای بوو چاوەرێ بکات هەتا پاک دەبێتەوە، وە لەم حاڵەتەدا با هەموو ئەرکەکانی تری بەجێ بێنێ جگە لە تەواف، خۆ ئەگەر ناچار بوو تەواف بکات بەو خوێنەوە لەبەر ئەوەی لە وادەی سەفەرو هاوڕێکانی دوانەکەوێ، ئەوە با خۆی بشواو، خوێگاکەی بە پەڕۆیەک ببەستێ و تەوافەکەی بکات و دروستیشە، لای قەولی صەحیح و هیچیش ناکەوێتە سەری.
حەوتم: «ابن حجر الهیتمی» یش رحمه الله ـ نامەیەکی بارزی لەم بوارەدا نەقڵ کردووە، کە فتوای زۆر لە زانایانی تیایە بۆ دەربازبوونی ئافرەتی بێ نوێژ لەم قەیرانە، بۆنموونە: فتوایەکی ئیمامی مالیک کە بە صـرییەکان لێی دەگێڕنەوە، فەرموویەتی: ئەگەر ئافرەتێک «طواف القدوم»ی کردبێت و، لە بیری نەبووبێت «طواف الٳفاضه» بکات، یان نەیزانیبیت، واجبەو، گەڕابێتەوە بۆ وڵاتی خۆی، ئەوە «طواف القدوم» ەکە، جێگای «طواف الٳفاضه»ی بۆ دەگرێت.
ئیمام ئێبن و حەجەر لێرەدا دەفەرموێ: ئەگەر لە بیرچوون ونەزانین عوزر بێت، بێگومان ئەو ئافرەتەی دەکەوێتە عوزری شەرعی لەوان لە پێشترە بەم عوزرە.
لە کۆتاییدا دەفەرموێ: ئەوەی شیاو بێت لەگەڵ ئاسانکاری و جوانیەکانی شەریعەتدا ئەوەیە: هەر ئافرەتێک گێرۆدە بوو بەم دەردەوە، با بچێتە سەر مەزهەبی ئـەو کـەسـەی لـەو قــەیـرانە رزگاری دەکات....
سەرچاوەکان:
ـ منهاج،
ـ نوسراوەکانی مامۆستا عمرٲحمد نظامی،
ـ مغنی المحتاج،
ـ حاشیتان قیلوبی و عمیرە،
ـ ڕووناکی رب العالمین،
ـ سبل السلام
بۆچوونهکان