جارێکی تر به‌رخۆدان و له خۆبوورده‌یی، گیان به‌خت کردن، هاودڵی و هاوده‌نگی و له گشتیان گرینگتر دیار بوونی ئامانج (به‌رگری له سته‌م لێکراو و ڕزگار کردنی له‌ده‌ست سته‌مکار) وه‌لآمی خۆی وه‌رگرته‌وه و بزه و پێکه‌نینی خسته سه‌ر لێوی جوامێران و ئازادی خوازان و ئاشتی خوازان. شنگاڵ ئازاد کرا. ئازادی شنگاڵ له ئاکامی خۆڕاگری و له خۆبوورده‌یی پیاوانێکی ئازا و دلێر و شێره‌ژنانێکی گیان به‌خش هاته دی، ئه‌و که‌سانه‌ی که جگه له ئاره‌قه‌ی نیشتمان و پاراستنی خاک و ئاوی زێدیان و به بێ به‌رچاوگرتنی هه‌ر جۆره لایه‌نگری ئایینی، ئایینزایی و ڕه‌چه‌ڵه‌کی ئامانج و مه‌به‌ستێکی تریان نه‌بوو. ئازادی شنگاڵ به‌رهه‌می هاودڵی و یه‌کگرتوویی جه‌نگاوه‌رانی قاره‌مانی کورد له هه‌موو هۆزه‌کانی کورد که لایه‌نگری هه‌ر ئایین و ئایینزا و هۆز و تاییفه‌یه‌ک بن بوو. ئه‌و جه‌نگاوه‌رانه‌ی که جلی پێشمه‌ره‌گه هه‌ر شیاوی خۆیانه. ئازادی شنگاڵ بیره‌وه‌ری ئازاد بوونی کوبانی له ساڵی ڕابردوو بوو. کوبانی که تا به‌ر له ئازاد بوونی، له خۆڕاگری و ڕاوه‌ستاویدا، وێنه‌ی خۆڕاگری و هاریکاری غه‌ززه له گه‌مارۆی ئیسڕائیل بوو و له چه‌وساوه‌یی و بێ که‌سیدا هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هیدی ده‌خسته‌وه بیر. (هه‌رچه‌ند کوبانی و غه‌ززه و هه‌ڵه‌بجه له هێندێک بواردا لێک جیاوازن بەڵام له ڕاستی لانه‌ده‌ین که دۆخه هاوبه‌شه‌کانیان له خۆڕاگری و هاریکاری و چه‌وساوه‌یی خه‌ڵکه‌کانیان ئه‌گه‌ر هاوسانیش نه‌بێت زۆر لێک نزیکه). بەڵام به‌سه‌رهاتی شنگاڵ زۆر جیاوازه. شاری شنگاڵ و گونده‌کانی ده‌ورووبه‌ری به هۆی ئه‌وه‌ی که له نزیکی چیای شنگاڵ هه‌ڵکه‌وتووه (سنجار) به‌و نێوه به‌ناوبانگه و حه‌شیمه‌تی نزیک به 50 هه‌زار که‌سی کورد زمانی به زاراوه‌ی کرمانجی هه‌یه، که په‌یڕه‌وی ئایین و ئایینزای جیاواز له ناوچه‌کانی ترن. ئایین و ئایینزای خه‌ڵکی ئه‌و ناوچه‌یه ئایینی ئیزدییه که به پێی کولتووری گشتی ئه‌وان ڕوو کردنی خه‌ڵکانی تر بۆ سه‌ر ئه‌و ئایینه ئه‌سته‌مه و مه‌رجی ئه‌وه‌ی که له‌سه‌ر ئایینی ئێزدی بی، ته‌نیا ئه‌وه‌یه که له دایک و بابێکی ئێزدی له دایک بووبی و له‌به‌رامبه‌ریشدا هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه له‌و ئایینه زۆر ئه‌سته‌مه و په‌یهاته و ئاکامی نه‌خوازراوی زۆری هه‌یه. هه‌ر به‌و هۆیه‌ش ئیزدییه‌کان هیچ کات به‌بیری ڕاگه‌یاندنی ئایینی خۆیان له نێو هۆز و گه‌له‌کانی تر و په‌ره‌سه‌ندنی ئایینه‌که‌یان بۆ ولآت و ناوچه‌کانی تر نه‌بوون هه‌ر به‌و هۆیه‌ش به گه‌لێک ناسراون که به‌شداری سیاسه‌ت ناکه‌ن و ته‌نانه‌ت له سه‌رده‌می حکوومه‌تی سه‌ددام حوسێنیشدا که به دڵنیاییه‌وه ده‌توانین بڵێبن که یه‌کێک له تاریکترین سه‌رده‌م و ڕۆژگاری عیڕاق بوو ئه‌وان پارێزراو بوون و خه‌سارێکیان پێ نه‌گه‌یشت. ئه‌وه له سه‌ر سووڕمانه‌کانی ڕۆژگاره، نه‌ته‌وه‌یه‌ک که له هاتنه کایه و سه‌قامگیری ده‌سه‌لآتداری لاساری سه‌ددام ڕۆڵێکیان نه‌بووه بەڵام له ئازار و زه‌ره‌ره‌کانی ئه‌و پارێزراو بوون. ئه‌و دیکتاتۆڕه‌ی که جگه له خۆی و مانه‌وه‌ی له‌سه‌ر ده‌سه‌لآتی که‌مترین گرینگییه‌کی به زمان و ڕه‌گه‌ز، ئایین و ئایینزا و ته‌نانه‌ت هاوڕێیان و ده‌ورووبه‌رییانی نه‌ده‌دا. هه‌رچه‌ند ئه‌ویش هه‌ر وه‌ک دیکتاتۆڕه ملهوڕه‌کانی مێژوو له کاتی هه‌ستیار و مه‌ترسیداردا هه‌موو بابه‌ته‌کانی باس لێکراوی بۆ به‌ڵگه له‌سه‌ر قسه و به به‌رژه‌وه‌ندی خۆی که‌ڵک وه‌رده‌گرت و نرخی خۆبه‌زل زانین و لووت به‌زی به‌سه‌ر خه‌ڵکی داماودا داده‌سه‌پاند. خه‌ڵکی شنگاڵ نه موسوڵمانه، نه مه‌سیحی و نه جوله‌که‌یه تاکوو خاوه‌ن پشتیوانی ئایینی بن و له هه‌مان کاتدا دووژمنایه‌تی هیچ ئایینێک ناکه‌ن که ئه‌و دوژمنایه‌تییه ببێته هۆی هێرش بردنه سه‌ریان و لاواز بوون و فه‌وتانیان. به‌م چه‌شنه ده‌توانین بڵێین که هۆکاری مانه‌وه و به‌رده‌وامی ئه‌وان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که گه‌لێکی که‌م حه‌شیمه‌تن و هیچ هێزێکی به‌ره‌نگاریشیان نییه، هه‌ر ئه‌و خۆتێهه‌ڵنه‌قولآندن له کاری دیتران و سه‌رقاڵ بوون به کاروباری خۆیانه. هه‌ر به‌و هۆیه‌ش چ به‌ر له هاتنی ئیسلام و چ دوای حکوومه‌تی ئیسلامی و موسوڵمانان، شوناس و بوونێتی ئه‌وان پارێزراو ماوه‌ته‌وه. بەڵام ئیستا چۆنه که له لایه‌ن تاقمێک که داواکاری موسوڵمانییه‌تی و خه‌لافه‌ت ئیسلامین، له ژێر ناوی بێ بڕوا و شه‌یتان په‌رست هێرشیان کراوه‌ته سه‌ر؟ ئایا ئایینی ئه‌و هێرشبه‌رانه فه‌رمانیان پێ ده‌کات که په‌لاماریان بده‌ن و بیانکوژن و تالآنیان بکه‌ن یا ئه‌وه‌یکه ڕێ و ڕه‌سمی پێشینیانه که به میرات وه‌ریانگرتووه؟ که بێ گومان و به دڵنیاییه‌وه وه‌لآمی هه‌ردوو پرسیاره‌که نه‌رێنی و ناڕاسته. چوونکه هه‌م چه‌مکه زانستییه‌کانی ئایینی و هه‌م مێژووی خه‌لافه‌ت پێچه‌وانه‌وی ئه‌م شێوازه ده‌سه‌لمێنیت. به پێی ده‌قه‌کانی په‌یامی ئاسمانی و حه‌دیسه‌کانی جێ متمانه و بڕوا پێکراو هیچ ئایینێک به ڕاده‌ی ئیسلام داخواز و لایه‌نگری ئاشتی و ئاسووده‌ی و به‌رگری له مافی مرۆڤ، به بێ به‌رچاو گرتنی ئایین و ڕه‌گه‌ز و لایه‌نگری له فکرێک، نییه و مێژوو و کارکردی موسوڵمانان و ده‌سه‌ڵاتداران و خه‌لیفه‌کانی ئیسلامی ئه‌و داوایه ده‌سه‌لمێنیت، جگه له چه‌ند بابه‌تی ده‌گمه‌ن که له ڕووی سرشتی که‌سێنی خۆیان و به‌رژه‌وه‌ندی گه‌ل و هۆزیان ڕووی داوه و له چه‌مکه زانستییه‌کانی ئیسلامی سه‌رچاوه‌ی نه‌گرتووه. و ئه‌گه‌ر ئاکار و ڕه‌وشتی داعش به نێو خه‌لافه‌تی ئیسلامی له‌گه‌ڵ چه‌مکه‌کانی ئیسلامی و مێژوو و ئاکار و ڕه‌فتاری شوێنکه‌وتووانی ئه‌و هه‌ڵسه‌نگێنین، ئه‌وه بۆمان ئاشکرا ده‌بێ که جگه له‌وه‌ی که ته‌نیا به نێو داوای ئیسلامه‌تی ده‌که‌ن هیچ پێوه‌ندییه‌کی تریان له‌گه‌ڵ ئیسلام نییه. و جێی خۆیه‌تی که ئازاد کردن و گرتنه‌وه‌ی شنگاڵ له لایه‌ن جوامێران و شێره‌ژنان که هه‌ر وه‌ک پێشتر ئاماژه‌ی پێکرا به‌ڕاستی جلی پێشمه‌رگه به‌س شیاوی خۆیانه، جێژن بگیردرێت و ئه‌و ئازادی و سه‌رکه‌وتنه به هه‌موو ئازادی خوازان و دڵ سووتاوان که دڵ بۆ مرۆڤایه‌تی ده‌سووتێنن پیرۆزبایی بگوترێت و کوردانه شادمانی خۆیان به داوه‌ت و هه‌ڵپه‌ڕین و هه‌لهه‌له‌ی شادی ده‌ربڕن. بەڵام ئاماژه به چه‌ند خاڵێک که هه‌رچه‌ند گوتنیان زۆر دره‌نگه و دوپاته و وه‌بیر هێنانه‌وه‌یان زۆرتر وێنه‌ی هاواری شوانێکه که گورگ په‌لاماری مه‌ڕه‌که‌ی دابێت و هه‌ڵاتبێت، بەڵام دیسان پێویسته. به بێ ئه‌وه‌ی که به هیچ شێوازێک ئه‌و ده‌ستکه‌وته گه‌وره و سه‌رکه‌وتنه سه‌ربه‌رزانه له‌به‌ر چاو نه‌گیرێت و یا وا گومان ببردرێت که کارێکی که‌م نرخه و خوا نه‌خواسته خوازیاری ئه‌وه بین که به وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی ئه‌م کۆمه‌ڵه خاڵه شیرنی ئه‌م خۆشیه له شۆڕشگێڕان تاڵ بکه‌ین، به‌ڵکو ته‌نیا ڕووی قسه له به‌رپرسان و سیاسییه‌کانه که ده‌بوایه و ده‌کرا به شێوازێکی تر ئه‌م سه‌رکه‌وتنه به‌ده‌ست بێنن. بەڵام ... ئایا نه‌ده‌کرا پێش به داگیر کردنی شنگاڵ و ئه‌و هه‌موو جنایه‌ت، کوشتار، ئاواره بوون، ئه‌سیری و کۆیلایه‌تی بگیردرێت؟ مه‌گه‌ر ده‌کرێ زه‌ین و ویژدانه زیندووه‌کان تڕاژێدی ئه‌و مناڵه کوێره ئێزدییه که ته‌نیا و بێ که‌س له‌و هاوینه گه‌رمه له‌به‌ر تیشکی خۆره تاو که له چیای شنگاڵ به‌ڕه‌ڵا کرابوو له بیر بکه‌ن؟ له نێو گه‌ل و نه‌ته‌وه جۆراوجۆره‌کاندا ئه‌و وته‌یه به‌نێوبانگه که به‌که‌م زانینی دوژمن هه‌رچه‌ند لاوازیش بێت، یا به هۆی خۆبه‌زل زانینه یا به هۆی نه‌زانی و هه‌ڵخه‌له‌تانه که ده‌ره‌نجامی هه‌ر دووکیان جگه له شکست و زه‌ره‌ر نییه. ئیستاش کاتێکی زۆر تێنه‌په‌ڕیوه و که‌سانێک که به‌دوا ڕووداو و به‌سه‌رهاته‌کانی ناوچه بوون باش له‌بیریانه که ئه‌و کاته‌ی که داعش موسڵی داگیر کرد و جه‌خته کردبو سه‌ر په‌لامار دانی ناوه‌ندی عیڕاق و به خێرایی به‌ره‌و پێش ده‌چوو، ڕێبه‌ران و ڕامیارانی کورد و له‌سه‌رووی هه‌مووان کاک مه‌سعود له‌و په‌ڕی متمانه به خۆیی و سه‌رمه‌ستی خۆبه‌زل زانی و یا خۆش خه‌یاڵیدا به به‌ڕێوه‌بردنی کۆبوونه و دانیشتنه‌کان له پاڕله‌مانی هه‌رێم و له‌پێش چاوی گشت مێدیاکانی جیهاندا به‌ڵێنی ڕێفڕاندۆم و سه‌ر به‌خۆیی کوردستانی ده‌دا و به خۆ به قاره‌مان نواندن و به‌ڵێنی پوچ و یا ڕه‌نگه خڵه‌تانی ئه‌وه‌یکه داعش هیچ مه‌به‌ستی شه‌ڕی دژ به کوردی نییه و چاوی ته‌ماعی نه‌بڕیوه‌ته کوردستان ... بەڵام ئه‌وه خیاڵێکی خاو بوو! له‌نه‌کاو لاپه‌ڕه‌کان هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه و پێشڕه‌وی داعش به‌ره‌و شنگاڵ بوو به سه‌ردێری مێدیاکان و تلێکسه‌کانی هه‌واڵی جیهان و دوای مه‌ودایه‌کی زۆر کورت له‌وه هێزه‌کانی پێشمه‌رگه له به‌رامبه‌ر ڕاگه‌یاندنه‌کانی جیهاندا به‌بێ که‌مترین خۆڕاگری و به‌رخۆدانێک پاشه‌کشه‌یان کرد و خه‌ڵکی داماوی شنگاڵ که هه‌ر به‌هۆی سرشتی دووره‌په‌رێزیان و خۆتێوه‌رنه‌دان له سیاسه‌ت چاوه‌ڕوانی وه‌ها ڕۆژێکیان نه‌ده‌کرد و هیچ ده‌سه‌ڵات و هێزی به‌رگری له خۆیان نه‌بوو له به‌رامبه‌ر ئه‌و دوژمنه‌ی که به شێوازێکی به‌ڕه‌حمانه هێرشیان ده‌کردنه سه‌ر، ته‌نیا و بێ که‌س مانه‌وه و ئاواره و ده‌ر به‌ده‌ر بوون و دوژمن هه‌رچی له‌ده‌ستی هات و نه‌ده‌با بیکردبا، کردی. به‌ڕاستی ده‌کرا و ده‌کرێت به شێوازێکی گونجاو پێش به زۆرێک له کاره‌ساته‌کان بگیردرێت. ئه‌و کاره‌ساتانه‌ی که تێپه‌ڕ بوونی کات و خه‌رج کردنی ماددی و مه‌عنه‌وی قه‌ره‌بووی خه‌ساره‌کانی ناکاته‌وه و ئاسه‌واری ڕووخێنه‌ری به‌ره به به‌ره ده‌مێنێته‌وه. هه‌ر ئێستاش که ئه‌و سه‌رکه‌وتنه مه‌زنه که له ئاکامی هه‌وڵ و خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یه‌ک که هه‌موو شتێکی وه‌لانا و جگه له ئازاد کردنی نیشتمان و هاوڵاتیانی بیری له هیچ نه‌ده‌کرده‌وه (که هه‌ڵبه‌ت نابێ چاوپۆشی له ده‌وری کاریگه‌ری هێزه‌کانی فڕۆکه‌ی ئیتلاف له تێک شکاندنی داعش بکرێت) خه‌ریکه هه‌رکه‌سه به به‌رژه‌وه‌ندی خۆی که‌ڵکی لێوه‌رده‌گرێت. له کۆتاییدا جێی خۆیه‌تی دوای ده‌ست خۆشی و ماندوو نه‌بوونه‌وه له‌و پێشمه‌رگه دلێرانه‌ی که له‌و سه‌رکه‌وتنه مه‌زنه‌دا ڕۆڵیان هه‌بووه و لاپه‌ڕه‌یه‌کی تری پڕ له‌شانازیان به مێژووی ئه‌م وڵاته زیاد کرد و دوعای خێر بۆ شه‌هیدان و گیان به‌ختان و هه‌روه‌ها داوای به‌هه‌شتی به‌رین بۆ ئه‌وان و سه‌بر و پشوودرێژی بۆ که‌س و کاریان، جێی خۆیه‌تی و باشتر وایه که وه‌بیر ڕێبه‌ران و ڕامیاران بخرێته‌وه که ده‌ست له لاساری و خۆپه‌رستی هه‌ڵگرن و په‌ند و ئامۆژگاری له‌و هه‌موو کاره‌سات و ئاواره‌یی و کوشتار و تاڵانه وه‌رگرن. ناکۆکی نێوانیان وه‌لانێن و له‌بیر ڕه‌وتی نۆژه‌ن و چاکسازی شنگاڵ و به‌دیهێنانه‌وه‌ی ڕوحیه‌ی ئاواره‌کان بن که پاش ماوه‌ی سێ ساڵ ئاواره‌یی و ده‌ربه‌ده‌ری هانده‌رێک بۆ گه‌ڕانه‌وه و سه‌قامگیری و نیشته‌جێ بوون له شاری خۆیان هه‌بێت، نه ئه‌وه‌ی که خوا نه‌خواسته دوای ئه‌و هه‌موو کاره‌ساته بۆ جارێکی تر ببنه قوربانی ناکۆکی نێوان حیزبه‌کان و ئاواره‌ی شار و وڵاتانی غه‌ریبه بن و ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه جارێکی تر شاهیدی ئایلانه‌کانی تر بێت.
بۆچوونه‌کان